کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێشمەرگە بۆ دەچێت بۆ كۆبانێ؟

Thursday, 23/10/2014, 12:00




ڕەوشی كۆبانێ لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ئێستادا ڕۆژەڤی سەركی میدیا جیهانیەكانە، بۆیە پێویست نیە قسە لە سەر خۆڕاگری و تێۆشەری و بەرخۆدانڤانی كچ و كوڕە خوێن گەرمەكانی سەنگەری بەرگری لە پاراستنی كۆبانی و ڕۆژ ئاوای كوردستان بكەین، ئەوەی بەگرنگی دەزانم هەڵوەستەی لەسەربكرێت بڕیارەكەی پەڕلەمانی كوردستانە لە سەر ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ، هەڵبەتی خواست و هیوای تەواوی گەلی كورد ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی چوارپارچەی كوردستان هەمیشە كۆك و تەباو یەكڕیزبن لە پرسە نەتەوەیی و چارەنوس سازەكاندا و هاوكاری یەكتربن،
بەڵام هەمولایەك ئەوە دەزانین ڕەوشی باشوری كوردستان لە ڕوی جەنگ و پرۆسەی سەربازیەوە گیرۆدەی هەمان ئەو هێزە دڕندەیە بۆتەوە كە بەرۆكی ڕۆژئاوای كوردستانی گرتووە، ئاشكرایە شەڕی دژی چەتەكانی داعش قوربانیەكی زۆر بەدوای خۆیدا هێناوەو دیان پێشمەرگەی تێكۆشەر شەهید بوونە، لە هەمان كاتدا هێشتا روبەرێكی زۆر لە خاكی كوردستان بە شارو شارۆچكەو گوندەكانەوە لە ژێر چنگی چەتەكانی داعشدایە، وەك زۆر جار بەپرسە سەربازیەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوە كردووە كە زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر بەرەی شەڕمان لە گەڵ تیرۆریستاندا هەیە، خۆلاسەی قسە ئەوەیە هیشتا ئەركێكی زۆر لە سەرشانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان هەیە لە باشوری كوردستاندا ، ئەركێكی گرانەو پێویستی بە یەك ڕیزی حزبەكان و هاوكاریەكی زۆری حكومەتی بەغداو هێزەهاوپەیمانەكان هەیە بۆ سەركەوتن بەسەر تیرۆردا،
ئەوەی مایەی پرسیارو هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە ئایا ڕۆژئاوای كوردستان پێویستی بە هێزی پێشمەرگە هەیە؟ بێگومان چەندین جار گوێ بیستی لێدوانەكانی بەرپرسانی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەڵا بوینە، ئەوان هەمیشە جەخت لە سەر ئەوەدەكەنەوە كە پێویستیان بە جەك و كەرەسەی سەربازیە نەك هێزی مرۆیی، لە داوی بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستانیش سەبارەت بە ناردنی پێشمەرگە ، ڕێدور خەلیل وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل ئاماژە بەوە دەكات ئەوان ڕێز لە و بڕیارە دەگرن بەڵام پێویستی هەنوكەیی ئەوان چەك و تەقەمەنییە، كەواتە بڕیارەكە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ پێشنیاری كێ بووە ؟ چ مەبەستێك لەو مژارەدا هەیە ؟ كێ سودمەندە لە چونی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان؟ لە كاتێكدا وەك باس دەكرێت دووسەد پێشمەرگە ڕەوانە دەكرێت لە خاكی باكوری كوردستانەوە و لە ژێر چاودێری حكومەت و سوپای توركیادا،
ئەوی جێی پرسیارە دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێگری دەكەن لە چونەوەی گەنجەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ كۆبانی كە بەبێ چەك لە سنورەوە دیانەوێت دەربازی خاكی خویان بن، حكومەتی توركیا نەیشاردۆتەوە كە دوژمنی سەرسەختی دەسكەوتەكانی ڕۆژاوای كوردستانە ، هەروەك ئەردۆغان بەئاشكرا دەوت كۆبانێ دەكەوێت و دەبێت بكەوێت!! هاوكات ئاماژەی بەوەدەكرد كە پارتی یەكێتی دیموكراتی بە هەمان شێوەی پەكەكە (تیرۆریستە) ئەوە جەگەلە پشتیوانی و هاوكاریەكانی بۆ چەتەكانی داعش كە چەندین بەڵگە خراوەتە پێش چاو، ئەوەی سەیرو سەمەریە ئەردۆغان دەڵێ من داوامكردووە پێشمەرگە بچێتە كۆبانێ، گرێ كوێرەی ئەم پرسە ئاڵۆزە كردنەوەی زۆر زەحمەتە رۆژانی داهاتوو ئەنجام دەردەكەوێت، هیوادارم لە بەرژەوەندی كوردو كوردستان بێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە