کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نا بۆ پارتی، بەڵێ بۆ لێدان لە یەکگرتوو

Wednesday, 07/12/2011, 12:00





نا بۆ پارتی، ئەو دەسەڵاتەیە کە دوو دەیەی تەواوە هەموومان حوکمەکەیمان دیتووە و قبوڵمان نیە. بەڵێ بۆ لێدان لە یەکگرتوو لە ئەو تخوبەیە کە یەکگرتوو دەیەوێت کوردستانی لێوە هەڵدێرێتە ئەودیوەوە. لێدان هەر بە تەنها بریتی نیە لە بەکارهێنانی هێز بەڵکو بۆ هێزێکی وەک یەکگرتوو کردنەوەی بەرەیەک لە ئاستی هزری و رۆشنبیری بۆ لێکۆڵینەوە و رەخنە لە ئاینی سیاسی و ئازادی بیروڕا بۆ خەڵکانی پێشکەوتووخواز کوشندەترین لێدانە. هەرچەندە، ئەوە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە و مانانە گەر لە روداوی وەهادا هێز بەکاربهێنرێت یان نا، بەڵام ئەو رێگەیەش خراپ نیە گەر بێتوو سەرکزکردن یان پاشەکشە کردنی یەکگرتووی تێدا بێت. لەوانەبێ بۆ هەندێک ئەم رایە سەیر بێت و ئەم دیدەی من روحی شەڕخوازی و کەڵچەری بەکارهێنانی هێز تێ بگات،بەڵام با تۆزێک روو بچینە ناو باسەکەوە بزانین وایە یان نا. قسەکردن لەسەر سیاسەت لە زەمینەی شتەکانەوە دێت کە لەبەرچاوە نەک ئەو گوزارشتی دیموکراسی و ئینساندۆستی و بیروباوەڕی لێبراڵی بێ ئاگا لە هاوسەنگیەکان و تەشەنەکردنە ترسناکەکان .
ئەو رووداوانەی یەک دوو رۆژی رابردووی ناوچەی دهۆک لە رووکەشدا ئەوەیە کە لە هەواڵەکانەوە گوێ بیستی دەبین، یاخود ئەو هۆکارە بنەرەتیەی ترسی پارتی لە گەشەی یەکگرتوو لە بادینان بەڵام لەمە بنەڕەتی تر ئەوەیە کە یەکگرتوو دەیەوێ هەنگاوی زیاتر بنێت. ئەو هەنگاوانەی دەسەلاتەکانی لە چەشنی دەسەڵاتی پارتی لە ناوچەکەدا یەک بە دوای یەک لێی دەکەون و ئیخوانەکان جێگەیان دەگرنەوە.
کەرەستەکانی ئەو رووداوانە کۆنەن بەلام لێکدانەوەی ئەو کێشەیە بە دەستەواژە و چەمکە کۆنەکان، بەتایبەت ئەوانەی دەورانی شەڕی یەکێتی و پارتی، زۆر تەواو نیە یان لەو حیکایەتانەوە نایات کە خەتای کێ بووە و کێ نەبووە بەڵکو لەو رەهەندەوەیە سەردەردێنێ کە خەریکە سەر و سیمای ناوچەکە لەگەڵ خۆیدا دەگۆڕێت. لەو هیلالی ئیخوانیەوە دەبینرێت کە یەکگرتوو دەیەوێت بە یەکجاری کوردی پێ هەڵواسێ و بیخاتە بەردەستی هاوئیخوانە تورکی و عەرەبیەکانی. جا زۆر گرنگە خەڵکانی رۆشنبیر و ئازادیخواز و مەدەنی و علمانی دۆست نەکەونە مەحکومکردنی ئەو رووداوە بەشێوەیەک یەکگرتوو سوودی لێ ببینێت. تکایە لە تاو ئاگر دەست بۆ مەنجەنیق مەبەن. ئەکتەرەکانی ئەو رووداوە یەک دراون بەڵام بە دوو دیوی جیاوازەوە، دیوێکی رەش و دیوێکی رەشتر.
دیارە یەکگرتوو بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو ئەوەی لە دەستی هاتووە کردوویەتی دژ بە کورد و کێشەکەی و کۆمەڵگەکەی. بە قەد زەلکاوێک شت هەن لەم بارەیەوە گەر کەسێک بیەوێت مینەی بکات. جا گەر قسەکردن لەسەر پەلامار و کوشتن و سووتاندن بێت ئەوا یەکگرتوو گەر لە پارتی زیاتری پێ نەبێت ئەوا کەمتری پێ نیە بەڵام جیاوازیەکەی ئەم تەنها ئەوەندەیە کە هێشتا دەسەڵاتی نەگرتۆتە دەست. با بیگرێتە دەست، کە پڕ بە دڵ حەز دەکەم بۆ ماوەیەک دەسەلات بگرێتە دەست، ئەوا دەبینین چ رەشبگیریەک دروست دەکات. ئاسانترین کارێک بیکەن قەدەغەکردنی ئەو شتە جوان و رەنگاڵەیی کۆمەڵگەی کوردین کە هیچ هێزێکی داگیرکەریش نەیتوانیوە قەدەغەی بکات لە سایەی ئیسلامی سیاسیدا ئەوانەش قەدەغە دەبن وە هەر لە ئێستاشەوە دەستیان پێکردووە وەک حەرامکردنی شایی و جلوبەرگی رازاوەی ئافرەتانی کوردی.
زۆر هەڵەیە گەر وا تێبگەین شەڕی پارتی و یەکگرتوو شەڕی زاڵم و مەزڵومە، یان، شەڕی ناهەق و هەقە،یان، شەڕی گەندەڵکاران و دەستپاکانە،یان، شەڕی سەرکوتکاران و ئازادیخواز انە،یان، شەڕی فاشیزم و دیموکراسیەتە. لە راستیدا، هەموو ئەو شتانەی لە پارتیدا هەن بە دوو قاتەوە لە یەکگرتوودا بوونی هەیە و گەر دسەلاتی بکەوێتە دەست ئەوا ئەو فزەیەش نامێنێ کە ئیستە دەتوانین بیکەین. ئەمە سەردەستیەکە نیە بۆ حزبی کوردی بەڵکو ئەوە واقعێکە گەر پێمان خۆش بێت یا ناخۆش بێت.
ئەم شتە هەر لە خۆڕا نیە و لەو لێکدانەوە رووکەشیانەوە نایات سەبارەت بە رووداوەکان بەڵکو لە دوو جیهان بینیەوە دێت کە چارەنووسی هەر کەسێکی کۆمەڵگەکەی پێوە بەستراوەتەوە. جیهانبینی یەکگرتوو، بەرەو سەدە تاریکەکانی ئاین و بیابانە خۆڵبارینەکانی دەمان بات. ئەوی دیان، ئەو جیهانبیەنیە کوردیە کە بە هەموو شڕ و شەقی و ببڕ و بکوژی و گەندەڵکارییەکیەوە لە نێو کۆمەڵگە کوردیەکەدا دەتهێڵێتەوە. سەنگینی ئەمەی دوومیان لەوەدایە، هەرچەندە ئاین تێیدا هەیە، بەردەکە لە جێی خۆی دەمێنێتەوە بەلام ئەوەی یەکەمیان نەک هەر دەیجوڵێنێ بەڵکو فڕێ دەداتە نێو زەلکاوەوە. لە دو سبەینێ دەسەڵاتی یەکگرتوودا سادەترین ماف لە دەست دەدیت کە ئیستە ئەو مافانە وەک ئەوەی مرۆڤێکی کوردی هەقت لێی هەیە و دەستبەرکرکراوە و پەیوەندی بە هیچ حزبێکەوە نیە. یەکگرتوو لە ئێستادا دژی هەر وشە و دێڕێکە کە نەک هەر ەخنە لە ئاین بگرێ بەڵکو باس لە جوانی و خۆشیەکانی ژیان بکات، جا گەر دوو سبەی دەسەلاتی هەبێت ئەوا زمان بڕین لای دەبێت گرتکە گۆشتی شیشی سەر ئاگر. کەس ئەو هەڵوێستە دوژمنکارییانەی یەکگرتووی لە یاد ناچێ کە دژ بە بەرهەمە ئەدەبیاکنیش کردوویانە چ جای رەخنە لە خۆیان و رەوتە سیاسیەکەیان.
حزبی کوردی هەرچیەک و چۆنێک بێت، دیارە لەوپەڕی خراپی و بێکەڵکیدان و هەرچی ناوێکی نەگەتیڤی لێ دەنێی لێی نێ، لە ناو خەڵکەکەیەوە دروست بووە؛ بەڵام پەیکەرەی حزبی ئیسلامی کوردی راستەوخۆ لە دەرەوە دروستکراوە، بە واسیتەی هەندێ کوردی ئیسلامی داشۆراو لە هەر بیر و هزرێکی نەتەوەیی و کەلتوری، ونێردراوە بۆ شێواندنی کۆمەڵگەی کوردی و سڕینەوەی مۆرکە کوردەواریەکەی بە مۆرکێکی تر. کە بەو جۆرە خراپەش تەشەنەیان کردووە ئەمە هۆکارە سەرەکیەکانیەتی: یەک: بنەبەستی سیاسی و نابووت بوونی کۆمەڵایەتی حزبی کوردی. دوو: بنخانی ئاینی کومەڵگەی کوردی کە زۆربە ئیسلامە. سێ: بێ ئاسۆیی و بێ ئاگایی تاکی کورد لە خۆی و لەوان. چوار: کۆمەک کردنی دارایی و لۆجستی بێ شوماری وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت وڵاتانی نیمچە دورگەی عەرەبی بۆیان.
رەهەندی ئە رووداوانە تەنها کارکردی نیە لە سەر ئارامی ولات بەڵکو کارکردی لەسەر چارەنووسی کوردستان و مرۆکانی نێویشی دەکات. ئەلێرەوەیە کە راستیەکان، لە رووداوەکانی (دیسەمبەری ٢)ی ناوچەی دهۆک، لەو چیرۆکانەوە نایات کە لە زاری حزبەکان و راگەیاندنەکانەوە دێتە دەرێ، بەڵکو لەزاری ئەو خاک و وڵاتە داماوەوە دێتە دەر کە کێشەکەی تێدا هاتۆتە دەر. بێ گومان شەڕ و پەلاماردان چارەسەری یەسڵی نیە، بەڵام لە کوردستان چونکە هەموو شتەکان تایبەتمەندێتی خۆیان وەرگرتووە و ئیرادەیەکی سەربەخۆی خەڵک بوونی نیە لەو کێشانەدا ئەوا رەوتی رووداوەکان بە هەر رێیەکدا بروات لە دەستی هیچ کەسێکدا نیە، بگرە لەوانەبێ هەندێ جار قایل بین بە رێگەی لێدان گەر پێمان خۆش بێ یا ناخۆش بێ.
ئەو ئیسلامیەی سیاسیەی لە تورکیا و ئێران یان هەر وڵاتێکی تری ئیسلامیدا بوونی هەیە زۆر جیاوازە وەک لەوەی لە کوردستان هەیە. هەر بیروڕایەک نەتەوەی سەردەست وەری بگرێت بۆ قایم کردنی پێگەی خۆی و دەسەلاتی پاوانخوازی خۆی دەیبێت بەڵام کاتێک نەتەوەی ژێر دەست وەری دەگرێت ئەوا زیاتر دەبێتە بەڵا بۆی. بۆ نموونە تورکیا و ئێران ئیسلام بۆ دەسەلاتی خۆیان بەکاردهێنن بەلام بۆ کورد تەواو پێچەوانەیە. کاتێک کورد بیەوێت سیاسەت بە ئیسلامەوە بکات دەبینین ئیسلام کورد بەکاردەهێنێت وەک لەوەی ئەم ئەو بەکاربهێنێت. مێژووی ئێمە لە کۆنەوە بۆ نوێ ئەم راستیەکان پێدەڵێت. تەماشاکەن فارس و تورک چ سوودێکیان لە ئیسلام وەرگرت بە تایبەت تورک بەڵام کامەیە ئەو سوودەی کورد لە ئیسلامی وەرگرتووە. هاوکێشەی وەرگرتن و پێدان تەنها لەو کاتانەدا بوونی هەبووە کە کورد سوودی بۆ ئیسلام هەبووبێ نە ئیسلام سوودی بۆ کورد هەبووبێ. بۆ نموونە گەر یەکگرتوو دەسەلات بگرێتە دەست لە ئەوا بێ یەک و دوو کوردستان تەسلیم یان دەیکات بە کۆیلەیەکی تەواوی تورکیا و نیمچە دوورگەی عەرەب هەر وەک چۆن لە سەردەمانی عوسمانی و دەورانەکانی تری ئیسلامیدا دیومانە.
یەکگرتوو بسکی سمێڵی دێ بە ئیخوانە برا گەورەکانی کەوا قلە قلە دەسەلات دەگرنە دەست لە ناوچەکەدا. بێگومان ئەمەش دڵی پارتی دەتەقێنێ. ئەمە دووراییەکانی کێشمەکێشی پارتی بووە لەگەڵ یەکگرتوودا لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابدوودا؛ جا کاتێک نزیکاییەکانی ئاوها بە پەلە پەل دەردەکەوێت ئەوا خراپترئۆقرە لە پارتی دەبڕێ و ناچار ئەو رێگە کلاسیکیانە دەگرێتە بەر کە حزبی کوردی فێری بووە. جا گەر بێتوو پارتی نەتوانێ یەکگرتوو سەرکزتر یان لاواز بکات ئەوا یەکگرتوو بەهێز دەبێ و براوەی کێشەکان دەبێت. وەک دەڵێن، ئەو گورزەی بەرمدەکەوێت نەمکوژێت ئەوا بەهێزترم دەکات.
شەڕی یەکگرتوو زۆر قورس نیە. بۆ نەخشەکێشی هەر شەڕێک خاڵی لاواز یان سیفەتی بوودەڵەیی بەرامبەر لەبەرچاو دەگیرێت. ئیخوانەکانی بەتایبەت ئەوانەی کوردستان زۆر لە رەخنە دەترسن. یەکێک لە لێدانە جەرگبڕەکان لە یەکگرتوو لە کردنەوەی بەرەیەکدایە کە ئازادی نووسین و بیرورا هەبێت بەتایبەت کردنەوەی بەرەیەک شەڕی فکری و رۆشنبیری ئاین و ئاینی سیاسی بەتایبەت خەتی ئیخوانیزم بکات. یەکەمین شتێکی گرنگ لەم بارەیەوە قانونێک پێویستە کە ئازادی نووسین و بیروڕا تێیدا بەرقەرا بێت... سەربەستی و کۆمەکی ماڵی حکومی بۆ چاپەمەنیەکان و کۆڕ و سیمیناری تایبەت بەم بوارە و پارێزگری کردنی کەس و لایەنەکانی ئەو بوارە بەو قانونە. دیارە خاڵی سەرەکی سەرکەوتنی هەوڵێکی ئاوها دەست تێ وەرنەدانی حزبە لەو بەرەیەدا. ئەو بەرەیە خۆڕسکیانە دروست دەبێت گەر بێتوو قانونێک هە بێت لەو بارەیەوە و حزبیش دوورەدەست بکرێت لەو لایەنەوە.
جا پرسیار ئەمەیە تۆ بڵێی دەسەلاتی کوردی، کە پارتی هێزی یەکەمە تێیدا، ئەوەندە بە هزر بن و دەست بۆ ئەم کارە گرنگە ببەن؟ کارێکی ئاوها پێش ئەوەی قازانجی هیچ دەسەڵاتێکی تێدا بێت قازانجی نێوەندی رۆشنبیری کوردی و رەوتی مەدەنی و برەی علمانیخوازی کوردی تیدایە.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە