وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوان تەجمید كرا
Tuesday, 07/04/2009, 12:00
بەدواداچوون:-
لەماوەى رابوردوودا هاودەم لەگەڵ كۆمەڵێك پرسى گرنگى دادگاییكردنى تاوانبارانى جینۆسایدو كیمیابارانكردنى هەڵەبجەو ئەنفالكردنى بارزانیەكان و دۆزینەوەى گۆڕى بەكۆمەڵ و یادى كیمیابارانكردن ئا لەم ئانو ساتەدا وەزیرى كاروبارى شەهیدان لەكوردستان نەماو لەبەرچاو ونبوو ئەمەو هاوكاتیش لەگەڵ گەشتە تایبەتى و جۆراوجۆرەكانى وەزیر بۆ دەرەوەى وڵات، كەڵەكەبونى ئیشوكارەكانى كەسوكارى شەهیدان لەوەزارەتى شەهیدان و فەرامۆشكردنى داخوازییەكانى خانەوادەى شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەموو ئەمانە پرسیارو لێكدانەوەى جۆراو جۆرى لێكەوتەوە لەلایەن هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان و چین وتوێژەكانى نێوگۆڕەپانى سیاسى و ئیدارى، ئەم پرسە واى لەئێمەكرد كە بەوپەڕى هەستكردن بە لێپرسراوێتیەوە بەدواداچوونى وردى بۆ بكەین تاوەكو لەنهێنى و راستیەكان بگەین، بەپێى ئەو زانیاریانەى كە دەستمان كەوتووە چنارى وەزیرى شەهیدان لەلایەن سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەفەرمى لە ئیشوكارى خۆى هەڵپەسێرراوە بەهۆى كۆمەڵێك كردەوەى ناشایستەو نایاسایى ئەم بڕیارەشیان بۆیە دەركردووە تاوەكو كردەوەكانى وەزیر پەرتەى ناوێ بۆ لایەنى خەتەرتر لەسەر بەرژەوەندیەكانى كەسیتر، لەوانە:- بەكارهێنانى وەزارەتەكەى بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەكان، قۆرغكردنى ئەم وەزارەتە لەلایەن بنەماڵەى وەزیر، سەرهەڵدانى ناڕەزاییەكى زۆرى كەسوكارى شەهیدان و خەڵك بەگشتى لەسەر كارە بەدناوەكانى، سوكایەتیكردن و ستەم كردن بەرامبەر چەندین خەڵكى بێتاوان لەلایەن دەستو پێوەندەكانى وەزیر، داگیركردنى موڵك و ماڵى خەڵك، مۆلەت وەرگرتن گەشتى بەردەوامى بۆ دەرەوە، دزیكردنێكى لەڕادەبەدەر..... هاوكات لەگەڵ سەرجەمى ئەم كردەوانە دۆڕانى كۆمەڵایەتى بنەماڵەىچنار سەعدى وەزیرى شەهیدان و بوونى كێشەیەكى زۆرى كۆمەڵایەتى كە رۆژنامەنوسان زۆرترین تێبینى و بڵاوكردنەوەى نوسینیان لەسەر هەبێ تائەو سنورەى كە خانەوادەكەى وەزیر لەسەر ئاستى كۆمەڵایەتى بەسوكترین بنەماڵەى نێو كۆمەڵگەى كوردەوارى وەسف بكرێن .
- بڕیارى سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران
بەپێى وتەى سەرچاوەیەكى باوەڕپێكراو لە سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەڵێ (دواى ئەوەى فەرمانى هەڵپەساردنى وەزیرى كاروبارى شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلایەن سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران دەرچوو، بەبێئەوەى لە نوسراوەكەدا هۆكارەكەى دیاركرابێ، وەزیر هەوڵیدا هۆكارەكەى بزانێ] ، بەڵام سكرتێرى ئەنجومەنى وەزیران تەنیا بەزارەكى بە چنار سەعدى گوتبوو (تۆ لەبەر ئەوەى زۆر سەرقاڵى بە كێشە تایبەتیەكان و كێشەكانى عائیلەكەت ئەنجومەنى وەزیران بەچاكى زانیوە كە ماوەیەك پشوو بدەى و لەسەفەرەكانت بەردەوامبى)، بەڵام تەجمیدكردنى وەزیر زۆر بەنهێنى بووە بۆئەوەى دەنگ و دەهۆڵیان لەدوو نەكوتن .
- دەنگۆى نێو وەزارتى كاروبارى شەهیدان
لەبەردەوامى بەدواداچونەكەماندا بۆ گەیشتن بە راستى ئەم هەواڵە چەند زانیارییەكیترمان دەستكەوت لەوانە: چنارى وەزیر دیارە لەنێو فەرمانبەران و كەسانى نزیك لەخۆى قسەیەكیترى وتوە هەروەكو فەرمانبەرێكى ئەم وەزارەتەو نزیك لە نوسینگەى وەزیر پێى راگەیاندین كە چنار سەعد لەلاى زۆربەیان وتویەتى (من ناوم بۆ كۆرسى ئینگلیزى دەرچووە سەفەردەكەم بۆ خوێندنى زمانى ئینگلیزى) ئەوانیش وتویانە با دەزگاكانى راگەیاندن ئاگاداربكەینەوە وەزیریش بەتوندى ئەم داوایەى رەتكردۆتەوە كە نابێ لەلاى كەس باسى ئەم هەواڵە بكەن .
- لەنێو خزمانى وەزیر
لەلایەكیترەوە چنارى وەزیرى تەجمیدكراو لەنێو خزمەكانى خۆى قسەیەكیترى كردووە، بەپێى وتەى خزمێكى نزیكى خۆى كە ناكرێ ناوى بهێنین وتى:-[چنار سەعد توشى نەخۆشى پێست هاتووە جۆرى نەخۆشیەكەى حەساسیەیەكى زۆر توند لێى پیس كردووە بووەتە نەخۆشى (سەدەفى پێست)] هەروەها چنار لەلاى خزمەكەى وتویەتى (من بۆ چارەسەرى نەخۆشیەكەم سەفەر دەكەم) ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ كە تەجمیدكردنى راستیەكى حاشا هەڵنەگرە چونكە لەوەزارەتەكەى قسەیەكى كردووە گوتویەتى من بۆ خوێندنى كۆرسى ئینگلیزى سەفەر دەكەم، لەنێو خزمەكانیشى قسەیەكیتر دەكات و دەڵێ من بۆ چارەسەرى نەخۆشى سەفەر دەكەم، قسەكانى چنار سەعد یەكتر ناگرێتەوە نەیزانیوە چۆن تەجمیدكردنەكە چەواشەبكات و بیشارێتەوە.
- تەرخانكردنى كەسێكیتر لە جێگەى وەزیر
سەرۆكایەتى ئەنجومەنى وەزیران ئەم ئەركەى بە (مەدحى مەندەلاوى) سپار د تا بە وەكالەت وەزیرى كاروبارى شەهیدان بێ، ئەمەش سەلماندنێكى دیكەیە لەسەر هەڵپەساردنى چنار سەعد بەنهێنى، چونكە گەر وانەبا چۆن كەسێكیتر بۆ جێگەى وەزیر تەرخان دەكرێ، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لەم ماوەیەدا (دكتور ئیحسان) وەزیرى ناوچەكانى دەرەوەى هەرێم بە نوێنەرایەتى حكومەتى هەرێم و نوێنەرى قوربانیان، بەشدارى لە كۆنفرانسێكى پەرلەمانى ئەوروپا كردووە لەسەر پرسى جینۆساید كردن و ئەنفالكردنى خەڵكى كوردستان كە هاوكات چنارى وەزیر لە ئەوڕوپایە ئەبوو ئەم بناردرابایە پەرلەمانى ئەوڕوپا بەڵام لەبەر ئەوەى تەجمید كراوە لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران رێگەى پێنەدرا بەشدارى لە كۆنفرانسەكەى پەرلەمانى ئەوڕوپا بكات.
- بەكارهێنانى وەزارەت وەك دەزگایەكى هەواڵگرى
وێراى قۆرغكردنى وەزارەتى شەهیدان لەلایەن بنەماڵەى چنار كەچى وەزارەتەكەى وەكو وەسیلەیەك بۆ دژایەتیكردنى نەیارانى خۆى و مامەكەى كە جێگرى پارێزگارى هەولێرە بەكارهێناوە، سەرچاوە باوەڕپێكراوەكەى ئەنجومەنى وەزیران ئەوەشى دركاند كە وەزیرى شەهیدان لە ئەنجومەنى وەزیران پێى وتراوە [ئێمە وەزارەتى كاروبارى شەهیدانمان بۆ ئەوە داناوە تاوەكو وەك دامەزراوەیەك بێ بۆ خزمەتكردنى خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان نەك وەك دامەزراوەیەكى موخابەراتى بەكاریبهێنى] چونكە چنار سەعد چەند كەسانێكى تەرخان كردووە بۆ سیخوڕیكردن و هێنانى هەواڵ لەسەر بەرپرسان و ناحەزانى خۆى و مامەكانى هەروەها تەرخانكردنى چەند كەسێك بۆ بڵاوكردنەوەى پڕوپاگەندەى ناشیرین لەسەر چەند بەرپرسێك هەروەها بڵاوكردنەوەى نوسین لەسەر بەپرسانیدیكە لە ماڵپەرەكان، ئەمەش بۆ بەدەرخستنى عەیبى خەڵك و تێبزركردنى عەیبەكانى خۆى و كەسوكارى، لەوەڵامى ئەمەشدا وەزیر گوتویەتى [راستە من كە سانێك كە توێژەرى كۆمەڵایەتین و جێگەى متمانەى خۆمن تەرخانم كردوون بۆ هێنانى زانیارى و هەواڵ لەسەر خانەوادەى شەهیدان و هەروەها ئەو خانەوادانەى كە بێەشن و مافیشیان لەلایەن بەرپرسانەوە پێشێل ئەكرێ].
- سومعەى خراپ
بەرپرسان چاوێكى زۆریان لەسەرە ئەبێ هەمیشە ئاگایان لە هەڵسوكەوتیان هەبێت و پێشێلكارى و هەڵە نەكەن چونكە زوو جەماوەر پێى ئەزانێ لەبەر ئەوەى چاوكراوەن بەڵام دەسەڵاتیان لێ سەندراوە، چنارسەعد هەرچەندە تایبەتمەندى زانستیەكەى بوارى كۆمەڵناسیە ، بەڵام بەپێچەوانەى ئەوە خۆى و كەسوكارەكەى ئەوەى ناپەسندە كۆمەڵگە رقى لێیە ئەوان دەیكەن، بەپێى وتەى خزمێكى نزێكى چنارسەعد كە ئامۆزاى خۆیەتى دەڵێ (ئێستا زۆرینەى خزمانمان شەرم بەوە دەكەن كە خزمى وەزیرى شەهیدانن چونكە هێندە ئابڕوویان رۆیشتووە بەهۆى زۆرى كەتنەكانیان، بەتایبەتى كوڕەكانیان چاویان بڕیوەتە نامووسى خەڵك كچەكانیشیان هەمان كێشەیان هەیە، لەگەڵ دەستدرێژى و شەڕفرۆشتن بە خەڵكى و نانەوەى كێشەى بەردەوام، خزمێكى زۆریش حاشایى لە ماڵى چنارى وەزیر كردووە هاتوچۆشیان ناكەن). ئەوەى جێگەى نیگەرانیە وەزیرێكى لەم جۆرە ئەبێ دەربڕى مەینەتیەكانى خەڵكى ستەمدیدەى كوردستان و كەسوكارى شەهیدان بێت هەوڵبدات ئاواتى شەهیدە سەربەرزەكانمان بێنێتەدى، بەڵام داخى گران وەزیرێكى نەزان و خۆپەرست بەڕێوەى ببات هەرئەوە قابیلیەتى دیارە ئەنجومەنى وەزیرانیش ئەمجارە هەڵوێستى نواندووە بەڵام ئەبوو زۆر بەئاشكرا ئەم بڕیارەى بدابوایە نەك بەنهێنى و ناردنى وەزیر بۆ دەرەوە بەهەوەسى خۆى گوزەر بكات .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست