بەرێزم / كاك مستەفاى حەسەنە گەورە : رووداوەكان ئاوا تێك هەڵكێش ناكرێن ...!
Monday, 15/06/2009, 12:00
كاك مستەفاى حەسەن گەورە ناوێكى ناسراو و بەرگریكارێكى مرۆڤدوستانەى دیارە ، زۆر دەمێكە دژى زوڵم و زۆرى و ناعەدالەتى دەجەنگێ و بەردەوام لەخەمى میللەت و گەلەكەی دابوە ، ئەمڕۆ لە سایتى كوردستانپۆستى ئازیزدا چاو بەنوسینێكى ئەو بەرێزە كەوت بەناونیشانى (كوردستانپۆست بەرەو كوێ) كە تێیدا چەند بابەتێكى كۆن ونوێی خستۆتە ڕوو ، كە ئەم سەرنجانەى لا دروست كردم ، هیوادارم وەك كەسێكى نێو رووداو و بەئاگا لە كارەسات و رووداوەكان و ئاڵوگۆڕەكانى نێو كوردستان لێمى قبوڵ بكا و هەر وەڵامێكیشى هەبێ بەسەنگێكى فراوانەوە لێی وەرئەگرم .
سەرەتا من لە راو بۆچوونى جەنابتان بێ ئاگا نیم و دڵنیام كە تاسەر ئێسقان دژى دەسەلاتە گەندەڵەكەى پارتى و یەكێتییت و كەسێكى شێلگیرانە و دڵسۆزانە لەخەمى گەورەى میللەتەكەت دایت .
ماركس لە نوسینێكیدا وتوویەتى : (گرانترین كارێك ئەوەیە لە دنیاى تیوریەوە دابەزیتە نێو دنیاى كردارى) . بۆیە دوور لەتۆ مەرج نیە ئەوەى تاسەر ئێسقانیش دژى گەندەڵى بێ ، لە كردار و رەفتاریشیدا وابێت ، ئەگەر وابێ هەموو سەركردەو بنكردەكانى پارتى و یەكێتیی تاسەر ئێسقان دژى گەندەڵین چونكە ئەوانیش وا ئەڵێن ؟ ئەم نموونە یەم بۆیە هێنایەوە چونكە وا تێ ئەگەم ئەمە نوسینى مستەفاى حەسەنە گەورەنیە ؟ ئەم بۆچوون و لێكدانەوە تەمومژاوى و رووداوە نادروست تێك هەڵكێشانە لەگەڵ یەكترى بۆ هزر و تێڕوانینى تۆ وەك شتێكى نامۆ و نوێیە لام ؟ بۆیە بەپێویستم زانى ئەم روونكردنەوە وەڵام ئامێزە بخەمە روو :
بزووتنەوەى جوتیاران كۆمەڵێ خەڵكێكى خاوەن بۆچوون و بیروڕاى جیاواز بوون ، لەڕووى چیانەیەتیشەوە سەر بەچین و توێژى جیاجیا بوون ، هەموویان لایەنگریان بۆحزبێك لە حزبەكان هەبوو وەك (یەكێتیی ، پارتى ، شیوعى ، پەكەكە) سەرەتا یەكێتى پشتگیرى زۆرى كردن تا سەرجەم ئاغا میراودەلیەكان لە پشدەر دەرپەڕاند و ماڵاكانیان تاڵان كردن و هەندێ ماڵیشیان سوتاند ! ئاغاكان لەگوندێكى سەر سنوور مانە ، لەوكاتەدا ئێران پێشنیارى زۆر گەورەى بۆ ئاغاكان خستە روو وەك (هێزیان بۆ دروست بكات ، گومرگى ئەو سنوورە بخاتە ژێر دەستیان ، ماڵوحاڵیان بۆ دابنێتەوە و بینكات بە هێزى باڵادەست لەناوچەكە بەمەرجێ دژى یەكێتیی نیشتمانى شەڕبكەن) كە ئەو كاتە شەڕ لەو سنورە زۆر گەرم بوو، بەڵام ئاغاكان ئەم پێشنیارەى ئێرانیان رەتكردەوە . دواتر یەكێتیی و بزووتنەوەى جوتیاران نێوانیان تێكچوو تا لەئەنجامدا لە سنوورەكە لێكى هەڵوەشاندن و ئاغاكان بوونەوە بە هێزێكى باش لەناو یەكێتیدا . رووداوەكان ئەبێ لەگەڵ بارودۆخە هەڵبسەنگێنرێ ، كەبەشێوەیەكى گشتى زنجیرەیەك رووداوى خراپ و هەڵەبوون و نواندى ئەم زەبروزەنگە كۆتایی بە زەمینە و هۆكارەكانى مانەوەى دەسەڵاتى ئاغا و خێڵ و ئەو سیستەمەى لەگەڵ مانەوەیاندایە ناهێنێ و ئەمانە زیاتر ئەچنە كارى تەسفیەى جەسەدى نەك فكرى !
كوشتنى (مامۆستا ئەمین) كارێكى پڕ هەڵە و رووداوێكى زۆر خراپ بوو ، نەئەبوو یەكێتیی رێگەى ئەوە بدا كارەكان بگاتە ئەو قۆناغە ، بەڵام بۆ زانیاریت مامۆستا ئەمین لەناو مەڵبەندا گووللە باران نەكراوە !
بەڵام نابێ ئەوەش لەبیر بكەین تاڵانكردن و ماڵ سووتاندنیش لەلایەن جوتیارەكانەوە كارێكى جوان و باش نەبوو ، بۆیە سەرجەم رووداوەكە رووداوێكى ناكامڵ و هەڵچوون و هەرەزەیی زۆرى پێوە دیار بوو ، هەردوولا هەڵەو كەم و كورتیان هەبوو . بەڵام ئەوەى ئێستا جێی پرسیار و تێڕامانە هێنانەوەى وەڵامە نموونەیەكە كەپێش 14 ساڵ لەمەوبەر بەپێی قسەى جەنابتان كە كاك نەوشیروان دەربارەى ئەو بزووتنەوە قسەیەكى واى كردبێ گوایە دەستێكى لەپیشتە ؟
بەڵام بزووتنەوەیەك و پێكهاتەیەك بەشێكى لایەنگرو ئەندامى یەكێتیی و بەشێكى هى پارتى و بەشێكى هى حزبى شیوعى و هەندێكى لەژێر كاریگەرى بۆچوونەكانى پەكەكە دابێ ، ئەوەندەى كە ئەزانرا ئایا تۆ گومان لەوەكەى كە دەستیان لە پشت نەبوبێ ؟ ئایا بزووتنەوەكە سەربەخۆ و بێ لایەن بوو ؟ ئەوا گریمان قسەكەى تۆ راستە ، ئایا دواى 14 ساڵ و دواى چەندین ئاڵوگۆڕى و گۆڕان و رووداوى گەورەى جیهانى و ناوچەیی و كوردستانى تۆ بڵێی كاریگەرى و نەخشی خۆى لەسەر نەك كاك نەوشیروان بەڵكە لەسەر خەڵكى ئاسایش دانەنابێ ؟ لەوساوە دەیان كادرى یەكێتیی بۆتە پارتى و دەیانى پارتى بۆتە یەكێتیی و دەیان شیوعى بۆتە پارتى و یەكێتیی كە زەمانێك بوو هەریەك لەمانە بەخوێنى حزبەكەى بەرامبەرى تینوو بوو ! جگە لەوەش تەنها وەڵام و قسەیەكى ئاوا لە بارودۆخێكى هەستیاری وەك ئەو كاتە ناكرێ بكرێتە مەحەك و بۆ هەتاهەتایە هەرچى ببێت بڵێین ئەى ئەو كاتە و ئەو ساڵە وانەبوو یا ئێستاى پێ بپێوین ، ئەمە ئەو رێچكە پڕ هەڵدێرەیە كە ئێستا جار جارە لێرە و لەوى هەندێ خەڵكى تریش هەمان برینى كولاندبۆوە كە دیارە ئەم وتانە بەچ مەبەست وبۆ چ كارێك دەسەڵات و هەندێ قین لەدڵ گرتیانە بەر ، نامەوێ ئەوە سەد لە سەد بەسەر تۆدا بسەپێنم بەڵام هێنانەوەى قسەیەكى ئەگەر كرابێ هى پێش 14 ساڵ لەمەو بەر من نازانم هەر بەخۆت ئەڵێم تۆ ئەیخەیتە چ خانەیەكى ئێستاوە ؟ رووداوەكان ، كارەساتەكان زۆر لەوە گەورەتر و پڕ زامترن كە بگەڕێنەوە سەریان ، بەڵام ئیمڕۆ لە دووڕیانێكى چارەنووساز و قۆناغێكى مەترسیداردا ئەژین كەئەشێ لوتكەى هەموو ئەو هەوڵ و تێكۆشانە ى هەزارانى وەكو من تۆ بگێڕێتەوە بۆ خاڵى سەرەتا یا ئەوەتا كەمێ خەم و ئازارەكانمان سوك ئەكا و سنوورێك بۆ ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و بێ ناوەڕۆكە مرۆڤایەتیە دائەنى . سەبارەت بۆچوونت بە بوونى كەمایەتى ئەندام پەرلەمانەكانى لیستى گۆران لەبەرامبەر زۆربایەتى لیستى دوو حزبەكە ، بەڕاى من ئەمە بیركردنەوەى دەسەڵاتە ، ئەمە لۆژیكى هەڵسەنگاندن نیە ، چونكە چەندین لیستى جیا جیاى ناكۆك و ناتەبا لەگەڵ دەسەڵات بۆ دوارۆژى كوردستان و ئایندەى سیاسی لە بەرامبەرپارتى و یەكێتیى هاتوونەتە مەیدانى كارى جدیەوە كەپێشهات و ئەگەرەكان ئەوە دەرئەخەن كە هەڵبژاردنى ساڵى 2005 دووبارە نابێتەوە ، تاكە بەڵگەیەك بۆ ئەم قسەیە تەنگاوبوون و شڵەژان و كاردانەوە نابەجێیەكانى یەكێتیی و پارتى لەبەرامبەر لیستى جیا و سەر بەخۆ و ئەو شەڕە نادروست و بێ مۆڕاڵەیانە كە لە سایت و تەلەڤزیۆن و رۆژنامەكان و لێدوان و چاوپێكەوتنى سەركردەكانیانەوە ئەیبینى كە دژى لیستەكانى تر و بەتایبەتى لیستى گۆڕان پیادەى ئەكەن ! بۆیە دڵنیابە هەرگیز جارێكى تر یەكێتیی و پارتى ئەو شوێن و پێگەیەیان لەناو پەرلەمانى كوردستاندا دەستگیر نابێتەوە و هەر ئەو هۆكارەشە كە هەڵبژاردنى سەرۆكایەتى هەرێمیان خستە رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمانەوە و ئەیانەوێت هەر لەو رۆژەشدا هەمواركردنە دەستووریەكە ئەنجام بدەن چونكە گرەنتى سیاسی و یاسایی زۆرتریان بۆ ئایندە زیاتر دابین ئەكات ، بۆیە ئەگەر ترسى بچووك بوونەوەیان نەبێ لە ناو پەرلەمانى داهاتوو ، وابەپەلە پروزێ بەم كارانە هەڵ نەئەستان ! بۆیەئەمەش دڵنیایی زیاتر لاى لیستى گۆڕان و لیستەكانى تر دروست كردوە كە هاوكێشە و پێكهاتەى پەرلەمانى ئایندە تەواو جیاواز و جیا ئەبێت لەوەى كەئێستا هەیە ! بۆیە مەنتیق لەوە دانیە كە كە بەچاوى دوێنێ و بە لەپێش چاو نەگرتنى گۆڕان لە تەرازووى هێزەكاندا و بێ بینینی راى گشتى خەڵك ئەو جۆرە بۆچوون و لێكدانەوانە بكەین .
جێگەى پێناخۆشى و نیگەرانیمە كە كەسێكى وەك بەرێزت رەشبن و بێ هیوا بۆ دوا رۆژ ئەبینم ، سەراپاى گەلێك خرۆشاوە ، دوو دەسەڵاتى بەهێزى گەندەڵ و خۆسەپێن هەژاون و پەلەقاژێیان پێكەوتوە ، راى گشتى خەڵك لە دژى ئەداى حكومەت و دەسەڵات لەوپەڕى هەڵچووندایە ... تاد ، كەچى بەرێزتان بە سەراب ناوەزەندى ئەكەن و هەر لەئێستاوە نوقڵانەى خراپی بۆ ئەبەخشنەوە ؟ جگە لەوەش لیستى گۆڕان لیستى ئایدیۆلۆژی و گروپ و لایەنێكى دیاریكرا و نیە ، وە تەنها باڵى ریفۆرمخوازانى ناو یەكێتیی نیە ، بەڵكە ئەم لیستە لیستێكى هاوبەشى سەرجەم ئەو خەڵك و لایەن و كەسانەیە چە لەناو حزبی تردابن وەچ لەدەرەوەى بازنەى حزبى دابن كە خوازیارى گۆڕان و ئاڵوگۆڕین لە هاوكێشەى سیاسی پەرلەمان وسیستەمى بەرێوەبردن و فەلسەفەى سیاسی دەسەڵات ، لەپێناو یەكسانى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى و سەروەرى یاسا و دابین كردنى هەلى كار وەیەك بۆ هەموان و چەسپاندنى چەمكى هاوڵاتى بوون لە جیاتى چەمكى نیشتمانپەروەرى وكلتوورى تەقلیدى شۆڕش . بەهەر حاڵ ئەمە راى خۆتە و ئازادى ، بەڵام ئەگەر دڵمان بەم لیستە و ئەم جۆشوخرۆشە و ئەو ئومێدە زۆرە نەبێ كە لەدڵى زۆرێك لە خەڵكدا چرۆى كردوە ، ئەى پێم ناڵێی رێگا و ئەڵتەرناتیڤى تر چ شك ئەبەى بۆئەوەى ئیمە و خەڵكى تریش پەناى بۆ بەرین ؟ ئەگەر نیە هەر وا بەدەست بەستراوى سەیرى دەسەڵات بكەین ؟
من هیچ مافێكم نیە قسە لە ئاراستە و هەڵوێست و رێڕەوى كارى سایتى كوردستانپۆستى ئازیز بكەم ، بەڵام وەك تاكێك و خوێنەرێكى كورد بۆم هەیە پێشنیار و هەڵسەنگاندن و بۆچوونى خۆمى لەسەر بڵێم چونكە كوردستانپۆست بەموڵكى خۆمان ئەزانین وپەیامەكەى لەخزمەت گەل و نیشتمانەكەمدایە وشونخونی و هیلاكى ئێوە جێگەى رێزمانە ، بەڵام كە زیاتر بۆچون و پشتیوانى لە لەگەڵ هێڵە گشتیەكانى گۆڕان هاوتەریبە و لە زۆر شتدا ناكۆك نین ماناى ئەوەنیە سایتەكە سایتى نەوشیروانى بێ و بە بەشێك لە گردەكە دابنرێت ، جگە لەوەش وشەى تۆمەتباركردن بەنەوشیروانى بۆ سایتەكە رستەیەكى گونجاو و شیاو نیە چونكە كاك نەوشیروان ئەمڕۆ رەمزى بەرەنگارى و هەڵگرى پەیامى گۆڕان و شكاندنى بەستەڵەكى دەسەڵاتى دووحزبى دەسەڵات قۆرخكەرە كە تەواوى ژیان و جومگە سەرەكیەكانى كومەڵگەى توشى ئیفلینجى و داروخان كردوە ! كەناوى كاك نەوشیروان دێ ئەوەندەى تەعبیرە بۆ بزووتنەوەیەكى سیاسی و كومەڵایەتیەكى بەرفراوانى جەماوەرى ئەوەندە تەعبیر نیە بۆ خودى كەسایەتى ئەو چونكە ئەو ناوە كورتكراوە و مەدلولى سەراپاى بزووتنەوەكەى هەڵگرتوە ، بۆیە شتێكى زۆر سروشتیە ناوى نەوشیروان هاوواتاى ناو یا دەربڕى هەمان بزووتنەوە و جوڵانەوەى ئازادیخوازانە ى گۆڕأن و ئاڵوگۆڕى بێ لە سیستەم و رەمزى هەرە زیندووى ئۆپوزسیۆنى سیاسی كوردى بێ لە كوردستاندا . بەپێچەوانەشەوە ئەوەى ئێستا كوردستانپۆستى خۆشەویستر و بەبایەختر كردوە لەناو خەڵكدا ئەو راستگۆى و بێباكیەیەتى كە مامەڵەى دروست و مەنتیقى لەگەڵ گۆڕان و ئەو بارودۆخەدایە كەلەئارادایە !
لە كۆتایدا لەگەڵ ئەوەى بەرێزت گۆڕان بەسەراب و رەشبینى بەداهاتووى گۆڕان ، كەچى خۆت توشى كۆدژیەك كردوە و نادڵنیایت لەو بۆچوونەى سەرەوەت بەوەى چەند پرسیارێك ئەكەیت كە ئەمەش بەشێكە لەو نیشانانەى كە رێژەیەك بڕواومتمانەت بە لیستى گۆڕان هەیە جاچ كەم چ زۆر ئەوەیان خۆت ئەیزانى ، وەئەوەى زیاتر ئەم قسەیەم ئەسەلمێنێ خودى ئەو پرسیارانەشتە لە لیستى گۆڕان ،كە وەلاِمەكانیان بەندن بەئایندە و دەرئەنجامەكانى هەڵبژاردنەوە ،بەڵام دڵنیابە رێكخستنەوەى ماڵى كورد لە رێكخستنەوەى هەموو ماڵەكان گەورەتر و لەپێشترە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست