شیزۆفرینیای دکتۆر موسەنا
Tuesday, 29/01/2013, 12:00
پاش کەوتنە خوارەوەی دەمامکی ڕووی دکتۆر موسەنا ئەمینی یەکگرتووی ئیسلامی بەهۆی فەلاقەکردنی خێزانی پێشووی خۆی لەئاکامدا بە سزادانی پارە لەلایەن دادگای کەتنی دووهەمینی سلێمانی کۆتایی هات گەرچی سزاکە زۆر کەمتربوو لە قەبارەی ڕووداوەکە ، مەدیاکان ، دەوروبەرانی فێمێنیست و ڕێخکراو و ئینسان دۆستان لە سەر ڕووداوەکە هاتنە گۆ.
دیارە ئەوەش مافێکی سروشتی هەموو دەوروبەرانێکی خەمخۆرەی کۆمەڵگا و مرۆڤە بەتایبەت مەدیا لەو ڕووداوانە بێدەنگ نەبن، وەک چۆن دکتۆر موسەنا بەمافی خۆی دەزانێت قسە لەسەر (ڕۆشن فکری و کۆمەڵگا ، نەوە و چینێکی تەندروست) بکات ئەوانیش هەمان مافی گوتنیان هەیە ، ئەمە جگە لەوەی دکتۆر موسەنا کەسێکی ناسراوە و خۆی وەک بانگخوازێک بەخەڵک ئاشنا کردوە و پەروەردەکردنی خوێندکارانی لەئەستۆ گرتوە .
دکتۆر لە دیدارێکیدا لەتەلەفزیۆنی پەیام دا دەڵێت: ئەندامانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاخر کەسێکن هیچ توهمەتێکی توندوتیژیان پێوە بلکێنرێت .
بەڵێ ئەوەی مایەی سەرنجە چەند ڕۆژ پاش ڕوداوەکە دکتۆر لە ماڵپەڕێکی کوردیدا بە نوسینێکی دیماکۆژی توڕە و هەڕەشەئامێز وەڵامی هەموو ئەو ڕەخنە و ئانالیزانە دەداتەوە کەلەو چوارچێوەیەدا لێی کراون بەوەش جارێکی تر ناخی پڕ لە توندتوتیژی خۆی نیشانماندا و ئیسپاتی ڕاستی ڕووداوەکەی کرد ، لەهەمان کاتدا بەهەمان لۆژیکی دەسەڵات هەموو ڕەخنەگرانی خستە قاڵبی حزبی و سیاسیەوە و بە دوژمنی خۆی و پارتەکەی پێناسەکردن.
دکتۆر دەڵێت (بێ هیچ گوێدانە بنەما و ئەخلاقێکی کاری ڕۆژنامەگەری باسی توندوتیژی من دەکەن دژ بە خێزانم).
دەبوو دکتۆر دەستنیشانی بکردایە مەبەستی لە دژی ئەخلاقی ڕۆژنامەگەرین کام لە نوسینەکان بوە؟.
نازانم دەبێت ئەو نوسینانەی لەو چوارچێوەیەدا بڵاوبونەوە جگە لەکۆمێنتی کەسانێک کەلە فێسبوک لەژێر نوسینەکانی پەیوەندیداردا نوسیبێت یان کامیان دوری ئەخلاق بوون؟
دکتۆر هەموو مافێکی ڕەخنەگرتنی بۆ خۆی حەڵاڵ کردوە و بۆ دەرەوەی خۆشی حەرام .
لێرەدا ئەو پێمان دەڵێت کەئەوە کێشەی شەخسی خێزانی خۆمە و کەس بۆی نیە لەسەری بدوێت یان دەبوو بهاتنایە مۆڵەتتان لەمن وەربگرتاتە بۆ نوسێنێک لەمەڕ ئەو ڕوداوە کە ڕۆژنامەوان لەوە ئازاد ترە مۆڵەت لە هیچ کەسێک وەرگرێت بۆ ڕووماڵی ڕوداوێک و ئانالیزێکی ڕاست و دروست.
1- ئەو مێژووی خۆی و حزبەکەی هێناوەتە ناو باسەوە وەک ئەوەی دۆسیەکەی ئەو عەدلی نەبێت و لەسەر چالاکی سیاسی سزا درابێت ،ئەوەی بەرامبەر هاوسەری پێشووی کردویەتی تەنها موحەبەتێک بوە و هیچی تر، بەڵام نازانم حزبەکەشی کە قوتابخانەی پێگەیاندنی ئەوە پشکی چەنێک لەو ڕووداوەی بەردەکەوێت خۆ زۆر داریش هەیە بەرەکەی زیانمەندە .
2- دکتۆر جارێکی تر بانگی جیهاد دەکات و ڕەخنەکان پەیوەست دەکاتەوە بە شەڕێکی فکری و ئاینیەوە ، گوایە دینی ئیسلامیان کردوەتە ئامانج و ئەو پاک و بێگەردە وەک ئەوەی ڕەخنەکانی لە ئۆرشەلیمەوە لێی گیرابێت.
3- دکتۆر موسەنا دۆگمایانە پێمان دەڵێت دەبێت ڕاگەیاندن و فێمێنیستان لەئاستی مندا کوێر و کەڕ و ڵاڵ بن ئەوە منم و هەرچی دەکەم پەیوەندی بەخۆمەوە هەیە ، وەلێ من مافی ئەوەم هەیە هەموو ڕۆژێک لە مەدیاکاندا هاوارکەم چیم بوێت بیڵێم و بینوسم .
گەرچی جیابونەوە مافی سروشتی تاکە ، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو ناڕاستەوخۆ دان دەنێت بەوەدا کە توندتیژی بەرامبەر خێزانی کردوە و وەلێ بە کارێکی شەرعی دادەنیت و دەڵێت ئەوە هەر لە سەردەمی پێغەمبەرانەوە هەبوە و دەبێت کە دەبوو پێمانی بگوتایە کام پێغەمبەر و چۆن توندوتیژیەکانیان بەرامبەر خێزانەکانیان کردوە .
4 کورد دەڵێت لەجێی سندان قوزەڵقورتە ، دکتۆریش پێمان دەڵێت لەبەر ئەوەی خێزانم مافی بینینی منداڵەکانمی لێ زەوت کردووم کە ئەویش دەچێت قاڵبی توندوتیژیەوە منیش جەزایم کردوە و ئەوەم کردوە کە کردم .
5- دکتۆر دەڵێت من لە خیزانم نەداوە و بوختانێکی مەزنەوە بۆم کراوە ، باشە ئێمە دەڵێین قسەی تۆیە دادگا سەربەخۆ نیە ئەی بۆ خێزانت گازەندەی لێ گەیاندیتە دادگا ؟ .
6 دکتۆر سزاکەی خستوەتە قاڵبی شەڕی دەسەڵات و بودجە وەک ئەوەی ئەم حکومەتە چەتەیە ، دەسڕی سواڵی ڕاخستبێت و حاکم چاوەڕێی ئەو ٢٠٠ هەزارەی دکتۆر بکات شێوی پێبکاتەوە ، یان بڵێین تەنها کەسێک کە سزای پارە دراوە ئەوە و ئەوەش سەرانەیە لێانسەندوە .
7- دکتۆر موسەنا دژی ئەوەیە کە زلە و پاڵێک بە ژنەوە بخەینە قاڵبی توندوتیژی یەعنی بابە خۆمن نەمکوشتوە زلەیەکم لێداوە ، وەک ئەوەی بەرامبەرەکەی مرۆڤ نەبوبێت و هەست و شعوری نەبێت ، بەڵکو ئەو تا قاچ و دەست شکاندن و گەیاندنە سەکۆی مەرگ بە توندوتیژی دەزانێت.
8- دەبێت هەندێک لایەنی حزبی ئەو ڕوداوەیان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکارهێنابێت ئەوە ڕاستە ، بەڵام دکتۆر تەڕ و وشکی سوتاندوە و هەموو ڕەخنەگرانی خستوەتە سەنگەری دوژمنایەی خۆیەوە ، بێ ئەوەی بزانێت خۆی لەکوێیە و چی کردوە ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەو دەگەڕێتەوە خەیاڵی پانئیسلامیز و بێ هیچ پەیوەندیەکی بەو بابەتەوە هەبێت موحەمەد مورسی هێناوەتە ناو ناوان .
9 دەبوو دکتۆر موسەنا هێندە ئیرراسیۆنال ، ناواقعی ، بیرنەکاتەوە و کە کەس پێی نەڵێت بەری چاوت کلە ، ئەگەر بیرکردنەوە وابوو کەواتە تۆ و شەق وەشێنەکانی دەسەڵات چیتان جیاوازە.
ئەو کەسانەی خۆیان بە پێشەنگەی کۆمەڵگا دەزانن دەبێت هەمیشە ئەوەیان لە خەیاڵدا بێت کە گەل و مەدیا و لێکۆڵەران لەبچوکترین هەڵەیان خۆش نابن ، لێیان دەبنە پاپاڕازی و بەدوایانەوە دەبن لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا پێویستی بە مرۆڤی ڕیالیست و دروست هەیە ، نەتەوەیەک بە قسەی زل و دروشمی بریقەدا بەڕێوەنابرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست