کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بنەماڵەی بارزانی و كورسی دەسەڵات

Monday, 10/01/2011, 12:00


مێژوویی دروست بونی پارتی:
پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16 ی ئابی ساڵی 1946 لە شاری مهابادی كوردستانی ڕۆژهەڵات دروست بوە و بە دووەم بە تەمەنترین پارتی سیاسی كوردستانی باشوور ئەژماردەكرێ... پارتی بە پارتێكی زیاتر عەشایەر و بنەماڵەیی ناسراوە تا پارتێكی سیاسیی، لەسەرەتای دروست بونیەوە زۆرینەی كادرە سیاسیەكانی كوردستان بە سەرۆك كۆماریشەوە لەو پارتەوە ڕێچكەی خەباتیان سەرچاوەی گرتوە ، لەلای پارتی شانس و ئیقباڵ زیاتر دەور دەبینی چونكە هەر سەركردەیەكی پارتی ، كە بنەماڵەی بارزانی لێی ناڕازی بوون ئەوا خۆری سەركەوتنی پلەكانی سەركردایەتی ئاوا دەبێ و دەچێتە خانەی بیرچونەوە، بەڵام نزیك بونەوە لە سەری ڕەش و بەتایبەتی سەرۆكی پارتی ڕازیكردنی دڵی سەرۆك واتە پێشڤە چوون لەناو كایە سیاسیەكانی پارتیدا.... لەدوای مردنى مەلا مستەفا لە ساڵی 1979 لە واشنتۆن و لە كەشێكى تەم و مژاویدا و دوای مردنی ئیدریس بارزانی، ئیتر مسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دەست نیشان كراوە، پارتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بە حیزبێكی خاوەن دەسەڵات و نفوس و دارایی دەناسرێت و هەمیشە لە هەوڵی فراوان بونی خۆیدایە ، پارتی بە لێخۆشنەبونی نەیارانی ناسراوە و ناحەزان و نەیارانی فەرامۆش ناكات چ لەناوەوەی حیزبەكەی چ لە دەرەوەی خۆی،ڕێگری هەمیشەیی كادرو سەركردەكانێتی بۆ نەچونیان بۆناو پارت و حیزبێكی تری كوردستان و هەوڵی سەركردە دیارەكانی تری حیزبەكان دەدات بۆ ناو خۆی ، بڕیارە گرنگەكانی پارتی لە سەری ڕەش ی جێگای مسعود بارزانی دەردەچێت ، كە دەكرێ سەرى ڕەش ناو بنێین دڵی پارتی ، چونكە هەم جێگای تایبەتی سەرۆك و هەم شوێنی بڕیارە گرنگ و ئاگرینیەكانی سەرۆكی پارتیە....... پارتی لەدوای ساڵانی 2005 ەوە لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان لقی زیاتری كردەوە تا لەو ڕێگایەوە بتوانێ زۆرترین جەماوەر لەخۆی كۆبكاتەوە و باشترین كادر پەروەردە بكات ، زۆربونی لقەكانی پارتی لە (دوانزە) لقەوە بۆ (بیست و سێ) لق بە فەرمانی ڕاستەوخۆی مسعود بارزانی بوو ، توانی لەو ڕێگایەوە شكستەكانی ساڵی 1994 هەستێنێتەوە چونكە ئەوكات یەكێتی زۆرینەی ناوچەكانی كوردستانی كۆنتڕۆڵ كردبوو ، پارتیش تەنیا سەری رەش و هەڵەبجەو چەند ناوچەیەكی تری بەدەستەوە مابوو، هەرچەندە پارتی توانی لە 31 ی ئابی 1996بە هاوكاری حیزبی بەعس هەولێر و ناوچەكانی تر بخاتەوە ژێر دەستی ، بەڵام 31 ی ئاب بو بە پەڵەیەكی مێژوویی و پارتی خستە بەردەم گەورەترین ڕەخنەی سیاسی لە كوردستان و ناوچەكە، بارزانی كوڕ لە كۆنگرەی (9) ی پارتی وەك سەرۆكی نوێ دەست نیشان كرا، توانی باڵانسی پارتی بەلای قورسی و بەلای خۆیدا ڕابگرێ ، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە مسعود بارزانی كورسی دەسەڵاتی بۆخۆی و بنەماڵەكەی قۆرخ كردوە ، چونكە زۆرترین كەسی خۆی لە پۆستە هەستیارەكانی پارتی و حكومەتدا دەست نیشان كردوە، لەناو پارتیدا مسعود بارزانی واتە پارتی و پارتیش واتە هەموو مێژوویی بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستان هەرگیز سازش لە دەسكەوتەكانی خۆی ناكات و هەمیشە لە هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی خۆیدایە ، بۆ مانەوەی خۆی ئامادەیە گەورەترین شەڕی بەرامبەرو ، پەیمان نامە لەگەڵ هەركەس و لایەنێك بكات، نزیكترین مێژوو كە پارتی بۆ مانەوەی خۆی تۆماری كرد، لە (6 ی كانونی 2005) بارەگاكانی یەكگرتوی لە دهۆك سوتان و كادرەكانیشی تیرۆر كرد ، ئەم مێژووە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی بزانرێت پارتی هەرگیز رێگە بە ڕكابەرەكانی نادات لەژێر سایەیدا بحەسێنەوە ،،، پارتی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ پەكخستنی یەكێتی و حیزبەكانی تر بەڵام جیاواز لە ڕابردوو ، جاران لەڕیگەى شەڕی بركوژی و هاوكاری ئێران خەریكی پاوانكردنی مەیدانەكە بوو ، بەڵام ئێستا بە فۆرمێكی تر و لە پشت ئاوێنەوە تەماشای ڕووداوەكان دەكات ، دەیەوێت لەڕیگای ئابوریە بەهێزەكەیەوە حیزبەكانی تری كوردستان ئیفلیج بكات.

ناكۆكیە شاراوەكانی ناو بنەماڵە
دیوارە ئەستورەكانی سەری ڕەش ڕێگرن لە زانینی ناكۆكیەكانی سەری ڕەش ، بەڵام چاوی ووردی كامێراو بەدوادا چونە ووردەكان ئەو بەربەستەیان شكان و ماوەیەكە باس لە ناكۆكیەكی توند دەكرێ لە سەری ڕەشدا ، لەم دوایی دوایەدا هاتنە ناوەوەی مەسرور بارزانی بۆ ناو سەركردایەتی پارتی كێشەكانی نێوان هەردوو ئامۆزا تەقیەوە و گەیشتە لوتكە ، هەرچەندە سەرۆكی پارتی و كەسایەتیە دیارەكانی ناو بنەماڵە جەخت لە یەك ڕیزی و تەبایی خۆیان دەكەنەوە بەڵام كورسی دەسەڵات كێشەكانی بەرەو ئاڵۆزبونی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیر بارزانی گەیاندە ئاقاری پەرتەوازەیی دواتریش ئەم كێشەیە بە بەرژەوەندی نێچیرڤان بارزانی كۆتای پێهات و كرا بە جێگری سەرۆك. لە هاتنە ناوەوەی مەسرور بارزانی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی كوردستان نێچیر بارزانی هەستی كرد سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی لەناو حیزبدا بەرەو كاڵ بونەوە دەچێت ، لەو سۆنگەیەشەوە هەموو هەوڵەكانی خستە گەڕ بۆ مانەوەو درێژە پێدان بە ئەدای خۆی لە ناو پارتیدا ، هەموو كادرو بەرپرسەكانی پارتی باش لەوە تێگەیشتون پەراوێز خستن لەناو پارتیدا واتە بیرچونەوەی هەتا هەتایی. نێچیر ڤان كوڕی ئیدریس بارزانی برا گەورەی مەسعود بارزانی یەو لە ساڵی 1966 لەدایك بوە و خوێندنی لە ئەمەریكا تەواو كردوە خاوەن سەرمایەیەكی بەهێزە، نەبیلە ی كچی سەرۆك خێزانیەتی و واتە هەم كوڕی ئیدریس بارزانی و هەم برازا و زاوای سەرۆكە، نێچیر لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆی كێشە دروست دەكات و دوورە پەرێزە لە ئاڵۆزیەكانی ناو بنەماڵە ، ئەندامێكی مەكتەب سیاسی یەكێتی جاران و هەڵسوڕاوێكی ئێستای گۆڕان پێی ووتم : ترس لە داهاتوو و دەسەڵاتی نێچیر ، یەكێتی و پارتی خستە بەردەم چەندین كۆبونەوەی گرنگ و نهێنی ، بەپێی ووتەی كادرێكی پارتی مەسعود بارزانی ، هەموو یاساكانی پارتی خستە ئەودیو هاوكێشەی سیاسی یەوە و بۆ بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەكەی دڵی تۆراوی نێچیری بە پۆستێكی گرنگ ئاشت كردەوە ، لەم كاتەدا دەبێت مەسرور بارزانی چاوەڕوانی هەلی زێڕین بكات بۆ ئەوەی لەدواى كۆنگرەى 13 ەوە ئەو شوێنە نانە پربكاتەوە كە نیچیر بارزانى دەستى بەسەرداگرتوە

پارتی و سەركردە سۆرانیەكانی
لە سەرەتای دروست بونی پارتی یەوە ، هەمیشە كەسایەتی و هاوڵاتیانی سنورەكانی سڵمانی و هەولێر و تاڕادەیەكیش كەركوك ، بونەتە قەڵای پارێزگاری و پاڵپشتی پارتی و سەرۆكەكەی ، وەلێ لەبەرامبەری ئەو وەفاداریەشدا ، پارتی هیچ كات ئومێدی بە سۆرانی نیە و هەرگیز نەبونەتە جێی متمانە، نمونەی ئەم ووتانە ، عەلی عەبدوڵا سەردەمێكی دوور و درێژە لە شۆڕشەكانی بارزانی بەشدارەو پێشمەرگەیەی دێرین بوە و ، ئێستا وەكو جێگری سەرۆكی هەرێم ناوی دەبرێت ، بەڵام تەنیا وەكو ڕەمزێكە و هیچی تر، جیا لەمەش لەدوای شەڕی نەگریسی ناوخۆوە كە بە قێزەونترین مێژووی پارتی و یەكێتی دادەنرێت لە دوای ڕاپەڕینەوە ، ئاوارەكانی پارتی لە سنورەكانی كەركوك و هەڵەبجە هەندێكیان نەبێت ئەوانی تر لەبیر چونەتەوە و فەرامۆش كراون ،جارێك لە بەرپرسی لقێكم پرسی ئومێد هەیە دوای مەسعود بارزانی ، سۆرانیەك وەك سەرۆكی پارتی دەستنیشان بكرێت؟ لە وەڵامدا ووتی : تەنیا بنە ماڵەی بارزانی دەتوانن پارتی وەك حیزبێكی زیندوو لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا بهێڵنەوە

مێژووی سەرۆكی پارتی (مەسعود بارزانی)
مسعود بارزانی لە 16ی ئابی 1946 لە شاری مهاباد لە دایك بوە و هاو كاتە لەگەڵ دامەزراندنی پارتیدا ، بارزانی خاوەنی (9) برایە كە (5) یان لە ژیاندا ماون و (4) یان بە هۆكاری جیا جیا مردون ، زۆربەی سیاسەت مەداران و چاودێرانی سیاسی سەردەمی بارزانی باوك جەخت لەوە دەكەنەوە ، مەلا مستەفا گرنگیەكی تەواوی بە مەسعودی كوڕەناونجی داوە بەو حوكمەی سیفاتەكانی باوك لەكورەكەیدا ڕەنگی داوەتەوە ، ، وەك چۆن بارزانی باوك گرنگی تەواوی بە بارزانی كوڕ داوە ، ئێستا مسعود بارزانی لەسەر هەمان ڕێچكە گرنگیەكی تەواو بە مەسروری كوڕە گەورەكەی دەدات و كردویەتی بە سەرۆكی پاراستن ، هەمیشە وەك چاودێر بەسەریەوە وەستاوە و هەڵەكانی بۆ ڕاست دەكاتەوە و دەیكاتە هاوڕێی هەموو وەفدە تایبەت و گشتیەكانی ، مسعود بارزانی لە تەمەنی (16) ساڵی دەبێ بە پێشمەرگە و دواتر لە كۆنگرەى (8) بە غیابی خۆی بۆ ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی دەست نیشان دەكرێ ، لەبەر زۆر وورد بونەوەی لە كێشەكان بارزانی متمانەى تەواوی پێدەبێ ، دەكرێ بە بەرپرسی یەكەمی دەزگای پاراستن كە بە هەستیارترین دەزگای ناو پارتی ئەژمار دەكرێ ، پاش كۆچی دوایی بارزانی باوك لە ئەمەریكا لە ساڵی (1979) لە كۆنگرەى (9) بە زۆرینەی دەنگ وەك سەرۆكی پارتی دەست نیشان دەكرێ ، بونی مسعود بارزانی وەك سەرۆك نیشانەى پرسیارە ، چونكە ئیدریس بارزانی كەسایەتیەكی دیاری ناو پێشمەرگە و سەركردەیەكی مەیدانی شۆڕش و شەڕەكانی پارتی بوو ، مسعود بارزانی لە كۆنگرەى (9) وە بۆ (30) ساڵ دەچێت لەسەر عەرشی دەسەڵات دانیشتوە و ، هەموو هەوڵەكانی بۆ یەك ڕیزی ناو پارتی و بنەماڵەكەی خستۆتە گەڕ،مسعود بارزانی بە كەسێكی توڕەو لێ نەبوردە ناسراوە ، بەو مانایەی هەرگیز لێبوردە نیە بە بەرامبەرەكانی ، وەك چۆن لە جەوهەر نامیق توڕە بوو و لەناو پارتی هەتا ئێستا سڕكراوە ، زۆر جار بارزانی لێدوانی ئاگرین لە سەری ڕەشەوە دەدات كە هەندێكی بۆتە مایەی داخستنی پەیوەندی ووڵاتان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە