کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو حزبانەی لە ئاست تاوانی دژ بە ئازادی نوزەیان نایەت

Sunday, 16/01/2011, 12:00




زۆرن ئەو حزب و لایەنانەی كە خۆیان بەسەر بەخۆ و ئازادیخواز و مافپەروەر و گەلپەرست لە قەلەم دەدەن و، رۆژ نیە باس لە بەرگری لە دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان نەكەن و خۆیان بە خاوەنی نەزانن و نەڵێن بە ئاسانی نەهاتۆتەدی و بەرگری لێكردنی ئامانجێكی پیرۆزی ئێمەیە و، گوایە هەر ئەوانیش لەو بوارەدا پشكیان لەبەدیهێنانی ئەم دەستكەوتانە هەیە و رۆڵیان هەبووە لەگەیشتنی بارودۆی گەلی كوردستان بەم قۆناخە و، دەبێت بیپارێزن و بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان هەموو بەرژەوەندیە حزبی و وشەخسیەكان بخەنە لاوەو ئامانج و مەبەستی سەرەكی خەباتی بەردەوامیان بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستانە و ئازادی و سەرفرازی ئەم میلەتە ستەمدیدەیان مەبەستە و، ئیدعای خۆبەختكردن و گیانفیدایی دەكەن ئەگەر پێویست بێت لەو رێگەیەدا، لە پێناو پاراستنی ئەو دەستكەوتانە، بەتایبەتی سەركردەی ئەو حزبانە كە لەناو كۆر و كۆمەڵدا باس لەو بابەتانە نەبێت هیچ شتێكی تر بەسەر زاریاندا نایەت و تادەگاتە موزایەدە كردن باس لە دیموكراسیەت و ئازادی بیرو راو و رۆژنامەگەری و بەرگری لە مافە گشتیەكانی خەڵك دەكەن و سەكۆ و مینبەری تایبەتی و گشتی بۆ ئە و مەبەستە قۆرخ دەكەن، لەمەر ئەو پرسانە بەتایبەتی دامودوزگا ئیعلامیەكانی خۆیان هیچ تیدا ناهێڵنەە لە گەلپەرستی، تا ئێستاش كەسێك پێی نەوتون وانیە، ئەمە جگە لە كۆرو كۆبونەوە حزبیە نێوخۆیەكانی خۆیان كە بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن كادرانی پێ گۆش بكەن یان بخەڵەتێنن، بەڵام فكرو فام و عەقڵی كراوەی كادرو رۆشنبیری ئەمرۆ ئەو قسە سەر زارەكیەیان بەسەردا تێپەر ناكات و هەمیشە پرسیار و قەناعەتی خویان هەیە لەگەڵ دەوروبەر و كەسە نزیكەكانیان بە ئاشكرا باسی لێوە دەكەن (وەك برادەرێك لە كۆبونەوەیك كە خۆم ئامادە بووم وتی كاكە با كاك فلان ئەوەندە هیلاك نەبێت و ئەو قسانە تۆمار بكەن چەند ساڵە دەیڵێتەوە وبۆ ساڵێكی تر دەشێت) بەلام بە ئاشكرا دەڵێن ئەگەر بەرژەوەندی بهێڵێت بە ئاشكرا لەو چەواشەكاریانە دەدوێن كە هئێستا بەبەردەوامی بۆتە باسی سەر مێزو مەزەی هاورێ نزیكەكانی یەكتر. هەر خەڵك و كادرانی تێگەیشتووە. كە بەتەنها باوەریان بە فیعل و هەڵوێستی سەر ئەرزی واقیعە و قەناعەتی پێدەكەن، نەك قسەی رووت و زۆر جار بێ نەستەق كە تەنها بۆ ساڵانی حەفتاكان دەشیا و ئیمرۆ ئەو قسانە هیج لە راستگۆیی یان چەواشەكاری ئەو سەركردانە ناگۆرێت و هەڵوێست و رەوتی راست و دروست خزمەتی گەل و نیشتمان و چۆنێتی پاراستنی دەستكەتەكاندەكات و راستی بە رۆژی نیوەرۆ دیارە كەچۆن دەردەكەێت.
بۆ چەندین جارە لەم كوردستانەدا ئازادی پێشێل دەكرێت، رۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری سەربەخۆو راستگۆو خاوەن هەڵوێست تیرۆر دەكرێت و ئەو دەستكەوتانەی كە باسی لێوە دەكرێت ژێر پێ دەخرێت و، رووبەری پیادەكردنی مافەكان بە ئازادی و دەربرینی بیرورا بەرتەسك دەكرێتەوەو هەوڵ دەدرێت رەفتار وسیفاتی دیكتاتۆریانە بێتە ئاراوە ،ئەگەر گەل و بارودۆخە نوێكەو رۆژنامەی ئازاد و رۆشنبیران رێگەیان لێ نەگرن. زۆر كاری نارەوا دژ بە ئازادیخوازان دەكریت چ لە زەوتكردنی مافەكانیان بێت تا دەگاتە بوختان و قسەو قسلۆك، تەنها لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی و شەخسی خۆیاندا و لەپێناو درێژەدان بە دەست بەسەراگرتنی دەسەڵات و بەس.
نزیكترین نمونەش رووداوی دووبارە تیرۆر كردنی شەهید سەردەشت ی رۆژنامەنوس وئەو راگەیاندنە پر لە چەواشەكاریەیە كە كەس نازانێت كێ نوسییەتی و لە لای كێوە بەدواداچونی بۆ كراوە و كێن ئەندامانی لیژنەكە ، هیچ كەسێكی ئاسایی باوەر بەسەرلەبەری ئەو راگەیاندنە ناكات و تەنها بەسیناریۆ و فەبرەكەیەكی حزبیانەی بێ ناوەرۆك و كاڵفامانەی دەزانن، لەبەر ئەو هۆیانەی كە هیچ بەڵگە و دیكۆمێنتێك نەخراوەتە روو لە لایەك و باس لە شێوە رەفتارێك دەكات كە ئەوەی سەردەشت و بیرو فكر و رەفتاری بناسێت باش دەزانێت كە ئەو لیژنەیە چۆن بەو دەرئەنجامە گەیشتوون.
قسەی من لێرەدا رووبەرووی ئەو حزبانەیە كە واقیان ورماوەو بیری لێ دەكەنەوە و لەخۆیان دەپرسن و دەترسن هەڵوێستیك دەرببرن و نازانن چۆن هەڵویستێك و چی بڵێن لە لایەكەوە باس لە ئازادی ئێستا دەكەن و بێ هەڵوێستی لە مەر پێشێلكردنیئەو ئازادیە، وەلامی كادرانیان چۆن بدەنەوە، كاری دژ بەئازادی لەمە زەقتر دەبێت، ئایا ئەمەلەناوبردنی یەكێك لەو دەستكەتانە نیە دوور لەوەی كە خاوەن ئەم كێشەیە كێ بێت و كێ بەرگری لێ بكات، ئایا هەڵوێستی روون لەمەر ئەم پرسە پێویستیەكی حزبی و مەبدەئی نیە، یان ئەوەی هەلتان گتووە بۆ رۆژی رەش وە پەندە كوردیەكەی لای خۆمان دەیلێت و رووی جەماعەتی نیە بەرەو هەڵدێرتان نابات ، ئایا قسە كردن لەسەر ئەم پرسە زەروورەتیكی فكری نیە، ئامانجی ئێوە چیە ئەگەر دژی دوو رەفتاری ئاوا نەوەستنەوە، تەنها بەرژەوەندی و بودجەی مانگانە، چۆن وەڵامی كادرانی خۆتان دەدەنەوە، ئایا بەرگری لە ئازادی و دەستكەوتەكان بە قسەی لابەلا دەبێت كە نەوێرن لە راگەیاندنەكانتاندا باسی بكەن و خۆتان لەقەرەی ئاوها پرسێك بدەن.
بۆیەئەم حەقیقەتانە زۆر شت بۆ خەڵك و ئەندام و كادرانی ئەم جۆرە حزبانە دەردەخات و سیفاتە گشتیەكانیان روون دەكاتەە لە پاشكۆیەتی و بەرژەوەندخوازی تەسك و خۆشگوزەرانی چەند كەسێكی كەم نەبێت هیچی تر نیەو، كادرانی خوارەوەش گیرۆدەی دەستی ئەوان و بارودۆخی گشتی كوردستانن. بۆیە لێرەدا پێویستە روو لەو ئازادیخوازانە بكەم و بڵێم ئێوە لە جێگەی خۆتانەوە دەتوانن فشار ی خۆتان بخەنە سەر سەركردایەتی خۆتان و مێژوو بۆ خۆتان تۆمار بكەن كە رێگەی خەباتی سەردەمیانە بە هەڵوێستی دروست دەست پێ دەكات و زۆریك لەئێوە ئێستا لەو وەزعە باش تێگەیشتوون ،دڵنیاشم هەر هەمووتان لەو حەقیقەتە تێگەیشتوون چاوەرێی رۆژی خۆتان دەكەن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە