(17) وه‌زیر و به‌رپرسی عێراقی موڵك و ماڵیان ئاشكرا ده‌كه‌ن
Wednesday, 04/03/2009, 12:00
1847 بینراوە
ژماره‌یه‌ك وه‌زیر و به‌رپرسی باڵای عێراقی موڵك و ماڵیان بۆ ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئه‌مه له كاتیكدایه كه هیچ یاسایه‌ك له كوردستاندا نییه ئه‌و هه‌نگاوه به به‌رپرسانی هه‌رێم جێبه‌جێ بكات، هاوكات سه‌رۆكی مونته‌دای ئابوریش ده‌ڵێت: "ئێمه زۆرمان ماوه بگه‌ینه‌وه به به‌غدا و ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی هاوشێوه‌ش له په‌رله‌مانی كوردستان هه‌بێت، رێ نادرێت به ده‌رچونی".
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی ئاشكرایكرد، كه له‌نێوان مانگی كانونی دوه‌م و شوباتی 2009دا (11) وه‌زیرو (6) به‌رپرسی هاوپله‌یان فۆڕمی موڵك و ماڵیان پڕكردوه‌ته‌وه و راده‌ستی ئه‌و ده‌سته‌یه‌یان كردوه، كه له‌نێویاندا ته‌نها به‌یان دزه‌یی، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی تیایه وه‌ك وه‌زیری كورد له حكومه‌تی عێراقی، كه ئه‌و فۆڕمه‌ی پڕكردبێته‌وه.
ئه‌و فۆڕمی زانیارییه كه له ساڵی (2004)ه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌وه به‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵای عێراقیدا دابه‌شده‌كرێت له به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌وه تا سه‌رۆك كۆمار ده‌گرێته‌وه، تیایدا زانیاریی ته‌واو له‌سه‌ر موڵك و ماڵ و داهاتی دارایی به‌رپرس و خزمه پله یه‌كه‌كانی تێدایه.
پیاده‌كردنی ئه‌م هه‌نگاوه له حكومه‌تی ناوه‌ندیدا له‌چاو ئه‌زمونی كه‌می سیاسی و ئیداریی خۆیدا پرسیار له‌سه‌ر ئه‌نجامنه‌دانی هه‌مان هه‌نگاو له هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات.
ئازاد چالاك، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مانی عێراق، نه‌بونی ده‌زگای نه‌زاهه و لیژنه‌ی نه‌زاهه له په‌رله‌مانی كوردستاندا به هۆكاری سه‌ره‌كی له‌قه‌ڵه‌مدا بۆ ئه‌نجامنه‌دانی هه‌نگاوی ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی به‌رپرسانی هه‌رێم.
به‌پێی پرۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقیش، كه ئێستا له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندایه، رێ به ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی نادرێت راسته‌وخۆ له كوردستان كاربكات و ده‌بێت به هه‌ماهه‌نگی ده‌سته هاوتاكه‌ی له هه‌رێمی كوردستان كار بكات (كه هێشتا پێكنه‌هێنراوه).
زانا رۆستایی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان، پێی باشه ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌غدا بكرێته پێشه‌نگ له كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و وتیشی: "ئێستا ده‌سته‌ی نه‌زاهه له كورستاندا نییه و رێگه‌ش به ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی به‌غدا نادرێت چاودێری كاروباری دارایی ئاب‌وری هه‌رێمی كوردستان بكات".
له هه‌رێمی كورستاندا یاسایه‌ك نییه كه هه‌مان هه‌نگاوی به‌غدا جێبه‌جێ بكات بۆ ئاشكراكردنی موڵك و ماڵی به‌رپرسان، له‌به‌ر رۆشنایی بیرۆكه‌ی یاسایی (ئه‌مه‌ت له كوێ بو)، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ساڵی (2006)ه‌وه پرۆژه‌یاسایه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستاندا هه‌یه، به‌ناوی پرۆژه‌یاسای ده‌ستكه‌وتی ناشه‌رعی و په‌سه‌ندنه‌كراوه.
زرار تاهیر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه له كوردستاندا هیچ یاسایه‌ك نییه له موڵك و ماڵی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان بپرسێته‌وه و وتیشی: "ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسا تایبه‌ته‌ش به‌و دۆسیه‌یه پێشتر له په‌رله‌مان په‌سه‌ندبكرایه، وه‌ك هه‌ندێك یاسای تر جێبه‌جێ نه‌ده‌كرا".
چاودێرانی ئابوریش پێیانوایه حكومه‌تی ناوه‌ند له بواری بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵیدا هه‌نگاوی باشتری له هه‌رێمی كوردستان ناوه.
محمه‌د كه‌ریم، سه‌رۆكی مونته‌دای ئاب‌وری كوردستان پێیوایه، له‌ڕوی بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵییه‌وه هه‌رێمی كوردستان زۆری ماوه بگاته‌وه به به‌غدا و رونیشیكرده‌وه كه هه‌ر چه‌نده به‌غدا 18 ساڵ دوای هه‌رێمی كوردستان به‌و بارودۆخه گه‌یشتوه، به‌ڵام له بواری بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵیدا زۆرتر هه‌نگاوی ناوه، به‌وپێیه‌ی به‌وته‌ی ناوبراو "ده‌سته‌ی نه‌زاهه و په‌رله‌مانێكی ده‌ستكراوه‌یان هه‌یه و حیزبه‌كانیشیان گه‌نده‌ڵیی یه‌كتر داناپۆشن".
سه‌رۆكی مونته‌دای ئاب‌وری كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه گه‌نده‌ڵی له هه‌رێمدا رۆچوه و جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه له‌نێوان موڵك و ماڵی پێشتر و ئه‌مڕۆیدا و وتیشی: "لێواولێوبونی هه‌رێمی كوردستانیش به گه‌نده‌ڵی، هۆكاره بۆ رێنه‌دان به یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌و هه‌نگاوه له په‌رله‌مانی كوردستانیشدا".
هه‌ستیار قادر: رۆژنامه