٣١ ئاب لەئەمریکا
Saturday, 31/08/2013, 12:00
1850 بینراوە
ڕەنگە خیانەتی ٣١ ئاب لەزۆر شوێنی ئەم هەسارەیەدا ڕوویدابێ، وە ڕەنگە لەزۆر شوێنی تریش و لەکاتی جیاوازی تردا ڕووبدا، لێ جیاوازی خیانەتی ٣١ ئابی پارتی لەگەڵ خیانەتی ٣١ ئابی شوێنانی تر، تەنها ئەوەن کەوا لای ئێمە پارتی شانازی پێوە ئەکاو پلەو پۆستیان زیاتر چنگ کەوتوە. ئەوەندەی پارتی دوای ٣١ ئابی ١٩٩٦ گەشاوەو ڕوو لەهەڵکشانە، هەرگیز ئەم جۆرە خیانەتە لەهەر شوێنێکی تر ، ئاکام و ئاکامکارانی لەناو چوون و وەیان لانی کەم لەسەر ئەو خیانەتە سزا دراون.
(ئێدوارد سنۆدن) کەبەپێوەری ووڵاتی ئەمریکی کەسێکی خائین و خۆفرۆشە و هەستاوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کەوا ئەبوو بیان پارێزێ، ئەو کارەی ئەو ئەیکرد شایەنی پاراستنی نهێنی و نەدرکاندنی بوو. ئەبوو وەك کەسێك کەووڵاتەکەی خۆی خۆش بوویستایەو نهێنیەکانی بپاراستایە. کەچی بەپێچەوانەوە، ئەم کارەی نەکرد و هەموو ئەو نهێنیانەی ئاشکرا کرد کەوا دەزگاکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکی چەندین ساڵە و بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی سێپتێمبەری ٢٠٠١ حکومەتی ئەمریکا و دەزگا نهێنیەکان چاودێری تووندیان خستە سەر هەموو جۆرە ئامرێکی گفتۆگۆکردن و لەوانەش ئینتەرنێت، تابزانن دوژمنەکانیان کێین و کەی لەهەوڵی ئەوەدان هێرشی تر بکەنە سەر ئەمریکا.
یەکێ لەو ڕەخنانەی ئەمریکا چەندین ساڵە لە ووڵاتی چین و دەوڵەتە کۆمۆنیستەکانی ئەگرت کە دەزگاکانی ئاسایش چاودیری هاوڵاتیان ئەکەن لەڕێگای تەلەفون و تۆمار کردنی دەنگەکانیان بۆ ئەوەی بزانن کەوا کام لەهاوڵاتیان دژی ئەو سیستمانەن و دواتر سزای خۆیان وەرئەگرت، کەچی زۆری پێنەچوو ئەم کارەی (سنۆدن)ئاشکرای کرد ،هەمان کار بوو کەوا ئەمریکا شانازی بەوەوە ئەکرد کەئەمان دیموکراتین و هاوڵاتیان سەربەستن لە بیرو بۆچوونی خۆیان.. کەچی ئەم بیردۆزە وا دەرنەچوو. نەخێر ، ئەمریکاش وەك هەموو ووڵاتانی تر و ڕەنگە بەشێوەیەکی چڕو پڕ تر چاودێری لەسەر هاوڵاتیانی خۆی داناوەو بەسڕو تڕی هەموان ئەزانن.. ڕەنگە کێشەکە لێرەوە دەست پێبکا کەوا لای هەندێ ئەو کارەی (سنۆدن)کردویەتی سەبارەت بەهەڵدانەوەی ئەو کارە ناشرین و قێزەوەنەی ئەمریکا شایەنی ئەوە بێ کەوا خەڵاتی نۆبڵی لەسەر ئاشتی پێبدرێ.. وەیان هەندێك پێیان وایە ئەم کارەی (سنۆدن)درێژ کراوەی هەمان کاری(ئاسانج)ە کەبە پێشەوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی دائەنرێ بەوەی چەندین دۆکیومێنتی گرنگی سەبارەت بە دیکتاتۆرە عەرەبەکان ئاشکرا کرد کەوا دواتر بوە دەستپێکێك بۆ بەهاری عەرەبی.
لێرەدا ئەوەی مەبەستی ئەم ووتارەیە ئەوەیە، کەوا ئەو خیانەتی (سنۆدن) هەروا بەسانایی بەسەر حکومەت وگەلی ئەمریکادا نەڕۆیشت . بەڵکە فشاری ئەمریکا بۆ سەری و ناساندنی وەك خائینێکی گەورە وێنە کراوەو هەوڵی ئەوە ئەدەن کە بەهەر شێوەیەك بێت بهێنرێتەوە بۆ ئەمریکاو سزای خۆی وەربگرێ.. نەك هەر ئەوەش ، بەڵکە سەرۆکی ئەمریکا لەمانگی ڕابردوو کاتێ سەردانی ڕوسیای کرد، ئامادە نەبوو لەگەڵ سەرۆکی روسیا کۆببێتەوە لەبەرئەوەی داڵدەی ئەم خائینەیان داوە. ئەوەیە پاداشتی کەسی خائین و خۆفرۆش.
کەچی لای خۆمان نەك هەر کەسی وەك مەسعود بارزانی و پارتەکەی سزا نەدران و ڕاپێچی زیندان نەکران،لێ کرانە حاکمی رەهای کوردستانی باشوور و ئەوان هەنووکە سەرمەشقی کوردایەتیان لەچنگدایەو ئەوانن چارەنووسی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ئەبەستن و ئەوانن ئەیانەوێ ببن بەسەرۆکی هەموو کورد و کوردستان.. ئا ئەمەیە جیاوازی گەلی کورد و گەلی ئەمریکی. گەلی ئێمە لەبەرئەوەی ئاستی ووشیاری نزمە جاش و خۆفرۆش و خائین سەردار و سەرکردەن. کەچی ئەمریکا تەنها یەك سیخوڕو خائین قبوڵ ناکەن.