دیوی پۆزەتیڤی مەرگی بەناز
Thursday, 15/09/2011, 12:00
مەرگی بەناز جارێکی دی ئەوەی بۆمان سەلماند کە کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی جگە لە مەرگەستانێکی گەورە هیچی تر نیە. ئەو شارەی کە بنەمەڵەی بارزانی بەتەمان بیکەن بە دوبەی، وا خەڵکەکەی جگە لەوەی هەموو ئازادیەکانیان لێ زەوت کراوە، خەریکە نان و بژێویشیان لێ زەوت ئەکرێ. بەئەندازەی ئەوەی مەرگی کێژێکی پڕ هیواو ژیان کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێ لەبەرئەوەی ڕۆشنایی لەهیچ ئاسۆیەکەوە بەدی ناکا، ئاواش ڕەنگدانەوەی ژیانی سەراپای کۆمەڵگای کوردستانی بۆ جیهان ئاوێتە کرد بە مەرگی خۆی و قەقنەس بوونی جەستە پیرۆزەکەی.
ڕەنگە هۆکاری زۆر لەپاڵ کۆتایی هێنانی ژیانی بەنازەوە بوبێ، هەر لەگەندەڵی و بەتاڵان بردنی سەروەتی کوردستان لەلایەن هەردوو چەتەو مافیاکانی هەردوو بنەمەڵەوەو دارو دەستەکانیان ، لێ لەوەش گرنگتر، (بەناز) نەیوست ببێتە کۆیلەو لەشفرۆش ، نەیوست بچێتە بەردەم مەسئولە شەڕواڵ پیسەکان و داوای بژێوی ژیانیان لێ بکا، ئەم خانمە بەڕێزە سەربەرزی و کەڵ ژیان و کەم ژیانی هەڵبژارد، ڕازی نەبوو خیانەت لەخۆی و خێزانەکەی بکات و چاوشۆڕی قبوڵ نەکرد. ئەو کاتەی مرۆڤ ئازادی لا گرنگە و بەتەنگ خەمەکانی مرۆیەکانی ترەوە بن، هەرگیز بەژیانی سەرشۆڕی ڕازی نابێت و نابێتە سیمبولی بەدو ناشیاو بەخۆی و کۆمەڵگاکەی.
بەداخەوە کاتێ ئەبیستین لاوێکی کورد کۆتایی بەژیانی خۆی دێنێ،هەموان توشی شۆك ئەبین ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا ئومێدمان گەورەیە بەوەی کە ئەو دایاردەیە تەشەنە نەسێنێت و چی دی گەنجانمان بتوانن تواناکانیان یەکبخەن و زیاتر گەشەی پێبدەن، ئەوسا ئەتوانن کاریگەری زیاتر و گۆڕانکاری مەزنتر بەئەنجام بگەیەنن. گۆشەگیربوون و کەنارگرتن مایەی فەوتاندنی سەرمایەیەکی بێهاوتای گەورەی گەنجانە بۆ ئەنجامدانی هەر شۆڕش و گۆڕانکاریەك.
ڕەنگە مەرگی (بەناز) کەسەرێکی گەورەی بۆ هەموان بەجێ هێشتبێ و پڕکردنەوەی هەروا سانا نەبێ، لێ لەهەمان کاتیشدا زەنگێکی ترە کە پێمان ئەڵێ، بەڵێ شاری هەولێر شارێکی زیندووەو تا سەر بنەمەڵەی مافیایی ناتوانێ یاری بە داهاتووی ووڵاتمانەوە بکەن. هەروەك چۆن کاکە سەردەشت گۆمی مەنگی بۆگەنی پارتی شڵەقاند ، ئاوهاش خاتوو(بەناز) هاتوو جارێکی تر بنەمەڵەی تاڵانچی و کوردکوژی خستەوە ئێشکگرو خەوی لەچاوان زڕاند،،،،، سەردەشتەکان، مەلا سامانەکان، دکتۆر پشتیوانەکان و بەنازەکان هەوێنی هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی گەورەن دژ بەهەموو دزو شەڕواڵ پیس و خاینێکی ئەم گەلە. ڕۆژگارەکانی کۆتایی مەرگی ئەم کەڵە مرۆڤانە گەلێ زیاتر مەرگی دیکاتۆرەکان نزیك تر ئەکاتەوەو خوینی هیچیان بەفیڕۆ ناڕوا.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست