ماسیەكەی یەكێتی و چەقەڵەكەی پارتی
Tuesday, 06/10/2009, 12:00
بەو مانایە بێت كە لە میدیاكان پارتی و یەكێتی قسەی لێ دەكەن. هەرێمی كوردستان لە قۆناغی داهاتووی حوكمڕانیەتی خۆیدا دەگاتە چڵە پۆپەی ئاسمان ئیدی گورگ و مەڕ ئاو بەیەكەوە دەخۆنەوە و نەوشێروان مستەفا دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی و جەوهەر نامیق دەگەڕێتەوە ناو پارتی و پێشمەرگەی كوردستان چیتر گلەیی و گازەندە لە حیزب و حكومەت ناكەن و فەرمانبەران و مامۆستایان و قوتابیانی و خوێندكاران هیچ كێشەیەكیان نامێنێ و مونافەسەی حیزبایەتی هەموو وەلاوە دەنرێ و گەندەڵچیەكان بەخۆیاندا دەچنەوە و دەبنە كەسانی ریفۆڕم خواز. ئیدی هیوا و ئاواتی چەند ساڵەمان دێتەدی و ئەمجارەیان دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە خەونی شاعیرانەوە دەبێتە دەسكەوتی سەركردایەتی سیاسی كورد و بەگشتی وڵات دەبێتە شامی شەریف و كەركوكیش دەگەڕێتەوە ئامێزی دایكە جەرگ سوتاوەكەی و داهاتی فرۆشتنی نەوتەكەشی تەنها بۆ ماڵ و منداڵی بەرپرسان نابێت بەڵكو بە عەدالەت هەموو دابەش سەر چینی چەوساوەو كورد پەروەر و لێقەوماوان و كەسوكاری شەهیدان دەكرێ. ئیتر ئەوەی بە خەیاڵتان دادێ ئەوە لە ئەجیندای كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەخشەی بۆ كێشراوە. بێگومان ئەمانە هەموو لە سایەی دوو كارەكتەری ئەكتیڤ و پرۆفیشنالی وەكو دكتۆر بەرهەم ماسیە سركەكەی یەكێتی و ئازاد بەرواری چەقەڵە فێڵ زانەكەی پارتی بە ئامانج دەگات. ئەو دكتۆر بەرهەمەی لە هەموو شتێك شارەزایە تەنها سیاسەت نەبێ و ئەو ئازاد بەرواریەش دیارترین فێڵبازی سیاسی ناو پارتیە. بێگومان بەرهەم و ئازادیش وەكو سالیب و موجەب وان. بەرهەم لە قسەكردنی بێ عەمەل ناكەوێ و شەو و رۆژ قسەدەكات بەبێ ئەوەی ئیمانی بەحەرفێك لە قسەكانی خۆی هەبێ. ئازادیش قیامەت دابێ موستەحیلە قسەیەكی خێری لەدەم دەربچێ. بەرهەم لە دوو روویی لوس بۆتەوە و هەر لە دەرەوە پەروەردە بووە و ئەوەندەی شانازی بە ئەمریكا دەكات ئەوەندە خۆی بە كورد دانانێ. ئازادیش لەوەتی چاوی بە دنیا هەڵهێناوە جگە لە رێبازی بارزانی ئیمانی بە هیچ مەبدەئێكی تر نیە. بەگشتی بەرهەم لەم كابینەیەدا تەنها بەرهەمی بۆخۆی دەبێت و ئازادیش تەنها ئازادی بۆخۆی مسۆگەر دەكات. جەماوەریش هەردەبێ ئاخ بۆ ساڵی پار هەڵكێشێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست