ئیستیقاله‌م له کوردایه‌تیی ساخته و سه‌قه‌ت داوه..دیمانه‌یه‌که گۆڤاری ستاندهرد له‌گه‌ڵ نووسه‌ر موحسین جوامێر سازی داوه
Wednesday, 29/04/2009, 12:00
ستانده‌ر: تۆ بڕیاری ئیستیقالهت دا، به‌ڵام له کام کوردایه‌تی ؟ من ئیستیقاله‌م له کوردایه‌تیی بێ‌بن، ساخته و سه‌قه‌ت داوه. له‌و کوردایه‌تییه‌ی من ده‌کا به سۆرانی و ئه‌ویدیکه‌ش به کرمانج یان بادینی، ئه‌وی ئهولاترێش ده‌کا به زازا یان به هه‌ورامی.. سه‌د ساڵه ئێمه خه‌بات ده‌که‌ین، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه بۆ زمان، که‌چی ئه‌وه‌ی دوژمن ئه‌وسا نه‌یکرد، ئێمه ئێسته به مه‌تره‌قی خۆمان ده‌یکه‌ن، بگره له‌نێو ته‌پکه‌وداوی نه‌یاراندا دهلهوهڕێین و مه‌ئمووری حه‌زه‌کانی ئه‌وانین.. هه‌مووشی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی نمه‌کگیری حیزبان بن، بێی ئه‌وه‌ی چه‌ند زانا و وێچوویهک ده‌فکری ئه‌وه‌دابن ئه‌و هه‌وڵانه له ئاخرهکهیدا، ده‌بنه گۆپاڵ و به‌سه‌ری کورد ـ وه‌ک میلله‌ت ـ ده‌که‌وێت. ده‌نا له دنیادا میلله‌تێک هه‌یه خۆی به‌یه‌ک بزانێت، هاوکات دوو له‌هجه‌ی هه‌بێ و به‌گه‌مژه‌یی ناوی بنێت جووت‌ستاندارد.؟ ڕۆژێک دیوته ته‌له‌فزیۆنێکی عه‌ره‌بی، یان تورکی ئانژی فارسی که سه‌ده‌یه‌که به فاشستیان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین، له‌یه‌کدی ده‌کوژین و مافی زمانمان لێیان ده‌وێت، به دوو سێ له‌هجه بخوێنن وبه چه‌ندین ڕێنووس له‌سه‌ر شاشه‌کانیان بنووسرێ و به‌ده‌ستی خۆیان ته‌نگژه دروست بکه‌ن و قه‌بر بۆ زمانی خۆیان هه‌ڵکه‌نن؟.. که تۆ داهاتوویه‌کت بێته پێشێ تێیدا دهۆکییه‌ک به عه‌ره‌بی باشتر له که‌رکووکییه‌ک فام بکا و ههولێرییهکیش به تورکی باشتر له دیاربهکرییهک بگات، باشه که‌وایه کوردایه‌تییه‌که‌مان له‌کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه.؟ ئه‌وسا قه‌ندیل به سلێمانییه‌ک چی و مه‌هاباد به یه‌کێکی هه‌کاری چی؟ بۆ چ مه‌به‌ستێک شووتی له بنهه‌نگڵی کوڕ و کچه خێرلهخۆنهدیوهکانمان ده‌نێن و ته‌فره‌یان ده‌ده‌ن و وهههڵات هه‌ڵاتیان ده‌خه‌ن؟
زاته‌ن ئێسته هه‌ر ده‌ڵیی قۆناغی لێکههڵزڕانی کورد به‌سه‌ر کوردا دێت، له‌ڕێگه‌ی پێکهه‌ڵپڕژانی له‌هجان و له‌قاودانی ئه‌و زمانه‌ی سه‌ده‌یه‌که ئێمه‌ی کۆ کردووه‌ته‌وه، به‌ناوی یان ڕاستتر به دۆڵ و زوڕنای مافی زمانی دایک، که قه‌باحه‌تی ئاوا له دنیای گهمژهییشدا هاوشێوه‌ی نییه..هه‌نووکه‌ش، دوای کوردانی عێراق، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته گۆپاڵ و ئه‌م پلانه داده‌ڕێژن و نیفه‌کی کورد و زمانه‌که‌ی ده‌بڕن، ئێرانین.. ته‌نانه‌ت دوا زانیاری و ئاگاداریی له کوردانی شاره‌زای ئێرانه‌وه، ده‌سکه‌وتوون، ده‌ڵێن بۆچوونی فکریی ئه‌و ده‌سته‌وبه‌ستانه، له حیزبی تووده‌ی ئێرانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه..ئه‌وجا ئێسته په‌که‌که بۆ په‌یداکردنی هه‌واداران، دهیقۆزتهوه.. بگره پێش ماوه‌یه‌ک، یه‌کێکیان له بۆنه‌ی جه‌ژنی کوردگهلێکدا، ده‌یوت ده‌بێ به‌هه‌موومان ده‌ست به لههجهکانهوه بگرین، ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ی له‌کاتێکدا بوو باسی باکوور، باشوور، ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستانی گه‌وره‌ی خۆتڕێن و منداڵفرێوی ده‌کرد، هه‌ر له ئه‌سکه‌نده‌روونه‌وه بگره هه‌تا خه‌لیجی فارس.! بێی ئه‌وه‌ی بزانێ، مه‌زنترین شه‌ق و زه‌بری گرچوبڕی به‌ر میلله‌ت ده‌که‌وێ، له کاتێکدایه موقهددهساتهکانی ـ که زمانی یه‌کگرتوو له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌یه ـ بۆ ئامانجی حیزبی پێشێل ده‌کرێن.
تۆیه‌ک زمانی خۆت کردبێته شه‌قشه‌قه‌ی زاڕۆکان، چ ڕه‌وای حه‌قه بچی وڵات له‌خۆت وخه‌ڵکی بکه‌یته گۆماوی خوێن، باشتر نییه فارسایه‌تی یان تورکایه‌تی بکه‌یت ؟! ئه‌وسا هه‌رهیچ نه‌بێ به فارسییه‌که یان تورکییه‌که، کوردگه‌ل له‌یه‌کدی ده‌گه‌ن.. واته ئه‌گه‌ر کوردان هه‌موو بۆ یه‌ک زمان و له‌هجه‌ی کوردی ـ که هه‌یه ـ مل که‌چ نه‌که‌ن، مه‌گه‌ر مه‌هابادییه‌ک و زازایه‌ک به زمانی که‌ڕوڵاڵان له‌یه‌کدی بگه‌ن.! خۆ ئه‌گه‌ر بشگوترێ با له‌هجه‌ی یه‌کتر فێر بن، ئه‌وا به‌ر له‌وه‌ی پیاو گاڵته به ئه‌قڵی به‌رانبه‌ره‌که‌ی بکا؛ قه‌شمه‌ری به‌خۆی ده‌کات. به‌داخه‌وه، هیچ میلله‌تێک وه‌ک کورد، بێ ڕێبه‌ر و سه‌رکرده‌ی بهرژهوهندپهروهر و حیزبپه‌رست و گهلخۆر، نییه.
کورد نوکته‌ی خۆشی هه‌یه، کابرایه‌ک هه‌یه ئیشوکاری وی ته‌نیا ئه‌وه‌یه فیسار جه‌ماعه‌ت و فڵان کۆمه‌ڵ به خیانه‌ت تۆمه‌تبار بکات، چوزانم، گوایه کوردایه‌تییان زه‌عیفه و ئیمانیان به کوردستانی مه‌زن نییه و وشه‌ی عه‌ره‌بی به‌کار دێنن، خۆیشی به‌دزی خه‌ڵکی هان ده‌دا تاکوو بابه‌تان به له‌هجان بنووسن و یاداشتان ئیمزا بکه‌ن.
ستانده‌ر :ئه‌گه‌ر گرفتی زمان چاره‌سه‌ر نه‌کرا، پێشبینیی چی ده‌که‌ی له داهاتوودا؟ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی بڕیارێکی یه‌کلاکه‌ره‌وه نه‌دا و به چهکۆشان سواری سه‌ری زمانه‌که‌مان بێ، یان ته‌ندووری بۆ دابگیرسێنێت، ئه‌وا هێواش هێواش دووزمانی ده‌بێته واقیع.. جارێ، چونکه گوایه دوژمنی هاوبه‌شمان هه‌یه و هێشتا ده‌نگمان نه‌چووه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌موو خۆمان به کورد ده‌زانین. پاش ماوه‌یه‌کی دی، واته دوای نه‌وه‌یه‌کی دیکه، که هه‌ردوو زاراوه‌که به ته‌واوی چه‌سپان، داموده‌زگه‌ی خۆیان په‌یدا کرد و بوون به خاوه‌ن کتێب و گۆڤاری زمانی سه‌ربه‌خۆ ـ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وسا بۆی هه‌یه به‌غدا و ئه‌نقه‌ڕه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م خه‌تی دووزمان و دوو قه‌ومییه‌ته کار بکه‌ن، بگره قهزاوهتیشمان بۆ بکه‌ن ـ ده‌سا ئه‌وه مه‌یدان ئه‌وه قه‌یتان، کێ هه‌یه بیانکات به یه‌ک و هه‌ردووکیان به‌شه‌رعی نه‌زانێت ! ئاوا قۆناغ به‌قۆناغ، مه‌سه‌له‌که‌ت بۆ یه‌کلایی ده‌بێته‌وه. ئه‌مه لێلێیه و لۆلۆ ماوه، ئێدیکهش دێن و (کڵاشمان دڕا و هیچمان پێ نه‌بڕا) ده‌بێته خه‌ڵاتی نۆبێلی کوردی موه‌قه‌ت چ له وانێ یا له تۆپزاوه.
ستانده‌ر: ده‌ڵێن له سوێدا خه‌ڵکی بیانی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ده‌رس به زمانی دایک، واته به دیالێکت، بخوێنن.. ئه‌ی بۆ له کوردستانیش وا نه‌بێت؟ درۆیه، ئه‌م بانگه‌شه‌یه زۆر به ڕه‌هایی ده‌گوترێت، بێ شه‌ڕح و ته‌علیق.. سوێدی بۆ خۆیان یه‌ک زمانی ڕه‌سمی و حه‌فتا دیالێکتیان هه‌یه. هاوکات سه‌دان که‌مایه‌تیی بیانیی تێدایه، هه‌ر یه‌کێک مافی هه‌یه حه‌فته‌ی یه‌ک سه‌عات به‌زمانی دایک بخوێنێت. زمانی دایک، ئه‌و زمانه ستاندارده‌یه که له وڵاتی دایکدا پێی ده‌خوێندرێت، نه‌ک زمانی ئه‌و شار و شارۆچکه و گه‌ڕه‌که‌ی که دایکی ئه‌و منداڵه پێی ده‌دوێت. کاتێ منداڵێک له توونسه‌وه دێت، له‌هجه‌ی خۆی هه‌یه، زمانی په‌تیی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و، وه‌ک زازایی بۆ سلێمانییه‌ک وایه، وێڕای ئه‌مه‌ش به زمانی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌تی توونس ده‌خوێنێت که عه‌ره‌بیی په‌تییه. هه‌روه‌ها سۆماڵییه‌ک، هه‌مدیس تورکێک و پاشان ئهریتیرییهک.. جاری وا هه‌یه منداڵێکی لبنانی له مامۆستایه‌کی عێراقی ناگات، ئه‌وسا مامۆستایه‌کی وڵاتی خۆی بۆ ده‌هێنن. حاڵه‌تی خویندن به دیالێکت، ته‌نیا له‌نێو کوردا دیومه و بووه‌ته دێوه‌زمه. هه‌موو دنیا سهنگوسووژن بده، گه‌لێکی به‌دبه‌ختی وه‌کوو کورد نادۆزیته‌وه.
ئه‌و پڕۆپاگه‌نده‌یه‌ی ده‌کرێ، گوایه هه‌ر که‌س به زمانی ماڵه‌وه ده‌خوێنێت، خه‌ڵکیش به‌ته‌وسه‌وه تێی ده‌گه‌ن و ئه‌وجا به په‌له‌قاژه بانگه‌واز بۆ له‌هجان ده‌کرێت، ته‌نیا بۆ خه‌ڵه‌تاندن، به تهلهوهکردن و به مه‌به‌ستی دروستکردنی گه‌لانی جۆراوجۆره له پزدانی کوردا. هه‌رگیز میلله‌تی تۆکمه و پته‌و، گوێ بۆ ئه‌م نهزیلۆکانه شل ناکا و هزری خۆی به‌م خه‌یاڵانه ناسپێرێت. زانایان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆرییه پیاده بکرێت، له‌لای که‌مییه‌وه 6000 زمانی ڕه‌سمی له دنیا په‌یدا ده‌بن، که ده‌کاته ئه‌وه‌نده نه‌ته‌وه‌ش.
ستانده‌ر :ئاخۆ ده‌کرێ له‌پاڵ زمانی ستانداردا، به دیالێکتان بابه‌ت، شیعر و نووسین بڵاو ببنه‌وه ؟ ستاندارد سه‌نگه‌ر و تهتهرێکی هاوبه‌شه بۆ به‌یه‌کبه‌ستنه‌وه و مانه‌وه‌ی میلله‌ت له‌سه‌ر پێیان. دوای ئه‌وه پیاو پشتی لێ ده‌کاته‌وه، هه‌ر شتێک به دیالێکتان بڵاو بکرێته‌وه، ئه‌و ترسه‌ی نابێ، چونکه زمان ڕێی خۆی بڕ کردووه. له دوڕگه‌ی عه‌ره‌بدا، ئه‌وه‌نده‌ی شاعیری گه‌لێری هه‌ن، ئه‌وقاس هی په‌تی په‌یدا نابن. هێندێک له نووسه‌رانی ڕۆمان وه‌ک نه‌جیب مه‌حفووز، یوسف ئیدریس و ئێحسان عه‌بدولقودووس، له نووسینه‌کانیاندا، بۆ تاموبۆ، په‌نا بۆ دیالێکتی ناوخۆ و قسه‌ی خه‌ڵکی ده‌به‌ن، وه‌لێ چونکه زمانی دایه‌گه‌وره‌ی شێره‌ژن، چاوێکی هه‌ر لێیه، ته‌ئسیرێکی ئه‌وتۆ ناکات، بگره نووسینه‌که به‌له‌زه‌تتر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر چی هێندێک له‌مه‌شدا ئه‌رخه‌یان نین و دڵیان سێبووری نایه‌تێ ، بۆیه ترس وه‌به‌ر ڕۆشنبیر و نووسه‌ران ده‌نێن، ڕه‌نگه به‌نده‌ش، ته‌نیا له‌م سهروبهندهیهی ئێسته‌دا، هه‌مان بڕوام هه‌بێت.
ستانده‌ر :وه‌ڵامی تۆ بۆ ئه‌و قسه‌یه چییه که ده‌ڵێ ژماره‌ی کوردی باکوور، زێده‌تره، بۆیه ده‌بێ شێوه‌زاری ئه‌وێ زاڵ بێت.؟ یه‌که‌م: کوردی هه‌ر کوردییه، ئه‌گه‌ر هی ئێره بێ یان هی ئه‌وێ. دووه‌م: مێژووی زمان پێمان ده‌ڵێ ستاندارد نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه به زۆرینه و که‌مینه، چونکه دیارده‌یه‌کی سروشتییه و له‌به‌ر هۆکاری جیاجیا خۆی فه‌رز ده‌کات. سێیه‌م: ئێمه ده‌بێ واقیعی کورد وکوردستان بخوێنینه‌وه، تاکه پارچه‌ی که مافی ده‌ستوورێنراوه، باشووری کوردستانه و سه‌ر به وڵاتێکی دیاریکراوه، له ڕۆژهه‌ڵاتیش قه‌ده‌غه نییه، هه‌ر ئه‌مه‌ی ئێره له‌وێشدا ستاندارد و باوه و بووه‌ته سۆمای چاوی هه‌موو زاراوه‌کان .
گریمان مافی کورد له تورکیا درا، له‌وه ڕه‌ت ناکا هه‌ر لایه‌نێک ئازاد بێ له‌وه‌ی کۆڕسی زمان بۆ خۆی بکاته‌وه و کتێبان چاپ بکا، که فیعله‌ن ئێسته ده‌کرێت.. به‌ڵام تۆ بێی به‌و هیوایه‌ی به‌یانی حکوومه‌تی تورکی دان به مافی ئۆتۆنومی، فیدڕاڵی و کۆنفدڕاڵیدا ده‌نێت، واز له ئه‌وه‌ی ئێره بهێنیت، که موجیب نییه، ئا ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه‌یه مه‌علووم به‌قوربانی مه‌جهوول بکه‌یت. جارێکیان ڕه‌حمه‌تی کانی یڵماز گوتی له ڕاژانێ بووم، مه‌سعوود بارزانی پێی وتم به‌ئه‌نجامنه‌گه‌یشتنی ئێمه له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی عێراقدا، هه‌میشه ده‌ست و ده‌سیسه‌ی تورکیای تێدا بووه.
به‌نده ـ جوامێر ـ ساڵێک له تورکیا ژیاوم، له‌نێو هه‌موو میلله‌تێکی موسڵماندا مولحید و زهندیقم دیوه، تورک نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئارهقخۆرهکهش له جه‌ژناندا نوێژ ده‌کات، که‌چی نزیکه‌ی سه‌دساڵه حیجاب له زانکۆکان‌دا قه‌ده‌غه‌یه، له خودی تورکانیش. ئه‌وجا ئێمه به چ ئومێدێک ده‌ست له زمانی ئێره که خزمه‌تی کراوه، به‌رده‌ین، به‌ته‌مای ئه‌وه ڕۆژێک له‌ڕۆژان کورد له تورکیا ده‌بنه ده‌وڵه‌ت، که ئه‌وان ئێسته به مافی زمانیش مه‌منوونن.! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی واقیعێکیش له دهۆکدا دروست بکرێ که ئاخره‌که‌ی وای لێ بێ ـ که هه‌ر وایشی لێ دێت ـ زمانی عه‌ره‌بی بۆ خه‌ڵکی وێ زۆر ئاسانتر بێت له زمانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی فیدڕاڵ، واته قه‌ومییه‌تێکی نوێ له دهۆکدا په‌یدا ببێ که هه‌م له کوردستانی فیدڕاڵیی ئێره داببڕێ و هه‌میش ده‌ستی نه‌گاته کوردی ئه‌وبه‌ر که زۆربه‌یان کرمانجی نازانن و بادینیشیان پێ سۆرانییه!
ستانده‌ر :ئایا بانگه‌وازی ئاوه‌ها له وڵاتانی دیکه‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه؟ هه‌رگیز، ته‌نیا له چوارچێوه‌ی قسه و نووسیندا.. له لبنان و میسردا داوای شه‌رمنانه سه‌ری هه‌ڵدا، کۆمه‌ڵێک نووسه‌ر وه‌ک سه‌لامه مووسا و سه‌عید عه‌قل، کاریان له‌سه‌ر کرد.. وه‌لێ چونکه ده‌وڵه‌ت و میلله‌ت کێشک و پاسه‌وانیی زمانه‌که‌یان به ئه‌ستۆوه‌یه، ئه‌م بانگه‌وازانه وه‌ك بڵقی سه‌رئاو ده‌پووکێنه‌وه.
ستانده‌ر :ڕایه‌ک هه‌یه ده‌ڵێ لێ گه‌ڕێن سۆرانی و کرمانجی هه‌ر یه‌که‌و به‌ڕێی خۆیدا بڕوات، پاشان هێدی هێدی ده‌گه‌نه‌وه یه‌ک ؟ سه‌ڵه‌وات.! ئا ئه‌مه‌یه کڵاوله‌سه‌رنان و سه‌ری هه‌ڵه و شاشییان.. که دوو له‌هجه ڕێچکه‌ی خۆیان گرت، هه‌ر یه‌که و به‌ڕیگه‌ی خۆیدا ده‌ڕوات و چه‌ند کاتی زێتریان به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت، ئه‌وه‌نده زیتر له یه‌کدی دوور ده‌که‌ونه‌وه و ئاخری به‌ته‌واوی لێک داده‌بڕین و دوو میلله‌تی جیاوازیشیان لێ ده‌که‌وێته‌وه، هه‌رچه‌ندی خۆخهڵهتێن و غهیرهخهڵهتێنهکان بیکه‌ن به شامی شه‌ریف و بیفهلسهفێنن. زاته‌ن هی وا هه‌ن ده‌ڵێن ئێمه ته‌نانه‌ت یه‌ک میلله‌تیش نین.
ستانده‌ر :کێ به‌رپرسه له ڕه‌وشی هه‌نووکه‌ی زمانی کوردی له قوتابخانه و میدیاکاندا، حکوومه‌ت یان ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن؟ به پله‌ی یه‌که‌م سه‌رۆکی هه‌رێم، به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌میش حکوومه‌ت و نووسه‌ران ! به‌ڕاشکاوییه‌وه ده‌ڵێم، کوردان کاریان پێ به‌ڕێوه ناچێ و شوانه‌تییان پێ ناکرێت. سه‌رۆکی هه‌رێم، پێرار له دهۆک و پاشان له کۆڕی قوتابییان و پاشترێش له وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، وتی ده‌بێ ئه‌م کێشه‌یه حه‌ل بێت، کوا کێ ههنگاوێکی بۆ ناوه؟ به‌نده وا بۆ چوار ساڵ ده‌چێ، هه‌موو فکر، خوێندنه‌وه و نووسینم بۆ ئه‌م بابه‌ته ته‌رخان کردووه ـ که ده‌کرا بۆ بابه‌تی دیکه‌ی قه‌تیس بکه‌م ـ گه‌یشتوومه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته که مه‌سه‌له‌ی زمانی ستاندارد ده‌بێ له پێشه‌وه‌ی هه‌راوزه‌نای ده‌ستوور، که‌رکووک و فشهدهوڵهتی کوردی بێت. ئاخر ناکرێ له سێ شاراندا، یه‌کێکیان به له‌هجه‌یه‌کی دیکه بخوێنێ، چونکه ئه‌مه جاڕدانی ته‌ڵاقه، هه‌تا ئه‌گه‌ر سوێندیشی پێ نه‌خورابێت. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وانه‌ی هه‌وساری ئه‌م لههجهخوازییهیان له ده‌ست گرتووه، ئه‌م حه‌قیقه‌ته زۆر چاک ده‌زانن.
له ته‌له‌فزیۆنی (زاگرۆس) دا که سه‌یری به‌رنامه‌ی (میوان شۆ) ی (ئارامۆ) و (ئه‌ڤین) خانم ده‌کرد، شه‌رمم له‌خۆ ده‌کرده‌وه و ڕشانه‌وه‌م به کوردایه‌تیی کوردان ده‌هات، بووبووه هه‌ڕاجخانه‌ی له‌هجان، هه‌ر ده‌توت بۆ دوو نه‌ته‌وه‌ی ته‌واو لێکجودا ده‌دوێن، به زاراوه‌ی سۆرانی و زاراڤایێ کرمانجی. ئاخۆ ئه‌و هه‌موو خه‌بات و قوربانییه‌مان بۆ زاراوه و زاراڤان بوو ؟ من ته‌فزیلی ئه‌وه‌م ده‌کرد، به‌رنامه‌ی ئه‌و به‌ڕێزانه به‌تورکی پێشکه‌ش بکرایه، نه‌ک به زاراوه و زاراڤایێن سۆرانی و کرمانجی. سه‌یر ئه‌وه‌یه، ناسکترین و خه‌ته‌رناکترین بابه‌ت که زمانه، بووه‌ته گه‌مه و بووکه‌شووشه‌ی ده‌ست هه‌موو که‌سێک، ده‌ق وه‌ک ئه‌وه وایه من ڕاچێته بۆ نه‌خۆشان بنووسم. جارێکیان مامۆستا (عوسمان) ی گۆرانیبێژیان هێنابوو، یه‌ک له پرسیاره‌کانی کاک ئارامۆی پێشکه‌شکه‌ری به‌رنامه ئه‌وه‌بوو، ئاخۆ به کام زاراوه ده‌رس ده‌ڵێته‌وه، سۆرانی یان بادینی. هه‌ولێری مه‌سه‌له‌یه‌کیان هه‌یه، ده‌ڵێ : نه ئاگر ده‌بێ به ماشه، نه کورد ده‌بێ به پاشا. ماشه، یانی : مه‌قاش.
ستانده‌ر :تا چه‌ند زمانی ناوچه به‌سه‌ر ڕۆژنامه‌کاندا زاڵه، به‌تایبه‌تی هی هه‌ولێر و سلێمانی.. ئه‌مه په‌رته‌وازه‌بوونی زمانه، یاخود پێویسته ئه‌و له‌هجانه بمێننه‌وه؟ ئه‌وه‌نده‌ی چاره‌نووسی زمانی کوردی به‌گشتی، به گرنگ ده‌زانم، له‌حاڵی حازردا ئه‌وه‌نده به‌کارهێنانی وشه‌ی ناوچه به کێشه و ترسناک نازانم. ئه‌م حاڵه‌ته له هه‌موو زمانێکدا هه‌یه، عه‌ره‌بی و زمانه کۆنه‌کانی لێ ده‌ربچن. پێش ماوه‌یه‌ک بابه‌تێکم له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به زمانی سوێدی خوێنده‌وه، ده‌ڵێت کرداری هاتنه‌ناوه‌وه‌ی وشه‌ی شێوه‌زاران بۆ نێو زمانی ستاندارد، سروشتییه و ناتوانی ڕێی لێ بگریت، هه‌روه‌ها کۆچکردنی وشه‌ی په‌تی و ستاندارد بۆ نێو شێوه‌زاران، ئه‌ویش حاڵه‌تێکی ناته‌ندروست نییه، ئه‌گه‌رچی ده‌بێ به حه‌زه‌ره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌دا بکرێت. حاڵه‌تی گراماتیکی، که تێیدا دوو جۆر به‌کارهێنان بشێت؛ وه‌ک (ئه‌مه‌ش ـ ئه‌مه‌یش) یان (به ئه‌وم وت ـ به ویم وت) یاخود له حاڵه‌تی پۆستپۆزیشنی (دا) دا وه‌ک (له کوردستاندا که‌س کاغه‌زی که‌س ناخوێنێته‌وه ـ له کوردستان که‌س کاغه‌زی که‌س ناخوێنێته‌وه) وهتد، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ناودا، ئه‌مه گرفتێک نییه و له هه‌موو زمانێکدا هه‌یه، زاته‌ن له عه‌ره‌بیدا مشه‌یه، دروستیی ئه‌مه‌ش وه‌ک دروستیی وتن و نووسینی هه‌ردوو شیوه‌که‌ی (نه ئازاد خواردی نه براکه‌ی) و (نه ئازاد نه براکه‌ی، نه‌یانخوارد) وایه. هاوکات، به‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام به‌ره‌به‌ره و به‌بڕیاری ئه‌کادێمیای زمان، یه‌ک تێرم و شێوه‌نووسین پێڕه‌و بکرێت، هه‌تا له دهربڕینهکانیشدا.
من له سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا، بۆ یه‌که‌م جار، تێرمی (له‌سۆنگه‌ی..) م بیست، له‌گه‌ڵ هاتنی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات بۆ عێراق.. وشه‌ی (به‌هیچ کلۆجێک ـ هه‌رگیزاوهه‌رگیز) که زۆر باو بوو، ئێسته به‌ده‌گمه‌نیش چاوم پێ ناکه‌وێت، که لام وابێ له (هه‌رگیز) زۆر به‌هێزتره. وشه‌ی (باشار ناکه‌م ـ ده‌ره‌قه‌ت نایه‌م) که زۆر جوان و له‌باره، به‌هیچ کلۆجێک له نووسیناندا نایبینم. ئه‌گه‌ر له حه‌فتاکاندا (هه‌نووکه) ت بنووسیایه، حه‌یات ده‌چوو، چونکه هی هه‌ولێرییان بوو. وشه‌ی (ده‌ڤه‌ر) که‌س نه‌یبیستبوو. ته‌عبیری (له‌ئه‌گه‌ری..) به مانا نوێکه‌ی، تازه‌یه. پێده‌چێ سه‌ده‌یه‌ک به‌ر له ئیسته وشه‌ی (ئه‌رجوو ـ تکا) زۆر باو بووبێت، هه‌م له‌لای شاعیران و هه‌میش له نێو فۆڵکلۆردا (پیاوی مهیدانێم ده‌وێ، نه بمێنێ ناز و ئه‌رجوو ـ توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه). هه‌روه‌ها (به‌ڵکه) نه‌ک (به‌ڵکوو)، دیسان (لێ) نه‌ک (وه‌لێ) یان (به‌ڵام) . ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌رای (ستاندارد) و (ڕێنووس) مان حه‌ل ببێت، ده‌که‌وینه سه‌ر خه‌تی شه‌مه‌نده‌فه‌ری زمانی ڕاسته‌قینه‌ی کوردی و له‌هجه‌کان ده‌بنه گه‌نجینه، چونکه هێشتا له ئه‌وه‌ڵین.
ستانده‌ر :له‌باره‌ی به‌کارهێنانی وشه و زاراوه‌ی زانستی و بیانی چی ده‌ڵێیت؟ ئه‌گه‌ر به‌خۆمان نه‌مان بوو، ده‌شێ بێی ئه‌وه‌ی بیانده‌ینه‌وه، لێیان قه‌رز بکه‌ین و جامانه‌ی کوردانیان له‌سه‌ر بنێین. هاوکات گرنگه بزانین ئه‌و چه‌ند فه‌رهه‌نگه‌ی هه‌مانه، ئه‌گه‌ر هه‌موو وشه‌گه‌لی کوردی‌یان له‌خۆ نه‌گرتبێت، بایی ئه‌وه‌نده‌یان تێدایه زۆر پێویست نه‌کا له زمانی دیکه‌وه قه‌رز بکه‌ین، به‌تایبه‌تی له بواری ئه‌ده‌بی و مرۆڤایه‌تیدا.. بۆ نموونه، فه‌رهه‌نگی (خاڵ) و (هه‌نبانه‌بۆرینه) گه‌وهه‌رن بۆ زمانی کوردی. قامووسی زه‌بیحی ـ شتان له‌بیر نه‌چێ، هه‌رچه‌نده ته‌نیا دوو پیتی ئهلف و بێتکهیه، هه‌روه‌ها ده‌بێ قامووسی هه‌موو له‌هجه‌کان بنووسرێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت کۆڕی زانیاریی به‌رێ و کۆششی تاکه‌که‌سیی مامۆستا جه‌مال عه‌بدوول و ئێدیکه، نکووڵی لێ ناکرێت، ڕێگه‌ی سه‌ختی هه‌موار کردووه. گومانم له‌وه‌دا نییه، حکوومه‌تی کوردان ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌نده، بۆی ده‌کرێ له هه‌ر دێیه‌ک لێژنه‌یه‌ک دابنێت بۆ کۆکردنه‌وه‌ی وشه، ئیدیۆم و په‌ندی تایبه‌ت به‌و ناوچه‌یه، تاکوو سوودیان لێ وه‌ربگیرێ و له مه‌رگ بپارێزرێن.
زۆریی له‌هجه‌ی کوردی، به‌سه‌رێک غه‌زه‌بێکه بۆ کورد، وه‌لێ ئه‌گه‌ر له‌هجه‌کان به‌چاکی بخرێنه گه‌ڕ و جوان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێ، هی ئه‌وه‌ن پیاو به‌دیاریانه‌وه هۆره، لاوک و حه‌یرانان بڵێت، چونکه زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که (ده‌لاله‌ت ـ گه‌یاندن) ی وشه و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ستی به‌رانبه‌ر، زۆر گرنگه، بۆ وێنه، هیچ وشه‌یه‌کی کوردی نادۆزیته‌وه به قه‌ده‌ر وشه‌ی (ته‌ڵاق) به‌هێز بێ و ده‌لاله‌تی هه‌بێت، هه‌رگیز به‌ڕه‌ڵاکردن یان جودابوونه‌وه، شوێنی وی ناگرنه‌وه، بگره ته‌ڵاقیشیان پێ ناکه‌وێت. هیچ وشه‌یه‌ک جێگه‌ی (شه‌ریعه‌ت)، (ته‌مێ ـ تنبیه)، (فیقهـ) و (زه‌کات) ناگرێته‌وه. فه‌رهه‌نگی هه‌ر زمانێک بگریت، فهرههنگۆکهیهکی زمانی بیانیی تێدایه. بۆ نموونه، وشه‌ی (ئیمام)، (فه‌توا)، (سه‌لات) ، (حه‌ج) و (زه‌کات) که‌وتوونه‌ته نێو فه‌رهه‌نگی زمانانی جیهانه‌وه. وا بزانم له‌باره‌ی وشه‌وه، ئه‌گه‌ر سوود له ئه‌زموونی زمانناسیی فارسی وه‌ربگیرێت، که‌ڵکی زۆره.
ستانده‌ر :پێویسته له هه‌موو ڕۆژنامه‌یه‌کدا، که‌سانی زمانه‌وان و شاره‌زا له نووسین، گراماتیک و خاڵبه‌ندیدا هه‌بن؟ ڕۆژنامه ناسکترین ده‌زگه‌یه، زمانه‌که‌شی وه‌ک پردێکه پێیه‌وه بۆ هه‌موو بواره‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، زانست و ئه‌ده‌ب، ده‌په‌ڕیته‌وه. له سوێدا، بۆ نموونه، له‌هه‌ر دهزگهیهکدا زمانزانێک هه‌یه، وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی نووسین، چ جای ڕۆژنامه. هه‌ڵه له هه‌موو بوارێک‌دا قبوول بێت، له بواری نووسیندا کفره، به‌ڵام پێی کافر نابیت. له وڵاتی ئه‌وروپیدا ئه‌گه‌ر کتێبێکت چاپ کرد، پاشان ده‌رکه‌وت پیتێک ده‌رنه‌که‌وتووه و په‌ڕیوه، هه‌ڵه‌که‌ش له ئه‌وانه‌وه بوو، ئه‌وا دووباره چاپ ده‌کرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ملوێنێک دانه‌شی لێ چاپ کرابێت.
ئه‌مساڵ، لێکۆڵینه‌وه‌کانی سوێد ده‌ریانخستووه که منداڵان له ماتماتیک، حینجه‌کردن و خاڵبه‌ندیدا، لاوازن، بۆیه حکوومه‌ت له بودجه‌ی ئه‌مساڵدا یه‌ک ملیار کڕۆنی بۆ پڕۆژه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی قوتابییان له‌و بوارانه‌دا ته‌رخان کردووه. خاڵبه‌ندی، زانستێکی سه‌ربه‌خۆیه، خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی بابه‌ت له‌لایه‌ن خوێنه‌ره‌وه ئاسان ده‌کات، بۆیه ده‌بێ هه‌ر له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه بخوێندرێت. له‌گه‌ڵ ڕێزمدا، ئه‌گه‌ر پێشه‌کیی کتێبی (زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی) ی (لێژنه‌ی ئه‌ده‌ب له کۆڕی زانیاریی کوردستان) چاپی 2006 بخوێنیته‌وه، ئه‌وجا ده‌زانیت نووسه‌ری کورد، چه‌ند حه‌وجه‌ی به زانستی خاڵبه‌ندییه، چونکه له چه‌ندین شوێن که ده‌بێ خاڵ و فاریزه دابنرێن؛ دانه‌نراون و خوێنه‌ر ناچار ده‌بێ وه‌ک شا عه‌بدوڵڵای سعوودی، بێوه‌ستان بیانخوێنێته‌وه. فه‌رموون سه‌رنجی ئه‌م په‌ڕه‌گرافه خاڵبهندکراوهی له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسێکه‌وه نووسراوه‌ته‌وه، بده‌ن و بزانم چی لێ حاڵی ده‌بن : ( ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه بۆ کردنه له کاتی خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌له‌فزیۆنی ناوبراودا له چاوی کامیڕاکانه ده‌رکه‌وت، هه‌بوونی، ئاڵای سێ ئه‌ستێره‌ی به‌عس؛ بوو به فڕۆکه‌که‌ی؛ دکتۆر مه‌شهه‌دانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه).. نووسه‌ری ده‌قی گۆرین، پارێزه‌ره، حه‌فته نییه چه‌ند وتاری هاوشێوه بڵاو نه‌کاته‌وه. پێم وایه میسرییه‌کان له بواری خاڵبه‌ندیدا، گره‌ویان له هه‌موو وڵاتانی ناوچه بردووه‌ته‌وه و ده‌کرێ که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێت.
ستانده‌ر :به بۆچوونی تۆ، ئه‌وه‌نده‌ی ڕۆژنامه‌کان لایه‌نی ماددی و فرۆشتنیان له‌به‌رچاوه، ئه‌وه‌نده بایه‌خیان به به‌کارهێنانی زمان به‌شێوه‌یه‌کی ڕاست، داوه؟ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت بازرگانییه، ئه‌وا ڕۆژنامه‌ی هه‌موو دنیا، ئامرازن بۆ پاره‌په‌یداکردن و ئه‌مه‌ش هه‌قی هه‌موو که‌س و لایه‌نێکه، زاته‌ن په‌ندی (پاره هه‌موو شتێکه) له‌هه‌موو زمانه‌کانی ئه‌وروپیدا باوه، ئه‌ی شه‌ڕی دنیا له‌سه‌ر چییه، ئه‌مریکا بۆچی هاتووه‌ته عێراق و بۆ له سۆماڵ نه‌ما؟. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت زمان بێت، ئه‌وا له ئه‌نجامی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی له‌هه‌موو بواره‌کاندا باوه، به قه‌ده‌ر ژماره‌ی نووسه‌ران، ڕێنووسی کوردی هه‌نه.
ستانده‌ر :دوا وته‌ت چییه.؟ ڕه‌خنه‌ی گه‌وره‌م ئاڕاسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌م، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له گرنگه‌ی خستووه‌ته پشتگوێ، به‌ڵکوو سه‌رکۆنه‌ی ده‌که‌م، چونکه خه‌مسارده. ئه‌م کێشه‌یه هی ئه‌وه نییه ڕاده‌ستی نه‌سلی داهاتوو بکرێ و حسێبی ده‌نگ و ڕه‌نگی ئه‌م و ئه‌وی بۆ بکرێت. ئه‌م گێچه‌ڵه، هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌ست و ئه‌و ده‌ستی پێ بکرێ، گرێپوچکه‌ی زێتری لێ ده‌که‌وێته‌وه و بۆنی ناخۆشتر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر بشێ و زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستانی فیدڕاڵ، به‌م زمانه ستاندارده‌ی هه‌مانه، دڵگران بن، من قایلم به هه‌ر له‌هجه‌یه‌ک بخوێنرێ، به‌س دوو نه‌بێت، چونکه چاوبه‌ره‌ژێر ده‌بین. ئاماده‌شم له به‌یانییه‌وه ده‌ست به (خۆفێرکردن) ی زمانی نوێ بکه‌م.. ئه‌گه‌ر ئه‌م هیوایه (یه‌کزمانی) هاته دی و له پایته‌خته‌وه بڕیاره‌که ده‌رچوو، کوردی هه‌موو پارچه‌کان ده‌بن به یه‌کمیلله‌ت و قبووڵکردنی زمانی ستانداردیش، ده‌بێته مه‌سه‌له‌ی وه‌خت و هیچی دیکه. بڕوا ناکه‌م، میلله‌تێک که عه‌ره‌بی، تورکی و فارسی فێر بووبێت، زمانی خۆی ـ با له‌هجه‌ی خۆیشی نه‌بێ ـ ڕه‌فز بکا و لێی ببێته کابووس. به‌نده که له هه‌ولێر ده‌ستم به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی کرد، سهربهعهگالێکم نه‌دیبوو، فهڕقم له به‌ینی (فأر و أرنب ـ مشک و که‌روێشک) دا نه‌ده‌کرد، فێریشی بووم، بگره ئێسته نووسه‌رێکی عهرهبییشم.
سه‌رنج ! ده‌قی ئه‌م دیمانه‌یه له ژماره 75 ی رۆژنامه‌ی ستانده‌ر بڵاو کراوه‌ته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست