بۆ هەموو ئەوانەی کە قسە لەسەر نێوماڵی یەکێتی دەکەن
Saturday, 01/02/2014, 12:00
1329 بینراوە
لەم چەند ڕۆژەی دووایدا سفرەی سیاسی یەکێتی و کەوچکی بڕیاربەدەست و سەرکردایەتی ئەم حزبە بووەتە باسی ڕۆژ و هەریەکە و بەجۆرێک باس لە ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی کۆنگرەی یەکێتی دەکات، من پێموایە ئەوەی مافی ئەوەی هەیە کە قسە لەسەر بارودۆخی یەکێتی بکات و گرنگی و بێ نرخی ئەم کۆنگرەیە بخاتە بەرباس و خواستی ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ کۆنگرە شیبکاتەوە تەنیا و تەنیا کادیران و لایەنگرانی یەکێتین نەک ئێمە و مانان.
وەک چۆن لە پابەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا گونجاو نییە مرۆڤ خۆی لە کێشەی خێزان و بازنە کۆمەڵایەتییەکان بدات و پێویستە کێشە و چارەسەرەکەی بۆ ئەندامانی خێزانەکە جێبهێڵێت و بەداوی کاری خۆیەوە بێت ئاواش قسەکردن و سەرهەڵبڕین لە باسوخواسی نێو ماڵی هێزە سیاسییەکان ئەخلاقی سیاسی قسەکەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە، نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیای وشە وەک ڕێنمایی بەڕاگەیاندنکارەکانی دەلێت: لە دوو باردا هێرش مەکەنە سەر بەرامبەر، ئەگەر هاتوو حزبێک کۆنگرەی ئەنجامدا یاخود ئەگەر سەرۆکی حزبێک مرد چونکە ئەم جۆرە هێرشکردنە دەچێتە چوارچێوەی دوژمنایەتی سیاسییەوە.
ئیدی پێموایە ، لەئێستادا هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر حاڵی یەکێتی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بێ بابەتی و نەبوونی پرسێک بۆ قسە لەسەر کردن لەکاتێکدا لەدووای نزیکە ١٥٠ ڕۆژ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن تا ئێستا کابینەی هەشت سەر و سەودای نییە!.