بۆ ئەو دەستە نابڕن..؟!
Sunday, 17/01/2010, 12:00
ئێوە سەیرى ئەو بەدبەختیە بكەن،خەڵك بۆ ئاو و كارەبا و سوتەمەنى هاتنە سەر جادە،كەچى دەسەڵاتى سیاسى و دەزگا ئەمنیەكانى كوردستان بە تێكدەر و لە پشتەوەبونى (دەستێك) تۆمەتبار یانكردن،خەڵك چیتر تەحەمولى بینینى ناعەدالەتیەكانى نەماوە كە رۆژ لەدوایى رۆژ كێرڤەكەى بەرزدەبێتەوە داواى سەرەتاترین مافى خۆى دەكات،كەچى ناوى خائین و لە پشتەوەبونى (دەستێك) تۆمەتباركران،خەڵكى پیرەمەگرون دوو دەیە زیاترە ئاوى پاكیان لێ بۆتە حەسرەت و مناڵەكانیان لەنێو قوڕ و لیتەى زستانان و تۆز و خۆڵى هاوینان دووچارى دەیان پەتا و نەخۆشى و كارەسات هاتون و لەتاوان هاتونەتە سەر جادە و داوایى كەمترین و سادەترین پێداویستیەكانى ژیانى نورماڵى ئینسانەكان دەكەن،كەچى دەسەڵاتى سیاسى بە لە پشتەوەبونى (دەستێك)تۆمەتبارى كردن و رەوانەى زیندانەكانی كردن،پەیامەكەى خەڵكى پیرەمەگرون روون بوو،گووتیان ئێمەش دەمانەوێت گوزەرانێكى نۆرماڵمان هەبێت و لەبرسان نەمرین،نەك ژیانى شاهانەى وەكو ئێوە،گوتیان ئێمە كۆشك و تەلارەكانى ئێوە دەبینین،بەڵام ئێوە كەلاوەكانى ئێمە نابینن !
ئەوە ئەوپەڕى سوكایەتیە بەرامبەر بەخەڵك،سەروەت و سامان و هەموو مافێكى خەڵك بۆ خۆت ببەیت و لە هەموو سیما و روخسارێكى ژیانى بەشەرى بێبەشیبكەیت و كەچى لەكاتى نارەزایەتیش بە خائین و تێكدەر و نۆكەرى بێگانە تاوانبارى بكەیت و رەوانەى زیندانەكانیان بكەیت،ئەو مامەڵانە لە قاموسى دەسەڵاتێك جێگاى نابێتەوە كو ئۆزقاڵێك نزیكایەتى بە ماف و ئازادییەكانەوە هەبێت.
دوو دەیەیە ئەو وڵاتە لەبەردەستاندایە و بەنرخترین سامانى سروشتى هەیە و دەكرا ئەوەى خەونە ببێت بەراستى، ئایا ئێوە دەستتان لە پشتە كە ئاو و كارەبا و رێگاوبان بۆ خەڵك دابین ناكەن یان خەڵكى قوڕبەسەرى پیرەمەگرون؟(دەستێك) لە پشتەوەى بەرزركردنەوەى كۆشك و ڤێلا و ئاپارتمانەكانى خۆتان و مناڵ و دەست و پێوەندەكانتانە؟(دەستێك) لە پشتەوەى ئەوەیە سەرەتاترین پێداویستیەكانى پزیشكى بۆ خەڵك دابین نەكەن و سوككترین دەرد و بەڵا دەیان و سەدان قوربانى لێبكەوێتەوە؟ئەوە (دەستێك) لە پشتەوەى ئەوەیە مناڵان لەنێو تاریكى و نەزانین بهێڵنەوە و مێشكیان بە خورافیاتى مەزهەبى و كۆنترین فەرهەنگ بشۆنەوە ،ئێوە شارەزاى و ئەزموونى باشتان لەرێگا تاران و ئەنقەرە و واشنتن و بەرلین و رێگا شاراوەكانى تر هەیە،نەك خەڵكى كوردستان! ئەوە خەڵك نەبوە دەستى وڵاتانى دراوسێ و ناوچەكە و جیهانى بۆ ناو كوردستان راكێشابێت،ئەوە خەڵك نەبوە هاوپەیمانى و رێكەوتنى لەگەڵ جەلاددترین و شۆڤینیترین هێز و قەوارە كردبێت لەپێناوى ئیمتیازى زیاتر بۆ خۆتان.
بەڵێ ،ئەوە ئێوەن دەستى تێكدەر و وێرانكردنى ئەو وڵاتەتان لە پشتەوە و خەڵكتان بە فەرامۆشى سپاردوە ،ئەوە ئێوەن دەبێت بخرێنە زیندانەوە نەك كەسانێك كە بیست ساڵە لە هەموو شتێك بێبەشتان كردوون و یاریش بە هەست و نەستیان دەكەن.بەعس چارەنوسى دوو نەوەى لە كوردستان بۆ خۆى برد،ئێوەش خەریكن هەمان ئەزمون دەكەنە نسیبى خەڵك.
پێویست ناكات خەڵكى نارازى بە تێكدەر و خائین و لە پشتەوەبونى دەستێك تاوانبار بكەن،وەرن هیمەت بكەن و ئیمكانیات زۆرە و واز لەبەرزكردنەوەى كۆشكەكان و زیادكردنى شركاتەكان و گۆڕینى مۆدیلى ناوماڵ و سەیارە و سەفەرى وڵاتان بهێنن و ئاوڕێك لە خەڵك بدەنەوە و ئەو (دەستە)ببڕن.
(دەستەكەى)پشتەوەى خۆپیشاندانى خەڵكى پیرەمەگرون و نارەزایەتى كوردستان دەستێكى پیرۆزە و دەبێت بپارێزرێت كە دەستى باشكردنى ژیانى خەڵكە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست