کردەی من و بردەی شەماڵ
Wednesday, 12/11/2014, 12:00
هەریەك لە هێزەکانی یەپەگە و پەکەکە بەهانای برا یەزیدیەکانەوە هاتن کاتێ ناوچەکانیان لەلایەن هێزەکانی مەسعود بارزانیەوە چۆڵ کران و ڕادەستی داعش کران، سەرەنجام ئەو کارەساتە گەورەیەی لێ بوەوە کە ڕەنگە گەلێ بەئاستەم لەبیربچنەوە و برینەکانیش هەروا بە ئاسانی ساڕێژ نەبنەوە. ئەو خیانەتەی هێزەکانی پارتی کە بەفەرمانی مەسعود جێبەجێ کرا، هەتا هەتایە لای یەزیدیەکان و خەڵکی بادینان ڕیسوا و چرووك ئەکرێ و مەسعود و بنەماڵەکەی ناتوانن لەبیری گەلەکەمانی ببەنەوە.
لەسایەی دەسەڵاتی ناسیاسی کوردستانی باشوور گەلەکەمانیان تووشی ترس و ڕاکردن و سڕینەوەی خۆشەویستی خاك و مردار کردنەوەی گیانی بەرپرسیاری کردەوە تا کار گەیشتە ئەوەی هێزەکانی بەناو پێشمەرگە بەبێ هیچ بەرگریەك و بەبێ تەقاندنی فیشەکێك دژ بەچەتەکانی داعش، هەڵبێن و بەرەکانی جەنگ چۆڵ بکەن و پاشەکشە بکەن ، کە لەکائاکمدا ئەو گەلەی بەتەمای ئەم هێزانە بوو کە بیان پارێزێ کەوتنە بەر شاڵاوی کوشتن و دەست درێژی و لەناوبردن. بەم جۆرە ئەو تاوانەی هێزەکانی بەناو پێشمەرگە لەو ناوچانە کردیان کەبەبێ هیچ لێپرسینەوەیەك لەهۆکارەکانی ئەو شکستە سەربازیە کۆتایی هات،بوە مایەی سەرلێشێواوی و لێکترازان و دواتر جۆرێك لە ترسنۆکی و شەرمەزاری.
مەسعود بەهەر شێوەیەك بوو بێت وویستی ئەو ئابڕوە تکاوەی خۆی و هێزەکانی قەرەبوو بکاتەوە و وای نیشان بدا کەوا ئەوەی ڕوویدا تەنها تەکنیکی سەربازی بوە. بۆ ئەمەش ، هەستا بە ڕەوانەکردنی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ نەفەرێك بۆ کۆبانی . پێشەکی ئەو هێزەی کە نێردرا بریتی بوو لەهێزێکی دۆڕاوو شکسخواردوو کە تەنها بۆ ئەوە نێردران تا شکستەکانی خۆیان لەیاد بکەن . هەر بۆ ئەمەش وا باسی لێوە کرا کە ئەم هێزە تەنها وەك پاڵپشتێك وایە و تەنها ڕۆڵی هێزی بەرگری لەخۆ ئەگرێ و ئەمان هیزی هێرش کەر نین و چەکەکانیشیان هاوەن و تۆپی دوور هاوێژە. ئەمە لەکاتێکدا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە چەندین جار داوای تەنها چەکیان کردبوو نەوەك هیزی مرۆیی.
ئەو قارەمانێتیەی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا کردیان دژ بە چەتەکانی داعش نەك هەر دۆستی دڵ خۆش کرد، بەڵکە تەوای ئەمریکا و ئەوروپای سەرسام کردوو دواتر هەموانی کردە پاڵپشت و هاو خەم تا زیاتر بتوانن هێزی سەربازی و سەپۆرت نیشان بدەن کە بەتەواوی دەریان خست ،ئەم هێزە کوردیە کە تەنها تامەزۆری ئازادی و خۆشەویستی خاك و پەیامی مرۆڤایەتی هەڵگرتوە،ئەکرێ بکرێتە هەوێنی هێزێکی وا لەداهاتودا بکرێنە سەر مەشق و ئاڵای سەرکەوتن بەرز بکاتەوە. ئەم هیزە ڕۆژ دوای ڕۆژ سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار ئەکەن. بۆیە مەسعود خۆی مەڵاس داوە و ئەیەوێ شکست و خیانەتەکانی خۆی و هێزە بەزیوەکەی بەهۆی ئەم کیژ و کوڕە خۆبەخشانەی ڕۆژئاوەوە زەوت بکاو لەئاکامدا وەك نیشتمان پەروەر و خەمخۆری گەلی کورد خۆی نیشان بدا. ئەیەوێ هیلاکی و ماندوو بون و قوربانی کوردانی ڕۆژئاوە بکاتە سەروەری خۆی و دوا ڕۆژ لێمان بکاتە سەرکەوتنی ئەو هێزەی کە ناردوونی بۆ کۆبانی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست