مەسعود داوای شەڕ دەكات و هاوكاری یەكێتی دەوێت
Sunday, 16/05/2010, 12:00
عەقلێك كە توانای پێكەوە ژیانی نەبێت چۆن دەتوانیت مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت، ئەی ئەگەر دواتر ئەم عەقڵە جەنگفرۆشەی مەسعود و پارتی دڵی جەنگی گرت و ویستی جەماوەر لەناوبەرێت، چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەین، بەهەمان ریتم و شێواز وەڵامی بدەینەوە یان خۆمانی لێبێدەنگ بكەیت، كێ قازانج دەكات لەململانێی ئەم عەقڵە جەنگفرۆشەی پارتی.
لەدوای 25/7ەوە ئەوەی بەزیهنمدا هات ئەوە بووە، كە تۆ بڵێی ئەم دۆخە ئاوا بەئاسانی بۆ پارتی و مەسعود مەلا مستەفا هەرس بكرێت و وەك جەستەیەك كە دەمێكە كۆمەڵێك نەخۆشی لەجەستەیدا سەریانهەڵداوە، بەڵام خاوەنی ئەو جەستەیە ئەوەندە كەمتەرخەمە كە دەچێتە لای پزیشك تووشی شۆكی دەروونی دێت و دوور نییە بكەوێتە خۆخواردنەوە و بیانووگرتن بەچواردەوریی و دووریش نییە خۆی بكوژێت، پارتی لای ئێمە نەك دەستبەرداری كورسییەكەی نابێت، بەڵكو عەقلێكی جەنگفرۆشانەشیان خستەوەگەڕ، بۆیە لەم هەنگاوەدا، ئەو نەبوونی هەرسكردنە بەئاشكرا بەرچاوكەوت و لەبەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسیدا پەلئەهاوێت و قسە فڕێدەدات بەملاو ئەولادا، لەسەرەوە جووتە لەگۆڕان و رۆژنامەگەریی ئەهلی و یەكێتی دەدات، لەژێریشەوە نامە دەنێرێت بۆ جەلال شێخ حسامەدین و داوای هاوكاری لێدەكات.
بەڕێوەبردنی سیاسەت لەكوردستاندا لای پارتی بەهەمان ئەو عەقڵیەتە جەنگفرۆشە بەڕێوەدەچێت كە بەدرێژایی ساڵانی نەوەد لەكوردستاندا بەڕێوەچووە. عەقڵیەتێك بەكارهێنانی توندوتیژی و لەناوبردنی گیانی نەیارەكانی بەئەلفبێی ململانێی سیاسی دەزانێت.
كەواتە هێشتا لەكوردستاندا ئەو كاروانەی كە كۆمەڵێك گەنجی روناكبیر و هۆشمەند هەوڵی بۆ دەدەن زۆری ماوە، بەڵام ئەو عەقڵە هێندە نەخۆشە كە وەك گورگێكی برینداری لێهاتووە تەنیا خۆی و جەلال شێخ حسامەدین هاوەڵێتی، لەبەرامبەر ئەم عەقڵە جەنگفرۆشەدا عەقڵێك دروستبووە كە توانای رەخنە لێگرتن قبوڵ دەكات، كەس ناتوانێت رۆڵی ئەو جەماوەرە توڕەیەی كوردستان فەرامۆش بكات كە هێندە لەپارتی توڕەن هەر رۆژێك بێت گەورەترین خوێنی بەدوادا دێت، لەمەودوا قسەكردنی شەرمنانە نەما و پیرۆزی سەرۆك و سەرۆك خێڵ چووە ژێر گڵ و هەموو تەمەنی شانازی بەمێژوو و بنەماڵەوە كۆتایی هات.
پارتی لەسەر هاوكێشەیەك سیاسەتی خۆی داڕشتووە، كە سیاسەتێكی هێندە ناشیرینە كە لەكوردستاندا جێی نابێتەوە، سیاسەتێك كە پارتی ئەوانەی پێ پاكتاو دەكرد كە بەرامبەری دەوەستانەوە، سەرەتا دژایەتی و دەنگۆی نابوتكردنی هەوادارانی حزبەكان، دواتر تیرۆری سیاسی، هەنگاوی سێیەم شەڕی راگەیاندن، هەنگاوی چوارەم نزیكردنەوە لەدۆخی شەڕ.
ئەمە سوڕی ژیانی دژایەتی ئەو هێزانە بووە كە لای پارتی قبوڵ نەبووە، لەهەموو حاڵەتەكاندا كار گەیشتووەتە نزیك جەنگ و لەهەموو قۆناغەكانی رووبەڕوبونەوەی پارتیدا هیچ حیسابێك بۆ ئەو دەنگانەی دەرەوەی خۆی نەكردووە و بە خوێن كۆتایی پێهێناوە، ئەویش لەبەردوو هۆكار، یەكەمیان: ئەو پارتی خاوەنی میلیشیاو چەكداری خۆی بووە، دووەمیان: كە قسە لەسە تاوانبار و بێتاوانیان كراوە لەدەرەوەی خۆی بەیەك ئاواز بۆیان ژەنیوە، واتە نەتوانراوە پەنجە لەسەر برینەكان دابنرێت بەتاوانبار بوترێت تاوان و بەبێتاوان بوترێت بێتاوان، تەنیا لەكۆكردنەوەی چەند ئیمزایەك تێپەڕی نەكردووە. پَموایە ئەو بارودۆخەی كە ئەم دواییە هەرێمی تێكەوتووە، بارودۆخێكە زۆر جیاوازە، راستە پارتی و مەسعود بەهەمان تێڕوانیینەوە دەڕوانێتە ئەو دەنگە ناڕەزاییەی لەدژی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان پەیدا بووە، بەڵام ناتوانێت بەهەمان میكانیزمەوە رووبەڕوی بێتەوە كە 15ساڵ لەمەوبەر پێی رووبەڕوو بوەتەوە یان رووبەڕووی هێزەكانی چواردەوری خۆی بووەتەوە، چونكە یەكەم گەر ئەمڕۆ پارتی هێزی چەكداری هەیە و بەو خەیاڵە بێت كە ئەو هێزە هەمان هێزە كە 15ساڵ لەمەوبەر شەڕی بۆ كردووە، هەرگیز وادەرناچێت و خەیاڵی خاوە، چونكە ئەو هێزەی كە 15 لەمەوبەر شەڕی بۆ دەكرد هەرگیز ئەو هێزە نەبوو كە 25ساڵ لەمەوبەر بۆی دەجەنگی، دووەمیان ئێستا پارتی رووبەڕووی جەماوەرێك دەبێتەوە كە هێزی چەكداری نییە، بۆیە لەهەر پەلاماردانێكی ئەو جەماوەرەدا، خەڵك بۆ لێدانی بڕژێتە سەر شەقام و لەگەلأ هێزی چەكداری پارتیدا تووشی گەورەترین پێكدادانی خوێناوی ببێت.
بەسەروەركردنی دۆخی تۆقاندن و راوەدوونان و نائارامیی یەكێكە لەو سیاسەتە ترسنۆكانەی پارتی و ئەو ئامانجەیە كە هەوڵی بۆ دەدات، بەشێوەیەك نەك ئامانجێك بێت بۆ تەێفیەكردنی ركابەرەكان و نەیارەكانیان، بەڵكو ئەو ئامانجەیە دەیانەوێت لەڕێگەیەوە نائومێدی لەناو هەست و نەستی خەڵكدا دروستبكەن و خەڵك باوەڕی بە هیچ روبەڕووبونەوەیەك نەمێنێت، بەشێوەیەك ئەو ناڕەزاییە جەماوەرییە بگەیەننە ئاستێك كە هیچ ئومێدێك لەسەر ئۆپۆزیسیۆن هەڵنەچنێت، كە ئەمە بەشێكە لەو جەنگە دەروونییەی دوای تیرۆری سیاسی دێت، بەلای دەسەڵاتەوە گرنگ نییە تاچەند خەڵك تووشی نائومێدی سیاسی دەبێت لەبەرامبەر ئەو دۆخی لێوار لەجەنگە، چونكە ئەوەی كە پارتی و مەسعودی هێشتووەتەوە ئەو سیاسەتەیە كە لەسەر نائومێدبوونی بەشێكی زۆری كۆمەڵگە بنیاتنراوە تا كارەكتەرەكانی بەئاسانی تەراتێن بكەن، تەنانەت لەكاتی ئاسایی ژیاندا جگە لەئیحتیكاری تێكڕای بوارەكانی ژیان، لەپرۆسە دیموكراسییەكانی وەك هەڵبژاردن و رێپێوانیشدا دەمامكێك بكەن بەبەرگیدا و چۆنیان بوێت ئاوا بەڕێوەی بەرن، كەواتە لەكۆی هەموو ئەو رووداوانەی ئەم دواییەدا مەسعود داوای شەڕ دەكات و هاوكاری یەكێتی دەوێت و لەگەڵ هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی یەكێتی پارتی دەستپێدەكات جا ئەو كاتە یان جەماوەر سەردەكەوێت یان پارتی و مەسعود.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست