کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سه رۆکی هه رێمم چۆن بینی؟

Monday, 24/10/2011, 12:00






ئێواره یه کی دره نگ ڕێمکه وته شه قامێکی به ناوبانگ و ڕاقی و مۆدێرنی شار، زویریخ شارێکی ڕازاوه و سه رنجڕاکێشی سویسرایه و چه ند جارێك وه ک خۆشترین و جوانترین شاری دنیا هه ڵبژێردراوه. ئه و شه قامه ی شار سه نته ر و ده ریاچه ی شار پێکه وه گرێده دا، زۆر کات جمه ی دێت له خه ڵك، گه شتیاره زۆره کان تامه زرۆی پیاسه یه کی ئه و شه قامه و دیتنی دیمه نی دڵفڕێنی ده ریاچه ی شارن. شمه کی کوالیتی به رز و گرانبه ها و دانسقه ی مارکێته کان به تایبه ت سه عاتی سویسرایی، که سانی ناودار و پاره داری دنیا، وه ک موگناتیس بۆ بازاڕه کانی ڕاده کێشن. له هه ندێ دوکانی سه عات فرۆشی گرانبه های ئه و شه قامه دا وێنه ی کڕیاره ناوداره کانی وه ك ئه ستێره کانی وه رزش، گۆرباتشۆف، مه لیك حوسین، پاپا و که سانی دیکه هه ڵواسراون. ئه و ئێواره یه به هۆی دابه زینی پله ی گه رما و پشووی ڕۆژی یه کشه ممه وه، شه قام چۆڵ و بێده نگ بوو، بازاڕه کان داخرابوون، ڕێبوارانی ئه و ئێواره یه ی شه قام، ته نها ده یانتوانی به تیله ی چاو، له شمه که جوان و گرانبه هاکانی ئه و دیوو شووشه ی مارکێته کان بڕوانن.
سیستمی هاتووچۆی سویسرا ورد و پێشکه وتووه. گه ر که سێ بیه وێ به سه رهێڵی په ڕینه وه دا له مبه ری شه قام بۆ ئه وبه ر بپه ڕێته وه، ئۆتۆمۆبیله کان ده سبه جێ ڕاده وه ستن، با شۆفێر یان سه رنشینی ئۆتۆمبیله که ش سه رۆککۆمار یان هه رکه سێکی خاوه ن پله و پایه بێت!. ئه و ده مه ی له لێواری خه تی په ڕینه وه که دا وه ستام تا ڕێبواره کان بپه ڕنه وه، دیتم به ڕێز سه رۆکی هه رێم له گه ڵ هاوڕێکه یدا، به پیاده و له سه رخۆ به سه رهێڵی په ڕینه وه ی به به رده ممدا تێپه ڕین. بۆ من ئه و دیمه نه گه لێك سه رنجڕاکێش بوو، چونکه پێشتر ئاوا له نزیکه وه سه رۆكی هه رێمم نه دیبوو، نه شمدیبوو که سه رۆك وه ك هاوڵاتییه کی ساده و بێ پاسه وان له شه قامێکی شاردا پیاسه بکات. تێڕامانی من له و دیمه نه سه رنجی ئه و دوو سێ گه نجه ی ڕاکێشا که چه ند مه ترێك له دوای سه رۆکه وه به ئه سپایی ڕێیان ده کرد. ئه وه ی له و ئێواره یه دا به خه یاڵی مندا نه هاتبوو ئه وه بوو، که له و شوێنه دا سه رۆك ببینم و به به رده ممدا تێپه ڕێ. بێگومان، سه رۆکی هه رێمیش گومانی بۆ ئه وه نه چوو که ئه و شۆفێره ی که له نزیکی چه ند مه ترێکه وه ڕاوه ستاوه تا ئه و له شه قامه که بپه ڕێته وه کوردێکی هاونیشتمان و هاوزمانی خۆیه تی، جێبه جێکردنی یاسایه ك بۆ ساتێك پێکه وه ی گرێداون. له و کاته دا گه ر حاڵه ته که پێچه وانه بوایه، واته سه رۆك سواره و من پیاده بوومایه، یاسا هه مان ڕۆڵی خۆی ده بینی، تا من ده په ڕیمه وه ئۆتۆمۆبیله که ی سه رۆك ڕاده وه ستا!. له کۆمه ڵگا پێشکه وتووه کاندا جیاوازی نێوان هاوڵاتیان و ده سه ڵاتداران به ئه ندازه یه ك که مده بێته وه که له زۆر ڕووه وه یه کسان ده بن. ده سه ڵاتداران وه ك هاوڵاتییه کی ساده ژیانی ڕۆژانه یان به ڕێ ده که ن. له بازاڕو چێشتخانه و کافتریاکاندا ده رده که ون. دوو هاوڕێی کوردم که شۆفێری تا کسین بۆیان گێڕامه وه که سه رۆکی سویسرایان وه ك هاوڵاتییه ك به ته کسییه کانیان گواستۆته وه!!.
له و ئێواره یه دا، یاسا و ڕێسای کۆمه ڵگا پێشکه وتووه کان وا له سه رۆکی هه رێم ده که ن چه ند ساتێك شێوازی ژیانی بگۆڕێت و ده سبه رداری سیستمی به سه رچووی وڵاتانی دواکه وتوو ببێت. له وڵاتانی دواکه وتوو و نا دیموکراسیدا به هه رێمی کوردستانیشه وه، ئه و ده مه ی سه رکرده وه و ده سه ڵاتداران به شوێنێکدا تێده په ڕن وه ك مه خلوقێکی دیکه له هه ساره یه کی تره وه دابه زیبێ مامه ڵه یان له ته کدا ده کرێ، کاروانی ئۆتۆمۆبیل و پاسه وانه زۆره کانیان، جگه له تێکدانی هێمنی و ئارامی شار هاوڵاتیانیش بێزارو هه راسان ده که ن، ڕێنمایی و یاسا و ڕێساکانی هاتووچۆ جێبه جێ ناکه ن!.
بینینی سه رۆك له و ئێواره یه دا بۆ من ئیلهامبه شی بیرکردنه وه یه کی قوڵ و پرسیارگه لێکی زۆری لام وروژاند. ئاخۆ که ی سه رۆکی هه رێم وه ك هاوڵاتییه ك به شه قامه کانی هه ولێر و سلێمانی و دهۆکدا پیاسه ده کات؟ ئاخۆ که ی له وڵاتی ئێـمه ش یاسا به سه رهه مواندا جێبه جێ ده کرێت، هه موان له به رده م قانوندا یه کسان ده بن؟ ئاخۆ که ی هاوڵاتیان و لاوانی ئێمه ش ده توانن له پیاسه یه کی ئێواراندا له نزیکه وه سه رۆكه کان ببینن و له ته کیانا بڕۆن و گفتوگۆیان له گه ڵدا بکه ن؟ ئاخۆ که ی کۆمه ڵگای ئێمه ش هاوشێوه ی کۆمه ڵگا پێشکه وتووه کان، له مامه ڵه کردنیان له گه ڵ به رپرساندا یاسا و ڕێسا به سه رچووه کانی سه ده کانی ناوه ڕاست وه لاده نێن؟ ئاخۆ که ی سه رۆك و ده سه ڵاتدارانی ئێمه ش، ژیانێکی ساده ی دوور له مه سره فگه رایی و قه به کردن ده گوزه رێنن ؟ تا بتوانن خۆشه ویستی و ڕێزو متمانه ی خه ڵك مسۆگه ر بکه ن.
دوو سه رکرده ی هه ڵکه وتووی وه ك گاندی و ماندێلا، هه رچه نده له دوو وڵاتی دواکه توودا ژیان، به ڵام توانیان به ساده یی بژین و پشت له دنیا بکه ن، سه ره نجام ناویان به جوانترین شێوه له دڵی نه ته وه کانیان و جیهان و مێژوودا تۆمارکرا.
هه رکات سه رۆکه کانی ئێمه ش وه ك هارونه ڕه شید و شازاده که ی دۆنگی، بۆ ئاگاداربوون له ڕه وشی ژیانی هاوڵاتیان، ساتێك به شه قام و کۆڵانه کانی شاردا گه ڕان، ئه وسا له کێشه و گرفت و داخوازیی هاوڵاتیان تێده گه ن، ده شزانن خه ڵكی چه نده له ده سه ڵات و کاربه ده سته کانیان ناڕازین.
[email protected]


 



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە