تونێل
Saturday, 29/06/2013, 12:00
1385 بینراوە
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش برسێتی و بێ‌کاری هاتن ئه‌مه سه‌ره‌تای گومان بوو له‌و به‌هه‌شته‌ی هه‌موو شۆڕشێک ئه‌یکات به دروشم ،که حیزب یه‌که‌م ته‌لفزیۆنی دامه‌زراند ئه‌وە گومانه بوو له ترس، لەدوای کوشتنی ڕۆژنامه نوسه گه‌نجه‌که ئیتر هه‌مومان ئه‌مان زانی چ دۆزه‌خێک به ڕێوه‌یه نیشانه‌کانی هاتنی دۆزه‌خ له‌هه‌موو شوێنێک وه‌ک یه‌که گه‌نجه‌کان بیر له سه‌فه‌ر ئه‌که‌نه‌وه وه‌ک چۆن باڵنده‌کان پێش سوتانی دارستان ئه‌فڕن وه‌ک چۆن گه‌ڵاکان پێش هاتنی سه‌رما خۆیان فڕێ ئەدهنه خواره‌وه و ئه‌مرن.
به‌ته‌واوی له‌بیرم نیه که‌ی ئه‌م بیرۆکه‌یه‌م بۆهات به‌س ئه‌زانم ئه‌و سه‌رده‌مه بو که حیزب شاری له‌سه‌ر خۆی تاپۆ کرد، ئه‌و شاره‌ی ڕۆژ به ڕۆژ پیستر و جەنجاڵتر ئه‌بوو.
به‌یانیه‌ک من وه‌ک ئه‌ندازیارێک که سه‌ری پڕه له پڕۆژه به خۆم وماستهرپلانێک و دۆسێیەکی قورسه‌وه خۆم کرد به شاره‌وانیدا , ئه‌و به‌یانیه نهم ده‌زانی ده‌رگای چه‌ند شکست و چ مێژویه‌کی پڕ نه‌هامه‌تی له‌سه‌ر خۆم و ئه‌م شاره ئه‌که‌مه‌وه پڕۆژه‌که زوو په‌سه‌ند کرا ڕه‌نگه له‌به‌ر ئه‌وه بوبێت که بونی تونێلێک سنوره‌کانی شاری گه‌وره‌تر ئه‌کرد ئه‌مه‌ش فراوان بونی تاپۆکه‌ی حیزب ئه‌بێت کە ئه‌و خه‌وی به کۆڵان و گه‌ڕه‌کی تازه، شه‌قامی زیاتر،باڵه‌خانه‌ی جوانتره‌وه ئه‌بینی بۆخۆی.
یه‌که‌م ڕۆژی دوای جه‌ژنێک ئه‌و کۆمپانیا بیانیه که‌وته کونکردنی شاخه‌که کۆمپانیایه‌کی بیانی که کرێکاری ڕه‌گه‌ز جیاوازی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا بوو ،سێهه‌مین شه‌و سه‌ره‌تای ئه‌م چیرۆکه‌یه سێهه‌مین شه‌و دوای کوژانه‌وه‌ی دواهه‌مین مه‌کینه گوێمان له هاوار و نوزه و لاوانهوهیەکی زۆر ترسناک بوو من ئه‌وکاته له‌به‌ر فانۆسێکا خه‌ریکی بهسهراچونهوهی نه‌خشه‌ی کاری به‌یانی بووم سه‌ره‌تا وامان ئه‌زانی یه‌کێک له کرێکاره‌کان ئه‌یه‌وێت سوعبه‌تێکی ناخۆش بکات به‌ڵام هه‌مومان له‌وێ بووین هه‌مومان هه‌ستمان به‌و ده‌نگه ئه‌کرد که له‌به‌رد و گڵه‌که‌وه له‌هه‌مو شوێنێکه‌وه تا ئه‌هات زیادی ئه‌کرد ، قورسه وه‌سفی ئه‌و ده‌نگه ئه‌وه‌نده هه‌یه ترسناک و به به‌رز و نزمی جیاواز له شوێنی جیاوازه‌وه ئه‌هات و وون ئه‌بوو کرێکارێکی فارس به ده‌نگی به‌رز ووتی مه‌ترسن من ته‌مه‌نێکم له کونکردنی شاخه‌کانی دونیا به‌سه‌ر بردووه ئه‌مه هیچی تر نیه جگه لەدەنگی شاخه‌که خۆی ئاوا سه‌یرم مه‌که‌ن ئێمه سێ ڕۆژە له جه‌سته‌ی ئه‌بڕین، ئیتر ئه‌و ده‌نگه زۆربه‌ی شه‌و دوای کوژانه‌وه‌ی ئامێره‌کان په‌یدا ئه‌بوو تا زیاتر ئه‌چووینه ناوه‌وه شتی سه‌یر سه‌یر و ترسناکترمان ئه‌بینی ده‌مه‌و عه‌سرێک به‌په‌له بانگیان کردم که چومه سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی کرێکاره‌کان به حه‌په‌ساوی له‌به‌رده‌می دیوارێک له ئێسقان وه‌ستابوون من که‌نه‌م ده‌زانی ئێستا چی بڵێم ترسێکی گه‌وره هه‌موانی له جوڵه خستبوو که‌س نه‌ی دەوێرا په‌نجه‌یه‌ک بجوڵێنێت هه‌موان له‌به‌رده‌م ئه‌و شاخه ئێسقانهیا حهپهسابوین، هه‌ندێک له کرێکاره‌کان به‌دەنگی نزم ئایەتولکورسیان ئه‌خوێند ئه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی تر سامی بڵاو ئه‌کرده‌وه ،من له‌خۆمه‌وه که‌وتمه جنێو دان و ووتم چ بێدهماخێک له نه‌خشه‌که لای داوه؟ ئێمه ئه‌بوو به‌لای گۆڕستانه‌که‌یا بڕۆین ئێستا له‌ناو گۆڕستانهکهداین ئه‌مویست هێمنیان بکه‌مه‌وه یه‌کێکیان ووتی: گۆڕستانی چی؟ ئێمه هه‌زاران مه‌تر له ژێر گڵ و به‌رداین ئه‌مه ئه‌گه‌ر گۆڕستان بووبێت ئه‌وه هی مرۆڤه سهرهتایهکانه ،کرێکارێکی ئه‌فغانی هاته لامه‌وه و ووتی کاکی ئه‌ندازیار تۆ خۆشت نازانیت ئه‌مه چیه، ئێمه به سانتیم له نه‌خشه‌که دهرنهچووین گۆڕستانی چی ؟ تکات لێدەکهم کاکی ئه‌ندازیار با بڕۆین و ئه‌م کونه پڕکه‌ینه‌وه تکات لێدەکەم شتێک له‌م شاخهیا هەیە نهێنیه‌کی ترسناکه ده‌نگی هاواری شه‌وانی ئه‌م کێوه له ئێسقان نیشانه‌ی باش نین با بگه‌ڕێینه‌وه سته‌م بوو به‌وه ڕازی بم ،منیش ڕازی ببومایه پرۆژه‌که له‌سه‌ر ئاستی زۆر به‌رزه‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌کرا که سته‌م بوو له به‌ر دۆزینه‌وه‌ی ئێسقان و بوونی دەنگ له‌تاریکیا ڕابگیرێت ، بۆ هێمن بونه‌وه‌ی هه‌موان 2 هه‌فته کار وه‌ستێنرا به‌شێک له‌و ئێسقانانه نێردران بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵات تا فه‌حس بکرێن له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌ڕام به دوای هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌سه‌ر مێژووی ئه‌و شاخه هیچ ، هیچ ته‌نها ئه‌وه‌نده هه‌یه له‌سه‌رده‌مێکدا له‌سه‌ر لوتکه‌ی شاخەکە دادگای شۆڕش هه‌بووه .
هیچ ئه‌فسانه‌یه‌ک یان حیکایه‌تێک له‌سه‌ر ئه‌م شاخه نه‌بوو ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌نجامی پشکنینی ئێسقانه‌کان هاته‌وه و تێیدا نوسرا بوو که ئه‌مانه ئێسقانی مرۆڤن کۆن نین هیچ به هایهکی مێژووی یان ئاسەواریان تیا نیه ،که‌وتینه‌وه کار ئیتر چیرۆکه سه‌یر و ترسناکه‌کان به‌رده‌وام بوون که گه‌شتینه ناوەڕاست توشی گۆمێک ئاو بوین ،گۆمێکی قوڵ دیسانه‌وه له بیر کردنه‌وه‌ی چارهسهرێکا بوم که کرێکاریکی عه‌ره‌ب له‌کاتی دهستنوێژگرتنا هاواری کرد ئه‌مه ئاوی به‌حره ئاوی به‌حره سوێره سوێره، خوای گه‌وره ئاوی به‌حری چی و بۆ و چۆن ده‌گاته ئێره؟ کرێکاره ئه‌فغانیه‌که ووتی نا ئه‌مه ئاو نیه فرمێسکه که‌وای ووت هه‌مو وبێده‌نگ بووین بێ ئه‌وه‌ی که‌س هیچ بڵێت هه‌ستم کرد هه‌مومان بڕوامان کرد ،کێشه‌کان گه‌وره ئه‌بوون شه‌وان له‌به‌ر ڕووناکی ئه‌و چرا و فانۆسانهی سه‌ر دیواره‌کان وێنه‌ی سه‌یر سه‌یرمان ئه‌بینی وەک سێبه‌ر ئه‌و شه‌وانه که‌س گومانی له‌وه نه‌بوو که ئێسقانه‌کان هاوارو نووزه‌ی شه‌وانیان تا به‌ربه‌یانی ئه‌خایاند ،گۆمی فرمێسکه‌کان ئه‌و سێبه‌رانه‌ی ده‌رئه‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌م دیوارانه په‌یوەندیان به‌یه‌که‌وه هه‌یه ، ڕۆژانی دواتر ڕهشابهیهکی ترسناک له‌ناو ئه‌و تونێلهیا هه‌ڵئه‌کات ڕهشابایهکی نائاسایی ڕه‌شه‌بایه‌ک کە لەگەڵ خۆ‌یا هه‌زاران پارچه کاغه‌ز ئه‌بات بۆ ده‌ره‌وەی تونێله‌که ، دوای هێمن بونەوهی هه‌موو جارێک ئه‌و کاغەزانەمان کۆ ئه‌کرده‌وه که به به‌رد و ئامێره‌کانه‌وه مابونه‌وه ،کاغه‌زی نامه بوون نامه‌ی کۆن!!! هه‌ندێکیان ئه‌ملاو لاکه‌ی وێنه‌ی گوڵ بوو ئه‌وه‌ندی بۆمان خوێنرانه‌وه ئه‌م دێڕانه بوون :
بۆ کچی خۆشه‌ویستم ، بۆ خۆشه‌ویسترین که‌سم دایه گیان ، بۆ ده‌زگیرانه دووره‌که‌م ، بۆ ڕێکخستنه‌کانی ناو شار ، برای ئازیزم سڵاو به‌یانی ئه‌مکوژن به‌یانی زوو ، باوکه بهمن ئه‌ڵێن تۆ مه‌ترسیت له‌سه‌ر شۆڕش باوکه ئه‌و بێ ئەدەبانە له ئێواره‌وه لێم دەدەن ، ههزارحهیف هاوڕێ گیان هه‌زار حه‌یف بۆ ئه‌و درۆیانه‌ی باوه‌ڕ مان پێ‌کرد ، له‌ژێر دڵۆپه‌ی ئه‌م ژووره‌یا چاوه‌ڕێی مردنین ، ئامانه‌تی تۆ و مناڵه‌که‌م ، ئه‌م ئێواره‌یه گۆڕهکهمیان به خۆم هه‌ڵکه‌ند.
ڕۆژانی کۆتایی تونێله‌که به‌ڕاده‌یه‌ک شتی ترسناک و چیرۆکی سه‌یر ڕووی ئه‌دا که ناوێرم باسیان بکه‌م چونکه من خۆشم ناتوانم بڕوا بکه‌م ، به‌شیکی زۆری کرێکاره‌کان ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه ، کۆمپانیه‌که له کاتی خۆ‌یا ته‌واو نه‌بوو ناچار کۆمپانیایه‌کی تریان هێنا ، من ئه‌و ماوه‌یه نه‌چوومه‌وه ته‌نانەت ڕۆژی کردنه‌وه‌ی تونێله‌که‌ش نه‌چووم ئێستا تونێلێک له باشوری شار هه‌یه که هێنده چیرۆکی سه‌یر سه‌یری تیا ڕووداوه به ئاسته‌م که‌س به‌کاری ئه‌هێنێت ڕۆژانی هه‌ینی نه‌بێت که سه‌رخۆشه‌کان له سه‌یرانی باشوری شار ئه‌گه‌ڕێنه‌وه ، من خۆم نهم دیووه به‌س ئه‌ڵێن : هه‌ندێک شه‌و کۆمه‌ڵێک گه‌نجی سه‌راتاپا خوێناوی ده‌ست له ئوتۆمبێله‌کان ڕائه‌گرن ئه‌گه‌ر یه‌کێک بوێرێت و بوه‌ستێت زۆر به ئه‌ده‌به‌وه ئه‌پرسن لەگه‌ڵ خۆتا ئه‌مان به‌یته‌وه بۆ شار؟