کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قۆناغی دوای له‌سێداره‌دانی تاوانبار عه‌لی کیمیاوی

Thursday, 28/01/2010, 12:00




ئه‌مڕۆ 25/1/2010 عه‌لی ده‌باغ وته‌بێژی حکومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند به‌پێی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌کان سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیددا سه‌پێنرا ، پێش ئه‌وه‌ی قسه‌ له‌سه‌ر قۆناغی دوای له‌ سێداره‌دانی عه‌لی کیمیاوی بکه‌م پێمخۆشه‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ من دژی له‌ سێداره‌دانی هه‌ر ئینسانێکم و خه‌بات ئه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سزایه‌ ڕابگیرێت ، به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌‌ هیچ له‌ نه‌فره‌ت و بێزاریم که‌مناکاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانبارانه‌ی که‌ له‌چه‌ند چرکه‌یه‌کدا 5000 هه‌زار ئینسانیان له‌شاره‌که‌م خنکاند و هه‌زارانی تریان بریندار و ئاواره‌کرد . بۆ هه‌موومان ئاشکرایه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی به‌عس چه‌نده‌ دژی ئینسان و چه‌نده‌ تاوانکارانه‌ ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌نجامدا بۆیه‌ پێموایه‌ زۆر گرنگ نییه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ قسه‌بکه‌ین ، ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وه‌یه‌که‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناو ئه‌و گه‌مه‌ سیاسیانه‌ ده‌ربهێنرێت که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌مڕۆی کوردوستان هه‌میشه‌ وه‌ک کارتێک به‌کای ده‌هێنێت ، کێشه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ کێشه‌ی ناسنامه‌یه‌کی ئینسانیه‌ ، ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی لێیسه‌نراوه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام وه‌ک هۆکارێک له‌فریودان و قایم کردنی پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا به‌کارده‌هێنرێت ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌و قوربانیه‌کانی کردۆته‌ ئه‌و داشی دامه‌یه‌ی که‌ یاریه‌که‌ی تێدا ده‌باته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی قوربانیه‌کان زه‌ڕه‌یه‌ک له‌ ئازاره‌کانیان که‌مبێته‌وه‌ ، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ 18 ساڵه‌ ده‌ستی ده‌سیتان پێده‌کرێت ، قۆناغ به‌ قۆناغ یاری به‌ چاره‌نووس و ئینسانی بوونیان ده‌کرێت ، هه‌ر قۆناغه‌و له‌ناو وه‌هم و ته‌پوتۆزی به‌ڵێن و به‌یانی له‌ئه‌مڕۆ باشتریان ده‌رخواد ده‌درێت ، به‌ڵێنه‌کان له‌ناو وه‌ره‌قه‌ و فایل و دالتاکاندا جێگایان نابێته‌وه‌ ، سه‌ردان و به‌شان و باڵادا هه‌ڵدان کۆتایی نایه‌ت ، سوێند به‌ گۆڕ و خاک و خۆڵی هه‌ڵه‌بجه‌ بوار به‌ هیچ سوێندێکیتر ناهێڵێته‌وه‌ ، خه‌ڵک کۆئه‌کرێته‌وه‌و له‌ناو هاواری ئێمه‌ نوێنه‌رتانین گوێت له‌هه‌ناسه‌ش نابێت ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ هیچی به‌کرده‌وه‌ ناکاته‌ هه‌ناسه‌یه‌کی فێنک بۆ به‌رکه‌وتوویه‌کی چه‌کی کیمیاوی و ناکاته‌ له‌شێکی ساغ بۆ منداڵێکی تازه‌ له‌دایکبووی هه‌ڵه‌بجه‌ . قۆناغی ئه‌وه‌ی هه‌موو داواکاریه‌کان ڕووبه‌ڕووی به‌عس بکرێته‌وه‌ کۆتایی هات ، قۆناغی ساوایی و ناسکۆڵه‌ی حکومه‌ت کۆتایی هات ، قۆناغی شه‌ڕی په‌رله‌مانی شه‌رعی و په‌رله‌مانی ناشه‌رعی کۆتایی هات ، قۆناغی هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی خۆشه‌ویست و چاوچنۆکی دراوسێ کۆتایی هات ، قۆناغی نه‌مانی به‌عس و مه‌ترسی داگیرکردنه‌وه‌ کۆتایی هات ، قۆناغی دوو ئیداره‌ی نه‌ماو گورگ و مه‌ڕ پێکه‌وه‌ ئاو ده‌خۆنه‌وه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ وه‌سیله‌یه‌ک بوون به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ک که‌یسێکی خۆشده‌ست له‌ململانیه‌ سیاسیه‌کان و سه‌رکووتی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک به‌کاربهێنن و چاره‌سه‌ره‌ ڕیشه‌یه‌کانی کێشه‌ی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ قۆناغه‌و قۆناغی پێبکه‌ن . له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی ڕه‌شی به‌عس هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌که‌م ویستگه‌‌بوو که‌ کۆڵن پاوه‌ڵ و بریمه‌ر و تاڵه‌بانی و به‌رزانی و جه‌عفه‌ری و عه‌لاوی زۆر به‌خێرای خۆیان گه‌یانده‌ شار ، بۆ هه‌ڵبژاردن پێش هه‌ر جێگایه‌ک به‌رهه‌م ساڵح خۆی کرد به‌شاراو به‌ڵێنیدا که‌ ئه‌و نوێنه‌ری خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بێت ، تاریق هاشمی پێش ئه‌وه‌ی ئیتیفاقیه‌ سیاسیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی و پارتی بکات هاته‌ هه‌ڵه‌بجه‌و سه‌رزه‌نشتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی کرد ، کریستۆڤه‌ر هێڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ڕۆژی 25/1/2010 وه‌ک هاوکاره‌کانی به‌خێرای خۆی گه‌یانده‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ یاری و چاوبه‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانن له‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و ڕایکردنی قۆناغه‌کانی قایم کردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌ . یه‌کێک له‌و قۆناغانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان له‌دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ به‌رده‌وام نانی لێده‌خوات و فریووی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێ ده‌دات مه‌سه‌له‌ی دادگایی کردنی تاوانباران و هێنانی تاوانبار عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و له‌ سێداره‌دانیه‌تی له‌به‌ر چاوی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ، به‌و حیسابه‌ی ئه‌م کاره‌ ئاو ئه‌کات به‌سه‌ر ئاگری نه‌هامه‌تی و سه‌دان کێشه‌ی ئێستای خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، به‌ڵام کاتێک عه‌لی کیمیاوی له‌ سێداره‌درا به‌رهه‌م ساڵحی به‌ڵێنده‌ر فریای فاتیحایه‌کیش نه‌که‌وت ، 25/1/2010 قۆناغی پێش له‌سێداره‌دانی عه‌لی کیمیاوی کۆتایی هات ، ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردوستان و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌ردوولایان له‌به‌رده‌م قۆناغی دوای له‌ سێداره‌دانی عه‌لی کیمیاویدان ، هه‌رله‌ئێستاوه‌ ده‌سه‌ڵاتداران خه‌ریکن له‌ڕێگای ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ به‌ئاهه‌نگ و بروسکه‌ی پیرۆزبای خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و کوردوستان سه‌رمه‌ست ده‌که‌ن و سه‌ره‌تای قۆناغێکی تازه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن ، به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌بێت مل به‌م یاری قۆناغ قۆناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران نه‌دات و هه‌وڵه‌کانیان بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئینسانی بوونیان ڕێکخراو فراوان بکه‌نه‌وه‌ ، ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگی حه‌قخوازانه‌یان به‌رزتر بکه‌نه‌وه‌ ، ئینسانی بوونی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌مانای ده‌ر‌هاتنیانه‌ له‌ناو یارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، به‌مانای سه‌یرکردنی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ وه‌ک ئینسان نه‌ک وه‌ک وه‌سیله‌و ئامرازی جێبه‌جێبوونی مه‌رامه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، ئینسانی بوونی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌مانای ته‌ندروستی باش و باری ده‌روونی گونجاو ، به‌مانای ژیانی سه‌رده‌مانه‌و ئیراده‌ی ئازاد ، به‌مانای ئاو کاره‌با و شه‌قام ، به‌مانای جێگای نیشته‌جێبوون و پاک و خاوێنی ، به‌مانای به‌یانیه‌کی ته‌ندروست بۆ مناڵان و کۆرپه‌کانی سکی دایکان .
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە