کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سیناریۆى كوشتى منداڵ لە خۆپیشاندانەكانى كوردستان چیە ؟

Sunday, 27/02/2011, 12:00




 
دواى دەست پێ كردنى خۆپیشاندانەكانى 17 _ 2 و هێرشەكانى سەربارەگاى پارتى بەناو دیموكراتى كوردستان بینیمان ئەوانەى كە كرانە نیشانى تفەنگەكانى دەسەڵات بە بریندارو شەهیدەكانیشەوە زۆربەیان تەمەنیان لە خواروى هەژدە ساڵەوەیە لە كاك ڕێژوانى شەهیدەوە تا گەرمیانى خوێن گەرم و بێ تاوان رەنگە شەهید بوونى ئەم كەسانە كەتەمەنیان لە خوارووى هەژدە ساڵەوەیە بوبێتە جێگەى تێڕامان و سەرنجى هەموومانى بۆلاى خۆى راكێشابێت ئاخۆ بۆچى لە نێو ئاپۆڕاى خۆپیشاندەراندا ئەم منداڵ و مێرد مندالانە دەبنە نیشان ئایە ئەو فیشەكانەى كە بە نێو جەماوەرى خۆبیشاندەراندا دەكرێت بۆ بڵاوە پێكردنیان بۆچى تەنها ئەو منداڵانەى بەردەكەوێت ؟
پێش ئەوەى ئەم سیناریۆیە ئاشكرا بكەین یان وەڵامى ئەم پرسیارە بدەینەوە من دادوەرنیم تاوەكو بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدەم وە لیژنەى لێكۆلینەوەش نیم تاوەكو لێكۆلینەوە لەم بابەتەدا بكەم بەڵكو ئەوەى لە باسەدا دیارە زۆر ئاشكرایەو پێویستى بەدادوەرو لیژنەى لێ كۆلینەوە نیە چونكە سیناریۆى ئەم بابەتە ئەوەیە كە دەسەڵات بەتایبەتى پارتى لەیەكەم ڕۆژى دەست پێكردنى خۆپیشاندانەكەوە ویستى خۆپیشاندانەكە بە بچوكى پیشانى دەرەوەى بدات بۆیە هەستا بەكوشتنى منداڵ و مێرد منداڵ تاوەكو بە خەڵكى كوردستان و دەرەوەى كوردستانیش بڵێت ئەوەتا ئەوانەى لەم خۆپیشاندانانەدا بەشداریان كردوە تەنها منداڵ و مێرد منداڵن بەڵام لەبیرى چوو چاوە كوێرەكانى دەسەڵات ئەم هەموو ڕۆشنبیرو ڕۆژنامە نووس و ڕوناكبیرانەى ناوخۆ و دەرەوەى كوردستانى نەبینى كە پاڵپشتى خۆیان بۆداواكانى گەل دوپات دەكردەوە ئاخر برایان چى تاوانێكە كوشتنى منداڵ نازانم ئەمە بەچى یاسایەك ڕێگە بەخۆیان دەدەن ؟ بەچى شێوەیەك خوێنى منداڵى كورد حەڵال دەكەن ؟ ئەى مافى مندال بۆكوێ چوو ؟
لە 20 ى نۆڤەمبەرى ساڵى 1989 دەستەى گشتى نەتەوە یەكگرتوەكان یاساى مافى منداڵى دەركرد ئەو یاسایە لە 2 ى سێپتەمبەرى ساڵى 1990ەو خرایە بوارى جێ بەجێ كردنەوە بەگوێرەى مادەى 49ى ڕێكخراوى نەتەوە یەكگرتوەكان وەتاوەكو ئێستا 109 ووڵات واژۆى لەسەر كردوە كە عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانە ئەم یاسایە لە 54 مادە پێك هاتوە .
لەدیباجەى یاساكەدا پێناسەى منداڵ دەكات و دەڵێت منداڵ ئەو كەسەیە كەتەمەنى لە خواروى هەژدە ساڵەوە بێت و وەباڵغ نەبوبێت .دواتر ئەگەر مادەكانى ئەم ڕێكەوتنامەیە بخوێنینەوە ئەوە دەردەكەوێت ئەوەى لە كوردستان دەگوزەرێت پێشێلكارییەكى ڕون و ئاشكرایە بەرامبەر بەمنداڵان مادەكان زۆرن من لێرەدا ناتوانم ئاماژە بۆ هەمویان بكەم بەڵام ئەو كەسانەى كەیاساناس و خوێنەرن دەتوانن تەماشاى ئەو مادانە بكەن بەتایبەتى مادەكانى 11و 12 و 13 و 14 و 15 و 16 كە بەئاشكرا و بێ تەئویل كردن باس لەوە دەكات كە منداڵ مافى خۆیەتى بۆچونى تایبەتى خۆى هەبێت و نابێت بەهیچ شێوەیەك ڕووبەڕوى ترس و تۆقاندن و ببێتەوە تەنانەت بەڕوونتر لەمادەى 13دا ئاماژەى بۆ كراوە تەنها لە كاتێكدا نەبَت كە بۆت هەیە ئیجرائاتى یاسایى لەگەل منداڵدا بكرێت ئەویش لەو كاتەدا كە بۆچونەكانى شێوەیەكبن كە هێرش بێت بۆ بۆچونى بەرامبەرو برینداركردنى هەستى بەرامبەر وەیان هێرش كردن بێت بۆسەر ئاسایشى ووڵات .
بۆیە ئەوانەى لە كوردستان تەقە لەمنداڵ دەكەن و ئەو بێتاوانانە دەكوژن و شەهیدیان دەكەن ڕەنگە لە ڕوانگەى مادەى 13ى ئەو رێكەوتنامەى نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ئەو كارە بكەن لە كۆتایى بابەتەكەمدا من پێشنیارێك دەكەم بۆ بەناو سەرۆكى هەرێم كە جوان ئەو مادانەى مافى منداڵان بخوێنێتەوە و چیتر نەهێڵێت منداڵى بێتاوانى كورد شەهید بكرێت چونكە ئەوەى كە منداڵى خەڵكى كوشت منداڵى خۆشى كوژرا ئەوەى كە ئافرەتى خەڵكى هەتك كرد ئافرەتى خۆى هەتك كرا ئەوەى كە لە ڕۆژى چەژندا خەڵكى لە سێدارەدا خۆشیان لە ڕۆژى جەژن لە سێدارەدا .
وەئەگەر هەربەردەوامیش دەبن لەسەر ئەم كارە قێزەونانەتان ئەوە خۆتان یەكلایى بكەنەوە وەكو حكومەتى هەرێم داوا بكەن لە ڕێگەى حكومەتى مەركەزییەوە كە هەرێمى كوردستان پاشەكشێ بكات لەو ڕێكەوتن نامەیە چونكە بە گوێرەى مادەى 52 ى ئەو ڕێكەوتن نامەیە هەروولاِتێك بیەوێت پاشەكشێ بكات دەتوانێن نامەیەك ئاراستەى سەرۆكى نەتوە یەكگرتوەكان بكات بۆ ئەو مەبەستە .
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە