کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌م هه‌شتی ئاداره‌دا چیمان هه‌یه‌ بۆ دایکمان؟

Wednesday, 07/03/2012, 12:00


سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت سڵاوی گه‌رمی خۆم ئاڕاسته‌ی ژنانی جیهان به‌تایبه‌تی ژنانی کورد بکه‌م‌ به‌بۆنه‌ی هه‌شتی ئاداره‌وه‌ .
وا هه‌شتی ئادارێکی تر هات و تا ئێستا چی بۆ ژنان کراوه‌؟
کێشه‌کانی ژنان و دیارده‌ی توندتیژی و ژن کوشتن چه‌ندێک چاره‌سه‌رکراوه‌ ؟
حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی ژنان له‌ ژێر باڵی حکومه‌تی هه‌رێمدا ئاوا کراون له‌م هه‌شتی ئاداره‌دا چیان پێشکه‌ش به‌ ئازادیه‌ زه‌وتکراوه‌کانی ژنان کرد ؟
به‌تایبه‌تی خانمانی ناو حکومه‌ت و سه‌رکورسی ده‌سه‌ڵات له‌و جێگه‌یه‌ی لێی ئه‌رکدارن به‌رهه‌میان چی بوه‌ بۆ ژنان ؟
یاسا و ڕێساکان تا چه‌ند سزای بکه‌رانی توندوتیژی سه‌ر ژنان داوه و‌ هانده‌رانی ئه‌و دیارده‌ قێزه‌ونانه‌ی سه‌ر مینبه‌ره‌کانیان بێده‌نگ کرد ؟.
با ئێستا ئێمه‌ با به‌کورتی چاوێک به‌ ڕوداوه‌کانی کوشت و توندوتیژی سه‌ر ژنانی ساڵی پاردا بخشێنین و ئه‌وکات له‌گه‌ڵ ئه‌م سێ مانگه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ به‌راوردی بکه‌ن تا وه‌ڵامی ته‌واومان ده‌ستکه‌وێت ..
(2011)
ته‌نیا له‌ ساڵی 2011 دا له‌ هه‌رێمی کوردستان 365 حاڵه‌تی خۆکوشتنی ژنان هه‌بوه‌ ، ‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌یه‌ که‌ تۆمار کراوه‌ ، به‌ هۆی مامه‌ڵه‌ی خراپه‌وه‌ ته‌نیا له‌ ساڵێکدا 2530 ژن سکالایان تۆمار کردووه‌ له‌ هه‌ر رۆژێک دا ژنێک خۆی کوشتووه‌ به‌ سوتان بێ یان به‌ هه‌ر ڕێبازێکی تر بێ ، ته‌نیا له‌ شاری دهۆک 733 حاله‌ت و ، له‌ گه‌رمیانیش 318 حاڵه‌تی توند و تیژی تۆمار کراوه‌ ، ئه‌مه‌ ته‌نیا ئه‌وانه‌ن که‌ تۆمار کراون ئه‌وه‌ی که‌ تۆمار نه‌کراوه‌ زۆرله‌وه‌ زیاتره‌.
به‌پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی رێکخراوی وادی ئه‌لمانی له‌ باشوری کوردستان له‌سه‌دا 60 کچان له‌ شاره‌کان به‌زۆر خه‌ته‌نه‌ ده‌کرێن له‌ هه‌ندێ له‌ لادێکانیش له‌سه‌دا 100 و ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌و ئاسته‌ ترسناکییه‌ی به‌رده‌وامه‌.
له‌کاتێکدا که‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توند و تیژی نێو خیزان خه‌ته‌نه‌ی مێینه‌ وه‌ک تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا به‌لام له‌ یه‌که‌م هه‌نگاو له‌ دژی ئه‌و یاسایه‌ وه‌زیری ئه‌وقاف له‌گه‌ڵ 500 مه‌لا و که‌سایه‌تی ئاینی داوایان کرد که‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ئیمزا نه‌کرێ.

ئه‌مه‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرابوو له کاره‌ساتی و نه‌هامه‌تیه‌کانی سه‌ر ژنان له‌ساڵی 2011.

له‌گه‌ڵ هه‌موو په‌یمان و لافه‌کانی داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ڕێکخراوه‌کانی ژانان با بڕواننین ئه‌م سێ مانگه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ چی گۆڕا له‌ بارودۆخی ژنان.

(2012)

به‌گوێره‌ی زانیاری و ئاماره‌ی ده‌زگای وارڤین بۆ پرسه‌كانی ژن ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 31 رۆژی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا له‌هه‌رێمی کوردستان به‌هۆكاری جیاجیا 8 ژن بوونه‌ته‌ قوربانی توندوتیژی و ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
ئه‌و هه‌شت ژنه‌ به‌ هۆكاری سووتان، خنكان، كوشتن لە لایەن هاوسەرەكانیان كۆتایی به‌ ژیانیان هاتووه‌.
تەمەنی قوربانیه‌كانیش لەنێوان 14-34 ساڵییە، 4 حاڵەت لەهەولێر، 2 حاڵەت لە دەوروبەری سلێمانی، حاڵەتێك لە زاخۆ و یەكێكی دیكە لە دهۆك تۆماركراون.
حاڵه‌ته‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌ 3 ژن خۆیان سووتاندووە و تا ئێستا هۆكاری دیارنیە، ژنێك لە چەمچەماڵ، كچێكی 14ساڵ لە هەولێر، ژنێكی 23 ساڵ لە دهۆك، 2 ژن لەلایەن هاوسەرەكانیان كوژراون، یەكێكیان 34 ساڵ لە قەلادزێ‌،
ژنێكی دیكەش لە هەولێر ، كچیكی 19 ساڵیش بەدەمانچە خۆی كوشتووە لەهەولێر ،2 ژنیش بەهۆی خنكان گیانیان لەدەستداوە، یەكێكیان 30 ساڵ لەهەولێر، ژنێكی دیكە لە ئاوی خابوور لە زاخۆ خۆی خنكاندووە،.
ئه‌مه‌ ته‌نها ئاماری یه‌ک مانگ بوو واته‌ (جه‌نیوه‌ری کانونی یه‌که‌می ئه‌مساڵ).

(باشه‌ له‌دوای ئه‌و مانگه‌ بزانین چی ڕوویدا)
3 له‌سه‌ر 4 / 02
لە سنوری ناحیەی سەرکەپکان کچێک بە ناوی ساکار حەمەد ئەمین عارف و لە شیرین خەودا لە لایەن باوکیەوە بریندار ئەکرێت و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دوای دوو ڕۆژ گیان لە دەست ئەدات.

سه‌ره‌تای مانگی دوو کچێکی ته‌مه‌ن 18 ساڵی خێرله‌خۆ نه‌دیوو له‌ماڵه‌که‌ی خۆیاندا له‌هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ له‌چکه‌که‌ی خۆی خنکێندرا .

12 / 02
لە گەڕەکی گڵنجانی شاری رانیە پیاوێک دەستڕێژی گولەی لە ھاوسەرەکەی بەناوی ساکار عومه‌ر کرد و گوله‌یه‌کی نا به‌سه‌ری خۆشیه‌وه‌.

13 / 02
له‌ناحیه‌ی ژاراوه‌ پۆلیسێکی دارستان گوایه‌ گوله‌ی له‌ ده‌ست ده‌رچوو هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ناوی دیمه‌ن که‌مال عومه‌ر به‌ سه‌ختی بریندارکرد دوای گواستنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ ژیانی له‌ده‌ستدا.

15 / 02
له‌ مالێکی گه‌ره‌کی ئاشتی سلێمانی ڕوداوێكی‌ ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ روی دا له‌ ئاکامی ئه‌و ئاگر که‌وتنه‌وه‌یه‌دا کچێكی‌ 18 ساڵ كه‌ خوێندكاری‌ قۆناغی‌ سێی‌ ناوه‌ندیه‌ سوتاوه‌ و به‌هۆی‌ زۆری‌ ڕێژه‌ی‌ سوتاویه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌ ، هۆکاری ئاگر که‌وتنه‌وه‌که‌ ئاشكرا نه‌کراوه‌ .

16 / 02
له‌ گوندی‌ شێخ له‌نگه‌ر له‌ سنووری‌ شارۆچكه‌ی‌ كفری‌، ئافره‌تێكی‌ ته‌مه‌ن 27 ساڵی پارێزه‌ر گوایه‌ له‌ كاتێكدا نه‌وتی‌ ده‌كرده‌ سۆبه‌وه‌، گڕی‌ گرت و گیانی‌ له‌ ده‌ستدا ، دوای چه‌ند ڕۆژێک ئاشکرا بوو که‌ مێرده‌که‌ی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ سوتانده‌نه‌که‌یدا چونکه‌ دراوسێکان چون به‌هانای ژنه‌که‌وه‌ بیکوژێنه‌وه‌ پیاوه‌که‌ی نه‌یهێشتوه‌ وتویه‌تی ئێوه‌ نامه‌حره‌من بۆتان نیه‌ نزیکی ژنه‌که‌م ببنه‌وه‌ تا به‌ته‌واوی سوتاوه‌ و ژنانی له‌ده‌ستدا..

27 / 02
له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى خانكێ سه‌ربه‌ قه‌زاى سمێڵ ، ژنێك به‌ناوى جه‌میله‌ جوقى تەمەن 21 ساڵان بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە ، له ‌ماڵى باوكى خۆی سوتاندوە و به‌ هۆى زۆری رێژه‌ى سووتاوییه‌كه‌ى گیانى له‌ده‌ستداوه.

28 / 02
لەگەڕەكی قالاوای شاری سلێمانی ژنێكی تەمەن 54 ساڵان بەپەت خۆی خنكاند یان خنكێندرا.

03 / 03
له‌ گوندی خشاملی له‌ نزیك قه‌زای خورماتوی باشوری کوردستان بە هۆی کێشەیەکی کۆمەلایەتیەوە كچ و كوڕێكی عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ كوژران.

04 / 03
کچێكی‌ 18 ساڵ كه‌ خوێندكاری‌ قۆناغی‌ سێی‌ ناوه‌ندیه‌ له‌گه‌ڕه‌کی ئاشتی شاری سلێمانیه‌ سوتاوه‌و به‌هۆی‌ زۆری‌ ڕێژه‌ی‌ سوتاویه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

04 / 03
ژنێکی مامۆستا‌ و ته‌مه‌نى 22 ساڵه‌ ئاگر له‌جه‌سته‌ى به‌ربووه‌ و ‌ده‌ست به‌جێ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى گشتى ده‌ربه‌ندیخان و به‌پێى چاره‌سه‌ره ‌سه‌ره‌تاییه‌كان له‌سه‌دا 75 سوتاوه‌ تائێستا ئاشكرانیه‌‌ كه‌خۆى سوتاندبێت یاخود به‌ هۆكارێك سوتا بێت.

05 / 03
ته‌رمی‌ ژنێكی‌ عه‌ره‌ب له‌شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ خنكاوی‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆی‌ دۆزرایه‌وه‌.

07 / 03
ڕۆژێک پێش ڕۆژی ژنان ژنێکی لێقه‌وماو له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانیه‌وه‌ فڕێدرایه‌ سه‌ر شه‌قام .

خوێنه‌ری هێژا هه‌موو ئه‌مانه‌ی خوێنتانه‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان له‌ داموده‌زگا به‌رپرسه‌کان بیستوه‌ که‌ (ده‌ستکراوه‌ به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ڕوداوه‌که‌و لێکۆڵین به‌رده‌ومه‌) زۆربه‌ی تاوانبار و هۆکارانی ئه‌م تاوانانه‌ ده‌ستگیرنه‌کراون .
ئه‌وه‌تا ئیفاده‌یان به‌دایکی ساکار حه‌مه‌ده‌مینی مامۆستا گۆڕیوه‌ که‌له‌لایه‌ن باوکی خۆیه‌وه‌ گیانی لێسه‌ندرا و به‌هه‌ڕه‌شه‌ دایکیان له‌ شاهیدی په‌شیمان کردوه‌ته‌وه‌ تا بڵێت باوکی نه‌یکوشتوه‌ .
له‌دوای ئه‌م زانیاریانه‌ پێویسته‌ چیمان هه‌بێت بۆ وتن ؟
ده‌بینین نزیکه‌ی هه‌موو ڕۆژێک گوێمان به‌هه‌واڵی کوشتن یان خۆکوشتنی ژنێک ده‌کرێته‌وه‌ ، هۆی چیه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ ساڵ به‌ساڵ له‌ زیادبووندایه‌ ؟ خۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ مه‌دیاکاندا ده‌بیستین که‌ کوردستان ئارام و ئاسایش به‌رکه‌ماڵه‌ و یاسا سه‌روه‌ره‌ ، به‌ڵام له‌بواری کردار و پێویستیدا هیچ شتێکی پێویست نابینین .

یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توند و تیژی نێو خیزان ته‌نها مه‌ره‌که‌بێکی وشکبووی سه‌ر کاغه‌زماوه‌ ده‌نا هیچ کار و کردارێکی پێنه‌کراوه.
‌هه‌ندێک مه‌دیای کوردی له‌ لایه‌نێکی ئاڕاسته‌کراوه‌وه‌ کۆمه‌ڵگای کوردی و هه‌تا نه‌ریته‌ پۆزه‌تیفه‌کانیشیان به‌ته‌واوی شێواندوه‌ ، به‌بڵاوکردنه‌وه‌ی کلتورێکی ئیفلیج بووی بێگانه‌ به‌تایبه‌تی کلتوری فاشیزمی تورکی که‌ هیچ خزمه‌ت به‌ پێشکه‌وتن و هۆشیاری نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناکات مێشک و ده‌رونی لاوانی کوریان ته‌واو شێواندوه ، که‌ به‌پێی لێدوانێکی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر فلیمه‌ دۆبلاجکراوه‌ بێگانه‌کان به‌تایبه‌تی تورکی کاریگه‌ری خراپی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر دیارده‌ی کوشتن و خۆکوشتن ئه‌مه‌ بێئه‌وه‌ی یاسا و حکومه‌ت سنورێکیان بۆ دانێت و سزای کاره‌ ناشیاوه‌کانیان بدا .

به‌ئاشکرا و بێترس له‌ زۆربه‌ری مزگه‌وته‌کانی کوردستان زۆربه‌ی وتاره‌کانی هه‌ینی ته‌رخان کراوه‌ به‌ دژایه‌تی کردنی مافه‌ سروشتیه‌کانی ژنان ، که‌ئه‌وانیش ڕۆڵێکی زۆر نه‌رێنیان له‌و بواره‌دا بینیوه‌ و یاساش له‌به‌رامبه‌ری که‌ڕ و ڵاڵ و کوێره‌ .

کۆمه‌ڵێکی زۆر ڕێکخراوی ژنانمان هه‌یه‌ وه‌لێ به‌داخه‌وه‌ (به‌ده‌ر له‌ هه‌ندێکیان) له‌ناوی گه‌وره‌ و دێی وێران زیاتر هیچ شتێک نه‌بوون و نین، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زۆرجار داڵده‌ی ئه‌و ژنانه‌شیان نه‌داوه‌ که‌له‌ده‌ست زوڵمی خێزان و ئه‌شکه‌نجه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌یان هه‌ڵهاتوون و هۆکارێک بوون بۆ په‌رده‌پۆشکردنی تاوانه‌کانی دژ به‌ژنان ده‌کرێت، ئه‌وه‌تا دواین جار دوێنێ واته‌ یه‌ک ڕۆژ پێش ڕۆژی جیهانی ژنان ژنێکی لێقه‌وماو به‌ناوی شوکریه‌ نیعمه‌ت که‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ سۆزی‌ ده‌رونی‌ سه‌ر به‌به‌رێوبه‌رایه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ سلێمانی بوه‌ به‌ ‌ئۆتۆمبێلێكی‌ سه‌ر به‌ به‌رێوبه‌رایه‌تی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندو تیژی‌ دژی‌ ژنان له‌چوار ریانی‌ ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ فڕێیانداوه‌ ، بێئه‌وه‌ی ڕێکخراوێکی ژنان له‌خۆیانی بگرن و کۆمه‌کی بکه‌ن .

کۆمه‌ڵێک خانمی سه‌رکورسی ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه‌ ، هێنده‌ له‌ گه‌شت و گوزاره‌کانی ئه‌وروپا و دوبه‌ی و لوبنان ده‌بینرێن نیو هێنده‌ له‌سه‌ر کار و فه‌رمانه‌کانیان نابینرێن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ نه‌یاتوانیوه‌ بۆ مسقاڵێکیش بێت به‌ر به‌کوشتن و توندوتیژی ژنان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا بگرن ، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ چاویان له‌و ناهه‌قیانه‌ پۆشیوه‌ و به‌ به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌رکی یاسایه‌ و مافی ده‌ستێوه‌ردانیان نیه‌، له‌ شوقه‌ و ئاپارتمانه‌کانیان سه‌رده‌رناهێنن.
ماوه‌ بڵێین ژنان ته‌نها به‌ هێز و بازوی پۆڵاینی خۆیان و به‌و ئیراده‌یه‌ی که‌ نۆمانگ ئێمه‌یان له‌سکیاندا هه‌ڵگرت و کردیانین به‌و مرۆڤه‌ی ئێستا هه‌ین‌ و به‌ باوه‌ڕی توندی خۆیان ده‌توانن له‌ده‌وری یه‌ک کۆببنه‌وه‌ له‌ژێر چه‌تری ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌ی که‌ سه‌ر به‌هیچ لایه‌نێکی سیاسی نین تا مافه‌زه‌وتکراوه‌کانیان بستێنن.
له‌سه‌ر پیاوانیش ئه‌رکه‌ هاوکاری خاڵقیان بن که‌ ژنه‌ ، چی دی ئه‌و بیر و هۆشه‌ گه‌نیوه‌ فڕێده‌ن له‌به‌ها و پیرۆزیه‌کانی ژن تێبگه‌ن ، به‌به‌هانه‌ی شه‌ره‌ف ژن و کچی خێزانه‌کانیان کۆیله‌ و زیندانی نه‌که‌ن و نه‌یانکه‌نه‌ خۆراکی نه‌ریته‌ باوه‌کانی کۆمه‌ڵگا ، ئێوه‌کێن ئه‌گه‌ر له‌ژن نه‌بووبن که‌ی بوه‌ مرۆڤ ده‌ستی بچێته‌ کوشتی خالقی ؟ ده‌بێت پیاو بزانێت که‌ ئازادی ئه‌و په‌یوه‌سته‌ به‌ئازادی ژنه‌وه‌ تا ژن ئازاد نه‌بێت نه‌ پیاو و نه‌کۆمه‌ڵگا هه‌وای ئازادی هه‌ڵنامژێت..

07 / 08 / 2012
برۆکسل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە