چاوم رەشكەو پێشكەى نەكردووە، ئێوە بەرى چاوتان گیراوە
Sunday, 21/08/2011, 12:00
وڵاتێك لەسەر دەریاى نەوت بێت و حكومەتەكەشى چەندین گرێبەستى ناردنە دەرەوەى نەوت ئیمزابكات و وڵاتان بەم سامانە سرووشتییەى ئێمە خەنى بووبن، چۆن كارەسات و غەدرو عەیبەیەكى گەورە نییە خەڵكى لەم نازو نیعمەتە بێبەشبن و بەردەوام قەیرانى سووتەمەنى هەبێت! ئەو وڵاتەى كەهیچ سامانێكى نەوتى نەبێت بەقەد كوردستان بەنزین و نەوت هاوردە ناكات، بابایەك ئەو هەموو تانكەرە سووتەمەنییەى لەسەر سنورەكان قەتاریان بەستووە ببینێ رەنگە پێی وابێت قەترەیەك نەوت لە ژێرخاكى ئەم وڵاتەدا نییە، ئەوەتا سەرەراى فرۆشتنى رۆژانەى سەدان هەزار بەرمیل نەوتیش، كەچى هێشتا هاونیشتمانیانى لەچاو ئەم پارە زۆرەدا خێر لەداهاتەكەى نابینن. لەچ سەردەمێكدا بەم ئەندازەو قەبارە فراوانە نەوت فرۆشراوە؟ بێگومان نەبووەو لەبەرامبەریشدا بەم قرچەى گەرمایە یەك بەرمیل نەوتى بێجى بەسەدوو هەشتا هەزاردینارە، كار وابڕوات دەبێت خەڵكى هەژارو نەدار بگەڕێنەوە چاخى بڕینى دارو دانانى سۆپاى دارو سوتاندنى كاغەزو نایلۆن. بەنزین یەكێكە لەو بەرهەمانەى كەرۆژانە بەملیۆن لیتر دەفرۆشرێ و لەئێستادا پێداویستییەكى رۆژانەى خەڵكەو بەكەمبوون و گرانبوونى گاریگەرى لەسەر ژیانى ئاسایى و راپەڕاندنى كاروبارى هاووڵاتیان دەبێت، راستە بەردەوام خواست لەسەر بەنزین زیاد دەبێت و ئۆتۆمبێل زۆر دەبێت، بەڵام بیانووەكانى گرانبوونى بەنزین و هۆكارەكانى بیانوویەكن زۆربەى جارەكان دروستكراون و والەژێر دەستى جامبازو چاوچنۆك و بازرگانانى سووتەمەنیدا، بەنزینى بێجى خۆ لەكازاغستان و ئێران و توركیاو دەرەوەى سنور نایەت تا ببێتە قاتى! ئەوەتا لەبن باڵمان، رۆژێك كۆبۆن هەڵدەگرن و رۆژێك دەیكەنەوە كۆبۆن، جیا لەكەمى بەشە بەنزینى هەفتانە و خراپى جۆرەكەى ئەوە بۆهەرلترێك (500) دیناریش سەربارو بنبار وەك بڵێى بەنزینخانەى بازرگانى و سەفەرى بن، كەچى ئەوەتا بەم رەزالەتە دەدرێت و ئۆتۆمبێل لە زۆربەى شارەكاندا بەدرێژایى چەندین كیلۆمەتر ریزى بەستووەو لەمەشدا ئازارى خەڵك دەدەن، پرسیار ئەوەیە بۆچى حكومەت كێشەى بەنزینخانە حكومییەكانى پێ چارەسەر ناكرێت؟ بۆچى هەندێك كات كۆبۆن نامێنێ و بەنزین زۆر دەبێت و كاتەكانى دیكەش لەكەمى دەدات؟ تۆبڵێى لەپاڵاوگە هەڵبەزو دابەز بكات، ئێ خۆ ئەمە دۆلارى ئەمریكى نییە هەر رۆژەو نرخێك بێت! پاڵاوگەش نەتەقێنراوەتەوەو وشكى نەكردووە، ئاخر دەبێت هۆكارەكانى دیار بێت. بەنزینخانە ئەهلییەكانیش لەگەڵ دروستبوونى هەر ئەزمەیەكى بەنزین لە بەنزینخانە حكومییەكاندا ئەوە بە ئارەزووى خۆیان بەنزین گراندەكەن، ئێستا یەك لترى بێجى(900) دینارو یەك لتر نۆرماڵ (1000) دینارو سوپەریش كەدڵنیام لادەش نییە واوەتر. بەنزینخانەى ئەهلى لەم پایتەختەدا هەیە لەرۆژێكدا شەش جار نرخ دەگۆڕێت، نازانم ئەمانە لەسەر چ بنەمایەك وا زووزوو نرخ دەگۆڕن، رۆژێكیان هەتا لەترافیك سوڕامەوە گەیشتمە بەنزینخانە نرخەكەى گۆڕابوو، وتم كاكە لەوبەر سەیرم كرد نۆرماڵ نووسرابوو(700) دینار ئەوە كوێڕا بوو بە(750) دینار؟! گوتى مامۆستا چاوت رەشكەو پێشكەى كردووە!. گوتم نا نا ئێوە بەرى چاوتان گیراوە. خراپى جۆرەكانیشى بەڵاتر، مرۆڤ سەرى لێ تێكچووە نازانێت لەكام بەنزینخانەو لەكام جۆر(بێجى-سوپەر- نۆرماڵ) تێبكات؟ هەر كامێكیان تێدەكەیت ئۆتۆمبێلەكەت وێران بووە، ئێ باشە كەهەربەهەوەس گرانى دەكەن هەرنا تۆزێك بەنزینێكى باش بفرۆشن، كەدەشڵێیت كاكە بەنزینەكەت خراپە بێ یەك ودوو دەڵێت لە موحافەزە هاتن و فەحسیان كرد دەرەجە یەك دەرچوو، ئەدى كە دەرەجە یەكە ئۆتۆمبێل بۆ وا هەرلەگەڵ تێكردنى فیتپەمپ و نۆزل و مەسفییەى دەوەستێت و گەر بشڕوات بە نقەنق و تڕەتڕ دەڕوات؟! جێى خۆیەتى لیژنەى سەرپەرشتیكردنى بەنزینخانە ئەهلییەكان بەدواداچوونى وردتر بۆ نرخى بەنزین و كوالێتەكەى لەم بەنزینخانە ئەهلیانەدا بكات، هاوكات ئەركى حكومەتى هەرێم و وەزارەتى سامانە سرووشتییەكانە چیدى بەنزینخانە حكومییەكان نەدەنە دواوە، ئەمانە بۆهەن ئەگەر پێداویستى خەڵك پڕنەكەنەوە؟ رێگە لەبەرزبوونەوەى نرخى نەوت بگرن و بالەسەر پشتى هەژارانى وڵاتدا بازرگانى پێوە نەكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست