کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


فەلسەفەى زەردەشت عوسمان و دونیا بینینیەكى جیاواز

Thursday, 24/06/2010, 12:00



زەردەشت عوسمان جگە لەمەرگى ناوادەى گەنجێكى نوێ خوازى كورد، نمایشى مەرگەساتى تواناى نوێگەرى خولقاندن بوو لەناو كلتورى دەسەڵاتى كوردیى دا.لێرەشەوە هەموو ئەو دروشم و مانشێتە دیموكرات خوازانەى ناو دەسەڵاتى كوردى كەوتە ژێر پرسیارى گەورەو لێكدانەوەى ئاڵۆز لەلایەن هەموو ئەوانەى پێیان وابوو بەجۆرێك هەڵگرى لەو چەشنە فەلسەفەیەن كەناوم لێنا فەلسفەى زەردەشت عوسمان، چونكە وەڵام دانەوەى مەكتەبى سەرۆك و حیزبە دەسەڵات دارەكان سەرئەنجامى ئەو ڕێبازەیان گەیاندە ترۆكى مەرگ و ترساندن و كلتورى چاوسوركردنەوە.
ئەگەر بەشێوەیەكى گشتى لەفەلسەفەى زەردەشت عوسمان ورد بینەوە دەبینین هێندەى وەڵام دانەوەى ئەو بیرو هزرە سیاسییە جیاوازانەى ناو كۆمەڵگەى كوردى یە، ئەوەندە بریتی نیە لەكوشتنى گەنجێكى خاوەن فەلسەفەیەكى ئازادى خواو نوێگەر،چونكە بەردەوام سیفەتى وەڵام دانەوەى خاوەن دەسەڵاتە كوردیەكان لەبەرامبەر عەقڵى نوێ خوازى گەنج دا بریتی بووە لەكوشتن و ئەمەش بەشێوەیەكى گشتى لاى بنەماڵەى مەسعود بارزانى و مناڵەكانى بەچاكى رەنگى داوەتەوە بەتایبەت كەدواى ئەوەى توانیان رەسمى بارزانى باوكیان وەك قارەمانێكى نەتەوەیی لەبرى موخابەراتێكى چالاكى رووس، بەدیوارى تێگەیشتنى كوردی داهەڵبواسن.
بەبڕواى من كاتێك بەشێوەیەكى زانستى لەنوسینەكانى شەهیدى قەلەم زەردەشت عوسمان ورد دەبینەوە، لەوە تێ دەگەین كەزەردەشت مەبەستى خواستنى كچى سەرۆك نییە، بەڵكو ئامانجى لەو داواكارى و خەون دیتنە خستنە روى دونیاى پڕ لەجەهلى سەرۆك و خێڵەكەیەتى بەبەراود لەگەڵ دونیاى خەون بینین و نوێگەرى توێژى گەنجى كورد كەئەمڕۆ سەرقاڵى هێنانە كایەى ئاكامەكانى گڵۆباڵ و دونیاى پۆپ و راپى مۆدێرنیتە. زۆر بەسانایی دەتوانین ئەوە بسەلمێنین كەتێڕوانینى زەردەشت عوسمان بۆ دەسەڵاتى بنەماڵەى بارزانى، ئامانج لێ ى پاراستنى ژینگەی كۆمەڵایەتى ئەو بنەماڵەیە بووە، نەك تانەو ئیهانە كردن، چونكە زەردەشت عوسمان زۆر زیرەكانە دەستى خستۆتە سەر برین و خاڵە لاوازو بیمارییەكانى ئەو بنەماڵە بێ وەفاو تاڵان چییە. ویستویەتى بەو جۆرە سەرۆك و مناڵەكانى ناچار بكات بەوەى تێ بگەن كەدەبێت بەو جۆرە بیر بكەنەوە،بەو جۆرە هەڵس و كەوت بكەن كەشایستەى مێژوى فیكرو فەلسەفەى ئەوانە،چونكە زەردەشت وەكو هەمومان چاك ئەوەى دەزانى كە سەرۆك نایكات بەزاواى خۆى!
لێرەوە دەبینین ئاكامى ژیانى سۆران و دكتۆر ستار و زەردەشت و هەموو ئەوانەى وەك ئەوان بیر دەكەنەوە بریتی یە لەكوشتن لەشەوێكى تاریك داو پاشان فرێدانى خۆى و كەیسى كوشتنەكەی و وە دوبارە چاو ترسانەوەى هاوڕێ كانیان چونكە لەناو دەسەڵاتى بنەبەرمیلى بارزانی دا شتێك نییە ناوى خەون بینین بێت بێ رەزامەندى سەرۆك و هیچ مۆڵەتێك نی یە بۆ ئەوەى بتوانیت رەخنە بگریت لەسەرۆكێك كەهیچ حورمەتێكى سیاسی دەرەوەو ناوەوەى عێراقى نییەو پێى وایە تەنها كارى ئەو چاو سوركردنەوە لەرۆژنامە نوسان و لەرەخنە گران و لەنەیارانیەتى ئیتر ئەگەر سوپاى تورك یان ئێران بێنە ماڵەكانیشمانەوە ئەوا هیچ پەیوەندی یەكى بەجیهانى رەهاى سەرۆكایەتى و شەرەفى پیسى ئەوەوە نییە.
لەئاكامدا تێ دەگەین لەوەى كەزەردەشت نەك مەبەستى خواستنى كچى سەرۆكى نەبوو بەڵكو تەنانەت حەز بەبینینیشیان ناكات و خۆى لەوە گەورەترە كەناچار بێت بەخواستنى كچى دەوڵمەندێكى عەوامى وەك سەرۆك گەورە بكات، بۆیە دەبێت ئەو راستیە بخەمە بەرچاو كەدونیا دینینى زەردەشت عوسمان بریتى بوو لەخەون دیتن بەرێژەیەكى پێویست و راستەقینەى دیموكراتى لەكۆمەڵگەی كوردی دا و كۆتایی هاتن بەدەسەڵاتى تاڵانچێتى و پاوان خوازى دەسەڵات و تەزویرو تیرۆرو كار كردن بۆ كۆتایی هێنان بەتەمسیلى ناواقیعى و هەڵگرتنى فشارى سەر رۆژنامەو نوسەرەكان و دەست كردنەوەى كارى سیاسیانەى ئازادانەو ژیان كردن بۆ هەموو كوردستانییەك بێ رەچاو كردنى كەسایەتى بنەماڵەو دەوڵەمەندى هتد، ئەم تێگەیشتنانە لەفەلسەفەى دونیا بینین و نوێ خوازى زەردەشت عوسمان ئەوە پشت راست دەكەمەوە كەزەردەشت تەماحى ئەوەى نەبووە كەبكرێت بەسەرۆكى دەزگاى ئاراس یان سەردەم یان بخرێتە شوێنى دكتۆر فەرهادى باڵ شكاو كەپێى وایە كارى رۆشنبیرى ئێستا تەعدا كردنە لەئاینى ئیسلام!!و جارێ لەوە حاڵى نەبووە كەهێشتا دەسەڵاتى عەوامى بارزانى بەسەر سەرمانەوە مانەوە.
بۆیە دەبێت زۆر واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم چەمكە پتەوەو ئەم فەلسەفە نوێ یە بكەین كەسۆرانى مامە حەمەو دكتۆر ستار و زەردەشت عوسمان بریتین لەرابەرەكانى و لەبنەمادا بەشێكە لەهیومانیزم و لەقوڵایدا خواستى نوێگەرى و شەفافیەتى دەسەڵاتى سیاسی و ئابورى كۆمەڵایەتى لەخۆیدا حەشار داوەو لەسەر رێژەى جوانى و ئامانج رونى كارى خۆى لەسەر دەستى گەنج دەست پێ كردووەو لەرووى دارشتنى ماناو لۆگۆى رێكخستنەوە هاوشێوەیەى سێ كوچكەى ئەدەبیاتى بابانە كەئەوان جوڵانەوەیەكى ئەدەبى كوردى بون بریتی بون لەنالى و سالم و كوردى و ئەمان دامەزرێنەرى بنەماى فەلسەفەى رۆشنگەرى كوردین و بریتین لە سۆران و دكتۆر ستارو زەردەشت عوسمان و فیكرى قوڵى دكتۆرێكى بەهرەمەند و هزر بانە كە بەئیرادەى دوو نوسەرو رۆژنامەنوسى گەنچ برەوى خۆى گەیاندۆتە دەیان هەزار گەنجى بەتواناو بەهرەمەندى ئەمڕۆو ئومێدى هەڵهاتنى ئازادى و كۆتایی ناعەدالەتى و جەهلى بنەماڵە تیرۆریزمە دەسەڵات خوازەكانە لەناو كلتورى كوردى دا.

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە