کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆژئاواى كوردستان چاوەڕیی ئێمەیە

Thursday, 03/01/2013, 12:00


جاران ولەو كاتانەى كە ئەزموونى هەرێمى كوردستان، تازە لە هیڵكە سەری دەرهێنابوو،كاربەدەست و سیاسییەكانى حكومەت و حیزبە كوردستانییەكانى باشوورى كوردستان، لە زۆر بۆنەو یادى جۆراوجۆردا، رۆژ نەبوو ئەوەنەدەن بەگوێماندا كە ئەزموونى هەرێمى كوردستان تازە دروستبوەو هێشتا ساوایە، دەیانووت: دەبێت لەلایەن پارچەكانى دیكەى كوردستانەوە رەچاوى بارودۆخى هەرێم بگرێت تا لەسەر پێی خۆى رادەوەستێت، دەیانووت: ئەگەر ئەم ئەزمونە سەربگرێت، ئەوا بێگومان لەئایندەدا دەبێتە یارمەتیدەرو پشتیوانیەكى بەهێزو كاریگەر بۆ پارچەكانى دیكەى كوردستان، لەخوا بەزیادبێت و نەمردین، ئەو رۆژە هات و ئەم ئەزموونە سەریگرت و بووە خاوەن هێزى چەكدارو بودجەو حكومەت و پەرلەمان، تا ئەو رادەیەى دەبابەكانى بەرەو روویی بەغدا بوەستێتەوە، هەروەها ئەو رۆژیش هات كەیەكێك لە پارچەكانى كوردستان، ئەمرۆ چاوەڕێی جێبەجێكردنى ئەو وتەو رەستەیەى كاربەدەستەكانى هەرێمى كوردستانە، خۆشبەخاتە ئەو رۆژەهات كە گەلى باشورو حكومەتى هەرێمى كوردستان ئەركى نیشتیمانى و نەتەوەیی و مرۆڤانەى خۆى بەرامبەر هاوزمان و هاونەتەوەكانى خۆى لە پارچەیەكى دیكەى كوردستاندا بكاتە كردار. 
لەراستیدا زۆر ئاساییە كە دوژمن و داگیركەرانى كوردستان، وڵاتەكەت وێران و خاپوورو خەڵكەكەت كۆمەڵكوژو جینۆسایدبكەن، گونجاوە گەمارۆت بخەنە سەرو نەهێڵن هەناسە بدەى تا ئەخنكێی، دوژمن و ناحەزانى كورد هەرچى بكەن و هەر تاوان و كارێكى نامرۆڤانە ئەنجامبدەن، نابێتە جێگاى رەخنەو گازندە، چونكە ئەوان دوژمن و داگیركەرن، دەیانەوێت خاك و وڵاتەكەت لەناوبەرن، بەڵام ئەوەى نائاسایی و كارێكى خراپ و مەترسیدارە، ئەوەى جێگاى رەخنەو گازندەیە ئەوەیە كە هاوزمان و هاونەتەوەكەى خۆت دژت بوەستێ و كارى نامرۆڤانەت بەرامبەر ئەنجام بدا، یان گەمارۆت بخاتەسەر، یان دەستى هاوكاری و یارمەتى و مرۆڤانەت بۆ درێژنەكات! ئەمانە مایەى شەرمەزارین!!؟
دواى تێپەربوونى نزیكەى دوو ساڵ بەسەر سەرهەڵدانى شۆرش لە سوریا، بارودۆخى رۆژئاواى كوردستان، سەرەڕاى هەڕەشەى ئەو وڵات و گەمارۆى ئەم وڵات، سەرەڕاى هێرشى چەتەو چەكدارەكانى بەناو ئۆپۆزسیۆن، لەزۆر لایەن و رووەوە لە ناوچەكانى دیكەى ئەو وڵاتە باشترە، جۆرە دەسەڵاتێكى كوردى لەو ناوچانە هاتوونەتە كایەوەو گەل، تارادەیەكى سەركەوتوو كاروبارەكانى خۆى بەرێوەدەبات، بەڵام بەهۆى بارودۆخى سوریاو شەڕو گەمارۆدان و نەبوونى ئیش و كارو وەرزى زستانەوە، بارودۆخى كورد لەو بەشەى كوردستاندا، لەروى گوزەران و نەبوونى سوتەمەنى و خواردن و پێداویستییەكانى دیكەى ژیانەوە، بەرەو خراپى هەنگاو دەنێت، بێگومان ئەكەر رێگاچارەى پێویست و بەپەلەى بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا رەوشەكە چاوەڕیی كارەسات و برسێتى هەنگاودەنێت، بەشێكى زۆرى ئەو ئەركەیش، بەشێكى زۆرى ئەو لێپرسراوێتیەیش لەئەستۆى حكومەتى هەرێمى كوردستان و گەلى باشورى كوردستانە، دیارە باشوورى كوردستان سنووریكى باش و دیارى لەگەڵ رۆژئاواى كوردستاندا هەیە كەبەنزیكەى 40 كیلۆمەتر مەزەندەدەكرێت، بۆیە لەم روەوە دەتوانرێت زۆر شت ئەنجامبدرێت و دەستى هاوكارى و یارمەتى بۆ ئەو پارچەیەى كوردستان درێژبكات. 
گەلى رۆژئاوا لەبارودۆخیكى دژوارو سەختدا ژیان بەسەر دەبەن، منداڵانى شیرخۆر پێویستیان بە شیر هەیە، بەم زستانە قەیرانى سوتەمەنى و خۆراك سەریهەڵداوە، كارەبا زۆر كەمە، خەڵكى رۆژئاواى كوردستان، چاوەڕێی ئەوەن كە باشورى كوردستان گەمارۆكە بشكێنێ، چاوەڕێی ئەوەن سنوورەكانیان بۆ بخرێتەسەرپشت، چاوەڕێی ئەوەن كە كۆمەك و یارمەتى و هاوكاریان بۆ رەوانەبكرێت بەتایبەت خۆراك و پێداویستى سەرەتایی و داوودەرمان، حكومەتى هەریمى كوردستان و گەلى باشورى كوردستان، ئەركى نەتەوەیی و نیشتیمانى و لەهەمانكاتدا، ئەركى مرۆیی و ئەخلاقى، دەبێت وایانلێبكات كەرێگە نەدەن گەلى رۆژئاوا، تووشى قەیرانى برسێتى و خزمەتگوزارى سەرەتایی ببنەوە، ئێمە ناڵێین حكومەتى هەرێم كارەبایان بداتێ و ریزە تەنكەرە سووتەمەنیان بۆ رەوانەبكات، (ئەگەر ئەوانەیش بكات هیچ ئازایەتیەكى تێدا نییە، بەڵكو ئەركى سەرشانە كە وەكو حكومەتێك هاوكارى پارچەیەكى كوردستان بكات) بۆیە ئێمە دەڵێین هیچ نەبێت سنووەرەكانیان بۆ بخرێتەسەرپشت و سنوورەكانیان لەسەر دانەخرێت. 
هەموو پارچەكانى كوردستان، دڵیان بەم حكومەتەى باشور خۆشبووە كە رۆژێك دێت دەبێتە پشت و پەنایان، ئەوە رۆژە هاتووەو لەدەرگامان ئەدا، هاوڵاتیانى رۆژئاوا لەلایەن توركیاو سوپاى ئازادو چەتە جۆراو جۆرەكانەوە دژایەتى دەكرێن و گەمارۆیان دەخرێتەسەر، ئایا لێرەدا ئەركى حكومەتى هەرێمى كوردستان نییە كە پشتیوانیان بكات و هاوكاریان بكات؟ رۆژئاواى كوردستان هانا بۆ كێ بەرن؟ داواى هاوكارى و یارمەتى لە كێ بكەن؟ ئایا لەتوركیاو چەتەكان، یان لە حكومەتە كوردیەكەى باشوورى كوردستان؟
هاوڵاتیەكى رۆژئاواى كوردستان لە شارى كۆبانى وتى: لەڕاپەرینى 1991دا هەرچى هاوكارى و جل و بەرگ و خواردنى خۆمان هەبوو، تەنانەت شیرى منداڵەكانى خۆمان، پێشكەش بە ئاوارەكانى باشورى كوردستان دەكرد، ئایا ئێوەیش بەمشێوەیە چاكەمان ئەدەنەوەو گەمارۆمان دەخەنەسەر!؟

تێبینى:
ئەم بابەتە لە رۆژنامەى هاوڵاتى بەروارى 27/12/2012 بڵاوكراوەتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە