بۆ / سایتى كوردستانپۆست له قائیمقامى قەزاى سۆران
Sunday, 22/02/2009, 12:00
1468 بینراوە
سڵاو
لەگەڵ ریزمان تكایە ئەم روون كردنەوەیەمان بۆ بڵاوبكەنەوە لە بەرامبەر نوسراوى بەناوى (گروپێك) بە مانشێتى فەزیحەى ئەشكەوتى بەستون وەڵامێك بۆ قائیمقامى سۆران كەلە 21/2/2009 بڵاوتان كردۆتەوە.
سەرەتا من ئەمەوێ ئەوە بڵێم شتێكى زۆر پیرۆزو دڵخۆشكەرە كە كەسانێك هەن پەرۆشى مێژوو شوێنەوارى خۆیان بن، بەڵام ئەوەى لە وەڵامەكە خوێندومەوە نەكەس ناوى خۆى نوسیوەو نە سەردانى ئێمەشیان كردووە، بۆ ئەوەى چاكتر موناقەشەى ئەو كارە بكەین . پەرۆش بوون لەبارەى كارێكى وا نیشانەى دڵسۆزیەو مرۆڤ ئەگەر هیچ مەبەستێكى ترى نیە، دەتوانێ رووبەرووى هەركەسێ ببێتەوەو پێویست بە ترس ناكات ، بەڵام هەموو نوسراوێكى بێ ناو لە ئەنتەرنێت و سایتەكان رەنگە هێندەى دەچێتە خانەى دڵسۆزى فرۆشتن ، بەو ئەندازیە خزمەت بە ئامانجەكە ناكات ، بۆیە ئیستاش داوا دەكەم هەر برادەرێك مەبەستیەتى بەچاو لە بارەى ئەشكەوتى بەستونەوە دڵنیابێتەوە، بانگێشتى دەكەین سەردانمان بكەن و ئامادەم خۆم لەگەڵیان بچمە ئەو ئەشكەوتەو راستى نۆژەنكردنەوەكەى پیشان بدەین ، ئەگینا قسەكردن لە سایت و دەزگاكان بەبێ خۆناساندن پێم وانیە خزمەت بە هیچ قەزیەك بكات. لەلایەكى تر باسى شوێنەوارەكانى رواندز كراوە كە گوایە لەسەر ئەمرى پارێزگارى هەولێر تێك درابێ ، ئەوە هەوالێكى بێ بنەمایە ، چونكە خودى شارى رواندز هەر لە بەقەزا كردنەوەى تا ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەى ئێستا تێیدا جێ بەجێ دەكرێن ، بەسەر پەرشتى و بایەخى جەنابى پارێزگارە، كەخەریكە وەك شارێكى گەورەو جوان و رۆشنبیرى كەسایەتى خۆى بەدەست دێنێتەوە! ئەم ئاوەدان كردنەوەیە شوێنەوارەكانیش دەگرێتەوە، كە ئێستا (ئیس قەلا) پاش ئەوەى شورەى بۆكرا، بریارە لەسەر بودجەى پەرەپێدانى هەولێر دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوە لەسەرەتاى مانگى چوار، لیژنەى هونەریش لەو باریەوە دەست نیشان كراوە . ئەگەر مەبەستیش ئەوە بێ كاتێ لەگەڵ پرۆژەى ئاوى (سۆران _ بێخال) لە لۆفەكانى كاولۆكان شوێنەوار دەركەوت، راستە شوێنەوارێك كە ژورێك بوو لەژێر زەوى لەگەڵ پرۆژەكە دەركەوت، بەڵام خۆشبەختانە توانیمان بپارێزین و بەرنامە هەیە لە ئاییندە بە تیمى هونەرى تایبەت بە شوێنەوار لێى بكۆڵینەوە و بخرێتە بوارى نۆژەن كردنەوە.
جارێكى تر من بانگهێشتى هەر دڵسۆزێك دەكەم كە پەرۆشى خزمەتى ولات و دەڤەرەكەیانن، سەردانمان بكەن بە پێشنیارەكانیان بەشدارى لەو خزمەتە بكەن، نەك لەناو سایتەكان گومانى نابەجێیان هەبێ.
كرمانج عزەت
قائیمقامى قەزاى سۆران
22/2/2009