کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دروستكردنى ڕاى گشتى ... بە بوكەڵەى دەمامكدار ناكرێت!!!...

Tuesday, 19/06/2012, 12:00







ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ئه‌و هێزه‌یه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌له‌،هاوتا یاخود زاڵه‌ به‌سه‌ر هێزی حوكمه‌ت....

به‌كارهێنانی زاراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ، نه‌ك به‌ته‌نها كاریگه‌ری هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌رگشتاندنی مه‌عریفه‌ و هۆشیاری و ڕۆشنفكریی هه‌یه‌، به‌ڵكه‌ له‌ پێكهێنانی ڕاو بۆچون ، دروستكردن و ئاراسته‌كردنی ڕای گشتی ، خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كان دوا جار وه‌گه‌ڕخستنی مه‌سه‌له‌ چاره‌نوسازه‌كان ، به‌جۆرێك نوێنه‌رایه‌تی حوكمه‌ت له‌لای گه‌ل ، نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل له‌لای حوكمه‌ت، نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌كان له‌لای یه‌كتر ده‌خاته‌ ڕوو.
له‌وانه‌یه‌ ، بپرسن سیستمی گشتی چیه‌؟!....
لای(هۆریۆ) سیستمی گشتی واته‌ : نه‌مانی فه‌وزا و دڵه‌ ڕاوكێ... به‌ گشتی سیستمی گشتی برێتیه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هاوبه‌ش له‌ نێو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ، له‌ زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا ، سه‌لامه‌تی ئه‌و سیسته‌مه‌ به‌جۆرێك هه‌موان له‌سه‌ری كۆكن... پێكهاته‌ی سیستمی گشتی سێ كوچكه‌یه‌ك پێكهاته‌یه‌تی (ئاسایشی گشتی ، ئارامی گشتی ، ته‌ندروستی گشتی)...
لێره‌وه‌ ، ڕایه‌ڵه‌ی ته‌ندروست و بنیاتنه‌ر له‌ نێوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و پاراستنی سه‌رو ماڵی ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كانی تایبه‌ت ، ده‌كرێ به‌ سێ ئاراسته‌ی ڕاسته‌وخۆ پێكبه‌ستی ئه‌داو میكانیزمی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان سێ دیدگه‌ بگرێته‌ خۆ:
١/ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌ ڕوانگه‌ی پاراستنی سیستمی گشتی به‌ هێزكردنی پێگه‌ی ئه‌و سیستمه‌ ، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
٢/ پارێزگاری سه‌روماڵ و گیانی هاوڵاتی له‌لایه‌ك ، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پاراستنی سه‌روماڵی گشتی و تایبه‌ت ، گره‌نتی پاراستنی له‌ هه‌ر ده‌ست درێژیه‌ك كه‌سه‌لامه‌تی بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.
٣/هه‌وڵدان بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ ئه‌نجامدانی تاوان ، گرتنه‌به‌ری ڕێو شوێنی یاسایی تایبه‌ت بۆ ده‌سگیركردنی تاوانبار.
گه‌ر ئه‌وانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ ئه‌ركی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بێت ، ده‌شێ وه‌ك ده‌رئه‌نجامێك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م به‌ گشت هۆكاره‌كانی سه‌لامه‌تی ، پارێزه‌ری ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بێت، گه‌ر (مۆنتیسیكۆ) و بیردۆزه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ داڕشتنی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی (ته‌شریعی ، ڕاپه‌ڕاندن ، دادوه‌ری) پێكبه‌ست و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و چۆنیه‌تی چاودێری له‌نێوانیاندا دیاری كرد بێ ، ئه‌وا (ئه‌دمۆند برۆك) داهێنانێكی تری له‌ ده‌سه‌ڵاتدا هێنایه‌ كایه‌وه‌ ئه‌ویش بانگه‌شه‌ ی له‌ دایك بونی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بوو ، سه‌نگ و قورسایی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌م جۆره‌ شونا س كرد(له‌ ژێر ڕه‌شماڵی په‌رله‌ماندا، سێ ده‌سه‌ڵات كۆبونه‌ته‌وه‌ ... وه‌لێ له‌ هۆڵی په‌یامنێراندا ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م دانیشتووه‌، كه‌ له‌ هه‌مویان گه‌وره‌تره‌).
پله‌به‌ندی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌ ترۆپكدا خۆ ده‌بینێته‌وه‌ ، چونكه‌ نوێنه‌رایه‌تی گه‌ل ده‌كات.
ڕۆژنامه‌نوسی داهێنه‌ر ، هه‌رده‌م واقیع مه‌نتیقیانه‌ شرۆڤه‌ ده‌كات ، ئازاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ ستونێكدا ، له‌ به‌ دواچونێكدا ، له‌ ڕاپۆرتێكدا ، له‌ هه‌واڵ و زانیاریه‌كی پێش وه‌ختا گورچك بڕ ده‌سه‌ڵات و ئه‌دای كاربه‌ده‌ستان پله‌ به‌ند ده‌كات.. ئیتر میسداقیه‌ت ناونیشانی ئه‌و پرده‌یه‌ كه‌ دووجه‌مسه‌ری گه‌ل و ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م پێك ده‌به‌ستێت .
قه‌یرانی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ، وه‌ك گشت قه‌یرانه‌كانی تر مه‌حسوسه‌ ، ڕاستیه‌كان خۆیان ده‌دوێن ، ئه‌وانه‌ی له‌ خه‌می میلله‌تا ده‌روێشانه‌ توێشه‌به‌ره‌ی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كسانی و ئازادی مرۆڤیان له‌ كۆڵ ناوه‌ باجی جۆراو جۆر له‌سه‌ر ڕێیان مۆته‌كه‌ ئاسا جه‌هل و جه‌هاله‌ت ڕێگه‌یان پێده‌گرێت ، سه‌رو ماڵ و گیانیان هه‌رده‌م كۆچی قوربانی خاك ونیشتمانیانه‌ ...
بودجە قوتى خەڵكە... بودجە كەلێن و كەلەبەرى تێدایە... ئەوە زیاتر لە هەشت مانگە بۆ ورتە لەدەمى كەس نایەت؟!...
ئێوە بە دەردى دەسەڵات چونە، كەوتونەتە نێو زۆنگى بەكاربەرى دەسەڵاتەوە، قورسە كەسانێك پێیەكى ئازادو ئەهلیە، پێیەكى ئۆپۆزسیۆن و ئەهلیە، ئامادەى دیدارو كۆبونەوەو خوانى دەسەڵات بێت، حیكایەتى گوێ ئاگردان و حیكایەتى مێش بۆ خەڵكى بگێڕێتەوە!!!...
ئێستا داكۆكیكەرى سەرسەختى قوتى خەڵكى بێت!!!...بانگەشەى باوەڕبون بە بەرژەوەندى گشتى بكات!!!...
خوازیارم... گشت چین و توێژەكانى هەرێمى كوردستان بەقسەى ئەم گروپە فریو نەخۆن، 17ى شوباتان بیرچوو؟!!... مناڵى خەڵكى بۆ مەرامى تایبەتى خۆتان خەڵتانى خوێن مەكەن...
یەقین و دیدم وەهایە ، هەرگیز هەرگیز ئێوە نابنە پردو ڕایەڵەى تەندروست لە نێوان خەڵك و حوكمەت و سیستمى سیاسى ساغڵەم!!... چونكە ئێوەش بەشێكن لە پەزو دوگى دەسەڵات!!...
كەمپینى خۆپیشاندان لەسەر دەستى ئێوە ، مەشهەدو سیناریۆیەكى مەكشوف و بەهەدەردانى كات و لەخزمەت مانەوەى دەستەگەرایى و تیپ تیپێن زیاتر لەوە بترازێ كەوتنە خوارەوەى دەمامكى بوكەڵەو قەرەقۆزەكانە ، كە دیدیان وایە ئەمان پێشڕەوایەتى میللەتن بۆ هێنانە كایەى ڕاى گشتى و ئاراستەكردنى!!!....
ئەوە بزانن... دروستكردنى ڕاى گشتى ...بەبوكەڵەى دەمامكدار ناكرێت!!!...








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە