کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بە بەڵگە و زانیاری رەخنە بگرە!

Monday, 02/05/2011, 12:00


ئیمڕۆ لە سایتی كوردستانپۆست وتارەكەی كاك (شێرزاد بەرزنجی)م خوێندەوە و بەپێویستی دەزانم تێبینییەكانم بخەمەروو.
1- ماوە 31ساڵە كاری حزبی ناكەم و ئەندامی حزبی شوعی نیم و بەهیچ شێوەیەك نەمویستووەو نامەوێ وەك حزبییەك كار بكەم. هەروا بیروڕای شوعییەت تاپۆی هیچ لایەنێك نییەو بە شانازییەوە بەرگری لەو بیروباوەڕە دەكەم. بۆچی تۆی خاوەن سەراستی، من بە رۆبۆتی حزب دەزانی؟! 
2- ئەو كاتە ناسنامەی رۆژنامەنووسانی هاوڵاتی و ئاسۆ و ناسنامەی سەندیكای رۆژنامەنووسانم پێ بوو، بۆچی خۆم وەك پەیامنێری كوردستانپۆست بناسێنم؟ هەرگیز خۆمم بە پەیامنێری كوردستانپۆست بە كەس نەناساندووە. ئاخر چ پێویست دەكات؟. من زۆر دەمێكە بابەتەكانم بۆ كوردستانپۆست نانێرم. 
3- من رقی شەخسیم لە هیچ كەسێك نییە. بەرگری لە شێركۆ بێكەس بە ئەركی خۆمی دەزانم، بە مەرجێك لەباری سیاسییەوە هیچ شتێك بەو بەڕێزە نامبەستێتەوەو بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە ژیانی دەكەم.
4- تۆ بە رقوقینەوە دەنووسی، بۆیە نەفرەت لەوانەش دەكەیت كە پشتیوانی یان هاوكاری كەمپینەكان دەكەن. ئەو بەڕێزانە چ گوناهێكیان كردووە؟! 
5- بێویژدانی و نەزانی دەبێتە بەڵا بۆ خاوەنەكەی. كاكە بە چ حەقێك جارێك ناسنامەی حزبی شوعیم بۆ چێ دەكەی و جارێك ناسنامەی دەزگایەكی ئەمنی؟ حیكمەتی ئەم مەعریفەتە لە چییە؟!
6- بۆ ئاگاداری جەنابتان: ناڕەزایەتی و داخوازییە جەماوەرییەكانی كوردستان لە خانەقینەوە لە رۆژی15/1/2011دەستی پێكردو بەندە رێكخەرو نووسەریان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی حزبی نیم و هیچ دەزگایەكی راگەیاندن لەپشتمەوە نییەو توانای مادیشم نییە، بۆیە ئەم راستییە لە خەڵك شاراوەتەوەو ئەنواع"پاڵەوان"ی لیبڕاڵ و رەشبیرو ئیسلامی بە فوویەكی سیحری، بەرزكرانەوە! 
7- خۆپیشاندانەكەی سلیمانی لەلایەن گروپی(بەرگری لە ماف و ئازادییەكانی خەڵكی سلیمانی)دەستیپێكردو منیش یەكێك بووم لەو گروپەو نووسەری چەندین وتارو داخوازییەكانیم. 
8- جیاوازییەكەی من ئەوەیە وەك پرۆتێست هیچ وتارێك بۆ رۆژنامەكان نانێرم، چونكە پێموایە زۆربەی رۆژنامەكان بە پرەنسپیی پەیوەندی خاوەن كار-كرێكار كارەكەن كە تێكەڵاوە بە برادەری و چاوبەستن لەبارەی كەسانی رەشبیر و زۆر شتی تر. زیاتر لە ساڵێكە پشت بە ماڵپەڕ و فێسبووك دەبەستم. 
9- من نەك لەبەرامبەر تاوانی كوشتنی خۆپیشاندەرێك لە گەرمیان، بەڵكو هەڵویستی روون و ئاشكرام هەیە لە بەرامبەر گشت بارودۆخە. 
10- ئەگەر حەز دەكەی بزانی، ئەوا پێدەڵێم پێش ئەم بارودۆخە كەمپەینێكم رێكخست بۆ دەستلەكاركێشانی سەرۆكی هەرێم و حكومەت. ئەم كەمپەینە دژ پەراوێزخستنی ناوچە بەزۆر دابڕنراوەكان بوو كە حكمەت بە گوێرەی دەستوور بەرگری لێ نەكردووەو خزمەتیانی نەكردوو وەك شاری مەندلی، سەعدی و جەلەولا. 
11- وەك ناڕەزایەتییەك دژ بە قەدەغەكردنی خۆپیشاندانەكەی یەكی ئایار لە سلێمانی، بڕیارم داوە سبەی نەچم بەدەم هیچ یەك لە دەعوەتی بۆنەی یەكی ئایار لە خانەقین، هاوكات بۆچوونی خۆم لەبارەی ئەم رۆژە بۆ سایتەكان ناردووە.
12- هەڵویستی من نەك لەگەل ئۆپۆزیتسیونێكی راستڕەوی لیبراڵ-ئیسلامم و نە لەگەل حكومەتێكی بازرگان و گەندەڵكارو جاش و موستەشارو مشەخۆر و چەوسێنەرە. لە چەند هەفتەی رابردوو، بە نووسین و پەیوەندی، هەوڵم دا بۆ دامەزراندنی بەری چەپ، بەڵام بەداخەوە لەبەر چەند هۆیەك هەوڵەكە سەرنەكەوت. 
13- شێرزاد بەرزەنجی لە دوای وتاره‌كەی دەنوسێ: سه‌لام عه‌بدوڵڵا که‌ هیچ هه‌ڵوێستێکی له‌ سه‌ر تاوانه‌کانی پارتی و یه‌کێتی نه‌بوو، ئیستا دێت که‌مپین بۆ شێرکۆ بێکه‌س به‌ڕیده‌خات، بۆیه‌ به‌ خوێنه‌ر ده‌ڵێم ئایا سه‌لام عه‌بدوڵڵاکان له‌ داکۆکیکردن له‌ ئازادیی سیاسیی و مافی مرۆڤ راستگۆن، یان نا؟
14- ئەمە مانای وایە كە شێرزاد نەخوێندەوار و نەزانە، چونكە لەو بارەیەوە لە سایت و رۆژنامەكان سەددان وتارم هەیە. تۆ كابرایەكی دڵ بەقینی. ئایا فرەبێژییە بێتام و بێ بەڵگەو پڕ بوختانە خزمەت بە كێ دەكات؟! ئاسانترین كار ئەوەیە یەكێك رەخنە لە دەسەڵات و حكومەتی هەرێم بگرێ، بەڵام پرسیارە گرنگەكە ئەمەیە: ئایا دەتەوێ بەو رەخنانە كۆمەڵگە بەرە كێ ببەیت؟. كوردستانپۆست دەتوانێ ئەو سوكایەتی، بێڕێزی و پڕ بوختان و نەزانییە شانازی پێوە بكات!
هیوادارم جارێكی تر بە بەڵگەوە رەخنە بگرن....لەگەل رێزم و سەركەوتوو بن.

بۆ بینینی وتارەكەی شیرزاد بەرزنجی:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە