چەند پرسیارێك لە پارتى و یەكێتى. چەند تێبینیەك لەسەر نەوشیروان
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
ڕاستەو خۆ گواستنەوەى پرسیارەكانى خەڵك بۆ سەر (ماڵپەڕى كوردستانپۆست) بەزمانى بازاڕ.
(لە هەڵبژاردندا وروژاندنى ڕۆحى شەڕانگێزى یەكێكە لە ترسناكترین دیاردەكانى بەردەم هەڵبژاردن .. ئەو كەسە دیموكراتى نییە كە باوەڕى بە هەڵبژاردن و دەنگدان هەیە , بەڵكو ئەو كەسە دیموكراتیە كە باوەڕى بە دۆڕانیش هەیە) (بەختیار عەلى) سەرەتا نامەوێ بێم مەنهەجیانە تعریفى دەسەڵات و حكومەت و ئیدارە بكەم بە ئسلوبى محازەرەیەكى ئەكادیمیانە باس لە دیاردە و كێشەكان و هاوڵاتى و ئەرك و مافى و دەسەڵات ویاساو سەروەریەكانى بكەم بەڵكو چەند پرسیارێك لە هەناوى خەڵكەوە لە پارتى و یەكێتى دەكەین بەتایبەت لە ئێستادا لە بەردەم هەڵبژاردنداین ئەمانیش بۆچەند مانگێك ناچارن بگەڕێنەوە ناو خەڵك و دەست بكەنەوە بەبەڵێن دان ئەمە لە كاتێكدا یە دەسەڵاتەكانى یاسا دانان ودادوەرى و جێ بەجێ كردن وەك پێویست كارا نین و لەسەر پەیوەندیە كۆ مەڵاتیەكان و خێڵ و ناوچە و خێزان كار دەكەن لێرەوە با چەند پرسیارێك بكەین.
1.ئایا هیچ یەكێك لە ئەندامانى مەكتەب سیاسیەكانى هەردوو حیزب ئەتوانن بە میدیاكان بڵێن داهاتى ئەم 17%دەچێتە كوێوە چۆن سەرف دەكرێ بە داتاو بە ژمارە بۆ خەڵكى ئاشكرا بكەن.
2.بەهۆى بەغدادەوە توانیمان بزانین كە 17% بۆ هەرێمى كوردستان سەرف دەكرێ ئایا ئەمان دەتوانن پێمان بڵێن داهاتى گومرگەكانى سنور و داهاتەكانى ناو خۆ وە داهاتى نەوتى هەرێم چەندە ,بۆ ئەم ژمارانە كەس نازانێ..؟ ئایا ئەمە دورگەى شەیتانە یان هەرێمى كوردستان كامەیە ئەو هەمو پێشكەوتنەى ئێوە باسى دەكەن پێشكەوتنەكانتان :
ا /.لە ڕوى بینا سازییەوە بەڵێ وایە هەموو بینا بەرزەكان موڵكى مەسئولە گەندەڵكانە ئەگەر هى هاوڵاتیش بێ بە پێى بازاڕى ئازاد ئەوە مەسئولێكى قەبەى لە پشتە كە حیزب و هەندێ كەسایەتیە حیزبیەكان مۆنۆپۆلى بازاڕیان كردوە هەرگیز ناتوانین بڵێین سەرەتاى بازاڕى ئازاد لە كوردستاندا هەیە وە بەم ئەقڵیتە هەرگیز دروست نابێ.
ب /.چینى ناوەڕاست لە كوردستاندا بەرەوە هەرەسێكى قورس دەڕوا جیاوازى نێوان چینەكان لە ڕوى داهاتى تاكەوە تابێت زیاتر دەبێت وە ئەم بینا بەرزانەى ئەوان باسى دەكەن هیچ لە ژیانى هەژارێك ناگۆڕێ بە درێژاى تەمەنى ناتوانێ لەگەڵ ماڵو منداڵیدا نانێك لەم شوێنانەدا بخوات مەگەر دەعوەتى ئەوان بن ڕۆژێ بەر لە دەنگ دان .
ج/ ئەوان نمونەى ڕۆژئاوامان بۆ دێننەوە ,بەڵێ وایە لەوێ دەوڵەمەند زۆر زۆر هەیەو بیناى بەرزو زۆر جوانى لێیە لەڕوى ماستەر پلانەوە بە مانا گشتیەكەى شارن بەڵام مافى تاك هەیە لە هەموو ڕوە كانەوە لە چوارچێوە ى یاساكاندا نەك بەو مانایەى لێرە هەیە كە هیچ بەهایەكى ئینسانى تێدا نییە وە بە ناوى كەم درامەتەوە چەندین پارە وەردەگیرێ و حەپە لوش دەكرێ كە ئێمە هەر ژمارە كانیشیان نازانین ئەگەر خەڵك مافى سەرەتایى بۆ َدابین بكرێ با ملێونەها دەوڵەمەند هەبێت كە ئێستە دەوڵەمەندە بزنسمانەكانمان 90% یان ناشەرعین بە پێى ئەو سیستەمەى كەباسى دەكەن .
4.یەكێك لە خاڵ هەرە دیارەكان كە پرسیارى ناو هەناوى خەڵكە كیشەى ئاو كارەبایە كە مافى سەرەتایى تاكى هاوڵاتییە كامەیە كارەباكەیان كامەیە سوتەمەنییەكەیان كامەیە ئاوەكەیان وە ئەگەر گەڕەكێك مسئولێكى تێدا نەبێت ئەوە زەحمەتە حزمەت گوزارى بۆ بڕوا وە خانوى ئەو گەڕەكانە هێندە گرانن هەژار هەر ناوێرێ پێشیا بڕوا ..
5.باسى سەروەرى یاسا دەكەن بەڵام یاسا بەس بۆ خەڵكى كەم دەسەڵات هەیە ,كوا بە یاسا ڕۆژێ لە ڕۆژان یەك لێپرسراوى گەندەڵ درابێتە دادگا كە خۆیان دەڵێن گەندەڵى هەیە بە پێچەوانەوە هەر لێپرسراو و چواردەورى لێپرسراوەكانە كارى نا یاسایى و نا ئیدارى و گەندەڵى دەكەن كەس(بە دادگاشەوە) ناوێرێ هەر باسى بكات وە ئەگەر سەرپێچیەكانیشیان بچێتە دادگا بە (واستە) بەر دەبێ وە دەیان نمونەى زیندو لەلاى خەڵكى هەیە با پێمان بڵێن كام لێپرسراوى ئیدارى حیزبى لە بەر چاوى میدیا و خەڵكى ڕاپێچى زیندان كرا بەپێچەوانەوە یاسا لەبەردەم لێپرسراوەكاندا زەلیلە وە لە ڕێكخستنى ژیانى خەڵكیدا زۆر غایبە وە ئەگەر یاسا سەروەرە وە ئەگەر فریودان نەبێ چۆن ئەیانەوێ تاكى هاوڵاتى بكەنە كاڵایەك بۆ كڕین و فرۆشتن بە مۆبایل و كارتى مۆبایل و دەمانچە دەنگ بكڕن ئەمە دورە لە هەموو بەهایەكى ئینسانییەوە ترسناكترین دیاردەیە كە خەریكە دەبێتە كەلتور.
5.باس لە بوژانەوە دەكەن كام بوژانەوە كە ئێوە نەتانتوانیوە پەرە بە كەرتى كشت و كاڵ و ئاژەڵدارى بدەن وەئاسایشى خۆراك بونیاد بنێن پێویستى ڕۆژانەى خەڵك لە وڵاتانى لەبناغەدا دوژمن بەئێمە بۆ بێت كە بەردەوام كارتى گوشارە لەسەرمان لە كاتێكدا ئێمە خاوەتى خاك و ئاوین ئاسایش هەیە بۆ بوژانەوەى كەرتى كشت و كاڵ بەتایبەتى خواردنە سەرەكیەكانى ڕۆژانەى خەڵك كە ئێوە نەتان توانیوە میكانیزمێك بۆ كۆچى بەردەوامى لادێ بۆ شار بكەن وە پێچەوانەى بكەنەوە وە شار بكەنە فەرمانبەر خانە و پۆلیس خانەیەكى گەورە فەرمانگەكان توشى هەڵئاوسانێكى گەورە بكەن وە پێشتان حەل ناكرێ وە ناتوانن ئەم هاوسەنگییە ڕابگرن ,كامەیە پێشكەوتن زۆربەى خەڵك بەهۆى نەخۆشى كوشندەو درێژ خایەنەكانەوە كەپێویستى تەندروستى وەك پێویستیان نییە لە حاڵیكى زور خراپدان وە لەبەر نەبونى خانوو وەنەبونى داهاتى ڕۆژانەو بێكارییەوە دەناڵێنن كامەیە پێشكەوتن كە لە چوار دەورى خۆتان زیاتر بەو دیوا كەس نابینن.
6.یان دەڵێن ئێمە دیموكراسین بۆ كەس ئەتوانێ لە دەرەوەى پارتى و یەكێتى ببێتە ئۆپۆزسێۆنى هەقیقى بۆ كەس دەتوانێ بڵێ پارتى ئێوە جگە لە بنەماڵەكەتان كەس دەتوانێ پۆستى باڵا وەربگرێ وەكەس دەتوانێ بڵێ لە هەولێرو دهۆكدا لیستى جیاوازمان هەیە یان كەس دەتوانێ بڵێ یەكێتى جگە لەكەس و كارو خزمى چەند مەسئولێك زیاتر لێپرسراو بێت و ئەم پارەى یەكێتى بۆ كوێ دەچێ خۆ ئەگەر لەمیدیا ئازادەكانەوە بوترێ ناڕاستەو خۆ ئەوە هەر گوێى لێ ناگیرێ بۆ كەس دەتوانێ لەكۆبونەوەیەكى مام جەلال یان مسعود بارزانیدا بڵێ ئێوە چواردەورتان دیاردەى گەندەڵى دروست دەكەن لێپرسراوەكانى نزیك خۆتانن بۆ كەس دەتوانێ لەكوڕەكانیان لە پیاوەكانیان بپرسێ هەمو كەس دەزانێ چەند بیناى بەزى ماكدۆناڵ و تەرمیناڵ و بازاڕى مۆڵ وزەوى داگیر كردنى تەجاوز هەیە وەهى چ بەر پرسێكە كەس دەتوانێ بڵێ ئەمەت لەكوێ بو بۆ كەس سەروەت و سامانى میللەت و بەرپرسەكان دەزانێ كە بەردەوام خۆتان لە پرسیارە جەوهەریەكانى هەناوى خەڵك دەشارنەوە , ئێوە دەڵێن ئێمە نمونەى دیموكراسى عێراقین, لە بەغدادا سەدان لیست بەشدار دەبن لە هەڵبژاردن و هەزاران كەس بۆ ئەنجومەنى پارێزگاكان وە بە لیستى كراوە تازە ئێوە لە ڕێى نوێنەرەكانتانەوە لە پەرلەمان بڕیار لەسەر لیستى داخراو دەدەن ئەمە ترس نییە لە بەر پرسەكانتان , كامە ئێوە دیموكراسى ترن, خەڵك دەڵێ حكومەتى بەعس لە ڕوى ئیداریەوە زۆر باشتر بوە, یەكە ئیدارییەكانى خۆمان لە خوارەوە بۆ سەرەوە نوقمى واستەو گەندەڵییە.
لەدواى ئەم پرسیارانەى كە لە هەناوى سەر شەقام و خەڵكیەوە دەكرێ با بپرسین بەدیلى یان وەڵامى ئەم پرسیارانە چین وە چۆن بتوانرێ وەڵامى خەڵك بۆ چاككردنێكى كردارى نەك تەنها بەڵێن و دروشم وپڕۆژە چ بێت دنیایەك پرَۆژەمان بینى بێ جێ بەجێ كردن هەر لە پرَۆژەى سەنتەرى ستراتیژى و پڕۆژەى نەوشیروان و پڕۆژەى مام جەلال و پڕۆژەى چوار حیزبەكەو چاكسازییەكانى حكومەت دنیایەك نوسەرو خەمخۆرى نەتەوەیەك كەچى هیچیان جێ بەجێ نەكران هەرچى دروشمى جوان هەیە لەم هەرێمەدا هەیە بەڵام بێ متمانەن لاى خەڵكى چونكە ناوەڕۆكى خۆیان لە ڕوى جێ بەجێ كردنەوە ون كردوە وە هاوڵاتى بون و هاونیشتمانى بون چۆن دەتوانێ لە پەناى ئەم دروشمانەدا بسەلمێت ,هاوڵاتى پێویسى بە بەرەیەكى ئۆپۆسیۆن هەیە تابتوانى بە ئامانجەكانى بگات ئۆپۆزسیۆنێك كەبتوانێت بەپێى گۆڕانى جیهانى و ناوچەیى و ناوخۆیى كارابێت بۆكاراكردنى دەسەڵاتەكانى یاسادانان و دادوەرى و جێ بە جێ كردن وە ئەگەر نەتوانێ ئەو ڕێژەیەش بەدەست بهێنێت ئەوا بتوانێ لە دەرەوەى دەسەڵات چاودێرو گوشار بێت بۆ چاكتر كردنى بە تایبەت ژێر خانى ئابورى چونكە ئێمە لە بارو دۆخێكى هێمنى ئیمكانیاتى مادى و مەعنەویداین بەڵام پڕۆفیشناڵ و دامەزراوەیمان نییە , ئالێرەوە ئێمە لەبەردەم دروست بونى ئۆپۆزسیۆنێكدان كە بەبەرەى ڕیفۆرمخوازەكان ناسراوە بە سەركردایەتى نەوشیروان مستەفا كە گۆڕانیكى مێژوى گرنگە و دەكەوینە بەردەم ئێستایەكى جیاواز لە ڕابرد و وە بارودۆخى كورد لەسەرئاستى دەسەڵات بگۆڕێ بەپێى پێشكەوتن و كرانەوەى كۆمەڵگا بۆیە دەكرێ چەند تێبینیەكمان لەسەر ڕیفۆرم خوازەكان و نەوشیروان هەبێت.
1.تائێستا شۆڕش و ئەحزابى كوردى خاوەنى باكگراوندێكى فكرى نەبوون هێندەلەدایك بوى توندوتیژییەكانى بەرامبەربوە ئەوفكرانەى كەوەرگیراون نەتوانراوە وەك پێویست كارى لەسەر بكرێ ئایا ڕیفۆرم خوازەكان ئەتوانن ئەم فكرە بەرهەم بهێنن .
2.دەسەڵاتەكانى زۆربەى حكومڕانییەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست یان بنەماڵەیى بوە یان دكتاتۆرى یان مەرجەعى و كاریزمى بوە وە لەم ناوەندەوە بڕیارەكان دەرچوە ئایاڕیفۆرمخوازەكان دەتوانن شورایى ودەستەجەمعى بێت لە كەسێكەوە بڕیار دەرنەچێ و نمونەیەكى جوان بدەینە ڕۆژئاوا.
3.دەكرێ ڕیفۆرمخوازەكان پشت بەنەوەى نوێ ببەستن و نەك تەنها ئەوەى لە شاخ بوبێت ببێت بە لێپرسراو واتا دەسەڵاتى كوردى لە ئەقڵى شاخ و عەسكەریانە دابماڵرێت وحكومەتێكى مۆدێرن و كۆمەڵگایەكى مەدەنى بونایاد بنێن و كار بە گۆڕانى میكانیزمەكانى دەسەڵات بكرێ .
4.ئایا ڕیفۆرمخوازەكان هەمو شتێك لە كاك نەوشیرواندا كۆدەكەنەوە یا ن پشت بە بڕیارى جەمعى و ڕاپرسى كادیرى ناوەندى ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى دەبەستن .
5.پێویستە لە ئێستەو كار بكرێت بۆ كارا كردنى یاساكان و نەبنە فۆتۆكۆپى دەستەڵاتى ئەوان خاوەنى بڕیارى خۆیانبن تا متمانەى خەڵك بە چەمكى هاوڵاتى بوون و هاونیشتمانى بوون نەتەوەى بون بگێڕنەوە .
6.ڕیفۆرمى گشتى مەرج نییە تەنها بەیەك لیست بكرێ پێویستە لەسەرانسەرى هەرێمدا لیستى جیاوازتریش هەبێت بۆیە دەبێت نەوشیروان كوردستانیانە بیر بكاتەوە كار بۆ كوردەكانى توركیا و ئێران وسوریا هەندەران بكات .
7.دەكرێ هەڵگرانى بیرى ڕیفۆرمخوازى زۆرترین لیست و زۆرترین دەنگ و رەنگ و و بتوانرێ رێكخراوە دیموكراتیەكانیش لیستى خۆیان هەبێت تا بتوانرێ بەرەى ئۆپۆزسیۆن فراوانتر بكرێ .
8. دەكرێ كاندیدەكانى ڕیفۆرم خوازەكان سەروەتى خۆیان ئاشكرا بكەن و لەگەڵ دیدو بۆچونى خۆیان بەرامبەر ڕیفۆرمى گشتى .
9. دەكرێ بتوانرێ هاوسەنگى نێوان پەیوەندییەكانى هەرێم و ئەمریكا وهەرێم و توركیاو هەرێم وئێران و هەرێم و سوریا لەسەر بەرژەوەندیە هاوبەشەكان ڕابگیرێ .
10.دەكرێت ڕیفۆرمخوازەكان و نەوشیروان بتوانن كار بكەن بۆ بەرهەم هێنانى خۆیى و بەرزكردنەوەى داهاتى تاك بەپێى خەرجییەكانى بازاڕ, تاكى كوردى لە تاكێكى بێبەرهەمەوە بگۆڕن بۆ تاكێكى بەرهەم هێن و ڕێژەى بێ كارى كەم بكەنەوە,وە پەرە بدرێ بەزانكۆكان و پەروەردە ,بەتایبەت گۆڕینى منهەجەكانى خوێندن.
لەكۆتایدا پێویستە ئەوە بوترێ كە نەوشیروان لە بەر ئەوەى ڕەگێكى درێژكراوەى كاریگەرى میژوى هەیە یەكێكە لەسەركردە خۆ نەویستەكان وە بەگیانى لێپرسراوێتیەوە كارى كردوە وە یەكێكە لەهەرە بەئاگاكانى گۆڕانەكانى ناوخۆیى و ناوچەیى و جیهانى وەڕۆشنبیرێكى باشى چەمكە فكرییەكانى ڕۆشنبیرى گشتى سیاسەتە دەتوانێت وەك بناغە دانانێك بۆ ئۆپۆ زسیۆن سەرەتایەك دابنێت وە توانیویەتى گۆڕەپانى كوردى بهەژێنێ كەپیشتر لە چەندنوسەرێك یان (ڕەهەندییەكان) تێپەڕ نەدەبو كەزۆر قورس بو لە سەریا ن وە مێژویەكى تر دروست بكات وە بوەتە سەركردەیەكى ڕۆحى بۆیە پێویستە زیاتر ئاگامان لە نەوشیروان و ئەوانەى سەر بە دیدو بۆچونى نەشیروانن ببێت كە ئەیانەوێ پرۆسەیەكى هێمنانەى بێ توندو تیژى لە سەر خۆو درێژخایەن ئەنجام بدەن , ئەوەى كە بەهەر زمانێك بێت ڕەخنە لە دەسەڵات بگرێ لە دڵسۆزیویەتى نەك دژى دەسەڵات.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست