مەنجەڵ دابەش کردن و ژن کوشتن
Sunday, 08/01/2012, 12:00
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە یادی (٥٩) ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان لە شاری ئاکرێ، مەنجەڵی جۆری (zio)یان بەسەر کۆمەڵێک لە ئافرتاندا دابەش کرد، سەرچاوەی هەواڵ بەرنامەی (بەیانی باش) کەناڵی ئاسمانی کوردستان ڕۆژی ١٦/١٢/٢٠١١.
ئێوارەی شەوی ٨/١٢/٢٠١١ لە تاسڵوجە پیاوێک بە ناوی (ج،ج) لە دایکبووی ساڵی (١٩٧٤) دوای لێدانێکی زۆر لە هاوسەرەکەی بەناوی (ش،ك) لەدایکبووی (١٩٧٣)، ژنەکە لەهۆش خۆی دەچێت و پاشان گیانی لەدەست دەدات، دواتر پیاوەکە بۆ شاردنەوەی تەرمی ژنەکەی هەڵدەستێت بە پارچە پارچە کردنی لاشەی ژنەکە بە مشاری کارەبایی و دەیکات بە (٦) پارچەوە، (ج،ج) لاشەی (ش،ک) (٦) لە دوو ناوچەی جیاواز نزیک (معەسکەر سەلام) و شیوێک لە پێش چەمی تانجەرۆ دەشارێتەوە، سەرچاوی هەواڵ گۆڤاری سڤیل ژمار(١١٣) و ڕۆژنامەی ڕووداو ژمارە (١٩٢).
واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە دۆخێکدایە کە زۆرێک لەم ڕووداوانە کە دەبوایە کۆمەڵگای بهەژاندایە، دەبن بەژێر پێی ململانێی نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانەوە، شەڕە پرۆژەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، ئەگەری کۆبونەوەی (٥) قۆڵی، پایکێج و بڕیاری پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم، پارتی و یەکگرتوو، یەکێتی و گۆڕان، عەلی باپیر و ناوبژیوانی، هاشمی و مالیکی، وەرگرتنەوەی حکومەت، هەموو ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە ڕەواجێکی شێنەی بە دەیان تاوان و کارەساتی ئینسانی داوە لە کوردستان، لەم گۆشەنیگایەوە سەرنجی کۆمەڵگا چۆتە سەر هەندێک ڕەهەندی سیاسی دیاریکراو.
ڕۆژانە لە کوردستان توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی تاوانەکانەوە ڕوو لە هەڵکشانە، توندوتیژی دژی ژنان شێوازێکی تەواو ترسناکی بەخۆوە گرتووە، دەسەڵاتداران بەردەوام پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە توندوتیژی دژی ژنان ڕوو لە کەمبوونەوەیە، بەڵام بیستنی ئەم جۆرە تاوان و ژن کوشتن و کارەساتانە، ڕاماندەچڵەکێنێت و دەمانخاتە بەردەم ئەو واقیعتەی کە توندوتیژی و ژن کوشتن گەشتۆتە ئاستێک کە ئینسان تووشی شۆک و سەرسوڕمان دەکات، لە کوردستان بەدڕندانەترین شێواز ژن دەکوژرێت و داهێنانی تێدا دەکرێت.
لە کاتێکدا ژنانی کوردستان یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی ژیانیان تێدەپەڕێنن، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، سەرمەستی درێژەدانن بە کۆیلەکردن و هێشتنەوەی ژنان لە چوارچێوەی ماڵەکاندا، ڕێکخراوکانی ژنان و ئافرەتانی سەر بە حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، لەبەرئەوەی پاشکۆی هێزێکن کە پیاوسالاری و مەزهەب دوو جەمسەری بەهێزی فەلسەفەی بیرکردنەوەیان داگیر دەکات، هەمیشە بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن پەیوەندی نێوان مەنجەڵ و ژنان، وەک پەیوەندیەکی سروشتی و خۆڕسک لێکبدەنەوەو و بیکەن بە بیروڕای گشتی و تێگەشتنی باوی کۆمەڵگا.
بزوتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانی، بەردەوام ئەو ئەقڵیەتە بەرهەم دێنێت کە ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا گرێبداتەوە بەوەی کە چەندە ژنان هۆگری مەنجەڵن، مەنجەڵ بۆ ژنانی کوردستان لای حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی باشترین میکانیزمی خەبات و تێکۆشانی ئەم توێژە گرنگەی کۆمەڵگایە، بۆ سەرکەوتن و جێخستنی ئاسۆ و ئامانجی پیاوسالارانەی بزوتنەوەکەیان.
مەنجەڵ باشترین کەلەبچە و هۆکارە بۆ قەتیس کردنی ژنان لە ماڵەوە، مەنجەڵ ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان ژنان و چێشتخانە بەهێز و بەردەوام دەکات، مەنجەڵ کارسازترین چەکی دەستی هێزە دواکەوتوو کۆنەپەرستەکانە بۆ دیاری کردن و کورت کردنەوەی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە کاتێکدا مەنجەڵ دابەش دەکات دەیتوانی پاسکیل بەسەر ژناندا دابەش بکات، بەڵام پرسیار لێرەدایە، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەم کارە ناکات؟ چونکە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانی سەر بە حیزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی ئەو ڕاستیە باش دەزانن، کە پاسکیل ژنان دەنێرێتە دەرەوەی ماڵ و چاو گوێیان دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە مەنجەڵ دەتوانێت مسۆگەری مانەوەی ژنان لە ماڵەوە بکات بۆ خزمەتی پیاوان و، تێکنەچوونی شیرازەی کۆمەڵگاو، قبوڵ کردنی دەسەڵاتی عەشرەت و بنەماڵە بەسەر کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بەتایبەتی.
لە درامای (گەردەلوول)دا کاتێک پێشمەرگەکان لە جەولە دەگەڕانەوە بۆ پشوودان، یەکسەر ژنەکان پەلاماری مەنجەڵەکانیان دەدا بۆ چێشت ئامادەکردن و تێرکردنی سکی پیاوەکان، مۆدێرنترین پێناسەی بزوتنەوەی کوردایەتی بۆ ژنان، دەڵێت ژنان ئەو توێژەن کە دەتوانن بە ناوساجی گەرم و ئامادەکردنی خۆراکی چەور و بەتام، مەیدانەکانی جەنگ بۆ هێزە شەڕکەرە پیاوەکان بڕازێننەوە.
لە ئێستای کۆمەڵگای کوردستاندا هەر ڕێژەیەک لە پێشکەوتن و ئامادەی ژنان دەبینرێت بۆ بەرگری لە ماف و داخوازیەکانیان، هیچی پەیوەندی نیە بە خێر و سەدەقەی دەسەڵاتداران و ڕێژەی ٢٥%ی پۆستەکان، بەڵکو واقیعی داسەپاو بەرئەنجامی خەبات و تێکۆشانی ژنانی ناڕازی و بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی کۆمەڵگای کوردستان خۆیەتی، کە ئەم تێکۆشانە ڕیشەیەکی قوڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئینسانی خۆی هەیە.
دەبێت هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی نێوان ژن و پیاو، سەرجەم نوسەران و ڕۆشنبیرانی بەهەڵوێست، ئینسانە مرۆڤدۆست و هەڵسوڕاوە سیاسی و مەدەنییەکان، دەزگا ڕاگەیاندنە ڕەچە شکێنەکان، ڕێگانەدەن ژنان و مافەکانیان ببێتە خۆراکی بێنەوبەردەی نێوان هێز و لایەنەکان، گرنگ و چارەنوسسازە ئەم کارەسات و تاوانانەی دەرهەق بە ژنان دەکرێت بکرێتە بەشێک لە کێشەی کۆمەڵگاو قسەی لەسە بکرێت و ڕێگاچارەی بۆ بدۆزرێتەوە، نابێت ڕێگا بدرێت ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، لە ڕێگای مەنجەڵەوە ژنان بکەنە کۆیلەی ئاگردانەکان، دەبێت بەردەوام زمانی ڕەخنەو، چاوی بینین و، ڕیزی نارەزایەتی و داخوازیەکانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەرانبەر دەسەڵاتداران و ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتانیان وەک چەکوشێکی ئامادە بەرز کرابێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست