کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نەوت و نەتەوە

Thursday, 06/09/2012, 12:00








كامیان بایەخیان زیاترە نەوت یان نەتەوە
دەوڵەتى نەتەوە بەرەو لە ناو چوون دەچێت
نەوت رۆژانە لەبازاڕەكانى جیهاندا بەرز دەبێتەوە
نەتەوە لەخورماتوو جەلەولاو سەعدیە و مەخمورو حەویجە لە بەردەم هەڕەشەدایەو كەس هەڕەشەى ئەوە ناكات پەیوەندیەكە هەڵوەشێنێتەوە.
نەوت لەبەر ئەوەى كەس نازانێ بۆچى ئەڕوات و چۆن ئەڕوا، خەریكە سەرلەبەرى ریسەكە دەكاتەوە بەخورى .
نەوت پارە ئەكات ونرخى هەیە
نەتەوە نەپارەئەكات و نەنرخى هەیەو مایەى سەرهێشەشە بۆ حاكمەكانى دەسەڵات
وەزیرى نەوت هیچ لەبارەى نەتەوەوە نازانێ
نەتەوە هەر وەزیرى نیە
ئەوەى نەوتى هەبێت زۆر شتى هەیەو ئەتوانێت بە ئارەزوى خۆى سوڕو گوڕ بكات
بەڵام زۆرن ئەوانەى نەتەوەیان هەیەو كەچى ژەمەنانێكیان بە زەحمەت دەستئەكەوێت
رۆژ نیە لە راگەیاندن و لەسەر مێزى گفت وگۆكان باسى نەوت نەكرێت
راگەیاندن حەوسەڵەى باس كردنى نەتەوەى نیەو لەگفت وگۆى سیاسیەكانیشدا دەگوترێ جیهانگیرى ونەتەوە كوجامەرحەبا
رۆیشتنى نەوت لەسنورەكان نەپەساپۆرتى ئەوێت نەڤیزا بەبۆڕى و بە تەنكەرو بە كەشتى و هەندێ جار بەشتى دیكەش ئەڕوات .
نەتەوە سنورەكانى نێوانیان پڕن لە جەندرمەو پاسەوان و زۆر جار بە ڤیزاو بە پەساپۆرتیش نایەڵن كەس تێپەڕێت وەك ئەو جارەى لە باشماخەوە نەیانهێشت مامۆستا لەتیف هەلمَەت و بەندەو كۆمەڵێك برادەرى تر بچینە ئەو دیوو لە سنور تێپەڕین.
نەوت زۆربەى بەرپرسەكانى هەرێمى كوردستانى بە بۆن خستوەو مەست و حەیرانى دۆلارى كردون.
نەتەوە زۆر لەمێژە لە بیر ئەو بەرپرسانە چووەتەوەو نایانەوێت بیریان بكەوێتەوە.
لەهەرێمى كوردستان دەمێكە خواردنى ئێكسپایەر، دەرمانى ئێكسپایەر، سیاسەتى ئێكسپایەر، دەرخواردى خەڵك ئەدرێت، نەتەوەش شتێكى ماوە ئێكسپایەر بێت ، ئاخر مادەى 140و سنورى هەرێم و كێشەى پێشمەرگە بەگشتى ئێكسپایەر بوونە ئیدى نەتەوە چۆن ئێكسپایەر نابێت.
كەچى نەوت سەرەڕاى هەڕاج فرۆشیەكەى لە هەڕەتى لاویدایەو بە هیچ جۆرێكیش ئێكسپایەر نابێت.
نەتەوە بۆسەى نیەو بازاڕى كەساسە
نەوت بۆرسەشى هەیەو لە ساڵى 1970وە رۆژ بە رۆژ نرخى بەرز تر بووەتەوە.
نوكتەى راستى ئەوەیە لەشاخ هەموو حزبەسیاسیەكان و بەرپرسەكوردەكان باسى نەتەوەیان دەكرد.
ئێستا هەموویان باسى نەوت دەكەن هەموویان باسى پاڵاوگە و نەفتاو تەنكەرو نرخى نەوت دەكەن و خوا پێم نەگرێ دەڵێن هەندێكیشیان سەرەڕاى ئەوەى دال لە پێش ناوەكەیانە كەچى قاچاغچێتى ئەكەن، خوامەرگ دال دارەكان قاچاغچێتى بكەن قوڕبە سەر خەڵكە سادەكە.
بابەتەكە بابەتێكى میللیەو هەمووكوردى مژۆڵ كردوە بەخۆیەوە كەچى لە برى ئەوەى بزە بخاتە سەر لێوى هاوڵاتى كورد، ترسى ئەوەى لادروست ئەكات لە قەلانیش ببێت و لەكۆترانیش.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە