منیش لەگەڵ هەمان بۆچوونی یەکێتی وپارتیدام ،جیاوازی ئێمەو تونس ومیسر ئەرزوئاسمان
Wednesday, 02/02/2011, 12:00
بۆکۆتایی هێنان بەو مشت ومڕانەی سەبارەت بەلێکچواندنەکانی هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی تونس ومیسر دەکرێت هەموومان دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەوەی جیاوازیەکانی ئێمە وتونس میسر قابیلی موناقەشەکردن نیە،دەسەڵاتدارانی تونس ومیسر ساڵانێکی دوورودرێژە لەسەرکورسی دەسەڵات خەودەیانباتەوە لەتێریداو ناتوانن هەنگاوەکانیان هەڵبهێنن لەقورسی گیرفانەکانیان،بەبست لەکورسی دەسەڵات دووورناکەوتنەوە مەگەر ئەوکاتانەنەبێت کەکوڕەکانیان بۆ پرۆڤەپێکردنیان لەسەر گەرمو نەرمی کورسی دەسەڵات ساتێک دەهاتنە خوارەوە ، دەسەڵاتدارانی تونس ومیسرماڵ ومنداڵ وخێزانیان وحەوت پشتیان ئەوەندە لەخۆش گوزەرانیدا بوون تاڕادەیەک بەلایانەوەوابوو کە لەخۆشیەکانی بەهەشتیش ئەوەندەتاموچێژ وەرناگرن،ئەوان وابیریان دەکردەوە کەمیللەت بۆ خزمەتکردنی ئەوان خوا دروستی کردون دەنا هیچ سوودێکیان نیە،بۆیە شایستەی ئەوەن ببنە کۆیلەودەست پان کەرەوەی ئەوان بن.بەڵام کۆتا بیری دەربازبوون لەکۆیلایەتی وبرسیەتی و شکاندنی ئەو کورسیەی بۆتە نەگبەتی گەل سەبری ئەیوبیان نەماو پڕ بەووڵات هاواریان کرد ىڕوخێ ،لەپای ووشەی ڕوخان دەسەڵاتداران تاوانباریان کردن بەتێکدەرو لەناوبردنی ئەزمونەکەیان،میللەت تازە لەوە دەرچبوو باوەڕ بەو دەهۆڵ کوتانەی دەسەڵاتداران بکەن ،ئەمجارەش گەڵ پڕ بەگەروی لەپێشتر بەهێزتر هاواریان کرد بڕوخێ بەڵێ بڕوخێ
بەراورکردنی ئەوانەی سەرەوە کەباسمان کردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی خۆمان دەچێتە خانەی کوفرەوە،چونکە بەرپرسانی ئێمە خزمەتکاری میللەتن،لەخەمی دابینکردنی پێداویستیەکانمان خەووخۆراکیان کردووە بەدەرد لەخۆیان ،بۆ بەزووترین کات تەواوکردنی پرۆژەکانمان قۆڵی لێ هەڵدەماڵن ووەک کرێکارێکی ماندونەناس هاوکارن،شەوانە بەچراوە دەگەڕێن وکوچەو کۆڵانەکانمان بۆ ڕووناک دەکەنەوە،لە بەر قرچەی خۆری هەتودا ڕەش داگیرساون وپێڵاوەکانیان بنی پێوە نەما ئەوەندە بەپێ سووڕانەوە،ماڵوومنداڵیان موحتاجن ونان نیە بیخۆن تاخێزانە هەژارەکان تێر کەن،خانوەکانیان چۆڵ کردوە بۆ ئەو گەنجانەی تازە ژیانی هاوسەرێتی پێکەوە ئەنێن وخۆیان لەخێمەدا ئەژین،کێچ لەباخەڵیانا سەوزەڵێ خانم ئەڵێ ،بۆیە میللەتیش لەگەڵ حیزبە ئیسلامیەکاندا نانێک ئەخۆن وهەزار دوعایان بۆ ئەکەن ،پایەداریان ئەکەن،دەستی هیلاکیان دەگوشن،بۆ مانەوەیان ئامادەن خۆیان لەپێناویاندا بەخت کەن بۆیە گوناهە تاوانە خۆمان لەگەڵ دەسەڵاتداران وگەلانی هەردوو وڵات بەراورد کەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست