چەند پارتێکی رۆژھەڵات لەدژی پەژاک یەکیان گرت
Thursday, 25/07/2013, 12:00
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی نەتەوەییدا لەپیرمام ماوەی دوو رۆژ بۆ دەستنیشانکردنی لیژنەی ئامادەکار درا بە ھەموو بەشەکان و بۆ رۆژھەڵاتی کوردستانیش رێژەی (٥) کەس بۆ لیژنەکە دیاری کرا, لە کۆبونەوەیەکیاندا چەند پارتێکی رۆژھەڵاتی کوردستان کە تا ئێستاکە ھیچ ھاودەنگییەکیان نەبووە, لەدژی پارتی ژیانی ئازاد پەژاک یەکیان گرت .
ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک لەمیدیاکان و راگەیەندنەکانی سەر بە چەند پارتی رۆژھەڵاتی کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بۆ دەستنیشان کردنی کۆمیتەی (٥) کەسی رۆژھەڵاتی کوردستان پێکەوە کۆبوونەوەتەوەو پەژاک یان لەئەندامێتی کۆمیتەکە دوورخستووەتەوە .
لەو بارەیەوە ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەژاک لە لێدوانێک دا بە ANFی راگەیاند :" بە ھۆی نادیموکراتی بوونی کۆبوونەوەی ھاوبەشی پارتە رۆژھەڵاتییەکان، لەکۆبوونەوەکەدا دەرکەوتوون ."
(باران بێریتان) ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندی دیپلۆماسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لەدیدارێکی تایبەت لەگەڵ پەیامنێری ANF ، وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی ھاوبەشی پارتە رۆژھەڵاتییەکانی کوردستان و ھەوڵەکانی ئەو پارتە بۆ سڕینەوەی پەژاک لەکۆمێتەی ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسی نەتەوەیی خستەڕوو .
کۆبوونەوەی (٥) پارتی کۆمەڵە و دیموکرات لەکۆیە بۆ دوورخستنەوەی پەژاک ە
باران بێریتان بە پەیامنێری ANFی راگەیاند: "رۆژێک پێش کۆبوونەوەی ئامادەکاری (کۆنفڕانسی نەتەوەیی کوردان) کە لەناوەندی سەرۆکایەتی ھەرێمی باشووری کوردستان لەشاری (سەلاحەدین) بە ئامادەبوونی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی ھەر چواربەشی کوردستان بەڕێوە چوو ، ھەر دوو پارتی دیموکراتی رۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتی (مستەفا ھجری و خالد عەزیزی) ھاوکات لەگەڵ ھەر سێ لقی پارتی کۆمەڵە (عومەر ئیلخانی زادە، ئیبراھیم عەلی زادە و عەبدولڵا موھتەدی) لەشاری کۆیە کۆبوونەتەوە . ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو پارتانە بەو شێوەیەی دژی یەکن کە ھیچ کاتێک ئامادەی رێککەوتن و کۆبوونەوەی چەند لایەنە لەگەڵ یەکدی دا نیین، بەڵام کاتێک کە بابەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) دێتە ئاراوە، بە مەبەستی دژایەتی کردن لەگەڵ پەژاک زۆر بە ئاسانی کۆدەبنەوە ".
باران بێریتان وتیشی: "ئامانجی سەرەکی ئەو (٥) پارتە ئەوەیە کە بە پیلانیکی ھاوبەش پەژاک لەکۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفڕانس دووربخەنەوە . ئەوانە جارێکی تر لە جێگای پەرەدان بە دیموکراسی و بە ئامانج کردنی بەرژەوەندی گەلی کورد بیر لەحیزبگەرایی و دەسەڵاتداری خۆیان دەکەنەوە ".
پشکی رۆژھەڵاتی کوردستان، (٥) ئەندامە
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو پارتانە ھاتوونەتە شاری سەلاحەدین و لەکۆبوونەوەی ئامادەکاری کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورد بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، بەشداریان کرد . لەو کۆبوونەوەدا بڕیار درا کە کۆمیتەی بەڕێوەبەری پێکھاتووە لە (٢١) کەس لەھەر چواربەشی کوردستان و ئەوروپا . ئەو کۆمیتە پێویستە ئامادەکارییەکانی کۆنفڕانسی نەتەوەیی کورد بکات کە بڕیارە لەماوەی مانگێکدا بەڕێوە بچێت ، لەکۆتایی کۆبوونەوەی ئامادەکاری لەسەلاحەدین، کۆمیتەی گشتی کۆنفڕانسەکە رایگەیاند: "پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەتوانن نێوان خۆیان کۆببنەوە و لەرێگای رێکەوتنی چەند لایەنە و یان بە ھەر شێوەیەکی تر ئەو (٥) کەس دەستنیشان بکەن، بەڵام کۆمیتەی گشتی بەڕێوەبەری کۆنفڕانسی نەتەوەیی بێ ئاگایی خۆی لەو بابەتە راگەیاند کە پارتەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لەشاری کۆیە پێشتر بە شێوەیەکی فێڵبازانە کۆبوونەتەوە و ئامانجێکی تریان ھەیە ".
بانگەشەی ھەندێک لەمیدیاکان دژی پەژاک
چەند میدیاو راگەیاندنەکانی سەر بە پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بانگەشەیان کردووە کە لەکۆبوونەوەی ھاوبەشی پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، سەرجەم پارتەکان دەنگیان بە پەژاک نەداوەو بە ئەندامێتی پەژاک لەکۆمیتەکەدا ناڕەزاییان دەربڕیوە . ھەمان ئەو سەرچاوانە بانگەشەیان کردووە کە پەژاک بەو ھۆیەوە کۆبوونەوەکەی بەجێھێشتووە . باران بێریتان لەوبارەوە رایگەیاند: "ئەندامانی پەژاک ئەو کۆبوونەوەیان بەو ھۆیەوە جێھێشتووە کە نادیموکراتیانە بووە و سەرجەم پارت و لایەنەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان تێیدا بەشداریان نەکردووە و ئامانجی ئەو پارتانەش تەنیا دوورکردنەوەی پەژاک بەشێوەیەکی فێڵبازانەیە ".
کۆمیتەی ئێستای رۆژھەڵات رەوایەتی نییە
باران برێتانی ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی پەژاک وتیشی: "دوو رۆژ پێش کۆبوونەوەی ھاوبەشی پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، پارتەکانی کۆمەڵە و دیموکرات ویستیان بە شێوەیەک پەژاک لەکۆمیتەی بەڕێوەبەری رۆژھەڵاتی کوردستان دووربخەنەوە . بەڵام بە تێپەڕبوونی کاتژمێرێک بە سەر کۆبوونەوەکەدا و دەرکەوتنی ئەو پارتانە لە کۆبوونەوەی مەسیف (سەلاحەدین) ھەڤاڵانمان راپۆرت و زانیارییەکانی پێویستیان دا بە کۆمیتەی گشتی بەڕێوەبەری کۆنفڕانسەکە . کۆمیتەی بەڕێوەبەری گشتی کە پێکھاتووە لە کەجەکە ، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتەکانی تری چواربەشی کوردستان، رایانگەیاند کە پێشتر قسەمان کردووەو گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامە کەدروست کردنی کۆمیتەی رۆژھەڵاتی کوردستان بە بێ ئامادەبوونی پەژاک و ھەندێک لەپارتەکانی تری رۆژھەڵاتی کوردستان مومکین نییە بە شێوەیەکی دیموکراتیانە کۆمیتەکە دەستنیشان بکرَت. بەو ھۆیەوە دوای کاتژمێرێک لەدەرکەوتنی پارتەکانی کۆمەڵە و دیموکرات لەمەسیف، ئەو کۆمیتەیەی کە لەسەری رێککەوتن دروست بووە، لەلایەن کۆمیتەی گشتی کۆنفڕانسەوە رەتکرایەوە کە ئێستاش رەوایەتی نییە ".
باران بێریتان لەکۆتایی دا وتی: "ئێستاش کۆمیتەی گشتی بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسەکە لەسەر دروستبوونی کۆمیتەی (٥) کەسی رۆژھەڵاتی کوردستان لەدیالۆگ دایە و رایانگەیاندووە پێویستە بۆ دروستبوونی کۆمیتەکە جارێکی تر پارتە رۆژھەڵاتیەکان کۆببنەوە . ئەگەرێکی زۆر لە ئارادایە کە تا (٢٤) کاتژمێری داھاتوو دوومین کۆبوونەوەی پارتەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێوە بچێت و کۆمیتەی نوێ بە شێوەیەکی دیموکراتیانە دەستنیشان بکرێت ".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست