روونكردنەوەیەك لە گۆڤاری "ئیسرائیل-كورد" بۆ ڕای گشتی خەڵكی كوردستان- بۆ چێ هەرەشەمان لێدەكەن؟
Monday, 23/11/2009, 12:00
لە دوای دەرچوونی پینج ژمارە لە گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لە كوردستان و شكاندنی سەدەیەك لە بیدەنگی سەبارەت بە پەیوەندی مێژوویی نێوان گەڵی كورد و ئیسرائیل، دووبارە خەرێكە لە كوردستان گوشار و هەرەشەكانی هەندێك لایەنی بە ناو ئیسلامی و كۆمەڵێك كەسی بەكرێگیراوی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ستاف و بەریوەبەرانی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد زیارتر دەبێت، دیارە هەرەشەی كووشتن و تۆقاندن و رەفاندن كە بە پیێ یاسا دەچێیتە خانەی تێرۆر و تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان و ژیانی هاوڵاتیانی كوردستان.
بۆ هەموو ئەو لایەن وگروپانەی كە بەردەوام رۆژانە لەرێگەی تەلەفۆن و ئینتەرنیتەوە هەرەشەمان لێ دەكەن و بە شێوەیەكی بەردەوام لە هەولێ هاككردنی ماڵپەری دەزگای ئیسرائیل-كورد دانە و لە لایەكی تر هەرەشە لە رۆژنامەفرۆشەكانیش دەكەن كە نابێ گۆڤاری ئیسرائیل-كورد بلاوبكەنەوە،هەر لێرەوە وەك گۆڤاری ئیسرائیل-كورد دووبارەی دەكەینەوە كە هیچ هەرەشەیەك ناتۆانی ڕێگر بێ لەسەر هەوڵەكانمان بۆ دروستكردنی پردێكی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان گەڵی كورد و ئیسرائیلدا، بەتایبەتی ئەو گروپ و لایەنانەی كە ئێمەش تا رادەیەك لە نزیكەوە ئاگاداری جموجۆلەكانیانین و ئامانجەكانیان لە هەرەشەكردن بۆ سەر گۆڤاری ئیسرائیل-كورد روون و ئاشكرایە.
وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی هەندێك لایەنەوە، لە هەوڵی هەرەشە و گۆشار خستنە سەر ستاف و بەریوەبەرانی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد دانە لە كوردستان، ئێمە بۆ هەموو ئەو لایەنانە دووبارەی دەكەێنەوە كە گۆڤاری ئیسرائیل-كورد بە هیچ شێوەیەك لە هەوڵی ئەودا نییە كێشە و ناكۆكی دروست بكات بۆ سەر ئێران و باشتر وایە كە كۆماری ئیسلامیش لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیەكانی خۆیدا دەبێ و كۆتایی بە تێرۆر و ئیعدام و كووشتنی هاوڵاتیانی كورد بەهێنی.
سەرەرای ئەوەیش كە كورد بە بەردەوامی محكووم كراوە بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە، ئەو هەوڵدانەی ئێمە زیاتر بۆ ناساندن و راڤەكردنی ستراكتۆری سیاسی وڵاتی ئیسرائیل و دروستكردنی پردەێكی پەیوەندی دۆستانەیە لە نێوان گەڵی كورد و جوولەكەدا، لەگەڵ ئەوەش بۆ نزیكبونەوەو و دروستكردنی پردەێكە لە نێوان ئەو كوردانەی كە لە ئیسرائیل دەژێن، بوونی ژمارەیەكی زۆرلە شارۆمەندانی كورد لە ولاتی ئیسرائیل كە بەشێكی هەرە زۆری لە كوردستان بۆ هۆی گوشار و مەترسی گیانی و ماڵی كۆچیانكردوە بۆ وڵاتی ئیسرائیل،هەرچەندە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە لە عێراق كە كورد توانیوەیەتی ببێتە خاوەن حكوومەت و پەرلەمان و كوردستان رۆژبەرۆژ بەرەو سەقامگیری و ئارامی دەچێت.دروستبوونی هەر پەیوەندییەك لە نێوان كورد و ئیسرائیل بە ئاوایەكی فەرمی لەو قۆناغەی ئێستادا ترسێكی زۆری لای هەندیك لە ولاتانی دەوروبەر دروستكردوە.
بۆ ئێمە كورد لەو قۆناغەدا گرنگە و دەبێ بە شێوەیەكی زۆر ستراتێژیكی سەیری مەسەلەی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل بكەین، ئەوەیش بە شێوەی بزاڤێكی سیاسی و رۆشنبیری لەهەوڵی شكاندنی ئەو تابۆیە دابین كە ساڵانێكی زۆر لەسەر ئێمە فەرزكراوە،گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لەو ماوەیەدا توانیویەتی كە ئەو ترسەی ساڵانێكی زۆرە باڵی بەسەر شەقامی كوردیدا كێشاوە لەمەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان كورد و جوولەكە بشكێنی و شەقامی كوردیش لە گرنگی ئەو پەیوەندییە تا رادەیەكی بەرچاو ئاگادار بكاتەوە، هەرچەندە دەرچوونی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد لە ماوەیەكی كەمدا لە كوردستاندا توانیویتی سنوورە لۆكالیەكانی میدیای كوردی دەرباز بكات، بۆیە هیچ ترس و هەرەشەیەك لەلایەن هەركەس و گروپێكەوە بێ ناتۆانی ببێتە لەمپەر لەپێش پێشكەوتنەكانی گۆڤارەكەمان. و داوا لە سەندێكای رۆژنامەنووسان و هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین كە لە ئاست پێشلكردنی مافی ئازادی رادەربرین و تێرۆری بیروبۆچوونە جیاوازەكان بێدەنگ نەبن.
بۆحكوومەتی هەرێمی كوردستان
بۆهەموو دەزگاكانی راگەیاندن
بۆ لایەنە پەیوەندییەدارەكان
خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ئیسرائیل-كورد 2009/11/19
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست