ئەو گیسکەی جەلال تاڵەبانی نەیهێشت تامی بکەم
Monday, 21/07/2014, 12:00
3058 بینراوە
(ئەم بەسەرهاتە بەشێکە لەو یادەوەریانەم کە بۆ خۆم و نزیكترین کەسانم نووسیوە، بەڵام هەندێك جار درۆ و پیاهەڵدانی کاسەلێسەکان پاڵنەرم دەبن بۆ بڵاوکردنەوەیان).
لە ماڵپەڕی لڤین بە ناوی (تاڵەبانی لەکاتی نانخواردندا چی دەکات؟) کورتە نووسینێك بڵاوکراوەتەوە، گوایە هاوڕێیەكی دێرینی تاڵەبانی فەوزی رەشید نامیق دەڵێ ":.تاڵەبانی لە كاتی نان خورادن بەردەوام بە سەر هاوڕێ و میوانەكانی دەسووڕایەوە و خواردنی دەخستە بەردەم میوانەکانی، بۆ ئەوەی هەست بە شەرم نەكەن"
لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕستەیە بە سەرسوڕماویەوە بە هەردوو دەست کێشام بەسەری خۆمدا!، هاوژینەکەم بە شەپۆکاویەوە پرسی، چی بووە ؟! چی ڕوویداوە ؟! وای دەزانی کارەساتێکی گەورە قەوماوە ! منیش بە پێکەنێکەوە ووتم هەر ڕۆژێك زیاتر ژیان بەسەر بەرین درۆزن و بێشەرمێکی تر دەبینین!
ئەگەرچی خەڵکانێکی هەڵپەرست هەمیشە دەیانەوێت کەسەکان پیرۆز بکەن و بۆ سەرجەم لایەنێکی ئەو کەسانە درۆی شخدار دابتاشن، بەڵام هەرگیز ڕاستییەکان بە ئاسانی ناشاردرێنەوە . جەلال تاڵەبانی شێوازی نانخواردنی چۆنە گەلێك گرنگ نییە، بە تایبەتی کەسێکی وەکو من کە بە ڕاشکاوی بە خۆم دەڵێم نەوسنم و ئارەزو چێژێکی زۆر لە خواردن دەبینم ناتوانم هیچ شتێك دەربارەی ئەو تایبەتمەندییەی خۆم بڵێم . گرنگ ئەوەیە مرۆڤ هەمیشە لە ململانێدا بێت لەگەڵ خودی خۆیدا بەو مەبەستەی ئارەزوەکانی سنوردار بکات و کۆنترۆڵیان بکات. مرۆڤ چەندە نەوسن و چڵێس بێت، پێویستە بۆ خواردن لە شوێنە گشتیەکاندا هەوڵ بدات، لایەنی کەمی ئەتەکێتی خواردن بە شێوازێکی شارستانیانە پەیڕەو بکات. من بەش بە حاڵی خۆم لەبەر ئەوەی زۆر خۆرم کاتێك بۆ میوانداریی کەسێکی کەم تێکەڵاو بچم لە پێش ماڵ بەجێهێشتن شتێك دەخۆم بۆ ئەوەی هێندە زۆر خۆری نەکەم، کە بە بێ ئوسوڵی لە قەڵەم بدرێت. تاکو ئێستا زۆربەی ژەمەکانم بە دەست دەخۆم و چێژ لە بەدەست خواردن دەبینم. بەڵام لە کاتی میوانداری کەسێك و ئامادەبوونی کەسانی تر لەسەر مێز یان سفرەی خواردن هەوڵ دەدەم کەوچك و چەتاڵ بەکاربهێنم، یان زۆر بە ئاگاوە بە نانەوە پار و بگرم . جەلال تاڵەبانی بە پێچەوانەی زۆربەی خەڵکەوە لە کاتی خواردندا خۆی و سەرجەم دەوروبەر ئوسوڵی نانخواردنی لەیاد دەچێتەوە. تەنانەت جارێك سیاسەتمەدارێکی ئەمەریکی بە خزمیکی نزیكی نێچیر بارزانی ووتبو (کە بۆ خۆمی گێڕاوەتەوە و نامەوێت ناوی بهێنم) تەنها ئەو کاتە لە جەلال تاڵەبانی دەترسم کە لە سەر مێزی خواردن لەگەڵماندایە، لەبەر ئەوەی ئەترسم لە هەڵپەکردن و شپرزەییدا پەلاماری سەری منیش بدات!
کەسێك لە کاتی خواردن دا ئاوا ڕەفتار بکات، ئایا دەکرێت ئەو قسەیەی فەوزی ڕەشید جێگای باوەڕ بێت؟
ئەو گیسکەی جەلال تاڵەبانی نەیهێشت تامی بکەم
ساڵی ١٩٧٧ پاش ئەوەی چەندین جار لە لایەن سەرانی بەعسەوە داوایان لە باوکم کرد هاوکاریان بکات، بەڵام ئەو هەمیشە داواکەی ڕەت کردنەوە. دوائەنجام بە ناوی نەقڵ کردنەوە بۆ سەماوە نەفی کرا، ئێمەی لە بەغدا نیشتەجێ کرد و خۆی لە بەغداوە بۆ کارەکەی هات و چۆی سەماوەی دەکرد. لەو سەردەمەدا من قوتابی ناوەندی بوم یەکێتی قوتابیانی بەعسیەکان سەریان کردبووە سەرم ببمە ئەندامیان منیش مەرگی خۆم پەسەند دەکرد و شتی وام پێ پەسەند نەدەکرا. ناچار ساڵی ١٩٧٨بە بێ ئاگاداری باوك و دایکم بەغدام بەجێ هێشت و هاتمەوە سلێمانی و هەمان ڕۆژ خۆم گەیاندە گەڕەدێ لە ناوچەی دۆڵێ ئەو دێیەش دێی باپیری دایکمە و خزم و کەسوکارمانی تیادا دەژیا . لەوێ لە ڕێگای شێخ سدیقی خزممەوە نێردرام بۆ سەرکردایەتی. ئەو کاتە سەرکردایەتی لە قەندیل بوو، هەموو لە چادردا بوون و لە ترسی فرۆکەکانی بەعس هەر ماوەی چەند هەفتەیەك دەیانگوێزایەوە بۆ شوێنێکی تر. کاتێك گەیشتمە سەرکردایەتی لێیان پرسیم کێ دەناسیت؟ منیش بە ئەقڵێکی ١٦ ساڵانەوە ووتم من کەس ناناسم، بەڵام مام جەلال و کاك نەوشیروان باوکم دەناسن. بردیانم بۆ لای نەوشیروان مستەفا ئەویش لێی پرسیم باوکت ناوی چییە؟ کە ووتم ئیسماعیل عارف ووتی تۆ کام کوڕی کاك ئیسماعیلیت؟ کاتێك ووتم من پێشڕەوم، ووتی چۆن نایناسم بە منداڵی هەزار جارم کردۆتە باوەش! منیش کە خۆم بە پیاو دەزانی زۆر شەرم گرتمی. نەوشیروان هەستی پێکرد و ووتی ئاخر ئەو کاتە منداڵ بویت دەمبردیت بۆ بەرخانەقا شیرینیم بۆ دەکریت. نەوشیروان باسی شەستەکانی دەکرد کە باوکم فەرمانی گرتنی دەرچو بو لە ماڵی ئەواندا خۆی شاردبۆوە.
بەهەرحاڵ وەزعی سەرکردایەتی، کە کەمتر لە ١٠٠ کەسی تیا بوو زۆر خراپ بوو خواردن و نوێن و پۆشاك زۆر کەم بوو. منیان لە ناوەندی کۆمەڵە دانا، کە بریتی بوو لە چادرێك و چاپ و ڕۆنیۆیەك. ئەوانەی لە یادم ماون لە چادرەکەدا دەنوستن کاك ئازاد و کاك سامان بوون، پاشان هەردوکیان بونە سەرتیپ و شەهید کران، مام ڕۆستەم بە برینداری لەوێ بوو، هەروەها مامۆستا جەعفەر و کاك حەمە سەعیدە قەڵەویش لە هەمان چادردا بوون و منیان لای کاك حەمە سەعید دانابو هاوکاری بکەم بۆ کاری چاپ کردن. هەروەها کابرایەکی ئێرانی و ئەبو نیزاڵ ناوێك کە لە بەغداوە ڕای کردبو ئێستا سەرنوسەری سەباح الجدیدەیە لە هەمان ئەو جادرەدا دەنووستن، بە کورتی وەکو ماسی قوتو لە پاڵ یەکدا ڕیز دەبوین هەردووانمان لە ژێر بەتانییەکدا دەنووستین و پشتمان دەنا بە پشتی یەکتریەوە بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت و یەکتری گەرم بکەینەوە.. چادرەکەی نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی کەمتر لە ٥٠ مەتر لێمانەوە دوور بون. چادری هەردوکیان بچوکتر بو لە چادرەکەی ناوەندی بەڵام چادرەکانیان خسوسی بوو، تەنها خۆیان تیا دادەنیشتن و دەنوستن.
دەمێك بوو ئەوانەی لە چادرەکەدا بوون دەمیان بەر گۆشت نەکەوتبو بۆیە بڕیاریان دا گیسکێك بکڕین. هەموان چیمان پارە لە گیرفانا بوو دامان نا بۆ کڕینی گیسکەکە . من لە دینارێك کەمترم لە گیرفانا بوو ئەوەش لەو دە دینارەی باوکم مابۆوە کە لە بەغداد دایبومێ بۆ ئەوەی بچم تەبەقێ هێلکەی پێ بکڕم، منیش بە فرسەتم زانی و بەو پارەیە بەغدام بەجێ هێشت و لە قەندیل گیرسامەوە. من و کاك سامان چووین بۆ هەوارێکی نزیك سەرکردایەتی گیسکێکمان کڕی بە نۆبە دەمانخستە سەرشان. کاتێك گەیشتینەوە سەرکردایەتی مام جەلال و دوو کەس لە بەرپرسانی حیزبی دیموکرات، کە وابزانم ناویان دکتۆر غەفور و دکتۆر عەزیز بوو پیاسەیان دەکرد. گیسکەکە بەسەر شانی منەوە بوو، مام جەلال ووتی: کوڕەکەی سمایل عارفی ئەو گیسکە بۆ کوێ دەبەیت؟ منیش ڕاستەوخۆ ووتم دەیبەم بۆ ناوەندی. پاش ئەوەی کەمێك لێی دوور کەوتینەوە کاك سامان بە چاو لێ زیت کردنەوەیەکەوە ووتی: بە قوربانی ئەو عەقڵە بچوکەت بم!، بۆچی پێت ووتیت بۆ کوێی دەبەین؟! خوام نەبێت ناهێڵێت بە ئیسراحەت بیخۆین! منیش مام جەلالم نەدەناسی و نوێ بوم و ئاگام لەو بەزمانەی نێوانیان نەبوو، گوێم نەدایە قسەکەی و نەشمدەزانی چی بڵێم. کاتێك گەیشتینەوە ناوەندی یەکەم قسەی ئەوە بوو، کە ئەوانی تری ئاگادار کردەوە، کە مامە پێیزانیوە، کە گیسکمان کڕیوە! ئامادەبوان هەموو ڕەنگیان گۆڕا و هەریەکە شتێکی دەوت. تەنانەت هەندێک لە ئامادەبوان دەیانوت: کاکە با بیگێڕینەوە و پارەکەمان وەربگرینەوە. هەندێكیان دەیانوت کاکە با بیهێڵینەوە و داینێین لە فرسەتێکا، کە مامە ئاگادار نەبێت سەریبڕین و بیخۆین. بە کورتی زۆری لەسەر ووترا، دواجار کەس تەحەمولی نەکرد و هەمان پاش نیوەڕۆ گیسکەکە سەربڕدراو لە نزیك بە چادرەکەی ناوەندی ئاگری بۆ کرایەوە و خرایە مەنجەڵەوە.
زۆری نەبرد وەك ئەوەی چاوەڕوان دەکرا (دیارە ئەمە کاری یەکەم جاری نەبووە) ، مام جەلال و دکتۆر مەحمود سۆرانی و چەند کەسێكی تر لە نزیکی ٢٠ مەترێك لە ئاگر و مەنجەڵەکەوە دانیشتن و خەریکی باس و خواسی سیاسیی بوون. دانیشتنەکەیان زۆری خایاند، گیسکەکە تەواو پێگەیشت و کەس جورئەتی داگرتنی مەنجەڵەکەی نەدەکرد. جارێکی تر مشت و مڕ لە ناو ناوەندی کۆمەڵەدا دروست بۆوە ، چی بکەین ؟! زۆرجاریش بۆ گاڵتە و گەپ لەسەر ناونیشانی کتێبە بەناوبانگەکەی لینین دەیانوت (ما العمل؟) کاك ئازاد و مام رۆستەم لە گۆشتاوی گیسکەکە زیاتر گەرم بووبوون و جار جاریش وردە جنێوێکیان دەدا. مامۆستا جەعفەریش بۆ مشاغەبە و پێکەنینی خۆی گەرمتری دەکردن. دواجار بۆ ئەوەی گۆشتی گیسکەکە نەپیشێت، دوو کەس چوون بۆ لای مام جەلال و پێیان ووت کە ئەمڕۆ گیسکمان لێناوە و مامە تۆ و کاك دکتۆریش دەعوەتن. مام جەلال ووتی: دەباشە سوپاستان دەکەم و چەند میوانێکی تریشم هەیە ئەوانیش دێنم. کاتێك برادەران گەڕانەوە ئاگریان لێ دەباری، ووتیان هەر بەخۆی و خولە سۆرانی رازی نییە، پیاوەتی بەسەر ئاوی حەمامیشەوە دەکات و پێڕێکیش لەگەڵ خۆیا دەهینێت.
مام جەلال و میوانەکانی هاتن و لای سەرەوەیان گرت و ئیمەی خاوەن ماڵ و خاون گیسك لە خوارەوەش جێگامان نەدەبۆوە، بۆیە زۆربەمان چووینە دەرەوەی چادرەکە. مامە و میوانەکانی تەواوی گیسکەکەیان بە نانەوە خوارد و زۆربەی ئێمەش، کە من یەکێک بووم لەوانە تەنانەت گۆشتاوەکەشیم بەرنەکەوت و بە سکی برسی سەرم نایەوە. سەرباری ئەم چاوچنۆکیەش جارێك لەو جارانەی شتم دەبردە ژوورەوە بۆ خزمەتکردنی میوانە خۆسەپیێنەکان مام جەلال لە دکتۆر مەحمودی پرسی: ئەو منداڵەی دەناسی؟ دکتۆر مەحمودیش سەری نەخێری راوەشاند. مام جەلال ووتی ئەوە کوڕی کاکە سمایلی خۆمانە، سمایل عارفی مەلایی، دکتۆر مەحمودیش کە ئەو کاتە تەنها کاری نوکتە گێڕانەوە بوو لەسەر مەلا مستەفا وەك ئەوەی خۆی هەرگیز مەلایی نەبووبێت بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕیەوە پێی ووتم: جا کوڕی باش بۆ ئێرە هاتووی یان بۆ ئەولا تر و بۆ لای حیزبەکەی باوکت؟! منیش پێم ووت: وەڵا کاك دکتۆر هەر لە ئەوەڵەوە بە نیازی ئێرە هاتووم، لە ڕێگاش کاك ڕەسوڵ مامەند ووتی لێرە بمێنەرەوە، بەڵام لایان نەمامەوە. مام جەلال شانێکی لێ وەشاند کە بێدەنگ بێت.
تاقە قیمەکێشەکەی سەرکردایەتی
ماوەیەك بەسەر گیسکەکەدا تێپەڕی و نازانم کێ بوو هەندێك گۆشتی پەیدا کردبوو. پاش کەمێك ڕاو تەگبیر بڕیار درا بکرێت بە شفتە. منیان نارد بۆ چادرەکەی مام جەلال کە مەکینەی قیمەکردنەکە بهێنم، منیش زۆرم لا سەیر بوو ووتم: جا بۆچی لە چادرەکەی مام جەلالە؟! ووتیان بۆ ئەوەی هەرکەسێك شفتە و کەباب دروست بکات ئەو ئاگاداربێت و کالعادە بەشێکی بۆ بنێردرێت!. منیش چوم بۆ مەکینەکە و پاش سەلام و داوای مەکینەکە، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو بۆ کوێی دەبەم و چی پێ دروست دەکەین. منیش پێم ووت بۆ ناوەندی دەبەم و شفتە دروست دەکەین. ئەویش ووتی: باشە بە برادەران بڵێ عافێتیان بێت! پاش دروستکردنی شفتەکە مەکینەکە و قاپێکی شفتەیان دایە دەستم و ووتیان بڕۆ مەکینەکە و ئەم قاپە شفتە سەرانەیەشی بۆ بەرەوە! کە بۆم برد بە بێمنەتییەکەوە ووتی: ئا لەویادا داینێ، کە دامنا سەیرێکی کرد و ووتی:. خۆ تەماتەشی لەگەڵا نییە!
ئایا دەکرێت کەسێکی ئاوا نەوسن و چاوچنۆك بۆ خواردن و بێچاوەڕو هێندە لە خۆبوردو بێت وەك ئەوەی فەوزی ڕەشید باسی دەکات؟! با واز لە مام ڕۆستەم و مامۆستا جەعفەر و ئەم کەلە زلانە بهێنین، خۆ ئەگەر ماستاوچییەکی وەکو فەوزی ڕەشید ڕاست بکات دەبوایە تاڵەبانی بیری لە منداڵکارێکی لاوازی وەکو من بکردایەتەوە کە بەشانی خۆم گیسکەکەم بۆ ناوەندی گوێزایەوە و بیپرسیایە ئایا ئەو کوڕە مناڵکارە هیچی بەرکەوتووە؟!
دیارە ژەمێك گۆشت شتێکی گەلێك بێ نرخە بە تایبەتی لە کات و شوێنێکدا بێت، کە لەبەردەست و ئاسان لە دەست بێت، بەڵام هەرگیز شتێکی لەو جۆرە قەرەبوو ناکرێتەوە؛ لەبەر ئەوەی کات و شوێن و هەل و مەرجەکە زۆر جیاوازە، جگە لە لایەنی ماتەری باسەکە و ئازاردانی دەرونی، کە جۆرە بە ڕوودا دان و نرخ بۆ دانەنان و خۆسەپاندن و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە بەسەر لاوازتردا، لە هەمان کاتدا زۆر شەرمەزارییە، کە کەسایەتیەکی سیاسیی هێندە ڕیسوا بێت و لەبەر ژەمێکی ئاوا بێنرخ خۆی بچوك بکاتەوە.
بەتەواوی لە یادم نەماوە جبران خەلیل جبران شتێکی وای هەیە، کە دەڵێت: ڕاستە من لە پێش ئێوەوە چاوەڕوانی ئاو دەکەم و لە ئێوە زیاتر تینومە، بەڵام ئێوە پێش من ئاو بخۆنەوە ئەمە پێچەوانەی ئیگۆییزم(خۆپەرستیی)یە و پێی دەوترێ (ئەڵتڕۆیزم).ئەوەش یەکێکە لە تایبەتمەندیە بەرزەکانی مرۆڤ، بەو مانایەی خەڵکی بخەیتە پێش خۆتەوە و لە خۆبوردووبیت. بە داخەوە سەرانی ئێمە کەمترین ئەڵترۆیزمیان نییە، نە لە شتە گەورەکان و نە لە شتە بچوکەکانی وەک بەشە گیسکەکەی من!. لە هەموو ئەوانەش ناخۆشتر و بە ئازارتر ئەوەیە، کە هێشتا خەڵکانێك هەن بۆ خۆبردنە پێشەوە و پیرۆزکردنییان ڕێك پێچەوانەی ڕەفتار و تایبەتمەندیەکانیان قسەدەکان و بەسەریان دا هەڵدەدەن.