نەخۆشخانە چوارسەد قەڕەوێڵەیەكە ، زیاتر لەچل فیرعەون و سەدان زوڕناژەنى بەرهەم هێناوە .
Wednesday, 06/04/2011, 12:00
هەبوو نەبوو كەس لەیەكێتى دزتر نەبوو ، كەس لەخوا گەورەتر نەبوو ، دوایى ساڵى 2000 ى زاینى ، لەسەردەمى فەرمانڕەوایى ئیدارە دز و گەندەڵەكەى عومەرفەتاحدا كەهێشتا سلێمانى نەدارولمولكى بابان بوو نەسوتاوى دەستى كۆمپانیاكانى نۆكان بوو ، سوڵتانێكى دزى بەناوبانگ بڕیاریدا وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر بەو هەموو دەنگە ناڕازیەیى ئەو كات لەسەرانسەرى ئیدارەى سلێمانى پەیدابوو كەدوایى سوتانى مۆنۆمێنتى هەڵەبجەشەهیدى لێكەوتەوە ، نەخۆشخانەیەكى ئەوتۆ لەشارى سلێمانى دروست بكات كەلەهەموو جیهان دەنگ بداتەوە و 400 قەرەوێڵە لەخۆ بگرێ ، واتا ئەگەر سوپاى میلیشیایى یەكێتى و بەناو دژەتیرۆر و فەوجە فوول بن دیوارە تۆزوباكانى هاوشێوەى فەوجى جاشەكانى جارانى تاڵەبانى و مەكتەب سیاسیەكان و عومەر فەتاح تووشى سووتان بوون كاتێك كەناڵێكى ئاسمانى وەك نالیا بەبەرچاوى هەموو دونیا دەسوتێنن یان ئەگەر كەوتنە پەلاماردانى خۆپیشاندەران و بەفیشەكى خۆیان پاسەوان و چەتەو پۆلیسى نەگبەت و داماوی خۆیان بریندار و شەهید كردەوە هەموو ئەوانە لەوێ جێگایان بێتەوە بۆ چارەسەر و عیلاجى شافى وەربگرن ، بڕیاریشیدا كەزیاتر لە بیست دكتۆرى دزى وەك دكتۆر محەمەد خۆشناو و سەدان یاریدەدەرى پزیشكى تۆزوباى نەخوێندەوارى سێ ئەمپێرى و شەش ئەمپێرى واتا خولى سێ مانگى و شەش مانگى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەى یەكێتى كارى تێدا بكەن ، بەڵام ئەوساش كەناڵى كوردسات ڕاى دەگەیاند كەوا لەسەر ئەركى خاتوو هێرۆ ساجیدەى هاوسەرى جەلال تاڵەبانى عێراقچى عەرەبى توركى فارسى و بەهاوكارى دكتۆرە قوڵبڕ و ماستاوچیەكانى مامە لەڕێیى بووجەى حزبەوە كەقووت و پارووى ئەو میللەتەیە دامەزراون و هێنراون .
ئەو نەخۆشخانە جیهانیە كەبۆتە ڕەمزى دزى و گەندەڵى ئیدارەى سلێمانى و یەكێتى لەكۆشك وتەلارەكانى كۆمپانیا و مافیاكانى حزب دیزاینەكەى بۆ كراوە و 66 كۆمپانیاى حزبى و 31 كۆمپانیاى بەرپرسەكانى پارتى و یەكێتى كارى بنیاتنانیان گرتە ئەستۆ ، عومەر فەتاحیش سەدان پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایشى نارد بێ ئەوەى هیچ حەق و كرێ یەكیان بداتێ تادەست بەجێ كارى تێدا بكەن وەك چۆن سەدان بەرپرسى ئەم هەرێمە گەندەڵستانە كارى كۆشكە فیرعەونیەكانیان و ڕەز و باغ و خانووەكانیان بەحیمایە و پاسەوانەكانیان دەكەن ، دەڵێن ئێوە مووچەتان هەیە پێویست بەكرێ و حەق دەستى ناكات ، بەڵام ڕۆژنامە ڕوو ڕەشەكەى كوردستانى نوێ كەسەر بەیەكێتى ناو پارتیە و لەسەر بووجەى ئەو میللەتە و كەسوكارى شەهیدان و خوێنى بەناحەق ڕژاوى شەهیدانى كارەساتەكانى 17ى شوباتى 2011 و بووجەى سەدا حەڤدەكە چاپ ئەكرا نووسى ئەو هەموو كرێكارەى بیانیانەى تر كەدێنە سلێمانى تاكار لەو نەخۆشخانەیەدا بكەن دەسكەوتێكى ترى دەسەڵاتە بۆ كەمكردنەوەى بێ ئیشى و دۆزینەوەى هەلى كار بۆ خەڵكى بیانى ، چونكە كوردستان ئارامە و گەنجەكانى خۆشمان هاوشانى كوڕى بەرپرس و فیرعەون و مافیاكان لەوپەڕى خۆشى و شادی ژیان دەبەنە سەر و لەهیچیان كەم نیە ، بەڵام پێیان ووتن ئاخر ئەوەى كوردستانى نوێ زۆر دوورە لەڕاستیەوە ئەو هەموو گەنجە بێ كار و دەرچووانەى زانكۆ و پەیمانگاكان هەن و دا نەمەزراون ئەوەتا لەداخان هەموویان ڕژاونەتە بەردەركى پیرۆزى سەرا و ناویان ناوە مەیدانى سەراى ئازادى و داواى بەدادگایى كردنى گەندەڵكاران دەكەن ، بەڵام هەر زوو زوڕناژەن و چاوەش و بەكرێ گیراوەكانى وەك لاوەند نەوزاد سەماكەر و نۆكەرى بەڕ و بەحرى ئازاد جوندیانى _ هەرچەند ئێستا جوندیانى نیە علوجیە _ ڕاى گەیاند ئەى ئێمە كارمان چیە بیرتان چوو لەشەڕى ناوخۆ چ ڕۆڵێكمان گێرا بۆ بەكوشتدانى سەدان گەنجى بێ نازى گیرفان بەتاڵى كوردستان و بەسەدانیشمان بێ سەروشوێن كرد ، ئێستاش گەرەكمانە بەهەمان نەفس ئەو گەنجە نازدار و بێ كارانەى مەیدانەكانى ئازادى لەتێكراى شار و شارۆچكەكانى هەرێمى كوردستان بەو دەردە بەرین ، ئێمە نامانەوێت ئەو حكومەتەى بەرهەم ساڵح هەڵبوەشێتەوە و گۆڤارى گۆڵانى پارتى پێمان خۆش بێت و بڵێ ئەى ئێمە هەر لەسەرەتاوە هەڵسەنگاندنمان نەكرد بۆ ئەم كابینەى بەرهەم ساڵًح و بەكابینەیەكى دۆڕاو و فاشیلمان دایە قەڵەم ، ڕاستە بەرهەم ساڵح بەرهەمى نیە بۆ میللەت بەڵام خۆ بەرهەمى هەیە بۆ حزب و بۆ برا زوڕناژەنەكانى ترم وەك كاكە توانا ئەحمەد و عارف قوربانى و ... هتد .
ئەم نەخۆشخانەیە كە 400 قەرەوێڵە لەخۆ دەگرێت و زیاتر لە 40 بەرپرسى یەكێتى و ئیدارەى سلێمانى لەسەرى بووە بەملیۆنێر و ملیاردێر لەدوایى ساڵى 2000 ەوە دەست بەجێ بەجێ كردنى كراوە ، بڕیارە دوایى سەركەوتنى ئەم ڕاپەڕینەى سەراى ئازادى كەلەڕێگایە تەواو بێت ، لەمەڕاسیمێكى شایستەدا بەئامادەبوونى ستافى كوردستانپۆست و ئەنجومەنى كاتى مەیدانى ئازادى و میدیایى سەربەخۆ و ئەهلى و هەموو ئەو نووسەر و ڕووناكبیرانەى كەنەبوونە دەسكەلاى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە مافیایە گەنج كوژەى ئەمڕۆ بكرێتەوە و پێشوازى لەهەموو ئەو نەخۆش و بریندارانە بكات كەبەگوللەى تفەنگى قارەمانەكانى شەڕى ناوخۆ و تیرۆریستەكانى لقى چوار و پاراستن و زانیارى و دژە تیرۆربرینداركراون ، بەڵام بەرپرسانى پارتى و یەكێتى و ئەو بەناو نووسەر و مەلا و ڕۆشنبیرانەى كەخۆیان فرۆشتبوو دوایى وەرگرتنى پارەى نووسین و لێدوانە چەواشەكارەكانیان ڕایان گەیاند كە بێ وەفا و سپڵە نابن وەك حەمەى حاجى مەحمود و سۆشیالیست كەزۆر بێ وەفا بوون بەرامبەر كۆمەڵ و یەكگرتوو ئەگەر حكومەتى نوێ پێك هات بەژدارى ئەو مەڕاسیمە ناكەن .
پارتى و یەكێتى پێیان ووتن زەمانەت چیە ئاخر ئەم نەخۆشخانەیە خۆ ئێستا تەواو نابێت چەند ساڵى ترى پێدەچێت زەمانەت چیە دوایى ئێوە پەشیمان نابنەوە و ناچنەوە بەرى میللەت و تف لەخۆتان و لەڕابردووتان و لەئێمە ناكەن ، ووتیان جائێمە ئیشمان چیە چەند ساڵى تریشى پێ بچێت ئێمە هەر لەسەر قسەى خۆمانین بەتایبەتى لاوەند نەوزاد و كوڕەكانى حەسیب قەرەداغى و ڕاگەیاندنى پارتى و یەكێتى و كوردسات و كوردستان تیڤى ڕایان گەیاند و ووتیان نەك چەند مانگى تر چەند ساڵى تریش بێ نەك نەخۆشخانەى 400 قەرەوێڵەیى بەڵكو سەراى ئازادی بكرێتە دادگاش وەك چۆن متمانەیان لەحكومەت و پەرلەمان و وەزیرەكان سەندەوە ئاوا بەرپرسانى پارتى و یەكێتى و سەرۆكى حكومەت و وەزیرەكان و هەموو ئەوانەى لەسەر ئەم نەخۆشخانەیە بوونەتە ملیاردێرو ملیۆنێر دادگایش بكات ئێمە هەر پەشیمان نابینەوە و ناچین بۆ مەڕاسیمەكە .
دیسان مەلابەختیار و فازل میرانى لێیان پرسین ...
ئاخر ئێوە وەفاتان بۆ حزبەكانى خۆتان نەبووە ئێوە لەڕاگەیاندنى شوعى و ئەوانەوە هاتوون كێ ئەڵێ ئێوە لەسەر هەمان هەڵوێستى خۆتان ئەمێنەوە ؟
ووتیان خەمتان نەبێت و لەئێستاوە ئەو بیركردنەوە خراپەتان نەبێت بەرامبەرمان ، ئەو هەموو زوڕنایەمان ژەنیەوە بۆتان لێمان مەكەن بەژەهرى مار و بەدەردى سەردەشت و سۆرانمان مەبەن ، تاڕۆژى دادگایى كردنتان لەگەڵتان ئەمێنینەوە و هەر زوڕنا ئەژەنین و هەر خەڵك چەواشە ئەكەین ...
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنى یەكجارەكى بۆ مەیدانى سەراى ئازادى سلێمانى و هەموو كوردستان.
((ناوى كەسەكان و ساڵ و شوێنەكان هەمووى ڕاستین و بۆ ئەم ستوونە بەكارهێنراون)) .
تێبینى ..
دكتۆرێكى بەڕێزى هاوڕێمان وەك وەڵامێك بۆ لاوەند نەوزاد و لەسەر هەمان ڕیتمى نووسینەكەى ئەو كەلەسایتە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ بڵاوى كردۆتەوە ئەمەى نووسیوە ، لاوەند نەوزاد لەجیاتى نووسینى دوو دێر بۆ ئەو پڕۆژە سەقەتە بەجێماوەى عومەر فەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناو هاتووە گاڵتە بەم پڕۆژە و بەسەركردە و ڕاگەیاندنەكانى ئۆپۆزسیۆن و میللەت و شەقام ئەكات ، بۆیە ئەو دكتۆرە بەڕێزە لەسەر هەمان ڕیتمى نووسینەكەى لاوەند بەڵام بەپێچەوانەى ئەو دێر بەدێر و وەك خۆى ئەمەى نووسى كە پێمان وایە ئەمە حەقیقەتەكەیە و ئەسڵى بابەت و كارەساتەكەیە ، وەئێمە ڕێ بەخۆمان نادەین لەم مینبەرە پیرۆزەوە گاڵتە و سووكایەتى بەهیچ تاكێكى كوردەوە بكەین وەك ئەوەى ئەوان دەیكەن .
گروپى چیایى كوردستانپۆست .
ئەمە خوارەوەش نووسینەكەى لاوەند نەوزادە . نەخۆشخانە چل ھەزا قەرەوێڵـەییـەکـەی سلێمـانـی لاوەند نەوزاد 5/4/2011
ھەبوو نەبوو کەس لەمێروولە حزبی تر نبوو، کەس لەخوا گەورەتر نەبوو، لەساڵی ١٥٤٠ زاینیدا، لەسەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەکاندا کە ھێشتا سلێمانی نە دارولمولکی بابان بوو، نە سووتاوی دەستی گۆڕان بوو، سوڵتانێکی بەناوبانگ بڕیاری دا، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو شاکارە گەورەیەی فیرعەونەکانی میسر لەئەھرامەکان دروسیان کردووە، نەخۆشخانەیەکی ئەوتۆ لەشاری سلێمانی دروست بکات، کە لەھەموو جیھاندا دەنگ بداتەوەو ٤٠ ھەزار قەرەوێڵە لەخۆ بگرێت، واتە ئەگەر سوپای وڵاتێک بەکاملی تووشی ئیسھالی ببن، ھەموو نەخۆشەکان جێیان تێدا ببێتەوەو عیلاجی شافی وەربگرن، بڕیاریشی دا کە زیاتر لە ٣٠٠ ھەزار دکتۆرو ٧٠٠ ھەزار یاریدەدەری پزیشکی کاری تێدا بکەن. بەڵام ئەوساش کەناڵی کەی ئێن ئێن رایگەیاند کە دەسەڵات ھەموو دکتۆرەکان و کارمەندان لەڕێی تەزکیەی حزبییەوە دادەمەزرێنن!
ئەو نەخۆشخانە جیھانییە، ئەوسا لە وڵاتی چین و ماَچین دیزاینەکەی بۆ کراوەو ٢٥٠ کۆمپانیای تورکیای عوسمانی و ١٤٠ کۆمپانیای ئیسپانی کاری بنیاتنانیان گرتە ئەستۆ، ئەسکەندەری مەکدۆنیش یەک ملیۆن کرێکاری ناردە سلێمانی تا دەست بەجێبەجێ کردنی بکەن، بەڵام رۆژنامەی (رۆژنامە) کە سەر بەبزووتنەوەی گۆڕانەو ئەوسا لەسەر گەڵای دار چاپ ئەکرا نوسی: ئەو یەک ملیۆن کرێکارەی ئەسکەندەری مەکدۆنی ئەیاننێرێتە سلێمانی، سیناریۆیەکی تری دەسەڵاتە بۆ گوشار خستنە سەر ئۆپۆزسیۆن و بەرتەسککردنەوەی مەودای ئازادی رادەربڕین.. پێیان وتن: بابە ئەسکەندەری مەکدۆنیی داماو ھەر ھیچ لەبارەی ئازادی رادەربڕینەوە نازانێت تا ھەوڵی بەرتەسککردنەوەی بدات، بەڵام کاک حەمە تۆفیق رەحیمی وتەبێژو مەسئولی بەڕو بەحری گۆڕان -ھەرچەندە کورد بەحری نییە- رایگەیاند: ئێمە لەدادگای وڵاتی رۆم شکات لەئەسکەندەر ئەکەین و داوا ئەکەین حکومەتەکەی ھەڵبوەشێننەوەو حکومەتێکی تەکنۆکرات لەخەڵکی پسپۆڕی وڵاتانی مەنگۆلیاو گریک و رۆم، بەبەشداریی ساسانییەکان پێک بێت.
ئەو نەخۆشخانەیە کە ٤٠ ھەزار قەرەوێڵە لەخۆ دەگرێت و لەساڵی ١٥٤٠ زاینییەوە دەست بە جێبەجێ کردنی کراوە، بڕیارە ٦٠٠ ساڵی تر تەواو ببێت و لەمەراسیمێکی شایستەدا، بەئامادە بوونی لێپرسراوانی حزبی و حکومی، نوێنەرانی موعارەزەو دەسەڵات، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان، ھەروەک بەئامادە بوونی نوێنەرانی سەرای ئازادی، بکرێتەوەو پێشوازیی لەنەخۆشەکان بکات. بەڵام بزووتنەوی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو دوای ئەنجامدانی نوێژی جەماعەت لەبەردەرکی سوڵتانی برۆنای رایانگەیاند:
ئەگەر حکومەت ھەڵنەوەشێتەوە ئێمە بەشداریی ئەو مەراسیمە ناکەین..
پێیان وتن: ئاخر ئەم نەخۆشخانەیە خۆ ئێستا تەواو نابێت و نزیکەی ٦٠٠ ساڵی تری پێدەچێت، بۆ لەئێستاوە نوقڵانەی شتی خراپ لێ دەدەن و کێ ئەڵێ ئەوسا دنیا خۆش نابێت، کەچی وتیان:
جا ئیشمان چییە، ٦ ھەزار ساڵی تریشی پێ بچێت ئێمە ھەر لەسەر قسەی خۆمانین، بەتایبەتی کاک حەمە تۆفیقو بەڕێزان عەلی باپیرو سەڵاحەدین بەھائەدین وتیان: نەک ٤٠ھەزار، بەڵکو خەستەخانەی ٤ملیۆن قەرەوێڵەییش بکەنەوە ئێمە ھەر نایەین بۆ مەراسیمەکە.
دیسان لێیان پرسین:
ئاخر مەراسیمەکە ٦٠٠ ساڵی تر بەڕێوە دەچێت، کێ ئەڵێ ئێوە تا ئەوکات لەھەمان پۆستی ئێستای ناو حزبەکانتان ئەمێننەوە؟
وتیان: خەمتان نەبێت و بڕوا بەو قسانە مەکەن کە لەتەلەفزیۆن ئەیکەین، چونکە ئێمە تا رۆژی قیامەت لەپۆستەکانمان ئەمێنینەوە.. چۆڵی ناکەین و بێ دەنگیش نابین!
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی.. لەنەخۆشخانە ٤٠ ھەزار قەرەوێڵەییەکەی سلێمانی.
*ناوی کەسەکانو ساڵاو شوێنەکان خەیاڵینو بۆ ئەم ستوونە بەکارھێنراون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست