کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەو یاسایەی، کە بڕنه‌وی شانی شێخ مه‌حمودی پێ بێ مۆڵه‌ت و ده‌مانچه‌ی ده‌ستی هیوا ئه‌حمه‌دی پێ بە مۆڵه‌ته‌

Saturday, 12/05/2012, 12:00


كوردستان،بۆ ئه‌وه‌ی مێژوویه‌كی دوور و درێژی لێوانلێو له‌ شۆڕش و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ ده‌ره‌كی و داگیركه‌راندا هه‌بووه‌ و تا ئیستاش هه‌یه‌تی،به‌رده‌وام له‌ سه‌رده‌می چه‌كی ساردی وه‌ك شمشێر و تیر و كه‌وان و قه‌ڵغانه‌وه‌ تا چه‌كی گه‌رمی ئه‌م ڕۆژه‌،درێغی نه‌كردووه‌ و له‌ هه‌وڵدا بووه‌ به‌كاریان بهێنێت دژ به‌ دوژمن،هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌،كاهان و گه‌وڕ و پشت دۆڵاب و ناو ته‌نوور و ژێر بێشكه‌ و هه‌زار و یه‌ك شوێنی تری بۆ شاردنه‌وه‌ی بۆ كاتی ته‌نگانه‌ به‌كار هێناوه‌.
لێ ئه‌م باسه‌ له‌مه‌ڕ جۆری چه‌ك و شوین و شێوازی شاردنه‌وه‌یان نییه‌،هێنده‌ی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستییه‌تی باس له‌ حاڵه‌تێك بكات كه‌وا بڕوات ئه‌بێته‌ دیارده‌ و ڕێی تێئه‌چێت بێته‌ بیانوویه‌ك بۆ ده‌ستگیركردنی ته‌نانه‌ت چالاكوانه‌ مه‌ده‌نییه‌كان،یان ببێته‌ سه‌ره‌داوی شكاتیكی یاسایی له‌ شێخ مه‌حمود به‌ تۆمه‌تی به‌كار هێنانی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت،به‌ڵێ ئه‌وه‌ بابه‌تی ڕۆژ و حاڵه‌تی چه‌ند مانگی ڕابردووی پارتی بووه‌ له‌ ناوچه‌ی زه‌رد و دیارده‌ی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی گه‌ر بێت و چاره‌سه‌ر نه‌كرێت.
تۆمه‌تی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت گه‌مه‌یه‌كی یاسایی و ڕه‌فتارێكی گاڵته‌ ئامێز و سیناریۆیه‌كی تراژیددییه‌. یاساییه‌ چونكه‌ به‌ پێی یاسا چه‌كی بێ مۆڵه‌ت دژ به‌ یاسایه‌ و خودانی ئه‌و چه‌كه‌ش ده‌بێت سزا بدرێت،گاڵته‌ئامێزیشه‌ چونكه‌ تا ئێستا به‌ ته‌نها چه‌ند كه‌سێكی ده‌سته‌بژێر به‌و تۆمه‌ته‌ ڕه‌وانه‌ی به‌ندیخانه‌ كراون وه‌ یاخود ئه‌كرێن،تراژیدیشه‌ چونكه‌ ده‌ستی پارتی و پاراستن وه‌ك ڕۆژی ڕۆشن دیاره و پێویست به‌ هزركردن ناكات.
تا ئێستا بابه‌تی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت به‌ شێوازێك بووه‌ كه‌ كه‌سێك،جا هه‌رچۆنێك بیت تۆمه‌تبار به‌ كارێك،جا كرده‌ یان نه‌كرده‌،كراوه‌ و له‌ كاتی لێكۆڵێنه‌وه‌دا،وه‌ك هه‌ر كه‌یسێكی تر و به‌ بڕیاری دادوه‌ر پێویست به‌ پشكنینی ماڵی ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌كات،له‌ كاتی گه‌ڕانیشدا بۆیان ده‌رئه‌كه‌وێت چه‌كێكی بێ مۆڵه‌ت له‌و ماڵه‌دا خۆی حه‌شارداوه‌ یان حه‌شار دراوه‌! هه‌روه‌ك بڵێیت هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تۆمه‌ته‌ یاساییه‌كه‌ له‌ مه‌ڕ چه‌كی بێ مۆڵه‌ته‌وه‌ بووبێت.
یه‌كه‌م قوربانی ئه‌و سیناریۆ بێ بنه‌ما داریژراوه‌ش‌،به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل بوو،كه‌ دوای لێدوانه‌كانی دژ به‌ بنه‌ماڵه‌ و پێدانی زانیاری گرنگ له‌مه‌ڕ ئه‌و گومرگه‌وه‌،به‌ تۆمه‌تی جیا جیا ده‌ستگیر و دادگایی ئه‌كرا،دواتر دوور له‌و تۆمه‌تانه‌ و "زۆر به‌ سوتفه‌" بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ چه‌كی بێ مۆڵه‌تی هه‌یه‌،هه‌ربۆیه‌ ئه‌ویش خۆش. وا دیاریشه‌ ئه‌و سیناریۆیه‌ شوێنی خۆی گرتووه‌،هه‌ر بۆیه‌ پارتی پێی باشه‌ هه‌ندێك به‌شداربووی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌و دواییه‌ی هه‌ولێر،به‌ تایبه‌ت چه‌ند مه‌لایه‌ك،كه‌ پێشتر به‌ هاندانی خۆپیشانده‌ران تۆمه‌تبار ئه‌كران،ئیستا به‌ تۆمه‌تی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت دادگایی و زیندان و دواتریش ده‌مكوت بكرێن.
بۆیه‌ باشه‌ كه‌ بوترێت،پاشاگه‌ردانی و دزی و گه‌نده‌ڵی و كوشت و كوشتار له‌ نه‌بوونی یاسادا ڕوو ناده‌ن،به‌ڵكو نه‌گبه‌تی له‌وه‌دایه‌ چه‌ند ده‌قێكی یاسایی هه‌بن بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌،كه‌ له‌ ئیستادا یاسای ئه‌م دوو حیزبه‌ نه‌یاره‌كانیان به‌ تۆمه‌تی خۆپیشاندانی بێ مۆڵه‌ت،چه‌كی بێ مۆڵه‌ت،زۆریشی نه‌ماوه‌ به‌ بابه‌تی بێ مۆڵه‌ت تۆمه‌تبار بكات،هه‌ر بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی پرسیار بكرێت،ئاخۆ بێ مۆڵه‌ت به‌ چی ئه‌وترێت،ئه‌و چه‌كه‌ی پاراستن،یان ئه‌و تێڵایه‌ی ده‌ستی پۆلیس یاخود ئه‌و ئۆتێمبێله‌ جام ڕه‌شه‌ بێ ژمارانه‌،یان ئه‌و خۆپیشاندان و بابه‌ت و وه‌شاندنانه‌ی دژ به‌و پێشێلكارییانه‌ ئه‌كرێن؟! وه‌ك دوا وته‌ جێی خۆیه‌تی بوترێت،ئه‌و چه‌كه‌ی خۆپیشانده‌رانی خه‌ڵتانی خوێن كرد،هه‌ر ئه‌و چه‌كه‌ی تازه‌ پێگه‌ییشتووی وه‌ك ڕێژوان و گه‌رمیانی شه‌هید كرد،ئه‌كرێت به‌ پێی یاسا "مۆڵه‌تیان" هه‌بووبیت،به‌ڵام بۆ كوردان لاو دیاره‌ چۆن "بێ مۆڵه‌ت" گیانی گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ی پێ شه‌هید كراوه‌ و ئه‌كرێت. كاتی خۆیه‌تی بوترێت تف له‌و یاسای بڕنه‌وی شانی شێخ مه‌حمودی پێ بێ مۆڵه‌ت و ده‌مانچه‌ی ده‌ستی هیوا ئه‌حمه‌دی پێ مۆڵه‌ته‌! تف له‌و‌ یاسایه‌ی كه‌ سوتان و تاڵانی بینا به‌ بینای یه‌كگرتووی له‌ بادینان پێ مۆڵه‌ت و سوتانی بستێك له‌ زاگرۆس تیڤی،هه‌ڵبه‌ت به‌ ده‌ستی خۆیان،پێ بێ مۆڵه‌ته‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە