کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەم خوێنە پارتی تەمەنی خۆی كەم كردەوە

Friday, 18/02/2011, 12:00




ئەوەی شۆڕش جۆش دەدات خوێنە، ئەوەی دیكتاتۆر لێی دەترسێ گەنجە،
گەنج بەردەوامەو خوێنیش بەردەوام لەجەستەیدا گەرمە، ئەوەی باكی نییە ڕژانێتی، ئەگەر جامەكە پڕ بوو، ئەوەشی دەمێنێتەوە خوێنڕێژ نییە! بەڵكو ئەوەی باقییە ئەو خوێنەیە كە لەلاشەی گەنجانی شاری سلێمانیدای و تەواوی كوردستاندایە، ئەوەی دەمرێ خوێنڕێژە، ئەوەی لەسەر لاشەكەی گەنج هەڵدەپەڕێ تفەنگ بەدەستەكانە، وەك ئەوانەی كە ڕێژوانیان لەخوێنا سوركرد لەسەر بینا زەردە جام ڕەشەكانی لقی چوار هەڵدەپەڕین!! ئەوەی درۆیە قسەكانی دوای شەهیدو برینداركردنی دەیان گەنجی سلێمانییە! ئەوەی ڕاستییە دروشمەكانی خۆپیشاندانی پێش خوێناوی كردنی شەقامی سالمە، ئەوەی بەرپرسە بەرامبەر ئەم وڵاتە ئەوانەن كەداوای ژیانی بەشەر بۆ خۆیان و میلەتەكەیان دەكەن و داوای لاچونی بەرپرسە گەندەڵەكان دەكەن، ئەوەی نابەرپرسە دزە بەرپرسەكانە كەنایانەوێ دەست لەبەڕێوەبردنی سیستەمێكی نادادپەروەری خێڵەی هەڵگرن، ئەوە ئێمەین دەست هەڵناگرین تاكو ئەوان دەست هەڵدەگرن.
سەركردەكان 20 ساڵە درۆ بۆ میلەتی بەشەرەفی خەڵكی كوردستان دەكەن، دزی لەداهاتی ئەم وڵاتە دەكەن، خاكەكەی دەفرۆشن، ڕۆژێك بەتمەن، ڕۆژێ بەدۆلار، ڕۆژێ بەدۆلار، تەنانەت ئەم خاكە بەپیتەیان بەشتی بێ نرخیش فرۆشتووە تا ئاستی بەلاش تەنها لەپێناو مانەوەی خۆیاندا، ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری خەڵكیان خستۆتە ژێر ئیحتیكاری خۆیان و ئەوەی وەك ئەوان بیرنەكاتەوە، یان بەڵێ بۆ درۆو دزییەكانیان نەكات ئەوە دەكەوێتە خانەی دوژمن و لەم وڵاتەدا هەموو مافێكی لێ زەوت دەكرێ، ئەوان كەهاتنەوە لەشاخ دەستیان بەتاڵانی فەرمانگەكان كرد، لەجاشەكان خۆش بوون، پیاوكوژو تاوانكارەكانیان كردە بەرپرس، بەجۆرێك كەلەسایەی دەسەڵاتی ئەم بەرپرسانەدا چەندان دایك و كچ و كوڕی شەهید توشی هەڵەو كارەسات هاتن وەك ئەوەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان بەسەریان هاتووە، ئەوان هاتن داهاتی هەموو ئەم وڵاتەیان بۆخۆیان و كوڕو كەسە نزیكەكانیان برد، وەزیرو وەزارەت و پەرلەمانیان لەسەر میراتی و بەویستی خۆیان دابەشكرد، بەجۆرێك خەڵكانێكان كردووە بە بەرپرس تەنها لەبەر ئەوەی شەوانە لەگەڵ ڕایانبواردووە، كەسانێكیان كردە مەسئول كەهەموو پێگەكەی بۆ لەشفرۆشی بەكارهێناوە.... ئەگەر باس لەخراپی و گەندەڵی زۆرێك لەبەرپرسانی یەكێتی و پارتی بكەم ئەوە دەبێت مێژووی ڕۆژانەی 20 ساڵ لەم جۆرە تاوانكاری و گەندەڵییە بنوسینەوە، بۆیە تێدەپەڕم بەسەر ئەوانەداو دەگەم بەوەی كە پارتی لە 17/2/2011 دا بەرامبەر خەڵكی هەژارو میحنەتكێشی شاری سلێمانی ئەنجامیاندا، ئەویش خوێناوی كردنی شەقامی سالم بوو بەخوێنی پاك و گەشی دەیان گەنج.
پارتی، ئەو حزبەی كە بەدرێژایی تەمەنی نەیتوانیوە لەگەڵ جیاوازیەكان هەڵبكات و زۆرینەی كات بۆ پاراستنی خۆی پەنای بۆ بەعس و بۆ شەیتانیش بردووە بۆیە لەئێوارەیەكی وەك 17ی 2 دا كاتێك كەسانێك ڕویان لەبارەگاكەی كرد و چەند دروشمێكان بەرامبەر بڵند كردنەوە بەگولە وەڵامیان دانەوە، لێرەدا گرفت ئەوە نییە ئەوكارە گێرەشێوێنییە كە كراوە بەرامبەر لقی چوار یان دەستی لەپشتەوەیە بەڵكو ئەوەی ویژدانی هەمووانی هەژاند وەڵامدانەوەی وشەو ناڕەزایەتی گەنجی سلێمانییە بەفیشەك، فیشەكانێك كەڕووی لەدڵ و جەستەو مێشكی دەیان گەنج كردووە، من دڵنیام لەوانەی كەتەقەیان كردووە پێشتر بەشێكیان ئەگەر تەواری و بەعسی نەبوبن ئەوە جاش و خۆفرۆش بوون، بۆیە بەوجۆرە لایان ئاساییە لولەی تفەنگەكانیان ڕووو لەخەڵكی سیڤل بكەن، لەوە زیاتر كارەسات ئەوەیە كە مەسعود بارزانی و حكومەت و پارتیش لەبەیاننامەكانیاندا بەرگری لەخۆیان دەكەن و شەرعیەت دەدەن بەوەی بەتیرۆری ئەو گەنجانە دیفاعیان لەخۆیان كردووە، لەوە زیاتریش ئاسایش بەكەمتەرخەم دەزانن بەرامبەر بەگەنجانی توڕە، واتە نیگەرانن لەوەی سەدان كەس لاشەیان بەدەستی ئاسایش لەشەقامەكاندا نەكەوتووە، لەم ڕووداوەوە دەركەوت پارتی وەك دژمن تەماشای خەڵكی سلێمانی دەكات و هەمیشە لولەی تفەنگەكانی ڕووی لەمێشكمانە، ئەم ڕووداوە ئەوەی ڕۆشن كردەوە كە پارتی وەك حزبێكی داخراو كەحزبی بنەماڵەیەكە وەك بنەماڵەكانی عابدین و موبارەك و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح و قەزافی كەبەرامبەر مانەوەی خۆیاندا ئامادەن هەموو شتێك بكەن تەنها بۆ مانەوەو پارێزگاری لەسەرمایەو سیاسەتەكانیان، ئەم ڕوداوە ئەوەی نیشاندا كەپارتی چیتر ئەو ڕووەشی نەما تاكو لەسلێمانیدا بمێنێتەوەو پێوەی دەركەوێت ئەویش دەمامكی خزمەتكردن بوو بەخەڵكی سلێمانی بۆیە پێویستە سوپاسی پارتی بكەین بۆ ئەو خزمەتەی بەسلێمانیی كرد، پێویستە دڵنیاش بێت لەوەی ئەم ڕووداوە كەمتری نەبوو لەڕووداوەكانی پێشوی ژیانی پارتی كەتاكو ئێستە وەك پەڵە تەماشای دەكرێ.
پارتی بەمەی ئەنجامیدا لەسلێمانی تەمەنی خۆی كەمكردەوەو سەروەرییەك ئەگەر مابێتی لەو شارەدا ئەوەشی خەڵتانی خوێن كرد!! و تەمەنی خۆی كەمكردەوە، ئەو تەمەنەی كەباوەڕناكرێ زۆری مابێت!
میێرییەكان 300 خوێنیان بەخشی و دیكتاتۆرێكی 30 ساڵەیان خستە زبڵدانی دیكتاتۆرە هاوڕێكانی، تونسیەكان 70 خوێنیانداو دەسەڵاتێكی قەمعی 23 ساڵەیان خستە هەمان زبڵدان، ئەمانە بەردەوامن و ئاماژەكانیشی زۆر ڕون و ڕەوانە!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە