کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کردار و قسەکردن، شۆڕش

Saturday, 09/07/2011, 12:00






٧

ئەوەی لە حەڤدەی شوبات و ماوەی دواتردا ڕوویدا بە شۆڕش و بە ڕاپەڕین و بە خۆپیشاندان ناوبرا. ئەو سێ چەمکە هەر یەکەیان پێناسی خۆیان هەیە و ، بە شێوەیەکی دیار، جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە، کەچی نوسەران و ڕوناکبیران بە گشتی هەرجارەی یەکێک لەو ناوانەیان بە بزوتنەوەکەی گەنجان دەدا.

لە کوردستان لەبەر ئەوەی پارتی و یەکێتی ماوەیەکی زۆربوو خەڵکیان دەمکوت دەکرد، بە مانای ئەوە نا کە نەیان دەهێشت کەس قسە بکات، بەڵکو بەو مانایەی کە گوێیان لە کەس نەدەگرت و گومڕابوون، هەر جۆرە بەرەنگاربوونەوەیەک بە شۆڕشێک دادەنرا. یەکەم چرکە ساتی توڕەبوون و بەرد تێگرتنەکەی لق ڕاپەڕینێک بوو بەڵام بە شێوەیەکی سنوردار و لە ناوچەیەکی سنورداردا، سنوردار بەو مانایەی کە چالاکەکان و ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەشداربوون ڕاپەڕیبوون و لە هەمان کاتیشدا بەشێکی زۆری دانیشتوان هاوڕای ئەوان بوون بەڵام ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون.

پارتی و یەکێتی بەرنامەی لێدانی ڕاپەڕینەکەیان پێشوەخت دانابوو، لە کاتی لێدانەکەشدا هەماهەنگی باشیان لە نێواندا هەبوو. پارتی تەقەی لە خەڵک کرد بە موبارەکەی خودی بارزانی و، یەکێتیش تەقەکەرەکانی پاراست و تەماشاکەربوو بە موبارەکەی تاڵەبانی.

ڕۆژانی دواتریش گەنجەکان زۆر توڕەبوون و یەکێتیش دەستی لێوەشاندن و شێرزاد و سورکێویان شەهیدکرد.

لەم دەمەدا دوو هەڵەی زۆر ستراتیژی کرا، لە لایەک لایەن میللەت و لە لاکەی ترەوە لە لایەن گۆڕانەوە.

خەڵکی سلێمانی وەک تەماشاکەر ماوەیان دا پارتی هەروا بە ئاسانی بۆی بچێتەسەر. ساڵانێکی زۆر بوو پارتی لە بۆسەدا بوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە سلێمانی کە لای ئەوان بە پێگەی جەلالیزم حساب دەکرا و ئەو تۆڵەیەشی بە موبارەکەی یەکێتی و خودی تاڵەبانی لێکرایەوە. ئەو دوو حیزبە چاوەڕێی شۆڕشێکی وەکو ئەوەی میسر و لیبیا و تونسیان دەکرد لە دژیان بۆیە خۆشیان بۆ کاردانەوەیەکی زۆر توند ئامادەکردبوو. شێخ جەعفەریش خۆی لە خەبات دا وتی کە ئەگەر وا بەتوندی ڕوبەڕوی راپەڕیوەکان نەبونایەتەوە بۆیان کۆنترۆڵ نەدەکرا.

خەڵکی سلێمانی کە خاوەن چەکێکی زۆربوون بەکاریان نەهێنان، باجی ئەو بێباکیەشیان گران لەسەریان دەکەوێت.

هەڵەی دووەم لە لایەن گۆڕان و خودی نەوشیروان مستەفاوە کرا. گەنجەکانیان بە گێرەشێوێن ناوبرد و ئەمەش بیانووی دایە دەست دەسەڵات تا دەستدرێژیەکەی خۆی بە شەرعی و بە مافی لەخۆ پارێزگاریکردن ناوببا. گۆڕان بەیانێکی ٧ خاڵی دەرکردبوو کەچی هیچ ئامادەکارییەکی نەکردبوو بۆ بەشداریکردنێکی کارا لە هەڵسانەکەدا، لەبەر ئەوەی ئەو ڕاپەڕینە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان رووی دا خۆیان نەکرد بە خاوەنی و دایانە دەست قەدەر. هەڵسوکەوتیشیان وای پیشان دەدا کە نەخوازن سەرکەوێت!

دواتر گەنجەکان بێدەرەتان مانەوە و، بەبێ ڕابەر بۆی هەبوو تووشی قەتڵوعامکردنێکی زۆر ببونایە.

دەسەڵات لەلای خۆیەوە کەوتە بە ناشەرعی پێناسەکردنی ئەو ڕاپەڕینە و بە کارێکی گێرەشێوێنی ناوی برد و، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی دا ڕێگە لە گەشەسەندنی بگرێت. سلێمانی و هەولێریان لەیەک دابڕی. کەوتنە لێدانی بزاوتەکە بە هەموو شێوەیەک.

گەنجەکانیش لەتاواندا نەیاندەزانی چی بکەن، لەو کاتەدا ئیسماعیلی بێژەر و هاورێکانی مایکەکەیان پەیدا کردبوو و مینبەرێکیان بۆ گەنجەکان ئافەریدەکردبوو. ئەوەی سمکۆ و هاوڕێکانی کردیان لە مێژوودا بە وشەی زێڕین دەنوسرێتەوە. لە هەمان کاتدا هەوڵ و کۆشش و قوربانیدانی فاروق ڕەفیق و ناسک خان و کاروان کەمال و ڕێبین مایکەکەیان بڵندگۆتر کرد.

کەسایەتی فاروق کە بە فەلسەفە و بە ژیانی خۆرئاوا و بە مێنتاڵیتێتێکی جیا لەوەی دەسەڵات چاوەڕێی دەکرد ئاوێتە بوو پاڵپشتییەکی زۆر پتەوبوو بۆ گەنجەکان. ئەوەی فاروق کردی بە لەشکرێک لە چەکدار نەدەکرا. کەسایەتی فاروق و ناسک خان دەستەمۆ نەدەکرا، نە بە هەڕەشە، نە بە پارە و نە بە هەڵمەتی ناڕەوا بۆ سەریان.
ئەوەی ئەوان کردیان لەو دوومانگەدا وای کرد کە گردبوونەوەی گەنجەکان ئەوەی کە بە خۆپیشاندان ناونرا لە ئانوساتدا بوو ببێت بە گەورەترین و بەربڵاوترین ڕاپەڕین و هەڵمەتی هوشیارکردنەوە لە سەرانسەری کوردستانی هەرێمدا. بە پێچەوانەی گوتەی هەندێک کەس کە تێکشکان و بڵاوەپێکردنەکە دەخەنە ئەستۆی نوسەران و فەیلەسوفان و مەلاکان.

ئەوەی ئەو ژمارە کەمە لەو بەڕیزانە کردیان بە ئۆردویەکی وەکو گۆڕانیش نەکرا.

گۆڕان لەو ماوەیەدا لاوازیەکی زۆری لێدەرکەوت.

دواتر کە مەیدانی ئازادی داگیرکرا و کۆمەڵێک بە ناوی ئەنجومەنەوە چونە زیارەتی مەسعود و خۆیان کرد بە نوێنەری شەقام، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ پاکانە بۆ خۆیان چوون و، شەقام بە سەرکوتکراوی بەجێهێڵرا چاوەکان هەمووی لەسەر ئۆپۆزسیۆن بوو. دەسەڵات گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە دەبێت ڕوو لە گردەکە بنێت بۆ کات کوشتن و بۆ پەرتکردنی شەقام و ئۆپۆزسیۆن. هاوڵاتیانیش چاویان لە ئۆپۆزسیۆن بوو. لەو کاتەدا هەموو ڕێگەکان گەر کاتییش بێت دەچونەوە سەر گردەکە. گردەکە دەبوو خاوەن وشە بێت.

ئێستا چاوەڕوانێکان بەو ئاقارەدا نەبراون کە لە گردەکە دەخوازرا.

لە کاتی خۆپیشاندانەکانیشدا نوسەران بەختیار و ئاراس گەڕانەوە کوردستان و، هەر لە فڕۆکەخانە بەختیار وتی کە پشتگیری بەشێک لە داواکاریەکانی گەنجەکان دەکات. ئەمە مانای وابوو کە پشتگیری لە هەموو داواکاریەکان نەدەکرد. لەو کاتەدا کە لە سەرا و زانکۆ ئامادە دەبوون هەندێک هەڵوێستی وایان نیشاندەدا کە لە ئاستی ئەو ڕۆشنبیریەدا نەبوو کە هەیان بوو. ئەوان کە ساڵانێکی زۆر بوو، تەنانەت زۆر زوتر پێش زۆربەشمان ئەو دەسەڵاتەیان دەخستە بەردەم پرسیارەوە، کەچی خۆیان کورتیان هێنا لە بەرچاو ڕونیدا. بە تایبەتی کە داوایان لە تاڵەبانی کرد تا لە ئاست بەرپرسیارەتی مێژوودا بێت.

من کە خوێنەرێکی ئەوان و مەریوانیش بووم زۆر کات گەر ڕاشم وەکو ئەوان نەبووبێت پێم خۆش بووە بیان خوێنمەوە. دیارە مەبەستم ڕۆمانەکانی بەختیار نییە کە تەنیا دوانیانم خوێندۆتەوە و لە چێژی مندا نەبوون بەڵام توانایانم پێ زۆر باش بووە. بە تایبەتی مەریوان لە نوسینەکان و لێکدانەوەکانیدا. ئەوان لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کورتیەکیان پێوە دیاربوو، بەڵام دوای لێدانی سەرا و ئەشکەنجەدانی ڕێبین کاردانەوەیان توندبوو بەرانبەر دەسەڵات، کە پێشتر بەو ڕادەیە توند نەبوون. ئەمان پێیان وابوو هەرچەند کاتی شۆڕش و ڕاپەڕینیش بێت بۆیان هەیە هەرچی دەخوازن دەریبڕن، تەنانەت گەر لە زیانی بزاوتەکەش بێت. شەرعیەتی شۆڕشگێڕێتی نەدەبوو ڕێگە لە ئازادی ڕادەربڕین بگرێت.

کردار و قسەکردن بۆ داکۆکیکردن لە شۆڕش هەردوکیان کاریگەری خۆیان هەیە، هەروەک چۆن تەقەی دەسەڵات و پێنوسەکەی قەڵەمبەدەستەکانیان کاریگەری خۆیان هەیە لە دژی شۆڕشگێڕان. بۆیە کردار و قسەکردن هەردوکیان بۆ یەک مەبەستن، لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە بۆ سەرخستنی شۆڕش و، لە لایەن دەسەڵاتیشەوە بۆ لێدانی شۆڕش.

شۆڕشیش تەنیا بەوانە ناکرێت کە ڕاستەوخۆ لە مەیدانەکەن و، تەنیا بەوانەش ناکرێت کە تەنیا دەنوسن یان قسە دەکەن. شۆڕش بە هاوکاری هەمووان سەردەکەوێت. بەشداریەکان گەر کەم و بچوکیش بن کۆی وزەکەیان دەبێتە داینەمۆیەکی زۆر گەورە و کاریگەر بۆ شۆڕشەکە، بەڵام هەموو جۆرە قسەکردن و ڕادەربڕینێکیش نا!
  

٨
 
 لە ژێر سایەی دەسەڵاتی شمولی و سروشت دیکتاتۆردا ناتوانرێت وەکو دەوترێت "ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە" پەیڕەوبکرێت. هەمومان بەغدامان لەبیرە کە لە ژێر سایەی سەدامدا چ بێدەنگییەکی بەرانبەر دەستدرێژیەکانی  ئەو لە کوردستان نمایش دەکرد، دواتر سەدام چی بە عەرەبەکان نەکرد! ئێستاش ئەو هەموو نەهامەتییەی بەسەریان دێت پەیوەستە بەو هەڵوێستانەی پێشویانەوە. ئەوەی غەدر قبوڵبکات غەدری لێدەکرێت.
 
 لە کوردستان خۆپاراستن نییە. کاکە ڕیژوان لە بەردەم لقدا بەردی نەدەهاویشت، تەنیا خەریکی وێنەگرتن بوو بە هاندیەکەی کەچی فیشەکی غەدر پێکایی و شەهیدی کرد. پیاوە بە تەمەنەکەی کەلار کێ دەزانێت فیشەکی کێ پێکاوێتی، خۆ دەڵێن کوڕەکانی پارتی بوون و ئەو ڕۆژە لە بارەگای پارتیدا بوون!
 
 باوکی ڕێژوان بە گوتەی خۆی لە حەفتاکانەوە لایەنگیریی سیاسیانەی نەبوە، کەچی جگەرگۆشەکەی گەورەترین غەدری لێکرا.
 
 خەڵکی کوردستان دەبێت باش لەوە تێبگەن کە لە ژێر سایەی پارتی و یەکێتی و حوکمی سروشت دیکتاتۆرییانەیاندا کەسی پارێزراو نییە. هەرکەسێک بۆی هەیە لە ڕوداوێکدا یان لە کاتی میزاج تێکچوونی مەسولێکدا ژیانی لێ زەوت بکرێت. پێدەچێت لە کاتی تەقەی خۆشی کوڕە مەسولێکدا جگەرگۆشەی یەکێک لەوانە کە ئەمڕۆ گەورەترین سودمەندن لەو دوو پارتە ژیان لە دەستبدات . کێ دەزانێت لە ئاکامی ئەو حوکمەدا کێ دەبێتە قوربانی.
 عودەی برای خۆراکتامکەرەکەی سەدامی نەکوشت!
 
 ٩
 
 باجی گەورەی گۆڕان لە ئاست هەڵە ستراتیژیەکەیدا ئایندە دەریدەخات، بەڵام هەر ئەمڕۆش کاریگەرییەکانی دەرکەوتووە، ئەوە نییە خۆیان بە دەمی خۆیان لە گۆڕانەوە بوون بە چاکساز. ئەی ئەو هەموو دروشمە توندە چی بوو لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوێی میللەتیاندا دەدا؟ ئەی درۆ و دراوەکە چی لێهات؟ بەشکران یان وازیان لێهێنرا؟
 
 لە شێوازی قسەکردنی ئێستەیاندا و لە قسەی ئەو کەسانەی دەیانهێننە سەر تەلەڤزیۆنەکەیان شتی سەمەرە دەبیسترێت. ئاسۆ عەلی کە هەڵسوڕاوی گۆڕانە و بە ناوی چاودێری سیاسییەوە قسە دەکات دکتۆر بەرهەمی کرد بە کەسێک کە تەنیا زەمەن ڕێگرە لە بەردەم بەهرەکانیدا. من نەم بیستووە سیاسەتمەدارە بە تواناکان و پیاوە دەوڵەتییە ناودارەکان لە زەمەنێکی زۆر گونجاودا دەرکەوتبن، کەواتە گەر زەمەنەکە زۆر گونجاوبوبێت ئەوان چییان کردووە. بەرهەم گەر گونجاو بوایە بەو دەردە نەدەچوو. ئەوێک لەبەردەمی کەمال کەرکوکیدا نەتوانێ داکۆکی لە سکرتێرەکەی و لە حیزبەکەی و لە کەرامەتی خۆی بکات دەبێت بەهرەکەی چی بێت؟
 
 دیارە گۆڕان لەم کۆبونەوانەیدا لەگەڵ یەکێتی سازشی لەسەر ئەوە کردووە کە بێبەهرەیی دکتۆر بوروژێنێت.
 
 ١٠
 
 شەوی حەڤدەی شوبات دەبوو خەڵکی سلێمانی بینایەی لقیان لەگەڵ عەرد تەخت بکردایە، هەمان شەو دەبوو نەوشیروان لە بری ئەوەی ڕێژوانی بە گێرەشێوێن وەسفدەکرد و شەرعیەتی کوشتنەکەی بە لقپەسرستەکان دەدا لە گەڵ حیمایەکانی بەشوێن بکوژەکاندا بگەڕایە و بیگرتنایە و بیدانایەتە دەست دادگا و داکۆکی لە یاسا بکردایە!
 
 ١١
 
 ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕوناکبیران و چاودێرە سیاسیەکان و چالاکوانانی مەدەنی زۆربەی کات قسەیەک دەکەن کە توانای بیرکردنەوەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، گەرنا نێتیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.  
 
 دەڵێن: "بۆ دەسەڵات خۆشی باشە"، دیارە مەبەستیان پارتی و یەکێتییە، ڕونتر بڵێین واتە بۆ خودی مەسعود و جەلال باشە. ئەم کەسانە کە باسی خراپەکاریەکان و گەندەڵیەکان دەکەن و بانگەوازی چاککردنیان دەکەن ئەم قسەیە وەکو پاساو یان بۆ خەڵەتاندنی دەسەڵات دەکەن.
 
 هیچ شتێک بۆ دەسەڵات خۆی باش نییە بێدەنگی نەبێت، یان شێوازی ئەو جۆرە قسانە نەبێت، چونکە دەسەڵات گەر چاکسازی بکات و گەندەڵی نەهێڵێت دەبێت کورسیەکەی بەجێهێڵێت. ئەوانیش کورسیەکە بە موڵکی باپیرە گەورەیان دەزانن و چۆڵی ناکەن.
 
 "بۆ دەسەڵات باشە" ئاماژە و ناواخنێکی مەترسیدار هەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە تۆ وەکو ڕوناکبیر، چاودێری سیاسی یان چالاکوانی بواری مەدەنی ئەو کورسییە هەر "بەو" ڕەوا دەبینیت، ئیتر داوای چاکسازی و گۆڕینی چی لێدەکەیت!
 
 دەسەڵات موڵکی باوکی کەس نییە، گۆڕان هەر دەبێت بکرێت و ئەوانەش کە هۆکاری ئەم دەردەن جێگەیان بەردەم دادگایە نەک "بۆیان باش بێت". دز و تاوانبار هەر دەبێت سزای خۆیان وەرگرن نەک پێگەیان بەهێزبکرێت.
 
 ١٢
 
 ئەوەی لە سلێمانی ڕوویدا لە هەڵچوندا ڕاپەڕین بوو، لە شێوازدا خۆپیشاندان بوو و، لە کاریگەریشدا شۆڕش بوو.
 
 سەربەرزی بۆ هەموو ئەوانەی با پاکی تێیدا بەشداربوون.
 
 ماویەتی
 
 
 
      

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە