سیناریۆكانى هاتنى داعش بۆ ئێراق چی بوو؟
Tuesday, 17/06/2014, 12:00
سیناریۆیەكان تا بەم ئان و ساتە ڕادەگات بووەتە جێی مشت و مڕی سیاسەتوان و چاودێر و نووسەر و ڕاگەیاندكاران بەوەى ئاخۆ: چۆن ئەو ڕووداوانە ئەوا بەخێرایی ڕوویاندا؟
وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارە چەند گریمانەیەك لەخۆی دەگرێ، لەوانە:
1.
دەوترێ مالیكى چەند سیناریۆیەكى ئامادەكردبوو تا لەو ڕێیەوە بوونى خۆی بۆ ولایەتى سێیەمى حوكمڕانى ئێراق مسۆگەر بكات، ئەوانیش:
ا-مالیكى هۆكاری هاتنى ئەو هێزە كەمەى داعش بوو بۆ سەركوتكردنى سوننەنشیەكان و لاوزاكردنیان بەجۆرێ هەر فەرمان و بڕیارێك بدات دەبێ هەمووان لەژێر فەرمایشتى ئەودابن، كەچی ئەوەى بیری لێ دەكردەوە وا دەرنەچوو، بەناچاری پەنای بۆ سیناریۆی دووەم برد، ئەویش ئەوەبوو:
ب-باری نائاسایی لەهەموو ئێراق لەڕێی پەرلەمانەوە ڕابگەیەنێ، بەهۆی بەدەست نەهێنانى دەنگی زۆرینەى پەرلەمانتاران ئەو هەوڵەیشی شكستى هێنا.
ج-پەنا بۆ سیناریۆی سێیەم برد تا پێگەى خۆی تەواو قایم بكات گوایە رێكەوتنى ستراتیژی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، لەبانگەوازی ئەگەر داوا لەئەمریكا بكات دێن بەهانایەوە و بەهێزی سەربازی پشتیوانى دەكەن كەچی ئیدارەى ئۆباما ئەو ڕووداوانەى بە كێشەى ناوخۆیی ناوزەد كرد تا بەو هۆیەوە هێز نەنێرێ، بەمەیش ئەو سیناریۆیەى سەری نەگرت.
د- دوا سیناریۆ و بەناچاری ڕووى تێ بكا تەنها و تەنها ئێرانە تا لەو قەیرانەی ڕزگار بكات و تەواوى شیعە لەو مەترسیە بپارێزێ.
2-دەسەڵاتدارانى بەغدا هەندێكیان تۆمەتى ئەوە دەبەخشنەوە گوایە كورد ئاگاداری ئەو سیناریۆیە و لەبەرامبەر بڕینى بودجە و ناردنەدەرەوەى نەوت رێكەوتنى لەگەڵ ئەو گروپانە هەیە بەوەى نە كورد پەلاماریان بدات و نەداعش پەلاماری كورد بدات كە ئەمەش سیناریۆیەكى بێ هێزە و سەركردە هستریاكانى بەغدا لەنەبوونى هیچ پاساوێك پەنایان بۆ ئەو سیناریۆیە بردووە.
3-سیناریۆیەك باس لە ڕۆڵی توركیا دەكات كە بۆ حكومەتى ئۆردوغان داعش جێی دڵنیاییە بەتایبەت دوای ئەو ناكۆكیە زۆرەى پێشتر ئەو وڵاتە لەگەڵ دیمەشق هەیبوو، لەنەگەیشتنى ئۆپۆزسیۆن بەهیچ ئاكامێك پشتگری لەگواستنەوەى ئەو بەرەیە لەسوریاوە بۆ ئێراق داوە.
4-هەموو سیناریۆكان لەم ڕۆژگارە بوونەتە بنێشتە خۆشەى بەرپرسانى سیاسی و دام و دەزگاكانى ڕاگەیاندن، وەلێ تا ئێستا ئەوەى جێی پرسیارە و بەردەوام دووبارە و چەند بارە دەكرێتەوە ئەوەیە ئایا لە نەینەوا(موسل) بەپێی لێدوانى ئەسیل نوجێفی پارێزگار بە سوپا و پۆلیس و ئاسایش 60000شەست هەزار چەكدار هەبووە، ئەى خێرە ئەو ژمارە زۆرە نەیتوانی بۆ دوو سەعات بەرنگاری هێز و گروپێك ببێتەوە كە لە 3000كەس تێ پەڕی نەدەكرد كە ڕەنگە ئەو ژمارەیەش زۆر لەوە زیاتربێ وەكو ئاماژەى پێ دەدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست