نەسرین حەق دەڵێت ژنینە بۆ خەبەرتان نابێتەوە
Sunday, 15/11/2009, 12:00
رەنگبێت زۆرێك هەبن وا بیر بكەنەوە و پێیان وابێت كە ئەوەی دەرهەق بە چۆنیەتی ژنهێنانی دوەمی عەلی باپیرەوە گوتراوە لەوەی كە پاساوی هەن، خراپیان گوت. ئاخر خۆ من هەتا تەواو نەچومە بنج و بنەوانی مەسەلەكەوە و لە رێی خزمێكی ئەمیرەوە راستییەكانم بۆ دەرنەكەوتن نەچوومە ژێر كاریگەری ئەو داكۆكیارەی (نەسرین كەمال) كە دەیهەوێت چیدیكە ژنانی وڵاتەكەی وەك كۆیلە و خزمەتكار سەیر نەكرێن.
بۆیە منیش وەك هاورەگەز و خەمخۆرێكی بواری ژنی بەدبەختی ئەم وڵاتە رووی قسەم لە چالاكوانانی مافەكانی ژن دەكەم و دەڵێم: بۆ ئەوەی رووی راستی و پاساوەكانی عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵ بزانن بفەرموون لە دەرگەی ماڵیان بدەن و لێكۆڵینەوە بكەن تا چیتر بەشێكی پیاوانی كورد لەژێر هەر پاساوێك بێت بۆ مەبەستی تێركردنی حەزە شەهوانییەكانیان بێڕێزی بە ژنەكانیان نەكەن.
ئاخر من لە پەستبوونی نەسرین تێدەگەم و دەزانم كە خەمی ژنی وڵاتەكەی خۆی لەكۆڵ ناوە و دڵنیام بەقەدەر ژنێك كە بێگوناهە و ستەم دیتەیە ئازار دەچێژێ كاتێك دەبیسێ ژنێك بەسەر یەكێك یان دووی ترەوە چووە. خۆ ئەو هەقیەتی ویژدانی دار و بەرد بە ئاگا بهێنێ لەوەی بۆ دەبێ لە وەها كارێكی نامرۆڤانەدا بە تایبەت مەهاباد قەرەداغی و نەزەند بەگی خان كە بوێر و سەركردەن، وە زۆر لە ژن و كچە كوردی تر لە بواری پاراستن و داكۆكیكردنی مافی ئافرەت بێدەنگبن.
دیسانەوە من لە ئازاری هەموو نەسرینەكان وا تێدەگەم ئەگەر عەلی باپیر سەركردەش بێ خۆ ئێستا لە هەرێم یاسا هەیە و دەكرێ لێی بكۆڵرێتەوە. رەنگە بڵێم خوانەكا بێدەنگی ژنە رۆشنبیر و قەڵم بە دەستان ترسیان لەوە بێ كە عەلی باپیر حزبی هەیە و دەسەڵاتدارە، چونكە بۆ ئەمەش كوردستان هێندە سەقامگیرە وانازانم بەر بە لێپرسینەوە بگیرێ، ترسیشی ناوێ هەی خەمخۆرانی كۆمەڵگەی مەدەن!. ئەی بۆچی بێدەنگن منیش وەك نەسرین نازنم. بەڵام منیش دیڵێمەوە ئێوە ئەی داكۆكیكارانی مافی ژن و ئافرەت، ئەی ژن و پیاوە یەكسانیخوازەكانی كوردستان، ئەی ئەوانەی كە لە رێی نووسن و قسەی پانپانی سەر مێزەكانتانەوە كە تا ئێستا لە گوێچكەماندا دەزرگێنەوە قبوڵ مەكەن بە بەرچاوتانەوە ستەم بەرامەر بە ئێمەی ئافرەت و ژن زیاتر درێژە بكێشێ. قۆڵ هەڵماڵن و با لە سەركردەیەكەوە دەست پێ بكەین كە لە جیاتی لەكۆڵ نانی خەمی وڵاتەكەی، لە جیاتی خەمی كەركوك بیر لە تێركردنی ئەندامی نێرینەی دەكاتەوە، وەرن و با رێگر بین و م عەلی باپیرە ئەدەسپێكێك بێت بۆ هەموو ئەو پیاوانەی رەگەزی بەرامبەر تەنیا وەك كاڵایەك سەیر دەكەن. وەرن و دەنگ بخەنە پاڵ دەنگمانەوە با چیتر ئێمەی بەناو نیوەی كۆمەڵ ئێمەی دایك ئێمەی قوتابخانە چیتر بە چاوی كەرەسەیەك بۆ خاوبوونەوەی هەوەسبازی پیاوان لێمان نەروانرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست