کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نه‌وشیروان مسته‌فا، ئێستا کاتی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبه‌که‌یه‌

Thursday, 05/02/2009, 12:00


نه‌وشیروان مسته‌فا، مێژوویه‌کی دوور و درێژی له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد تۆمارکردووه‌. تا ئێره‌، نه‌یار و دۆسته‌کانی، خوێندنه‌وه‌ی جیای بۆ ئه‌که‌ن. ئه‌وه‌ی گرنگه‌، ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر رۆژێک زیاتر، کورد پێویستی به‌ نه‌وشیروان هه‌یه‌. ئه‌و بۆمبێکی لایه‌، له‌ دوای نه‌وه‌د و یه‌که‌وه‌، خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕێیه‌تی بۆمبه‌که‌ بته‌قێنێته‌وه‌. ئێستا له‌ هه‌ر کاتێک زیاتر، ته‌وقیتی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌یه‌.
نه‌وشیروان مسته‌فا، ره‌مزی ناڕه‌زایی یا یاخیبوونه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی و ناوه‌ندی سیاسیی کوردستانه‌. ئه‌و تا ئێستا، چه‌ندان جار ناڕه‌زایی ده‌ربڕیووه‌ و بڕیاری قوڕسی له‌ ژیانی خۆیدا داوه. زۆرجار ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئه‌و به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتوون‌. نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌مڕۆ پێویستی به‌ خۆیه‌کلایی کردنه‌وه‌ی یه‌کجاره‌کی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌.
دوای راپه‌ڕین، هه‌موومان ئیداره‌ی یه‌کێتی و پارتییمان دیت. ئه‌وه‌ی دایانهێنا، جۆرێک له‌ حکومه‌ت بوو که‌ له‌ دونیادا وێنه‌ی که‌مه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی، خزمگه‌رایی، بنه‌ماڵه‌گه‌رایی، خێڵگه‌رایی، تاقمگه‌رایی، نه‌زانیی و هتد... ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی قوربانیی ده‌ستی رژێمه‌ یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کانین، نابووا رێمان دابا یه‌ک گه‌رد گه‌نده‌ڵی و جیاوازیی چینایه‌تیی و بنه‌ماڵه‌گه‌رایی هه‌بووایه‌، که‌چی نه‌ک نه‌مانکرد، به‌ڵکو زیاتر دونیای کوردمان تاریک کرد. ئه‌و دوو هێزه،‌ ئه‌وه‌نده‌ی تووانیان نیشتیمان له‌پێش چاوی تاکه‌کانی بخه‌ن و تا وایلێهاتووه‌ لای گه‌نجان. خۆشه‌ویستی نیشتمان بۆته‌ جێی پێکه‌نین. نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌و قه‌یرانانه‌ی ئه‌مڕۆی کوردستاندا، پێویستی ته‌نها یه‌ک شت بکا و هیچی تر <<راگه‌یاندنی هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی >>. ئه‌و ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له‌مڕۆدا خزمه‌تێک به‌ کورد و کوردستان بکا، ئه‌وه‌نده ‌به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی. بێگومان رێژه‌یه‌کی زۆری خه‌ڵکی له‌گه‌ڵدا ده‌بێ. زۆربه‌ی حزبه‌ ئیسلامیی و عه‌لمانییه‌کانیش جگه‌ له‌یه‌کێتی و پارتیی که‌ ئه‌و دووانه‌ دژی هه‌موو جۆرێک ئۆپۆزسیۆنن، لایه‌نگیری ده‌بن یا پێویسته‌ لایه‌نگری بن و به‌ره‌ دروستبکه‌ن. له‌وانه‌شه‌ زۆربه‌یان ببنه‌ به‌شێک له‌و هێزه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا دروستیده‌کا. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆر به‌هێز ده‌بێ، هه‌ر چوار حزبه‌که‌ش ببنه‌ به‌شێک له‌ به‌ره‌که‌ی نه‌وشیروان. ئه‌وه‌ی هیوای سه‌رکه‌وتن زۆر ده‌داته‌ ئه‌و به‌ره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ی نه‌وشیروان، به‌هێزی پێگه‌ی نه‌وشیروانه‌ له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌.
نه‌وشیروان، خۆی به‌شێکبووه‌ له‌ جه‌مسه‌ری هه‌ره‌ به‌هێزی‌ شۆڕش. یه‌کێتی و پارتی ناتوانن نازی شۆڕشگێڕێتی به‌سه‌ردا بکه‌ن. هه‌ربۆیه‌ ناتوانن وه‌ک ئه‌و حزبانه‌ی ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی بودجه‌ی لێبکه‌ن. له‌ ئێستادا، به‌هێزترین پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌. بۆیه‌ ته‌نها رێگه‌ بۆ درووستبوونی به‌ره‌یه‌کی ئۆپۆزسیۆنی به‌هێز که‌ کوردستان له‌ ماوه‌یه‌کی زوودا گۆڕانکاری ده‌سته‌ڵاتی تێدا رووبدات، دروستکردنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌ به‌ سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان و به‌شداری حزبه‌کانی دیکه‌.
جارێکی تریش ده‌ڵێم، ئێستا کاتی ته‌قاندنه‌وه‌ی ئه‌و بۆمبه‌یه‌. ئه‌و بۆمبه‌، به‌ گوێی پارتی و یه‌کێتیدا بزرنگێته‌وه‌ و له‌و نادادپه‌روه‌رییه‌یان به‌ خه‌به‌ر بێنێته‌وه‌ که‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ ئیدامه‌ی پێده‌ده‌ن. ئه‌و بۆمبه‌، تاکه‌ بۆمبێکه‌ خه‌ڵکی کوردستان حه‌ز به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بکه‌ن، چونکه‌ هیچ گه‌لێک به‌ قه‌د گه‌لی ئێمه‌ نه‌بووه‌ته‌ قوربانیی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمب. لێ ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان ئه‌وه‌ نه‌کا و بچێته‌وه‌ ناو یه‌کێتی، ئه‌و پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌ی که‌ هه‌یه‌تی یا له‌ ده‌ستیده‌دا، یا ئه‌وه‌تا چیتر به‌لای خه‌ڵکه‌وه‌ گرنگی نامێنێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە