دواى تونسیەكان نوخشەبێ لە ئێمە
Sunday, 16/01/2011, 12:00
سەر ئەنجام دواى(24)كاتژمێر لە دەست بەسەراگرتنى سەرۆكایەتى تونس (زەین ئەلعابدین بن عەلى) بە هۆى خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانى تونسەوە كورسى دەسەڵاتى بە جێهێشت و تەنانەت سەرەتا نەیزانى بەرەو چ وڵاتێكیش ڕابكات، بەڵام دیارە عەرەب خۆیان دەڵێن (ئەلتیور تەقەعو عەلە ئەشكالیها) بۆیە دواجار (بن عەلى) لە عەرەبستانى سعودیە گیرسایەوە و بنەماڵەى پادیشایى سعودییەش بەخێرهێنانێكى گەرمیان پێكرد، گوایە بۆ خزمەتكردنى گەلى تونسە!!!
دواى ئەوەى لە ساڵى (1987) لە بەر پیرى و پەككەوتەى سەرۆكى ئەو كاتەى تونس (ئەلحەبیب بورقیبە) كۆمەڵێك پزیشك ڕایانگەیاند ئیتر (بورقیبە) ناتوانێت كاروبارى وڵات ببات بەڕێوە، كەپێدەچێ ئەو بڕیارەى دكتۆرەكانیش بە پیلانى (زەین ئەلعابدین بن عەلى) خۆى بێت، ئیتر (بن عەلى) دەسەڵاتى گرتە دەست و لەو ڕۆژەوە تا (14/1/2011) بۆ (5) كەڕەت بە دواى یەكدا ئەم كاكە (بن عەلى)یەى تونس بە كۆى دەنگ بە سەرۆكى وڵات هەڵبژێردراوە و تەنانەت ڕێژەى دەنگەكانى لە (89%) دانەبەزیوە و وەكو دكتاتۆرەكانى خۆمان هەمیشە براوە بووە.
بۆ ئێمەى كورد ڕاكردنى (بن عەلى) دەرس و پەندێكى زۆر گەورەیە و لە زۆر لایەنەوە كوردستانى عێراق، جگەلە سەربەخۆى كە ئێمە وڵاتێكى سەربەخۆ نین، لە تونس دەچێ، لە ساڵى 1987 وە (بن عەلى) و بنەماڵە و دارودەستەكەى دەستیان بە سەر سەروەت و سامانى وڵاتى تونس دا گرت و بە ئاگر و ئاسن و بەناوى دیموكراتى و هەڵبژاردنى ساختەوە حوكمى وڵاتى دەكرد و تەنها بڕواى بەو دیموكراسیەتە هەبوو كە خۆى سەركەوتنى تیا بەدەست هێنابێت، لایى خۆشمان هەردوو بنەماڵەى خۆ فرۆشى تاڵەبانى و بەرزانى لە ساڵى (1991)ەوە دەستیان بە سەر سەروەت و سامانى هەرێمدا گرتووە و تەنانەت بازرگانى بە میللەتیشەوە دەكەن و هەر ڕۆژە و لە بازاڕێكى داگیركەراندا هەرزانفرۆشمان دەكەن، ئەم هەردوو بنەماڵە خیانەتكارەى تاڵەبانى و بەرزانى بەهۆى شەڕى ناوخۆى و كورد كوشتنەوە بۆ ماوەیەك دیموكراسى و هەڵبژاردنیان لە گۆڕنا، دواى ئەوەش بە ساختەكارى و هەڕەشەى نانبڕین و ترساندنى خەڵك و تەنانەت كوشتن و ڕفاندن و لە هەمووشى خراپتر تەزویركردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەكان لە سەر كورسى دەسەڵات ماون و ئامادەنین چۆڵى كەن!!
بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە تاكەى لە بەرانبەر ئەم خۆفرۆشانە بێدەنگ دەبین؟! ئەوە گەلى تونس بە یەك دەنگ و بە بێ گوێدانە كوشتن سنگیان بە دەبابەوە نا و سەرۆكە دكتاتۆرەكەیان شار بەدەر كرد، ئەى ئێمە چى بكەین؟ كەى دەست پێ بكەین و چۆن ئەم وڵاتفرۆشانە شاربەدەر بكەین؟!!
ڕاستیەكى سەلمێنراو هەیە و پێویستە هەموومان بیزانین ئەویش ئەوەیە، كۆتایى زۆربەى دكتاتۆرەكان وەكو یەكە و ئامادەنین دەستبەردارى كورسى دەسەڵات بن مەگەر میللەت دەریان بكا، بۆیە ئەگەر پێمانوابێت تاڵەبانى و بەرزانى بە خۆشى خۆیان بۆ كەسێكى تر دەسەڵات بەجێدەهێڵن، بێگومان ئێمە زۆر هەڵەین و شتى وا نابێت، ئەوە نییە پێش مەرگى خۆى تاڵەبانى میراسەكەى بۆ هێرۆى ژنى بەجێهێشتووە و بەرزانیش نەك تەنها بۆ كوڕەكانى بەڵكو هەر لە كۆنگرەى حیزبەكەیەوە پێمان دەڵێ: نەك هەر من و كوڕەكەم بەڵكو نەوەكەشم حكومتان دەكات و هەر ئەویش كەركوكتان بۆ ڕزگار دەكات، بەم لۆژیكەى بەرزانى و تاڵەبانى ئەم وڵاتە پیاوى تیا نییە جگەلە خۆیان و بنەماڵەخۆفرۆشەكانیان.
من لە ئێوە دەپرسم ئەگەر ئەمە لۆژیك و بیركردنەوەى بەرزانى و تاڵەبانى بێت، ئایا پێویستیمان بە ڕاپەڕینێكى جەماوەرى نییە بۆ دەركردنى ستەمكاران و گەڕاندنەوەى حەق بۆ خاوەنەكەى؟
ئەى كەى دەست پێ بكەین؟ وەرن با بڕیار بدەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست