کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەسعود بارزانیش دەیگۆڕێت!

Saturday, 28/05/2011, 12:00


لە سەروبەندى دروستبوونى بزوتنەوەى گۆڕان و هەڵبژاردنى 25-7-2009 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكى رۆژنامەنووسم بۆ خواردنى نانى نیوەڕۆ رۆشتینە یەكێ لە چێشتخانەكانى شارى هەولێر، وەك دەزاندرێت هەمیشە موقەبیلات پیش هێنانى خواردن بۆ میوانەكان دەهێندرێت، ئێمە كە دانیشتین ئەوەى داوامان كرد بۆمان هات و لە دواى تەواوكردنى خواردنەكە، ئینجا موقەبیلاتیان بۆ هێناین! یەكێ لە هاوڕێكانم وتى: "ئەمانە بە پێچەوانەوە لە گۆڕان تێگەیشتوون، موقەبیلاتیان لە پێش خواردن گۆڕیوە بۆ پاش خواردن!!" ئێمەش بەو تانەیە زۆر پێكەنین، چونكە لە جێى خۆى بوو هەم تانەیەكى تازەش بوو.
ماوەیەكە (مەسعود بارزانى) بە سیفەتى سەرۆكى پارتى و سەرۆكى هەرێم دەستى كردووە بە (گۆڕان)كارى، ئەویش بە هەمان تێگەیشتنى ئەو چێشتخانەى كە لە پێشدا باسم كرد! نەك گۆڕانكاریەكى بنەڕەى و لەسەر ئەساسێكى زانستى، تاكو ئەو گۆڕانكاریە بێتە هۆكارێك بۆ پێشخستنى بوارە جیاجیاكانى حكومى و حیزبی و ...هتد، هەروەها نەهێشتنى ناڕەزایەتى لاى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستان!
لادانى سەرۆكى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و سەرۆكى شارەوانى و سكرتێرى خۆى و هەندێ گۆڕانكارى چێشتخانە ئاساكە لە لایەن مەسعود بارزانیەوە، فریودانى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانە بە گشتى و بە تایبەت دەنگە ناڕازیەكان! پێچەوانەى ئەو ئاڕاستەى گۆڕانكاریە كە گرتوویەتیەبەر، دەبوو لەو 1000 كەسەى بنەماڵەكەى دەستى پێ بكردایە! كە لە كۆنگرەى 13ى حیزبەكەی گەلى كوردى پێ ترساند! چونكە كورد وتەنى: "ماسى لە سەرەوە بۆگەن دەكات"، دیارە جەنابی مەسعود بارزانى "ئاگرە سورە، لە خۆم دوورە"ى كردوەتە پێوانە بۆ چاكسازى و گۆڕانكاری؟! گومانم لەوەدا نییە كە خودى مەسعود بارزانى ئەو توانایەى نییە تاكو بتوانێت چاكسازى و گۆڕانكاریەكى ریشەیى لە ناو حیزبەكەى خۆیى و حوكمڕانى لە هەرێمەكەدا بكات، ئەویش بەو باكگراوندەى كە لە مێژوودا هەیەتى و بوەتە مەلەوانگەیەك و تێیدا گەندەڵەكان مەلەى تێدا دەكەن لە ئێستاشدا ئەو 1000 كەسەشى تێكەوتووە و ئەوانى تر خزێنراونەتە تەنكایى ئەو مەلەوانگەیە! بە پێى بیرەوەریەكانى (رەفیق پشدەرى) لە كتێبی (كورد دوژمنى خۆت بناسە)دا دەڵێت: "مەسعود بارزانى لە ساڵى 1986 لە رێى موحسین دزەییەوە ویستوویەتى مەزرەعە لە ئوسترالیا بكڕێت"!! كەسێكى وەك مەسعود بارزانى كە لەو سەردەمەدا لە كەرەج نیشتەجێ بووە ئەو نیازەى هەبووە و هەر لەو ساڵانەشدا پارەى شۆڕشیان هەمیشە بەو كەسەدا بۆ بانكەكانى ئەوروپا ناردووە، ئایا دەكرێت چاوەڕوانى گۆڕانكارى و چاكسازى لێ بكرێت؟! یاخود بتوانێ لێپرسینەوە لە یەكێ لەو 1000 كەسەى بنەماڵەكەى بكات؟!
لە یەكێ لە دیمانەكانیدا (شێخ ئەدهەم بارزانى) ئامۆزاى (مەسعود بارزانى) لە وەڵامى پرسیارێك كە ئەو ڤێللایەى لە كوێ بووە؟! بێ پێچ و پەنا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: "كاك مەسعود ئەو ڤێللایەى پێداوم و منیشى تووشى ئەو گەندەڵییە كرد!"، دەبێت جەناب عالى مەسعود بارزانى چەندین ڤێللاى تریشى پێشكەش بەو هەزار كەسەى بنەماڵەكەى كردبێت و ئەوانیش لە بوحرانى گەندەڵیدا تێوەگلاندبێت تا ئەمڕۆ نەتوانێت بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكارى و چاكسازى بنەڕەتى بكات!
كاك مەسعود پێت ناخۆش نەبێت، كە بەڵگەم لایە چەند كەسێك لەو 1000 هەزار كەسەى بنەماڵەكەت خانوو و شوققە و ئۆتۆمبێلیان لە پێناو دامركاندنەوەى حەزەكانى خۆیان داوەتە خەڵكى و لەولاشەوە پێشمەرگەكانى خۆتان لە تاو نەبوونى دابینكردنى كرێى خانوو كێشەیان لەگەڵ خاوەن ماڵ هەیە، ئەوە جیا لەو هاووڵاتیانەى كە تا ئێستاش بە هۆى نەبوونى سەكەن، لە ژیانێكى كولە مەرگیدا دەژین! دەزانم كە قورسە بۆت بڵێم چەند كەسێك لەو 1000 كەسەى تۆ و هەندێكى تر كە پشتیان بە چەند كەسێك لەو 1000 هەزار كەسەى بنەماڵەكەت بەستووە لەسەر ئەساسى "ترێ بە گەنم" حیزبایەتى و حوكمڕانى دەكەن، نەك لەسەر ئەساسى كەفائەت و توانا! ئایا لێم تێ دەگەى مەبەستم لە "ترێ بە گەنم" چییە؟! بە هەرحاڵ ئێوە بە دەستى خۆتان مێژوویەكى پڕ شەرمەزاریتان بۆ خۆتان نووسیوەتەوە و تاوانى ئێمە نییە! ئەو ترێ بە گەنمەش مشتێكە لە خەروارێك.
كاتى خۆى بڕیارتدا كە تەواوى مەزرەعە و ڤێللاكان بروخێنیت! ئەوە 3 ساڵ بەسەر بەڵێنەكەتدا تێدەپەڕێت، ڤێللاكان زیاتر بوون! دەبێت چ ئومێدێك مابێت بە بەڵێنەكانى جەنابتان؟! یا دواتر ئاگادار كرایتەوە دەبێت سەرەتا هەزار ڤێللا و مەزرەعە هەن و ئێوەش دەستتان تێى نەچوو، بۆیە ئەوەش بووە هۆى بەخشینى ئەوانى تر؟! كورد وتەنى "سەرچۆپى بدە دەست گامێش بەرەو قوڕاو و لیتاوى دەبات"! جەنابی سەرۆك ئێوە سەرۆكى هەرێم بن بێگومان بە خۆشتانەوە وەزعى چاكسازیش بە دەردى دەیان بابەتى هەستیارى نەتەوەیى كە پشتگوێتان خستوون دەبەن.
ئەم سەرەتاى گۆڕین و چاكسازیەت لەسەر ئەساسى رق و كوتلەى ناو حیزبەكەتە، نەك خەمى بنەبڕكردنى گەندەڵى و بی سەرو بەرى لە حیزب و حكومەتدا، یەجگار لاشتان وانەبێت بێ هەستین و درك بە جوڵەتان ناكەین!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە