بۆچی بارزانی لەسەر قەڵای هەولێرەوە قسەی بۆ خەڵكی تەرابلوس كرد؟
Friday, 11/03/2011, 12:00
چەند وڕێنەیەكی خۆش پێشكەشە بە (بێت بێت، دار دار، زەنگە زەنگەی) خەڵكی بەشەرەفی لیبیاو كوردستان.
1
پێش ئەوەی ناڕەزایەتی بەرۆكی دەسەڵات بگرێ، سەرۆكە مۆمیاكراوەكان بە ئازادی و دادپەروەری بەناو خەڵكدا دەسوڕێنەوە تاكو لەنزیكەوە گوێیان لەدەنگی چەپڵەی میلەت بێت بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی كە توانیویانە دەستی خەڵك كۆت بكەن تەنها بۆ چەپڵەكانی سەرۆك، چونكە هەمیشە سەركردە بچوكەكان گەورەیی خۆیان لەوەدا دەبینن كە زۆرترین چەپڵەیان بۆ لێدرێ، زۆرترین كەسیان بۆ كۆبێتەوە، ئەوكاتە ئەو خۆی بەسەرۆك دەزانێ كە خەڵكی بۆ كۆدەكرێتەوەو هوتافی بۆ دەكێشن!
ئەمە نەریتی ئەو سەركردانەیە كە بەدەر لەنەریتی دەستوریی و دیموكراسی هاتونەتە پێش، ئەگەر نا هیچ سەرۆكێك نییە لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی ئێستەی دونیا، جگە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان كەسی بۆ كۆبكرێتەوەو چەپڵەی بۆ لێدەن و بەهوتاف سەرۆكایەتییەكەی بچەسسپێنن! بەڵام هەموو ئەم نەریتە سەرۆكایەتیانە لەوڵاتانی عەرەبی پێچەوانەیە، بەكوردستانیشەوە.
ئەوكاتەی سەرۆكی وڵاتێكی پێشكەوتوو كەدەزانێ میلەت لێی نیگەرانەو خۆپیشاندان وڵاتی تەنیوە، ناتوانێ هێز بەكاربێنێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەیان بەڵكو دەبێت شەفافانە بێتە ڕووی میلەتەكەی و كورسییەكە چۆڵ بكات!
بەڵام ئەمە ئەو نەریتەیە كە لەكوردستان تەواو پێچەوانەیە، بەو مانایەی كاتێك گەل ناڕازییە لەسەرۆك، ئەوكاتە سەرۆك دەردەكەوێ و خەڵكی بۆ كۆدەكرێتەوەو بەزۆر چەپڵەی پێ لێدەدەن تاكو بڵێن سەرۆك زێڕەو هەر ئەویش تەنها سەرۆكی هەڵبژێراوی گەلە، هەموو لۆژیكی وتارەكانی سەرۆكیش لەوكاتەدا تەنها هەڕەشەیە لەئۆپۆزسیۆن!!
قەزافی كاتێك بەسەركوت میلەت بۆی هەڵدەپەڕی لەناو جەماوەردا پیاسەی دەكرد تاكو لەنزیكەوە گوێی لە دەنگی پیاهەڵدانەكانی بێت، بەڵام كاتێك میلەت ئازادەو لێی توڕەیەو ئەم توڕەییە دەچێتە هەموو ماڵێكەوەو دەبێت بەخۆپیشاندان و شۆڕش، ئەكاتە سەرۆك تەنانەت لەبەردەم لایەنگرەكانیشیدا دور دەكەوێتەوەو لەقەڵا بەرزەكانەوە وتاریان بۆ دەدات!! چونكە بەزۆر لایەنگرەكانی بۆ كۆكراوەتەوەو دڵی لەگەڵی نەماوەو متمانەی بەوە نییە دەستیشی بۆ چەپڵە لەگەڵ ئەو مابێت، بۆیە ئەمجارە لەچەپڵەی لایەنگرەكان خۆشی سڵ دەكاتەوە.
ئەوكاتەی كە سەرۆكەكان لە قەڵا بەرزەكانی شارەوە قسە بۆ گەلەكەیان دەكەن ئەوكاتەیە كە متمانەیان كەوتۆتە مەترسییەوەو دەیانەوێ سەركوت بیانگەڕێنێتەوە بۆ ڕۆژە ئارامەكانی هوتاف و هەڵپەڕین تەنها بۆ سەرۆك!!
بۆیە ئەمجارەش سەرۆكی زۆرینە، لەهەرێمی كوردستان چوو سەر قەڵای هەولێرو بەگرژییەوە هەڕەشەی شادی لێكردین..
2
ئەمڕۆ لەهەولێر 11ی ئازار نەبوو، كۆتایین ڕۆژی مانگی ئاب بوو، سەرۆك بارزانیم نەدی قەزافی لێبوو، لە سەر بەرزترین قەڵای ئەو شارەوە دوور لەخەڵك قسەی دەكرد، ئەو وتی من تەنها سەرۆكم، بەڵام سەرۆكی حزب بوو باسی هەرێمی نەكرد لەڕقی ئەوەی دەوڵەتەكەی لەئەنجومەنی ئاسایش ڕەخنەی لێگیراوە كە بۆچی لەبەرامبەر خۆپیشانداندا ئاوی بەكارهێناوە لەكاتێكدا ئاو لەنەوت گرانترەو ئەوان دەستیان ناكەوێ و لە ئۆپیك ئاوی گران كردووە!! بۆیە سزای ئاویان لەسەر دانا چونكە ئەوان بۆ بەرەنگار بونەوەی خۆپیشاندان بەبەلاش چەكیان پێداوە بەكاریناهێنێ!!
بەڵام زۆرم لا سەیر بوو، ئەو ڕەنگ و ڕوخساری جارانی نەبوو، هەڕەشەی دەكرد، دەیگووت ئەمانە گۆڕانكارییان دەوێ، بەخەڵكەكەشی دەوت ئێوە نازانن گۆڕانكاری یەعنی چی؟ یەعنی ئەبێت ئەم وڵاتە وێران بكەن و شەڕ بەرپا بكەن!! زۆر سەیر بوو، هەرچی فەرهەنگ هەیە گەڕام نەمبینی گۆڕانكاری بەرامبەر شەڕو وێرانكار بێت!! سەیرە!! ئەو سەرۆكە هەر دەیووت من چەندین ملیۆن خەڵك هەڵیانبژاردووم، تەنها من بۆم هەیە بەناوی میلەتەوە قسە بكەم، نەیەزانی تەزویر چییە! نەیەزانێ گرتن هەیە، نەیەزانی خەڵك برسییە، هەر دەیوت هەڵپەڕن هەموو شتمان هەیە "پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، نەوت، چەك، فڕۆكەی تایبەت، كۆمپانیای زەبەلاح...!!!
ئەمڕۆ كە ئازار نەبوو، دەبابەم نەبینی هەرچەند كۆتا ڕۆژی ئاب بوو، پرسیم وتیان ئێستە جیاوازە دەبابە خەڵك بۆ هەڵپەڕكێ و بژی سەرۆك كۆدەكاتەوە، ئەوەی تۆ بینیوتە دەبابەی كرێ بوو خەڵكی ڕاوناو گەڕایەوە!! سەیرە، خۆ قەزافی ئەڵێ ببینن تەرابلوس چەند ئارامە؟ دڵنیابن ئەم ئەزموونە تێك ناچێ!
3
هەمان كات من مەیدانی ئازادی دەبینم خەڵكی هەموو كۆبونەتەوە ئەڵێن بڕوخێ سەرۆك ... داوای ئازادی دەكەن! داوای ڕووخان دەكەن كەچی سەرۆك دەڵێ هەڵپەڕن لەخۆشییا ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە كە ئازادی هەیە!
من نەمدەزانی ئەمە بۆچییە!! نەمەزانی ئەو هەموو ئاڵا زەردو سەوزە بۆچی كۆبۆتەوە، وتیان ئەوە ڕەنگی ئەو دوو ئاڵایە كەساڵانە بودجەی وڵاتی تێدا هەڵدەگیرێ و دەپارێزرێ و هەركەس دەستی بۆ بەرێ خوا كەڕو كوێری دەكات و ئیتر گوێی لەمیلەت و چاوی لە ناعەدالەتی نابێت! یەكێكی تر وتی نا كاكە ئەوە بەیداخی ناڕەزایەتییە بۆ ئەوەی سەرۆك دوعاو تكاو ڕجای میلەتەكەی قبوڵ بكات چونكە ئەیەوێ ئەمڕۆ كورسییەكەی لەو قەڵا بەرزەوە بەشایەتی ئیبن مستەوفی بخاتە خوارەوە میلەتیش لێی ئەپاڕێنەوە ئەوكارەنەكات!!
ئەمەشیان نەبوو، زۆر سەرسام بووم وامەزانی سەربەخۆیی بۆ وڵات ڕاگەێنراوە، زۆر سەیر بوو، وتم باشە بۆچی ئەو هەموو خەڵكە لەهەموو شوێنێكەوە دەهێنرێ بۆ ئێرەو بەزۆریشە؟ وتیان نایزانی؟ ئەوە ئەمڕۆ سەرۆك ڕزق و ڕۆزی ساڵی ئایندە دابەش دەكات و نایەوێ كەس لەو خێرو خۆشییە مەحروم بێت بۆیە ئەوەشی نەیەت بەزرۆ ئەیبەین بۆ ئەوەی ئەو هەموو خێرو بەرەكەتەی سەرۆك دابەشی دەكات بەریكەوێ! یەكێك هات و وتی بۆ هیچ لەوانە نییە كە دەیزانی!! ئەو وتی دەزانن بۆ ئەم شادییە دەگێڕرێ و خەڵك ئاوا كۆكراوەتەوە؟ وتم نازانم!! وتی چۆن نەتبیست؟ دوو هەفتە لەمەوپێش هەر بەرامبەر ئەو شوێنەی كە سەرۆك قسەی تیا دەكرد كەسێك بەناوی د.پشتیوان تیشێتێكی سپی لەبەر كردبوو لەسەری نوسیبوو نا بۆ گەندەڵی بەڵێ بۆ دادپەروەری، یەكسەر سەرۆك لیژنەیەك لە مامۆستای زانكۆو ئاینی و كەسی خاوەن بڕوانامەی بەرزی نارد بەشوێنیدا و یەكسەر پەیكەرێكی بۆ دورست كردو لەبەردەم ئەو قەڵایەی پشتی خۆیەوە دایناو، بڕیاریدا هەتا سەرۆك ماوە دەبێت میلەت لەسایەیدا خۆشترین ژیان بگوزەرێنێ!!
یەكێتی تر وتی نەتزانی، بۆ ئەوە نەبوو، سەرۆك چووە بۆ مەیدانی ئازادی و دەستی لەكار كێشاوەتەوە چونكە 8 كەس لەخۆپیشاندانەكاندا بەئاو خنكاون! لەناویاندا منداڵی تەمەن 11ساڵان هەبووە، ئەو وتیشی خەتای سەرۆك نەبووە ئاوەكە گەرم بووەو كەش و هەوا سارد بووە بۆیە ئەو كەسانە خنكاون!!
وتم جا ئەوە ئەم حەشاماتەی بۆ چییە؟ وتیان ئاخر هاتووە لەم بەرزییەی قەڵاوە خۆی بخاتە خوارەوە!! یەكێك هەڵیدایەو وتی نا چۆن شتی وا ئەكات هاتووە خواحافیزی دەكات و خەڵكی دڵی بۆی تەنگە، وتم ئەگەر وایە ئەبووا ئەم خەڵكە قوڕیان بپێوایە بۆ ئەو سەرۆكە بەخشندە! كە هێندە بەڕەحم و دیموكراسی و ئازادیخوازە!! نەك هەموو هەڵپەڕێ!
4
كاتێك سەرۆك وتی باشە مادام ڕازی نین خۆم لەم قەڵاوە هەڵنادەمە خوارەوە چونكە ئێوە ژیاناتن هەیەو كاتتان نییە 2 ڕۆژ لەكارو بازاڕتان بكەم!! بەڵام وتی واز لەسەرۆكایەتی دێنم و ئەڕۆم، خەڵك هەموو وتیان سەرۆك ئەگەر لەسەر ئاوپرژێن و خنكانی 8 خۆپیشاندەرەكە وازبێنی و بڕۆی، ئیتر تا ماوین ئاو ناخۆینەوە، ئەویش بەزەیی بەمیلەتدا هاتەوە وتی با ئەمجارە هەموو میلەتەكەم دیسان بە ئاو نەخنكێ با هەر ئەو 8 كەسە ببێت بەقوربانی!! بۆیە سەرۆك هەر لەبەردەم قەڵا بەرزەكەوە دوو بڕیاریدا:
1- وتی تاكو كوڕی كوڕەكەم گەورە دەبێت بەناچاری سەرۆكتان دەبم!!
2-گەرمیان 11 ساڵان بوو، هێندە خۆشی لەمنداڵی خۆی نەبینی و تۆپێكی نەبوو یاری پێبكات بۆ ئەوەی نەچێتە خۆپیشاندان! بۆیە وەك وەفا بۆ گەرمیان، بڕیارمدا ئەمجارە هەركەس وەك گەرمیان بچێتە خۆپیشاندان سەرۆك تۆپی پێوە دەنێ!
هیودارم كەس بەم وڕێنانە زویر نەبێت چونكە وڕێنە خۆش و ناخۆشی هەیەو هەموومان ئەگەر بۆ جارێكیش بێت مافی وڕێنەیەكی خۆشمان هەیە! هەرچەندە گەردنی سەرۆك ئازاد بێت ئەگەر لەسەر ئەم وڕێنە بایعییەكەی بڕیم قەینا!
كۆتایی
11ی ئازاری ئەمڕۆ كەدەكاتە كۆتایین ڕۆژی مانگی ئابی ساڵی دەسەڵاتی سەرۆك.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست