له‌ژێر ساباتی شیعره‌کانی عه‌بدوڵا په‌شێو کۆ بووینه‌وه
Monday, 14/06/2010, 12:00
ئاماده‌کردنی : عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)
له‌جیاتی ماڵی کورد له ڤانکۆڤه‌ر
دووای ماندووبوون و ئاماده‌کارییه‌کی پێویست و جوانی ماڵی کورد و به‌ئاماده‌بوونی زیاتر له 130 عاشقی شیعر و شیعری په‌شێو، ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه ڕێکه‌وتی 12-06-2010 له کاتژمێر هه‌شت له‌هۆڵی دۆگڵس کۆلێج کۆڕێکی قه‌شه‌نگ بۆ شاعیری ناسراوی گه‌لی کورد کاک عه‌بدوڵا په‌شێو به‌ڕێوه چوو. سه‌ره‌تای کۆڕه‌که به ده‌قیقه‌یه‌ک وه‌ستان بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی ڕێگای ئازادی و به‌تایبه‌تیش شه‌هیدی قه‌ڵه‌م سه‌رده‌شت عوسمان ده‌ستی پێ‌کرد، ئینجا نوێنه‌ری ماڵی کورد له ڤانکۆڤه‌ر کاک فه‌رهاد که‌ریمی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی کرد و وتارێکی زۆر کورتی له‌مه‌ڕ چالاکییه‌کانی ماڵی کورد له ڤانکۆڤه‌ر پێشکه‌ش کرد. کاک فه‌رهاد له وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه دا که " ماڵی کورد له ڤانکۆڤه‌ر وه‌ک له ڕۆژی دامه‌زراندنییه‌وه بڕیاری دا که چالاک بێ و تێ‌بکۆشێ له پێناو فه‌راهه‌مکردنی زه‌مینه‌ی یه‌کخستنی جه‌سته‌ی ڕه‌وه‌ندی کوردی له برتش کۆڵۆمبیا له‌ده‌وری پرسه فه‌رهه‌نگی و کلتورییه‌کان، بۆیه له‌چه‌ند مانگی ڕابردوودا زنجیره‌یه‌ک چالاکی رۆشنبیری و کلتوریی ئه‌نجام دا وه‌ک سازدانی کۆڕی شیعری و زمانه‌وانی و ڕێکخستنی ئاهه‌نگی نه‌ورۆز.ئێستاش بۆ درێژه‌دان به‌و چالاکییانه ماڵی کورد مێوانداری شاعیری میلله‌تی کورد عه‌بدوڵا په‌شێو ده‌کات."
دووای ئه‌ویش پێشه‌کییه‌کی تێر و چڕ له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا سڵێمان (مه‌شخه‌ڵ) پێشکه‌شکرا که خۆی له‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره بنیاد نابوو. ته‌وه‌ره‌ی یه‌که‌م په‌یوه‌ندی نێوان خوێنه‌ر و ده‌ق و ته‌وه‌ره‌ی دووه‌میش هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک بوو له‌سه‌ر شیعری په‌شێو به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر زمانی شیعریی لای په‌شێو. عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) له‌به‌شێک له وتاره‌که‌ی گووتی" به‌بڕوای من سه‌روه‌رییه‌ک که په‌شێو له‌م نێوه‌دا به‌ده‌ستی هێنابێ دژایتیکردنی شه‌ڕی براکوژی و نهچوونهپاڵی ئه‌و حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته زه‌رد و سه‌وزه بوو که خوڵقێنه‌ری ئه‌و کوشتارگایه بوون. په‌شێو ئه‌یتوانی پله و پایه و ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ،ئه‌یتوانی به سه‌رله‌قاندنێک ببێته ده‌وڵه‌مه‌ندترین نووسه‌ری کورد. په‌شێو نه مێژووی خۆی فرۆشت و نه قه‌ڵه‌مه‌که‌ی،په‌شێو نه هه‌ڵوێسته‌کانی هه‌راج کرد و نه وشه. له‌بری ئه‌وه په‌شێو له‌جیاتی نیشته‌جێ بوون له باڵه‌خانه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی خیانه‌ت، له‌ده‌ره‌وه‌ی ژیانی پڕ له باقوبریق گیرسایه‌وه. ئه‌م گیرسانه‌وه و مانه‌وه‌یه‌ی کاک په‌شێو له‌ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات بووه مایه‌ی خۆشه‌ویستییه‌ک که په‌شێو شانبه‌شانی ژماره‌یه‌ک نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی تر له بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا که له‌ده‌ره‌وه‌ی میلیشیا ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیرییه‌کاندا ده‌ژین، بتوانێ له‌سه‌ر کورسی ڕێز و خۆشه‌ویستی خه‌ڵک دابنیشێ" هه‌روه‌ها له‌کۆتایی وتاره‌که‌شیدا گووتی" خۆشه‌ویستان... با جارێکی تر له‌ماڵی شیعر یه‌ک بگرینه‌وه، با له‌په‌نجه‌ره‌ی شیعریشه‌وه بڕوانینه جوانی و له‌سیحری سه‌فه‌ر ڕامێنین و به‌ده‌م فڕینی خه‌یاڵه‌وه بچین دیوی دووه‌می داهێنان ببینین. بچین له‌ناو بیابانی ته‌نیاییدا، خودی ته‌نیایی بدۆزینه‌وه و بیدوێنین، له‌ناو باخچه‌کانی بووندا، وێنه‌ی مه‌رگ بکێشین و ده‌ست به‌رین بۆ هه‌وره‌کان. با له‌گه‌ڵ "با"دا گه‌مه بکه‌ین و زمانی ده‌ریا ئاشنا بین .با له‌به‌رده‌م دیمه‌نه ڕه‌نگینه‌کانی وه‌رینی گه‌ڵا و سوێندخواردنی باڵنده‌دا نیگا ببڕینه گۆرانی زێوانه‌کان. با له‌ماڵی شیعره‌وه سه‌رێک بکێشین به نیشتمانی تاراوگه و غوربه‌تا و هه‌ناسه کورت و درێژ و سارد و سڕه‌کان کۆبکه‌ینه‌وه و هه‌ر به شیعرێکیشا بینێرینه‌وه بۆ به‌رده‌م په‌یکه‌ره زامداره‌که‌ی ئازادی. با خه‌ونه‌کان له ماڵی شیعره‌وه فێری فڕین بکه‌ین. ژیان جوانه چونکه شیعری جوان هه‌یه و خه‌یاڵی ڕازاوه هه‌یه. ژیان جوانه چونکه له‌ڕێگه‌ی شیعره‌وه ئه‌توانین به‌سه‌رهاته‌کانی چرا و ناڵه‌ناڵی هه‌وره‌کان و دوعا و نزای دایکه‌کان و گۆرانییه‌کانی قه‌ره‌جێک ڕاگه‌ێنین. چه‌ند جوانه ژیان وه‌ختێ شیعری لێ ئه‌چۆڕی و چه‌ند بێ تامیشه کاتێ شیعر ئه‌تۆرێ و ئه‌چی له‌سێبه‌ری هه‌ورێکی کۆچه‌ریدا پشت له‌دڵداری ئه‌کات و نامه‌کانی خۆشه‌ویستی ئه‌دڕێنێ. بۆ ئه‌وه‌ی له جوانی ژیان بگه‌ین ئه‌بێ شیعر بخوێنینه‌وه." پاشان شاعیری به‌ڕێز کاک عه‌بدوڵا په‌شێو گه‌شتێکی جوانی پێکردین به‌ناو شیعره کۆن و تازه‌کانی و توانی تاسه‌ی گوێگرانی به چه‌پکێک شیعری جوان بشکێنێ. دوواتریش پاش دوو کاتژمێر کۆڕه‌که له‌نێو جۆش و خرۆش و چه‌پڵه‌ڕێزانی ئاماده‌بووان کۆتایی پێهات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست