ئێران چی لە یەكێتی دەوێت ؟
Monday, 18/10/2010, 12:00
ماوەێكە چەند كەس و گروپێك لەسنوری ئێرانەوە دەربازی هەرێمی ژێر دەسەڵات یەكێتی دەبن، بەمەبەستی تەقینەوەو شێواندنی ئارامی دەڤەرەكە. ئەو گرووپانە تائێستا بەناوەكانی ئەنسارو ئیسلامەوە دەناسرێن، بەگوێرەی هەواڵە شارەوەكانیش تائێستا نزیكەی 10كەسێكیان لێ گیراوەو لەناوچەی رانیەو قەلادزێ، كەسێكیشیان پێش ئەوەی بگاتە ئامانج كەوتە بەردەستڕێژی هێزەكانی ئاسایش و كوژرا. بەگوێرەی زانیاریەكان دەركەوتوە كەسی خۆكوژ خەڵكی دەڤەری گەرمیانە.
ئاشكرایە كەوا هێزە ئیسلامیە توندڕەوەكان بەتایبەتیش ئەنسارو ئیسلام بارەگاكەیان لەئێرانەو بەگوێرەی پێویستیە سیاسیەكانی ئێران چالاكی دەكەن. بۆیە ئەو هێرشەی ئەو ماوەیەی دوایی ئەنسارو ئیسلام دەستی پێكردوە بۆ سەر هەرێمی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بێ ئاگاداری و مۆلەتی ئێران نییە. بۆیە دەكرێت ئەو پرسیارەبكەین ئایا ئێران بۆچی هێرشی یەكێتی دەكات، چ حسابێكی لەگەلأ یەكلا دەكاتەوە ؟؟
وەكو دەزانرێت ئێران و یەكێتی دوو دۆستی لەمێژینەی یەكترن و زۆریان بەسەر یەكتروە هەیە، لەساڵانی هەشتا لەسەردەمی جەنگی عێراق ئێران، یەكێتی یارمەتیدەری ئێران بوو، بۆ پەرەپێدانی چالاكیەكانی لەناو عێراق، ئێرانیش هاریكاری ئەوان بووە بە چەك و تەقەمەنی و هاتووچۆی دەرەوە. لەساڵی 1988 ش بەناچاری لەئێران گیرسانەوە.
لەساڵانی نۆتیش بەگشتی ئێران یارمەتی یەكێتی داوە بەتایبەتیش دوای ئەو شكانەی یەكێتی لە31ی ئاب بەدەستی بەعس و پارتی خواردی، ئەگەر ئێران نەبوایە لەوانە نەبوو یەكێتی بیتوانیبوایە بگەڕێتەوە هەرێمی سەوز. ئەو هێنانەوەی یەكێتی بەدەستی هێزی بەدر و دانانی سنوری نێوان پارتی و یەكێتی ئیدی ئیرادەی یەكێتی لاوازتر كەوت و ئێران بووە كارەكتەری سەرەكی گۆڕانكاریەكان.
دوای رووخانی رژێمی سەدام و دابەشكردنی پۆستەكان، بەركەوتنی پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ یەكێتی بەگوێرەی چاودێران بۆ راگرتنی بلاتسی نێوان ئێران و ئەمریكا بووە. لەهەموو هەنگاوێكیش كەیەكێتی بەنیازبووە بینێت، سەرەتا پرسی بەئێران كردوە، چەند پارتی پرس بەتوركیا دەكات لەكاتی جموجۆلەكانی ئەوەندەش یەكێتی پرس بەئێران دەكات. گەورەترین كاریش كەیەكێتی بۆ ئێرانی كردبێ بێ دەنگ كردنی هێزە بەرهەڵستكارەكانی كوردی رۆژهەڵات بوون دەرەوەی پەژاك. بۆیە ئێستا ئەو هێزانە گەیشتوونەتە حاڵێك كەئیتر باوەڕیان نەك بەشەڕی چەكداری بەڵكو بەخەباتیش نەماوە.
ئێران لەمێژوویی كۆنی خۆیدا زۆر بەزانایانە دەستی خستۆتە هەموو كاروبارە سیاسیەكانی دەوروبەری خۆیی و وەكو دەیەوێت بەوشێوەیە ئاراستەی دەكات، گرنگیش دەداتە ئەو كەسایەتی و گروپانەی كە رۆڵیان لەسیاسەت كردندا هەیە.
ماوەێك پێش ئێستا بەبیانوی پەژاك ئێران دژایەتی ئەو پێشنیارەی سەرۆكی هەرێمی كرد سەبارەت بەوەی ئەیاد عەلاوی مافی خۆیەتی ئەگەر چانسی پێك هێنانی حكومەتی نوێی عێراقی پێبدرێت، بۆ ئەمەش زیاتر لەپەژاك پارتی تۆپباران كرا.
لەكاتی ئێستا دەركەوتنی گروپی ئەنسارو ئیسلام لەدەڤەری یەكێتی، هەڵبەت بێ ئاگاداری ئێران نییە!!! باشە ئەو كات ئێران بۆچی لەو رێگایەوە هەڕەشە لەیەكێتی دەكات؟؟؟ دۆستایەتیە ستراتیژیەكەیان چی بەسەرهات؟؟ یان یەكێتی لەچ فەرمانێكی ئێران دەرچووەو ئێرانی وا تووڕە كردوە ؟
بەرپرسانی یەكێتی تائێستا هیچیان بۆ راگەیاندن لەلایەنی سیاسی ئاشكرا نەكردوە، بەڵام ئەوانیش دەزانن ئەوەی ئەنسارو ئیسلام دەیكات هەڕەشەی ئێرانە، نەك تواناكاریەكانی ئەنسار. یەكێتی هەروا بێدەنگ بێ یان وەڵامێك بداتەوە ئەویش دیارنییەو ئەوەش بەزەحمەت لە یەكێتی چاوەڕێ دەكرێت.
ئەوەی گومانی زۆر دروست دەكات ئەویش مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقە، ترسی ئەوە هەیە كەسیناریۆیی سیاسی ئێران سەرنەكەوێت، بەتایبەت لە هێنانە سەركاری گروپی شیعە بەهەرچی نرخێك بێت، بۆ ئەمەش دەبێ ئێران لەهەڵسوكەوتی یەكێتی دڵنیابێ، ئەگەرنا دۆستایەتی یەكێتی بۆ ئێران لەئێستا هیچ سوودێكی نیییە، چونكە هەركەس ئەوە دەزانێت ئێران ئامادە نییە جارێكیتر لەگەلأ حكومەتێكی سونی و لاینگری ئەمریكی مامەڵەبكات، بۆیە هێلی سووری بۆ لایەنە سونییەكان دیاری كردوە بەتایبەتیش بۆ عەلاوی. لەدەروەی ئەوەی ئێران گومانی ئەوەی لادروست بووە كەیەكێتی پشتگیری لایەنی سونی دەكات، وەكوتر هەڕەشەی بەوشێوەیە لەم كاتەدا مرۆڤ بەسەختی دەبینێ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست