کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسرەفی مانگانەی ڕۆژنامەكەی بەرهەم ساڵح بەرامبەر موچەی مامۆستایانی 100 خوێندنگەیە!

Friday, 11/03/2011, 12:00


ئەم وتارەم ئێوارەی 10/3/2011 لەمەیدانی ئازادی خوێندەوە..
من قەرزاری ئێوەم قەرزاری ئەو گەنجەی كە لەكاتی سزادانمدا بە 35 ملیۆن دینار هات و پێی وتم ئامادەم گورچیلەیەكمت بۆ بفرۆشم، قەرزاری ئەو كاسبە شەریفەی مەكۆی ناوبازاڕی گۆڕانم كە لەم سەرایەدا هات وتی ئەوە هەر 35 ملیۆن دینارەكەی كە پارتی لەسەری داناوی بۆ ئەوەی نەتوانێ ئیفلاس بەقەڵەمە ئازادەكان بكات، من قەرزاری هەموو ئەو گەنجانەم كەئێستە لەم مەیدانە وەستاون و دڵنیام بەهەمووتان پارەی ژەمە خواردنی میوانداری كوڕە بەرپرسێكتان پێ نییە. خۆم بەقەرزاری هەموو خوێنەكانی دوای 17ی شوبات دەزانم بۆیە هەنگاو بەهەنگاوو داخوازی بەداخوازی لەپێشتانەوە دەبم.
هەموو وشەیەكم لە 17ی شوبات بەدوواوە بۆ ئەم شۆڕشە بووەو بۆ ئەم دەنگ و خوێنە تازانەی ئێوە دەبێت.
گەنجە توڕەو مەحرومەكانی وڵاتەكەم خوێنكاران باوكان دایكان خوشكان، ئەوەی كەلە 17ی شوباتەوە هاتۆتە بوون خۆپیشاندان نییە، ئەمە سەرهەڵدانی شۆڕش و بزوتنەوەیەكی نوێیە كە بەرهەمی میدیا و قەڵەم و بۆچونی نوسەران و ڕۆشنبیرانی ئازاد و دروست بوونی ئۆپۆزسیۆنی فیعلییە، بەرهەمی حوكمی نادادپەروەرانەی ئەو دەسەڵاتەیە كە لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدزینی داهاتی میلەت و دروست كردنی بەرپرسی گەندەڵی سەرمایەدارو جێبەجێكردنی سیستەمێكی تاكڕەوی حزبیی ئیهانەی بەخوێنی شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالەكان كردووە ، ئەمە شۆڕشە نەك خۆپیشاندان، لێرە بەدووا ڕازی نابین بەتەنها خۆپیشاندانێك ناببرێ، چونكە ئەم شۆڕشە هیچی كەمتر نییە لەو شۆڕشە مەزنانەی كەئێستە عەرشی كورسی دەسەڵاتی وڵاتانی عەرەبی هێناوەتە لەرزین و دوو دیكتاتۆری خستۆتە لیستی هیلتلەرو سەدام و شۆڕشەكەشیان بەردەوامی هەیە.
ئەم شۆڕشەی شوباتی خوێناوی خەڵكی شاری سلێمانی و دەوروبەری دڵنیای دەسەڵاتداران دەكاتەوە كە ئەم بزوتنەوە نوێیە شۆڕشی ئەوانەیە كە زوڵم و ستەم قبوڵ ناكەن، شۆڕشی ئەو گەنجە مەحرومانەیە كە هەموو سەروەتەكەی لەبەرەبەیانێكی ساردو سەرمای مەیدانی ئازادییدا تەنها 250 دینارە.
ئەم شۆڕشە بۆ لەناوبردنی ئەو دەستكەوتانەیە كە بەگەندەڵیی پێكەوە نراون، ئەم شۆڕشە بۆ پاراستنی سنورەكانی هەرێمی كوردستانە بەكەركوكەوە تاكو حەمرین، ئەم شۆرشە بۆ پاراستنی سەروەری یاساو مافی مرۆڤ و حورمەتی تاك تاكی میلەتی كوردە بەوانەشەوە كە ئێستە چەپڵە بۆ ئێوە لێدەدەن و لەبەر بژێوی ماڵ و منداڵیان چەكتان پێهەڵگرتوون.
ئەم شۆڕشەی كە مەیدانی ئازادی ڕێبەرایەتی دەكات بۆ دادگایی كردنی هەموو ئەوانەیە كە سامانی میلەتیان بۆ خۆیان و بنەماڵەكەیان بەكارهێناوەو دوای 20 ساڵ گەنجێكی دروست كردووە كەزانكۆی تەواو كردووەو ئێستە لەنزیكی ئەم مەیدانە كەلانە دەیفرۆشێ، كەئەگەر لەبەر ناچاری نەبێت ئەم جۆرە كاركردنە لەمێژووی كوردا بونی نەبووە!
بۆیە جارێكی تر كە زۆرینەی زوڵمكار لەكەمینەی ئۆپۆزسیۆنی ناو پەرلەمان دەنگی دایەوە بە كابینەی شەش، وەك ڕۆژنامەنوسێك كە لەگەڵ شۆڕشی سپی مەیدانی ئازادیدام بەدەسەڵات دەڵێم بەم هەنگاوەتان دەتانەوێ ئەمجارەش بمانگەڕێننەوە بۆ پێش 17ی شوبات بەڵام ئەوە مەحاڵە، جارێكی تر ئێمەش وەك یەكێك لە مەیدانی ئازادی پەیمان دوپات دەكەینەوە كە ئەم مەیدانە چۆڵ ناكەین ئەگەر هەزار جاری تر متمانە بدەنەوە بەو حكومەتە، جارێكی تر هەموومان پەیمان تازە دەكەینەوە كە دەستبەرداری داخوازییەكانمان نابین تاكو دەگەین بەوەڵامی تەواوی مافە ڕەواكانمان، بەقەدەر ژمارەی ڕاپۆرتەكانی گەندەڵیی دیوانی چاودێری سوێند دەخۆین بۆ خوا و پێتان دەڵێین دەست هەڵناگرین لەخوێنی گەرمیان و سوركێوو شێرزادو ڕێژوان و بیلال و سەركارو ئومێد و هەموو بریندارو گیراوەكان.
سارد نابینەوەو كورەیەكی ئاگرینین لەتوڕەیی بۆ مافی میلەتەكەمان بەرامبەر سیستەمی نادادپەروەری حوكمڕانیی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان، ئەگەر خوێنیشمان بڕژنەوە وەك هەمیشە ئامادەن، دڵنیاتان دەكەین جگە لەدەست هەڵنەگرتن لەداوای مافی میلەتەكەمان هیچ وەڵامێكمان نابێت.
هیوای ئایندەمان بەردەوامی شۆڕشی شوباتە، گەیشتن بەمافەكانمان ئەوكاتە چوونەوە ماڵەكانمانە، ئەوانەشی خەمی بژێوی و بازاڕی خەڵكیانە با لە نان و ئاوەوە تاكو نەوت و بودجە دزی لەو خەڵكە نەكەن، ئێمەین دەمانەوێ ژیان بۆ خەڵك لەئێوە وەربگرینەوە، ئەوە ئێوەن هەموو بەرپرسێكتان شەقام و كۆڵان و گەڕەكێكی لەهاتووچۆ گرتووە، ئەوە ئێوەن هەر سەرۆكێكتان سەیرانگایەكی داگیركردووە، ئەوە ئێوە بوون ئەو پاركەی بەردەم سەرای سلێمانیتان بەملیۆنەها دۆلار دروست كردو نەتانهێشت یەك گەنجی تیا دابنیشێ تاكو ڕوخانتان؟
لەكۆتاییشدا بە سەرۆكی حكومەت دەڵێم كوا ئەو میدیا حزبی و سێبەرەی كە پارەیت بڕیوە؟ بۆ ناوی یەكێكیانت نەوت؟ كە مانگانە بڕی 2 ملیار دیناریان لەداهاتی ئەم میلەتەیان پێدەدەیت؟ جارێكی تر لێت دەپرسمەوە بۆ دەركردنی ڕۆژنامەكەی خۆت كە ڕۆژانە 10 هەزار ڕۆژنامە چاپ دەكەیت و بەبەلاش دابەشی دەكەیت، كەبەردەوام تەشهیر بەم مەیدانە دەكات ئەتوانی پێمان بڵێی داهاتەكەی لەكوێ دێنی؟ كە مەێرەفی مانگانەكەی دەكاتە موچەی مامۆستاكانی نزیكەی 100 قوتابخانە!!
لەكۆتاییدا لەخوای گەورە داەاكارم هەمووتان بپارێزێ لەگرتن و گولە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە