پەیامی شەهید"دڵشاد"ئاواكردنی یەكێتی كوردان و یەكگرتنی پێشمەرگە و گەریلایە بۆ پاراستنی كوردستان
Sunday, 03/08/2014, 12:00
1373 بینراوە
رۆژی "2/8/2014"، كاتژمێر سێ پاش نیوەڕۆ لەتونێلی دەربەندیخانەوە بەكاروانێكی دەیان ئۆتۆمبیل و بەهەڵواسینی وێنەكانی ئەندامی یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە"، شەهید"دڵشاد ئەحمەد عارف"، ناسراو بە"دیار دەلیلا"، بە ئۆتۆمبیلەكانەوە و بەهەڵگرتنی پۆستر و پلانكارتەكانی باشور، باكور، رۆژهەڵات، یەك ئامانج و یەك خەبات، شەهیدان خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتەن و بەوتنەوەی دروشمەكانی"بژی بەرخۆدانی كۆبانی، بژی بەرخۆدانی كەركوك، بژی بەرخۆدانی یەپەگە، بژی بەرخۆدانی پێشمەرگە، بژی بەرخۆدانی جەلەولا، بژی رێبەر ئاپۆ، ئاپۆرای جەماوەر لەشارەكانی كەركوك، سلێمانی، كەلار، دەربەندیخان، رانییە، قەڵادزێ، چوارقۆڕنە، پێنجوێن، كفری، چەمچەماڵ و ...هتد چوونە بەردەم ماڵی شەهید"دڵشاد ئەحمەد" كە بۆ ماوەی دوو رۆژ چادری پرسە و سەرخۆشیان دانابوو و لەلایەن كەس و كار و بنەماڵەی شەهیدیشەوە، بەچەپڵەرێزان و هەلهەلە پێشوازی لەجەماوەرەكە كرا و هەموو بەیەك دروشمی، هەڤاڵ"دیار"نامرێ، شەهید نامرێ، خۆلەكێك بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی كوردستان راوەستان. پاشانیش هاوسەرۆكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان"نەجیبە عومەر" وتەیەكی پێشكەشكرد و سەرەنجی راكێشایە سەر بەرخۆدانی شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان لەبەرامبەر بە گروپە تیرۆریستیەكانی داعش و بەرخۆدانی پێشمەرگە لەناوچەكانی جەلەولا و سەعدیە و كەركوك هەتا شەنگال و موسل و ووتی:"سەرەتا لەبەرامبەر بەقامەتی بڵندی شەهیدی تێكۆشەر، شەهید نەتەوەیی، شەهید دڵشاد ئەحمەد و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی گەلەكەمان سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین. ئامادەبووانی، خەڵكی بەشەرەفی شارۆچكەی دەربەندیخان، هاوڕێیان، هەڤاڵ دڵشاد وەك تێكۆشەرێك ماوەیەكی درێژە لەناو تێكۆشانێكی نەتەوەییدا جێگای خۆی گرت و دوابەدوای ئەوەش بۆ ماوەی ساڵێكە چووەتە ناو ریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە"، لەرۆژئاوای كوردستان و لەبەرواری"30/7/2014"، بەشێوەیەكی زۆر قارەمانانە و لەشەڕێكی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ گروپە تیرۆریستەكانی داعش بەشێوەیەك كە توانیان كۆبانی و دەوروبەری لە هێزە توندڕەوەكان پاك بكەنەوە و هاورێ لەگەڵ سێزدە هاورێبازی خۆیدا بەشێوەیەكی سەربەرزانە چووە ریزی كاروانی شەهیدانەوە.
ئازاد بوونی رۆژئاوای كوردستان، بەواتای ئازادبوونی هەرچواربەشەكەی تری كوردستانە
بەرێزان، هەڤاڵ دڵشاد لەناو ریزەكانی شۆڕشێكدا بوو كە شۆڕشێكی زۆر پیرۆز و بەنرخە. هەموومان ئاگادارین كە ئەو شۆڕشەی لەرۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە بەتێكۆشان و هەوڵ و كۆششی كچان و كوڕانی هەرچواربەشی كوردستان توانراوە بەشێكی كوردستان ئازاد بكرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆكە لەسایەی ئەو تێكۆشەر و شەهیدانەی وەكو شەهید دڵشاد و هاوڕێبازانی ئەو بەشی كوردستان كە رۆژئاوای كوردستانە ئەمڕۆكە ئازادكراوە و سەربەخۆیە. ئازادیەكە كە بۆ هەرچواربەشی كوردستانە. ئازاد بوونی رۆژئاوای كوردستان، بەواتای ئازادبوونی هەرچواربەشەكەی تری كوردستانە. لەسەر ئەو بنەمایە هەموومان ئاگادارین كە لەماوەی رابردوودا دوژمنان و نەیارانی گەلی كورد، جارێك لەژێر ناوی ئائینی ئیسلامی پیرۆزدا، جارێكی تر لەژێر ناوی نەتەوەپەرەستیدا، هەموو دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان هەوڵیاندا بۆ ئەوەی رۆژئاوای كوردستان جارێكی تر داگیربكەنەوە، و بۆ ئەوەی ئەو دەسكەوتانە لەبار ببەن. بەڵام هەموومان ئەزانین كە رۆژئاوای كوردستان لەلایەكەوە گەمارۆی رژێمی سوریای لەسەرە، لەلایەكەوە گەمارۆی رژێمی توركیای لەسەرە، لەلایكەوە گەمارۆی رژێمەكەی مالیكی لەسەرە، لەلایەكی تریشەوە، بەداخەوە گەمارۆی هێزێكی كوردی لەسەرە لەباشوری كوردستان.
پەیامی هەڤاڵ دڵشاد بەواتای یەكڕێز و یەكپارچەیی كوردستانە
تێكۆشانی هەڤاڵ دڵشاد ئەو پەیامە ئەدات كە ئەوەی دەرگای سێماڵكای داخستووە، لەنێوان باشور و رۆژئاوا خەندەق لێدەدات، ئەوەی كوردستان پارچە دەكات، ئەو هێز و لایەنە بەهیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی باشوری كوردستان ناكات و نییە، بەڵكو نوێنەرایەتی راستەقینە هەڤاڵ دڵشاد و هاوڕێكانیەتی. پەیامی هەڤاڵ دڵشاد بەواتای یەكڕێز و یەكپارچەیی كوردستانە. هەڤاڵ دڵشاد لەفكر و رۆح و ویژدانی خۆیدا بەهەموو شێوەیەك، سنورە دەسكردەكان كە دەوڵەتانی داگیركەر دایانناوە، هەموو هەڵگرتووە. بۆیە شانبەشانی هەڤاڵانی تادوا هەناسە و دڵۆپە خوێنی خۆی تێكۆشانی كرد. هەڤاڵ دڵشاد بەبەرخۆدان و تێكۆشانی خۆی دەیەوێت ئەو پەیامە بدات كە ئازادی رۆژئاوای كوردستان بەواتای قەڵای بەرخۆدانە بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان. ئەگەر ئەمڕۆ كۆبانێ بكەوێتە ئەوە بەواتای داگیركردنی كەركوكە. ئەگەر ئەو شەڕەی لەعەفرین لەئارادایە، بەواتای شەڕە لەجەلەولا و كەركوك و شەنگاڵ.
ئەوەی ئیسلامی راستەقینە دەپارێزێت گەلی كوردە
هەموومان دەزانین كە كۆمەڵێك گروپی تیرۆریستی لەژێر ناوی ئائینی پیرۆزی ئیسلامدا و بەپشتگیری دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان، دەیانەوێت لەژێر ناوی ئیسلامی پیرۆزدا كوردستان داگیر بكەن. ئەو هێزەی كە ناوی داعشە دوو ساڵە لەرۆژئاوای كوردستان دەستەویەقە لەگەڵ هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل"یەپەگە" و "یەپەژە"، شەڕ دەكەن. هاوكاتیش ماوەیەكە لەكەركوك، لەجەلەولا و شەنگاڵ رووبەرووی گەلی كورد و هێزەكانی دەبنەوە و رۆژانە پێشمەرگە شەهید دەبن. ئێمە هەموومان دەزانین و لەرابردووشدا بەبەردەوامی ئەم راستیەمان ووتبوو كە كوردستان یەكپارچەیە و دوژمنەكانیشی یەكە. ئەمڕۆ داعش بەبێ دوودڵی هەركوردێك لەهەركوێیەك بێت، سەری دەبڕێ لەژێر ناوی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا.
ئێمە پێمان وایە كە داعش و ئەوانەی كە پەیوەندیان لەگەڵ داعشدایە، هیچ پەیوەندیەكیان لەگەڵ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا نییە. ئەوەی ئیسلامی راستەقینە دەپارێزێت گەلی كورد و نوێنەرایەتیشی دەكات. لەسەر ئەو بنەمایە ئەو تێكۆشانەی هەڤاڵ دڵشاد كردۆیەتی، تێكۆشانی ئیسلامێكی راستەقینە دەبینین. پاراستنی كەلتور و ئەخلاقە. بۆیە لەئێستادا پێویستە ئەو تێكۆشانەی كۆبانێ و كەركوك و جەلەولا بكەینە یەك، یەكێتی گەلی كورد پێویستە. پەیامی هەڤاڵ دڵشاد بەواتای یەكێتی و یەكڕیزی گەلی كوردە. پەیامی هەڤاڵ دڵشاد ئەوەیە كە كوردستان یەكپارچەیە و پێویستە هەموومان بەیەكەوە دیفاعی لێبكەین. پەیامی هەڤاڵ دڵشاد ئەوەیە كە پێویستە ئیدی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان بەفەرمی بناسێنرێت. ئەو هەڵسوكەوت و نزیكایەتیەی كانتۆنەكانی كوردستان ناناسێت، ئەوە تاوان لەئیرادە و دەسكەوتەكانی گەلی كورد. بەگشتی پەیامی هەڤاڵ دڵشاد یەكێتی و یەكڕیزی گەلی كوردە لەهەرچوارپارچەی كوردستان و ئێمەش بەرپرسیارین كە پەیامەكانی هەڤاڵ دڵشاد باش تێبگەین و باشیش بەرجەستەیان بكەین.
ئیدی هەڤاڵ دڵشاد رۆڵەی هەرچواربەشی كوردستانە و رۆڵەی ئەو تێكۆشانەیە كە ئەمڕۆكە لەسەرەتاسەری جیهاندا دەنگی داوەتەوە
هەڤاڵ دڵشاد بە هەڵسوكەوتەی خۆی ئەو كەسەی سنوری رۆژئاوای كوردستان دادەخات، شەرمەزار و ریسوا دەكات. پەیامی هەڤاڵ دڵشاد بەواتای شەرمەزاركردنی ئەو هێز و لایەنانەیە كە هاوپەیمانیان هەیە لەگەڵ داعشدا.
لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پەیمانی خۆمان دووپات دەكەینەوە كە بەردەوامی رێبازی شەهیدان بەتایبەتی شەهید دڵشاد بین. بۆ ئاواكردنی یەكێتی نەتەوەیی لەباشوری كوردستان و بۆ ئەوەی ئیدی پارچەپارچەبوونی كورد ئیدی بەس بێ. پێویستە ئیدی ئەو هێز و لایەنانە لەباشور هانا بۆ ئەمریكا نەبەن كە بێت و بیانپارێزێت، پێویستە ئیدی جەماوەریش لایەنەكان هان بدەن كە گەریلا و پێشمەرگە بەیەكەوە بەریەكی نەتەوەیی ئاوا بكەن و باشوری كوردستانیش بپارێزن. پەیامەكەی هەڤاڵ دڵشادیش لەو چوارچێوەیەدا. بۆیە جارێكی تر لەكەسایەتی شەهید دڵشاد، شەهیدانی زۆماریش كە گروپێكی پێشمەرگە گیانیان بەختكرد بەبیر دێنینەوە و سەری رێزو نەوازیش لەبەرامبەریان دادەنوێنین. جارێكی تر دەڵێن، پێشمەرگە و گەریلا یەكگرن، بۆ پاراستنی كوردستان و بۆ یەكپارچەیی كوردستان و بۆ پتەوكردنی ریزەكانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان. پێویستە بنەماڵە و كەس و كاری هەڤاڵ دڵشادیش باش بزانن كە ئیدی هەڤاڵ دڵشاد رۆڵەی یەك خێزان نییە؛ بەڵكو رۆڵەی هەرچواربەشی كوردستانە؛ بەڵكو رۆڵەی ئەو تێكۆشانەیە كە ئەمڕۆكە لەسەرەتاسەری جیهاندا دەنگی داوەتەوە. بەڵكو رۆڵەی ئەو شۆڕشەیە كە هەموو رۆژهەڵاتی ناوڕاستی هەژاندووە، بەڵكو رۆڵەی ئەو تێكۆشان و رێبازیەی رێبەری ئۆجالانە كە لەزیندانێكی چوارمەتریدا زیندان كراوە. لەكۆتاییشدا دەڵێن شەهید نامرێ، بژی یەكێتی گەلی كورد.
نابێ گەلی كورد بەبانگەشە دۆرویەكانی داعش و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لەژێرناوی ئاینی ئیسلامدا پەلاماری گەلەكەمان بدەن، هەڵخەڵەتێ
پاش كۆتایی هاتنی وتەكانی هاوسەرۆكی پارتی چارەسەری پیاوان چوونە مزگەوت و پاش دۆعا و فاتحا خوێندن، كەسایەتی ئاینی"مەلا نادر"یش وتەیەكی پێشكەش كرد. مەلا نادر لەوتەكانیدا گرنگی یەكێتی نەتەوەیی كوردان دژ بەپەلامار و هێرشەكانی دۆژمنان و رووبەروو بوونەوەی گروپە تیرۆریستیەكانی داعش كە هیچ بنەمایەكی ئەخلاقی و دینیان نییە بەئەركی سەرشانی موسلمان و گەلی كوردی زانی و ئاماژەی بەوەش كرد كەنابێ گەلی كورد بەبانگەشە دۆرویەكانی داعش و ئەو هێزانەی دەیانەوێت لەژێرناوی ئاینی ئیسلامدا پەلاماری گەلەكەمان بدەن، هەڵخەڵەتێ و هەوڵی یەكریزی و پاراستنی دەسكەوتەكان بدەن. لەدرێژەی وتەكانیدا مەلا نادر ووتی؛ ئەو كەسەی لەپێناو پاراستنی خۆی و نەوەی داهاتوو و خەلك و ئەدەب و ئەخلاقی كۆمەڵگادا گیانی بەخت بكات ئەوا شەهیدە.
هەركەسێك دژایەتی ئەم میللەتە بكات، دژایەتی دینی راستەقینە دەكات
بەدرێژایی مێژوو دۆژمنان زۆڵمیان لەگەلەكەمان كردووە. لەمڕۆشدا دۆژمنانی گەلەكەمان هەموو سەروەت و سامانمانیان تاڵان كردووە، ئەنفاڵیان كردووین، لەسەر ماڵ و حاڵی خۆمان دەربەدەریان كردووین و هیچ شتێك بەئێمە رەوا نەبینیووە. ئەمڕۆكە هەر لەجەلەولا، هەتا كۆبانی و رۆژهەڵات و باكوریش تەنیا خوێن دەرێژی و زۆڵم و ستەم لەم میللەتەی ئێمە دەكرێت، بەڵام بەراستی كۆمەڵێك گەنجی خۆبەخش و گیان لەسەردەست لەبەرامبەر بە دۆژمن راوەستاون و بەراستیش ئێدی ئێمە هیچ پێویست ناكات سەردابنوێنین بۆ كۆمەڵێك خەڵك كە بەناوی دینەوە ئەستغلالمان كەن و بەناوی دینەوە ئەنفالمان دەكەن و بەناوی دینەوە شوێنە پیاو چالاكان و پێغەمبەرانمان دەتەقێنەوە. كوردیان لەهەركوێ دەستكەوێت سەری دەبڕن كە چی كوڕەكەی سەدام دەگرن و مۆبارەكی دەكەن و دەیڕازێنەوە. ئەمانە لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلیشەوە ئەقڵە لەگوێ دەكرن و دەچن بەدەمیانەوە. لەكوێ پەرتوكە پیرۆزەكاندا هەیە كە تۆ مەرقەدە پیرۆزەكاندا بتەقینیتەوە. بەمەرجی كە كەسایەتیەكی وەكو حەزرەتی یونس، پێغەمبەری خوا لەبارەیەوە دەفەرمووێت:"ئەگەر كەسێك نەیتوانی بێ بۆ لای من، بابچێ بۆ لای براكەم لەنەینەوا". پێغەمبەری خوا بەبرای خۆی لەقەڵەمی داوە، كەچی پێغەمبەر یونس لەسەر دینی ئیسلامیش نەبووە. ئێمەی كورد ئیسلام دینێكە كە خۆمان بەدڵی خۆمان هەڵمانبژاردووە. خۆشمان، خۆمانی لەپێناودا شەهید دەدەین. هەركەسێك دژایەتی ئەم میللەتە بكات، دژایەتی دینی راستەقینە دەكات و انشاالله خوای گەورە لەناوی بەرێت.
بەئەندازەی ئەو ماوەیە شەهید دڵشادمان نەبینیووە، بەو ئەندازەیە سەروەری و شانازی بۆمان تۆمار كردووە
لەمەراسیمەكەدا، ئامۆزای شەهید"دیار دەلیلا"، "نەریمان سوفی مەجید"یش وتەیەكی پێشكەش كرد و دەستخۆشی ئەرك و ماندوو بوونی جەماوەر كرد كەلە شوێنەكانی كوردستانەوە هاتوون بەتایبەتی خەڵكی گەرمیان لەبەشداریكردنیان لەمەراسیمەكەدا و ووتی:"راستە دڵگرانین بەشەهیدبوونی، بەڵام بەئەندازەی ئەو ماوەیە درێژەش كە ئێمە هەڤاڵ دڵشادمان نەیووە، بەو ئەندازەیە سەروەری و شانازی بۆ ئێمە تۆمار كردووە. ئەمەش نەریتێكی شۆڕشگێڕانە كە لەمێژوودا دووبارە دەبێتەوە. ئەگەر قەتڵوعامی كردنی كوردان و زۆڵم و ستەم لەبەرامبەر بەكوردان بەردەوام بێ، بێگومان هەزاران وەكو شەهید دڵشاد لەناو بنەماڵە و كەس و كاری ئێمەشدا دروست دەبێت، چونكە مێژوو رابردوو و خەڵكی ناوچەكە بەسەدان رۆڵەی قارەمانی وەكو دڵشادی لەپێناو گەلەكەی بەشەهیدبوونداوە و جێگای شانازی و سەربڵندییە. راستە كاك دڵشاد چووە و لەناوماندا نەماوەن، بەڵام كاك دڵشاد چواربرای هەیە كە هەرچواربراكەی تریشی ئێستا پێشمەرگەن.
گەلێك چەوسانەوە و زەختی نەكێشێت، بێگومان ئازادیش نابینێ
ئەو شەڕەش كە ئەمڕۆكە هەر لەجەلەولا، سەعدیە و كەركوك و زومار و هەتا كۆبانی دژ بەگروپە چەتەكانی داعش بەرێوەدەچێت، شەڕێكی هەروەها ئاسان نییە و نابێ بەساكاریش لێ بڕوانین. پیلانێكی گەورەی نێودەوڵەتی لەسەر میللەتەكەمان هەیە. سەردەمانێك لەژێر ناوی جبهەت ئەلنسرە و جۆندولئیسلام و لەئێستاشدا خۆیان خڕكردۆتەوە لەناو گرۆپی تیرۆریستی داعشدا، بەرامبەر بە میللەتەكەمان دەجنگن و خەڵكێكی تێكوشەریش وەكو كاك دڵشاد دەگاتە پلەی شەهادەت. راستە ئەوان لەو شەڕەدا نزیكەی "150" چەتەیان گوڕبەگوڕ كردووە، بەڵام پێویستە بزانیشیم كە ئازادی و سەربەخۆیی بەبێ قوربانیدان پێكنایەت. گەلێك ئەگەر چەوسانەوە و زەختی نەبینی، بێگومان ئازادیش نابینێ.