ده‌مه‌وێ ته‌ڵاقت بده‌م!

Saturday, 18/12/2010, 12:00


ئه‌م به‌یانییه‌ پاش نوێژی به‌یانی رۆیشتمه‌ سه‌ر كه‌مپیوته‌ره‌كه‌و سه‌ری ئێمێله‌كانم دا تا بزانم چیم بۆ هاتووه‌؟ له‌وكاته‌دا كه‌من خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ئێمێلێكی به‌له‌زه‌ت بووم یه‌كێ له‌و دۆستانه‌ی له ‌رۆژئاوا ده‌ژی په‌یامێكی به‌چاته‌كه‌دا بۆ ناردم، و گله‌ییه‌كی زۆری له‌ خێزانی كرد و باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ چۆن ئازاری ده‌دات وا ئه‌میش چه‌ند جار هاتۆته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ته‌ڵاقی بدات.. ئایا ئێوه‌ چ رێنوێنییه‌كمان ده‌كه‌ن؟!


منیش گوتم: برام! سوپاست ده‌كه‌م كه‌منت به‌ئه‌مینی رازو نیازی خۆت زانیوه‌، وله‌مه‌سه‌له‌یه‌كی وادا پرسم پێ ده‌كه‌یت، به‌ڵام ده‌بێ ئێمه‌ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ له‌م سه‌رزه‌وینه‌دا هیچ كه‌سێك نییه‌ كامڵ و سه‌د له‌سه‌د ته‌واو بێت، هه‌ركه‌سه‌ی تۆ بیگریت، ئه‌گه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی باشه‌ی تیا هه‌بێت لایه‌نی وایشی تێدایه‌ بڵێیت :خۆزگا ئه‌وه‌ی نه‌بوایه‌!! پێغه‌ممه‌ری پێشه‌وايشمان سه‌لات و سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێ ده‌فه‌رموێ: هه‌موو ئاده‌میزادێك هه‌ڵه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵام باشترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كه‌ی به‌رده‌وام نابێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ تۆ ده‌بێ ئه‌وه‌ت له‌زه‌ینا هه‌بێ كه‌ هیچ كه‌س بێ هه‌ڵه‌ نابێ.. و له‌كۆنه‌وه‌ گوتوویانه:‌" ئه‌گه‌ر به‌شوێن هاوڕێی بێ هه‌ڵه‌دا بگه‌ڕێیت بێ هاوه‌ڵ ده‌مێنیته‌وه‌ !! " ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ پیاو و ئافره‌تا.. به‌ڵام له‌باره‌ی ئافره‌ته‌وه‌ پێغه‌ممه‌ر سه‌لات و سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێ ده‌فه‌رموێ : ئێوه‌ ئازاری خێزانه‌كانتان مه‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ره‌وشتێكی هه‌یه‌ به‌دڵت نه‌بێ، چه‌ندان ره‌وشتی هه‌یه‌ كه‌ دڵت پێی خۆش ببێت2.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێم وایه‌ چاوێ بخشێنیته‌وه‌ و سه‌یرێكی رابوردووی بكه‌یت، بزانه‌ چه‌نده‌ها هه‌ڵوێستی جوانی هه‌بووه‌و پێی دڵخۆش بوییت.. بائه‌وباشانه‌ی شفاعه‌ت بۆ ناباشه‌كانی بكه‌ن!!


قه‌ده‌ره‌كان سه‌یرن پێش ئه‌وه‌ی تۆ په‌یامه‌كه‌ت بنێری ئێمێلێكیم بۆ هاتبوو - كه‌به زمانی ‌ئینگلیزی نووسراوه‌و وه‌رگێڕراوه‌ بۆ زمانی عه‌ره‌بی - ده‌مخوێنده‌وه‌ زۆركاری تێكردم و بگره‌ كردمیه‌ گریانیش.. بۆيه‌ كردم به‌كوردی، بابۆتۆیشی باس بكه‌م پاش ئه‌وه‌ خۆت بڕیار بده‌..

گوتی: فه‌رموو..


منیش گوتم: نووسه‌ر ده‌ڵێت:

گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ و خێزانم چاوه‌ڕوانی ده‌كردم، و نانی شێوی ئاماده‌ كردبوو منیش ده‌ستیم گرت و گوتم: له‌مێژه‌ هه‌واڵێكم پێیه‌ ده‌مه‌وێت پێت بڵێم، زۆر به‌ئارامی دانیشت و به‌چاوه‌كانی لێم ورد ده‌بووه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ بڵێم ئازارم تیا ده‌بینین، هه‌ستم كرد وشه‌كان له‌زارما وشك بوون، به‌ڵام ده‌بێ پێی بڵێم..

گوتم: " ده‌مه‌وێت لێت جیا ببمه‌وه‌ " ئه‌م رسته‌یه‌ به‌ئاسانی له‌زارم هاته‌در، و ئه‌وه‌ی خێزانم بیستی لێی تووڕه‌ نه‌بوو، به‌ڵام زۆر به‌ ئارامی گوتی بۆچ؟! منیش ماوه‌یه‌ك به‌ قووڵی سه‌رنجێكيم دا و گوێم به‌پرسیاره‌كه‌ی نه‌دا، ئه‌مه‌ وای لێكرد تووڕه‌ ببێت، كه‌وچكی چێشته‌كه‌ی دانا و قیڕاندی به‌سه‌رماو گوتی: "تۆ پیاو نیت "!!

ئیتر ئه‌و شه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌كمان نه‌كرد، و ده‌ستی به‌گریان كرد تا كه‌وته‌ هه‌نسكدان، ده‌مزانی ئه‌و ده‌یه‌وێت بزانێ چی روویداوه‌، تا ئه‌م هاوسه‌رییه‌مان ئاوای به‌سه‌ر بێت، له‌وچركه‌ ساته‌دا ده‌یویست هۆیه‌كی راسته‌قینه‌ی وای پێ بڵێم كه‌ پێی رازی بێت.. منیش هه‌ستم ده‌كرد خێزانم خاوه‌نی دڵی من نییه‌، ئێستا یه‌كێكی تر خاوه‌نی دڵمه‌ ئه‌ویش {جیین.. Gean}ه‌..

هه‌ستم ده‌كرد خێزانم خۆش ناوێت!! و وه‌ك بێگانه‌مان لێهاتووه‌، هه‌ستی من به‌رامبه‌ری ته‌نیا به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌بوو پێیدا..

بۆ رۆژی دواییدا كه‌ هه‌ست به‌تاوان هه‌موو گیانمی داگیركردبوو ئه‌وراقی ته‌ڵاقم پێشكه‌ش به‌ خێزانم كرد تا ئیمزای بكات.. تیایشیا دانم به‌وه‌دا نابوو كه‌ ده‌بێ خانووه‌كه‌و ترومبێله‌كه‌ی بده‌مێ و 30% سه‌رمایه‌ی ئه‌وكومپانیایه‌ش كه‌هه‌مبوو..

چاوێكی به‌كاغه‌زه‌كاندا خشاند وهه‌موویانی دڕاند.. ئه‌وئافره‌ته‌ی كه‌ ده‌ساڵه‌ له‌ته‌كما ده‌ژی و پێكه‌وه‌ ژیانمان بردۆته‌سه‌ر، ئێستا وه‌ك غه‌ریبه‌یه‌كی لێهاتووه‌ له‌لام.. هه‌ستم ده‌كرد خه‌فه‌تی بۆ ده‌خۆم!! به‌لام هه‌رچه‌ند هه‌وڵ بدات كاتی خۆی به‌زایه‌ ده‌دات،و ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌م له‌لا ناگۆڕێ كه‌من: {جیین. Gean}م خۆش ده‌وێ. له‌كۆتاییدا خێزانم دایه‌ پڕمه‌ی گریان له‌به‌رده‌مما، و ئه‌وه‌ی من چاوه‌ڕوان بووم لێی.. ئه‌و گریانه‌ به‌ كوڵه‌ی بوو..

به‌نیسبه‌ت منه‌وه‌ گریانه‌كه‌ی چاوگه‌ی ره‌حه‌تی بوو بۆمن، چونكه‌ به‌ڵگه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ئه‌وبیرۆكه‌ی ته‌ڵاقه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بوو كه‌وتبووه‌ سه‌رم، بووه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكی به‌رجه‌سته‌ له‌ پێشمدا..

له‌رۆژی دواییدا شه‌و زۆر دره‌نگ بوو كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵ، دیتم له‌په‌نای مێزه‌كه‌یا دانیشتووه‌و خه‌ریكی نووسینه‌.. ئه‌وشه‌وه‌ شێوم نه‌خوارد و یه‌كسه‌ر رۆیشتم بۆ ژووری خه‌وه‌كه‌و راكشام.. و زوو خه‌وم لێ كه‌وت.. چونكه‌ هه‌ستم به‌ماندوویی ده‌كرد له‌ئه‌نجامی به‌سه‌ربردنی رۆژێكی ته‌واودا له‌گه‌ڵ {جیین}دا. نیوه‌شه‌و خه‌به‌رم بووه‌وه‌ دیتم هه‌ر خه‌ریكی نوسینه‌.. له‌راستیدا هیچ گوێم پێ نه‌داو دووباره‌ خه‌وتمه‌وه‌..

كه‌رۆژ بووه‌وه‌ هات بۆ لام و مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ قبووڵكردنی ته‌ڵاقی پێشكه‌ش كردم. ته‌نیا مۆڵه‌تی مانگێك نه‌بێ هیچی تری لێم نه‌ده‌ویست! داخوازییه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو له‌ماوه‌ی ئه‌ومانگه‌دا به‌پێی توانا ده‌بێ به‌ژیانێكی ئاسایی بژین وه‌ك ژن و مێردێك، هۆیه‌كه‌یشی زۆر ساده‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كوڕه‌كه‌مان له‌مه‌كته‌بدایه‌و كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵیش نزیك بووه‌ته‌وه‌، وئه‌ویش نایه‌وێت ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر كوڕه‌كه‌مان دابنێ..

داواكارییه‌كه‌یم پێ ‌ماقووڵ بوو.. به‌ڵام پێیشی گوتم: كه‌ شتێكی تریشی لێم ده‌وێت ده‌بێ ئه‌نجامی بده‌م.. ئه‌م داخوازییه‌شی ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك بۆماوه‌ی مانگێك له‌ژووری خه‌وه‌كه‌مانه‌وه‌ تا ده‌رگای خانووه‌كه‌ بیگرمه‌ باوه‌ش، وه‌ك چۆن یه‌كه‌م رۆژی هاوسه‌ریمان گرتوومه‌ته‌ باوه‌ش..

له‌سه‌ره‌تادا پێم وابوو تێكچووه‌و ژیری خۆی له‌ده‌ست داوه‌!! به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی دواین رۆژه‌كانی ژیانمان به‌بێوه‌یی بڕوات منیش ئه‌وداخوازییه‌ سه‌یره‌یم قبووڵ كرد..

ئه‌و رۆژه‌ هه‌واڵی ئه‌وداخوازییه‌ سه‌یره‌ی خێزانم به‌ {جیین} گه‌یاند، ئه‌ویش دایه‌ قاقای پێكه‌نین و به‌ گاڵته‌یه‌كه‌وه‌ گوتی: ئه‌وه‌ی خێزانت داوای كردووه‌ شتێكی نابه‌جێیه‌!!و هه‌رچه‌ند به‌ زیره‌كانه‌ هه‌وڵ بۆگۆڕینی ئه‌و بڕیاره‌ی تۆ بدات ناتوانێت و هه‌ر روو ده‌دات!!

له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ده‌رم بڕیبوو ئاره‌زووم له‌ته‌ڵاقدانیه‌تی من و خێزانم په‌یوه‌ندییه‌كی جوسته‌ییمان نه‌بوو، یه‌كه‌م رۆژ كه‌ گرتمه‌ باوه‌ش هه‌ستم كرد به‌ شڵژانه‌وه‌ من له‌ته‌كیام، كوڕه‌كه‌مان كه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌ی دی به‌لایه‌وه‌ شتێكی ناكاو بوو، له‌پشتمانه‌وه‌ چه‌پڵه‌ی لێده‌دا و شاد و دڵخۆش بوو به‌و دیمه‌نه‌ و هاواری ده‌كرد و ده‌یگوت: ئای !! خۆ باوكم دایكمی له‌باوه‌ش گرتووه‌!! وشه‌كانی هه‌ندێ ئازاری پێگه‌یاندم، له‌ژووری خه‌وه‌كه‌وه‌ به‌ناو ژووری دانیشتنه‌كه‌دا تا به‌رده‌رگا هه‌ڵم گرت.. نزیكه‌ی ده‌مه‌ترێك له‌باوه‌شمابوو، چاوی خۆی نا به‌یه‌كاو به‌ده‌نگێكی ناسك گوتی: به‌لای كوڕه‌كه‌مانه‌وه‌ باسی ته‌لاقه‌كه‌ نه‌كه‌یت، با ئازار نه‌چێژێ.. منیش به‌سه‌ر وه‌ڵامم دایه‌وه‌و گوتم باشه‌. خێزانم رۆیشت بۆ وێزگه‌ی پاسه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كرد تاسوار پاس ببێت.. منیش سوار ترومبێله‌كه‌م بووم و رۆیشتم بۆ نوسینگه‌كه‌م..

رۆژی دوایی هه‌ڵس و كه‌وتی من و خێزانم زیاتر ئاسایی بوو، سه‌ری نایه‌ سه‌ر سنگم، توانیم بۆنی خۆشی سه‌ری بكه‌م.. له‌وله‌حزه‌یه‌دا ده‌ركم كرد كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌جوانی سه‌رنجی ئه‌م ئافره‌ته‌م نه‌داوه‌, بۆم ده‌ركه‌وت لاو نییه‌، خه‌تی لاوازی كه‌وتۆته‌ روویه‌وه‌، هه‌ندێ ره‌نگی بۆر هێرشی بۆ قژه‌كانی سه‌ری هێناوه‌..

له‌رۆژی چواره‌ما كاتێ هه‌ڵم گرت هه‌ستم كرد هه‌ستی خۆشه‌ویستی و هۆگریم به‌رامبه‌ری هه‌یه‌.. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئافره‌ته‌یه‌ كه‌ ده‌ساڵی ژیانی به‌من داوه‌..

له‌رۆژی پێنجه‌م و شه‌شه‌مدا هه‌ستم كرد كه‌ هه‌ست به‌ خۆشه‌ویستی و هۆگریمان رۆژبه‌رۆژ زیاتر ده‌بێت.. به‌ڵام ئه‌م هه‌واڵه‌م به‌ جین نه‌گه‌یاند.. وای لێهاتبوو رۆژبه‌رۆژ هه‌ڵگرتنی خێزانم به‌لامه‌وه‌ ئاسان ده‌بوو، پێم وابوو هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ماوه‌یه‌كه‌ راهێنان ده‌كه‌م..

به‌یانییه‌كیان خێزانم دانیشت تا شتێكی هه‌ڵبژارده‌ بكاته‌ به‌ری، چه‌ند فستانێكی له‌به‌ر كرد، به‌ڵام هیچیانی به‌گونجاو نه‌زانی، هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی هه‌ڵكێشا، وگوتی: هه‌موویان گه‌وره‌بوون به‌به‌رم، و بۆم ناشێن!! به‌رۆیشتنی رۆژگار هه‌ستم كرد لاواز و له‌ڕ بووه‌، تمه‌ز‌هۆی ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌توانم به‌ ئاسانی هه‌ڵی بگرم..

هات به‌خه‌یاڵما كه‌ له‌دڵیا ئێش و ئازارێكی زۆری هه‌ڵگرتووه‌، به‌بێ ئاگا به‌سۆزێكه‌وه‌ ده‌ستی خسته‌ سه‌ر سه‌رم، و له‌و چركه‌ساته‌دا كوڕه‌كه‌مان هاته‌ ژووره‌وه‌و گوتی: بابه! ‌كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ دایكم هه‌ڵبگریت بۆ به‌رده‌رگا!! به‌نیسبه‌ت ئه‌وه‌وه‌ كه‌ باوكی تاده‌م ده‌رگای حه‌وشه‌ دایكی بگرێته‌ باوه‌ش ببووه‌ به‌شێكی سه‌ره‌كی ژیانی رۆژانه‌ی!! خێزانم داوای له‌كوڕه‌كه‌مان كرد بێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌ویش زۆر به‌توندی گووشی به‌خۆیه‌وه‌.. منیش رووم له‌و دیمه‌نه‌ وه‌رگێڕا، ترسام له‌وه‌ی له‌م دوادواییه‌دا رام بگۆڕێ، ئیتر كردمه‌ باوه‌شم و له‌ژووری خه‌وه‌كه‌ بردمه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی خستبووه‌ سه‌رشان و گه‌ردنم.. ته‌واو لكاندبووم به‌خۆمه‌وه‌ وه‌ك ئه‌و یه‌كه‌م رۆژه‌ی بووینه‌ هاوسه‌ر، به‌هه‌مان هه‌ست و سۆزه‌وه‌.. به‌ڵام كێشه‌كه‌ی ته‌واو سووك بووبوو ئه‌وه‌ خه‌مباری كردبووم..

له‌دواین رۆژا كه‌ هه‌ڵم گرت له‌باوه‌شما، نه‌متوانی یه‌ك هه‌نگاو بنێم، كوڕه‌كه‌شمان رۆیشتبوو بۆ مه‌كته‌ب، به‌هه‌موو هێزم گووشیم به‌خۆمه‌وه‌، و پێم گوت: نه‌ده‌هات به‌خه‌یاڵما كه‌تا ئه‌م چركه‌یه‌ش ژیانمان پێویستی به‌وه‌ها هۆگری و خۆشه‌ویستییه‌ك هه‌بێت!!

ترومبێله‌كه‌م لێخوڕی و كاتێكیش هاتمه‌ خواره‌وه‌ ده‌رگاكه‌یم له‌دوای خۆمه‌وه‌ دانه‌خست، له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك هه‌ردواكه‌وتنێك ببێته‌ هۆكار بۆگۆڕینی ئه‌م راو بۆچوونه‌ نوێ يه‌ی بڕیارم له‌سه‌ر دابوو.. به‌سه‌ر پله‌كانا به‌گورجی سه‌ركه‌وتم، و جیین ده‌رگاكه‌ی بۆ كردمه‌وه‌و به‌بزه‌یه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و رووم هات.. به‌ڵام من پێشی كه‌وتم و گوتم: به‌داخه‌وه‌ جیین ئیتر نامه‌وێ خێزانم ته‌ڵاق بده‌م "!!

جیین به‌سه‌رسامییه‌وه‌ سه‌رنجێكی دام، و ده‌ستی كێشا تا بینێته‌ سه‌ر نێوچاوم، و لێی پرسیم : " ئایا تات لێ نه‌هاتووه‌؟!! "

ده‌ستیم له‌سه‌ر نێوچاوم لابرد و گوتم: جیین! هه‌ر به‌راستی من داوای بوردن ده‌كه‌م و ئیتر نامه‌وێ خێزانم ته‌ڵاق بده‌م و لێی جیاببمه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ شتی گچكۆله‌و ناچیز له‌نێوانمانا رووی دابێ وماندووی كردبین، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وشته‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ به‌هێزانه‌مان له‌بییرچووبوو كه‌ پێكه‌وه‌ی گرێدابووين و كۆی كردبووینه‌وه‌.. ئه‌مه‌ واناگه‌یه‌نێ كه‌ ئیتر ئێمه‌ یه‌كترمان خۆش ناوێت، ئێستا تێگه‌یشتم مادام من له‌یه‌كه‌م رۆژی هاوسه‌ریه‌تیمانه‌وه‌ له‌ئامێزم گرتووه‌و به‌هه‌ردووده‌ست باوه‌شم پیاكردووه‌ ده‌بێ ئه‌و له‌ئامێزگرتن و به‌هه‌ردوده‌ست باوه‌ش پیاكردنه‌ی تا دوارۆژی ژیانمان به‌رده‌وام بێت.

جیین له‌راستی بڕیاره‌كه‌م تێگه‌یشت و ده‌ركی كرد ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم له‌دڵمه‌وه‌ دێته‌ ده‌ر، بۆیه‌ تا هێزی تیابوو زللـه‌یه‌كی لێدام، و دایه‌ پڕمه‌ی گریان، و رۆیشته‌ ده‌ره‌وه‌و تا هێزی تیابوو ده‌رگاكه‌ی به‌سه‌رما پێوه‌دا.. منیش له‌پله‌كان رۆیشتمه‌ خواره‌وه‌و سوار ترومبێله‌كه‌م بووم و دووركه‌وتمه‌وه‌، و له‌لای گوڵفرۆشێ چه‌پكێ گوڵی جوانم بۆ خێزام كڕی و گوڵفرۆشه‌كه‌ لێی پرسیم: ده‌ته‌وێ له‌سه‌ر كارتی چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌ چی بنووسيت؟

گوتم: ده‌مه‌وێ بڵێم:" له‌مه‌ولا هه‌موورۆژێ له‌ ئامێزت ده‌گرم و به‌هه‌ردوو ده‌ست باوه‌شت پیاده‌كه‌م تا مردن لێكمان جیا ده‌كاته‌وه‌ "..

ئێواره‌ رۆیشتمه‌وه‌ بۆ ماڵ و چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌م له‌ته‌ك خۆما برده‌وه‌و خه‌نده‌ به‌سه‌ر لێوه‌كانمه‌وه‌ بوو، و به‌په‌له‌ رۆیشتم بۆ ژووری خێزانم به‌ڵام... چیم دی؟

دیتم له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ی گیانی ده‌رچووه‌، و تمه‌ز خێزانم چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر تووشی نه‌خۆشی سه‌ره‌تان بووه‌و بۆ ئه‌وه‌ی من دڵگران نه‌بم و خه‌فه‌تی پێ نه‌خۆم به‌منی نه‌گوتووه‌!! ومنیش له‌گه‌ڵ "جیین " دا خه‌ریكی رابواردن بووم!!

هه‌روه‌ها‌ دكتۆر پێی گوتووه‌ كه‌ مانگێكی تر تۆ ده‌مریت، بۆیه‌ ئه‌و داخوازییه‌ی له‌من كرد، بۆ ئه‌وه‌ی تا ده‌مرێ كوڕه‌كه‌مان هه‌ست به‌و ناكۆكییه‌ نه‌كات و كاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤ له‌سه‌ر ده‌روونیا دانه‌نێت.. به‌لای كه‌مه‌وه‌ كوڕه‌كه‌مان وابزانێ من مێردێكی خۆشه‌ویست بووم بۆدایكی..

نه‌ماڵ وكۆشكی رازاوه‌، نه‌ ترومبێلی دواین مۆدیل و گرانبه‌ها، نه‌پووڵ و پاره‌ی دانراوی بانق .. ئه‌مانه‌ هیچیان به‌خته‌وه‌ری و دڵخۆشی ناهێنن، به‌ڵام خۆشه‌ویستی نێوان ژن ومێردو له‌یه‌ك رازی بوون و هاو بییربوونیان گه‌وره‌ترین خۆشی و به‌خته‌وه‌رییه‌!!

ئێوه‌ش تا چه‌ند ده‌توانن هه‌وڵی بۆ بده‌ن و ئه‌و به‌خته‌وه‌رییه‌ به‌ده‌ست بێنن..



براده‌ره‌كه‌م گوتی: بڕیاربێ منیش رای خۆم بگۆڕم.. بێ به‌ڵابيت خۆ منيشت كرده‌ گريان!!

# # #
ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ بابه‌تی زیاتری نووسه‌ر بخوێنيته‌وه‌ سه‌ر له‌سایته‌كه‌ی بده‌:

http://www.penjweny.org/

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە