بیرەوەرییەكانی "جەمیل مەردۆخیی" سەبارەت بە قۆناغێكی گرنگی شۆڕشی كوردستان (3)
Tuesday, 20/11/2012, 12:00
زەمینە خۆشكردن بۆ جوڵانەوەی چەكداریی
لەبەرئەوەی من و عومەر نگڵی بەناوی فەقێ لەخورمالأ بووین، هەربۆیە هاوڕێیانمان لە سلێمانی جێهێشت و گەڕاینەوە بۆ خورمالأ. دوای دە رۆژ لەگەلأ عومەر سەردانی مەریوانمان كردو لەگەلأ برادەران باسی ئەو سەردانەمان كرد بۆ لای بارزانی و ئەوەشمان دركاند كە لەگەلأ بارزانی بیرۆكەی جوڵانەویەكی چەكداریمان لە كوردستانی ئێران هێناوەتەگۆڕێ و وتمان براینە ئەگەر كاری خراپ روونەدات بەم زووانە حیزب خەباتی چەكدارانە دەستپێدەكات. ئەو كاتە مەلاعەلی و مەلا شێخ عوسمان مەردۆخی بەڕێوەبەری كۆمیتەی مەریوان بوون و ئەم هەواڵەیان زۆر پێخۆش بوو. پاش ئەوەی لەمەریوان گەڕاینەوە، لەخورمالأ ئیزنیان داین و دەریانكردین، هەرچەندە مامۆستامان زۆری پێ ناخۆش بوو، بەڵام ناچاركرا بەتایبەت كاتێك دەركەوت كە حوجرە وەك بارەگای حیزبیی لێهاتووە.
ناچار لەگەلأ عومەر شانمان دایە كرێكاریی لەسەر جادەی سەیدسادق-هەڵەبجە و ژیانی سادەی ئاسایی خۆمان پێ دابیندەكرد، پاش مانگێك سلێمانی موعینی هات بۆلام و پێیوتم نامەیەك سەبارەت بە بیرۆكەی جوڵانەوەی چەكداریی بنووسم بۆ شێخ موعتەسەم حیسامی بۆئەوەی بێتە سەر سنوورو ئێمەش دەچین لەوبارەیەوە قسەی لەگەڵدادەكەین. هەر لەخورمالأ نامەكەم نووسی و بەهۆی شەریف رەزاوییەوە ناردم بۆ مەلائەمین نوینی لەهەورامان، شەریف دوای دوو رۆژ هاتەوەو وتی مەلائەمین نامەكەی بردووە بۆ سنەو وتویەتی هەر بەگەڕانەوەم وەڵامەكەیت بۆ دەنێرمەوە بیبەرەوە بۆ برادەران. منیش لەگەلأ سلێمان چووم بۆ سلێمانی، دوای دوو رۆژ مەلائەمین خۆی هاتبوو بۆ سلێمانی و منی بینیەوەو وەڵامی شێخ مەعتەسەمی هێنابوو، شێخ وای دانابوو كە بۆ قسەكردن بێتە گوندی"كراویە دۆلأ"، نامەكەم پێشانی هاوڕێیانداو دوای بەرێكردنەوەی مەلائەمین و تێپەڕینی چەند رۆژێك، بەناوی سەیرانی زەڵم و ئەحمەدئاواوە، ئۆتۆمبێلێكمان پڕكرد لە خواردەمەنی و جل و نوێن و لەژێرەوەی چەند تفەنگ و دەمانچەمان شاردەوە، ئێمە خۆمان بۆئەوە كۆدەكردەوە لەكوردستانی ئێران شۆڕش بكەین، بەهیچ شێوەیەك بەبیری كەسماندا نەدەهات لەم ساڵەداو لە ئەیلولدا شۆڕش لەكوردستانی عێراق هەڵگیرسێت!! كاتێك گەیشتینە ئەحمەدئاوا، چەكەكانمان دەرهێناو خۆمان بەست، من وەك شارەزاو چاوساغ كەوتمە پێش ئەم هاورێیانەی حیزب كە دەتوانم بە یەكەم مەفرەزەی چەكداری حیزبیان بناسێنم لەپاش كەوتنی كۆماری كوردستانەوە كە پێكهاتبوون لە:
1- عەبدوڵڵای ئیسحاقی (ئەحەمەد تۆفیق)
2- سلێمانی موعینی (فایەق)
3-هاشمی حەق تەڵەب (قادر شەریف)
4-مەلاباقی (سادق شەریف)
5- رەشەی قاچاخچی
6- قادر تەگەرانی
7- حەمەی مینە عەوڵا بانەیی
8- سەعید بانەیی
9- كویخا كەریم
10-تۆفیقە سوور بانەیی
دەمەو عەسر روومان لەچیا سەركەشەكانی سنووركردو لەكاتی تاریكبووندا گەیشتینە گوندی "هانە نەوە"، دوای ئەوەی كەمێك لەژێر دارگوێزەكان وچانێكمانداو چایەكمان خواردەوە، برادەران وتیان ئێمە لەوە زیاتر نایەین و دەترسین شێخ موعتەسەم هەر نەهاتبێت و پیلانێك هەبێت، مشتومڕ لەنێوانمان پەیدا بوو، من وتم متمانەم بە شێخ هەیە و چۆنی بۆ نووسیوین ئاوا دێتە شوێنی خۆی، ئەوان وتیان ئێمە لێرەدەبین و تۆ بڕۆ كراویە دۆلأ، منیش ناچار شەو بەرێكەوتم و بۆ چێشتەنگاو گەیشتمە نزیك باخەكانی كراویەدۆلأ. كە گەیشتم لەدوورەوە جەنجاڵییەكی زۆردیار بوو، شێخ بەناوی سەردانی موڵكو باخ و مریدو مەنسوبانەوە هاتبووە ئەوێ و قەرەباڵغییەك بوو هەر مەپرسە، منیش خۆم پیاكردو پاش ئەوەی مەلائەمینم بینی هەموو باس و خواسێكم تێگەیاند، وتی بابچینە لای شێخ، كە چووین شێخ وتی: من ئامادەم ئەوان كوێیان پێ خۆشە لەوێ بیانبینم، بەڵام من بەم هەموو خەڵكەوە ئەگەر روو بكەمە سەر سنوور گومانی لێ پەیدا دەبێت، وتم ئەی چارە، وتی بڕۆ پێان بڵێ با بێن بۆئێرە، ناچار گەڕامەوە بۆ هانە نەوەو نزیك بە بانگی عیشا بوو گەیشتمەوە، برادەران هەر یەكەو لەپشت بەردێكەوە سەنگەریان گرتبوو، ئیشارەتم پێدان و هاتنەدەر، چیم دیبوو بۆم گێڕانەوەو ئەوانیش كە زانیان شێخ هاتۆتە ئەوێ، بڕیاریاندا هەر شەو بكەونەڕێ و هێشتا رۆژ نەببۆوە چووینە ئەوێ. دوای حەوانەوەو یەكتر ناسین، دوو رۆژی تەواو قسە لەسەر مەسەلەی جوڵانەوەی چەكداریی كرا لە كوردستانی ئێران، شیخ موعتەسەم ئامادەیی خۆی دەربڕی و وتی من ئێستا حازرم نەگەڕێمەوە بۆ سنە، ئەگەر ئێوە راتان لەسەر بێت.
لەم سەفەرەدا چۆنمان ویست ئاوا كارەكان بەڕێوەچوون بێئەوەی كەسی دیكە بزانێت، هەربۆیە بەدڵخۆشیی گەڕاینەوە بۆ سلێمانی، پاش ئەوە برادەران من و عومەر نگڵییان دەستنیشانكرد تاكو سەردانی مەریوان بكەین، سلێمانی موعینی و مەلا عەبدولڕەحمان و تۆفیقە سوورو حەمەی مینە عەوڵایان دانا بۆ سەردانی ناوچەی موكریان و قسەكردن لەگەلأ عەشائیری ئەو مەڵبەندە. من و عومەر بەرەو مەریوان كەوتینەڕێ و یەكەم شەومان لەماڵی شێخ ئەحمەد كانی میران بەسەربرد، ئەو بۆخۆی لێپرسراوێكی حیزب بوو، دواتر سەردانی كانی سانانمان كرد، بەهۆی مەلا عەلی و مەلا شێخ عوسمانیشەوە پەیوەندیمان بە هەندیك لە عەشائیرەكان كرد وەك حەمەوخانی مەحموودخان و شێخ لەتیفی شیخ الاسلام، داوامان لە دۆستان و لایەنگرانی حیزب كرد لە ئامادەباشیدابن، كاتێك گەڕاینەوە سلێمانی، برادەران لەسەفەرەكەی موكریان و چاوپێكەوتنی عەشائیرەكان بەدڵخۆشیی گەڕابوونەوە، ئەم خۆئامادەكردنانە نزیك بە مانگی هەشتی ساڵی 1961 تەواو بوو، كەچی پێش ئەوەی ئێمە جوڵانەوەكەمان لە كوردستانی ئێران دەستپێبكەین، عەشائیرەكانی كوردستانی عێراق لەگەلأ پارتی دیموكراتی كوردستان وەخۆكەوتبوون و جموجۆڵێكی بەرفراوانیان دەستپێكرد، لەدەوروبەری رانیە، هەباس ئاغای سەركەبكان و لەپشدەر شێخ حسێنی بۆسكێن و لەسورداش حاجی ئیبراهیمی چەرمەگا، لە شارەزوور عەشائیرەكانی ترخانی و رۆخزایی و گەڵاڵی و جاف و وردە تیرەكانی دیكە، لە شلێرو پێنجوێن حەمەرەشید خان، و شێخ محەمەدی شێخ عەبدولكەریم و شێخ قادری چوێسە كەوتبوونە جوڵە. دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان دەورێكی بەرچاوی لەمەدا هەبوو، ئێمەش كە زانیمان وەزعەكە خەریكە بە جۆرێكی دیكە دەگوزەرێ، بۆئەوی وەك كوردەی لەهەردوو جەژنە بوومان بەسەر نەیەت، بڕیاری دواخستنی جوڵانەوە چەكدارانەكەی كوردستانی ئێرانماندا و بەوریاییەوە لەگەلأ ئەو جوڵانەویەی كوردستانی عێراقدا بۆ پێشەوە هەنگاومان نا. وەك پێشتر ئاماژەم پێداوە، ئێمە مانگی شەش بارزانیمان بینی و ئەوەی كە بیری ڵا نەدەكردەوە شۆڕش بوو، ئێستا ئەم جموجۆڵە ناكاوە چییەو كێ لە پشتیەوەیەتی نازانین، دەستیشمان بە بارزانیدا نەدەگەیشت هەتا شتێكمان بۆ ساغ ببێتەوە، هەربۆیە بەناچاریی و بەهۆی هەستی نەتەوەییەوە پشتیوانی پارتی و عەشائیرەكانمان كردو پشتگیریی جموجۆڵەكەمان كردو بە حەقمان زانی.
ئەم جوڵانەویە وەستایانە بوو، لەبری ئەوەی لەكوردستانی ئێران بێت لەكوردستانی عێراق قەوما، لەدەوڵەتێكدا كە (لانیكەم) ی بەمافەكانی كوردی دانپێدانابوو، ئەم راپەڕینە بوو بە كۆسپ لەرێگای بیرۆكەی هەستەی چەكداریی لەكوردستانی ئێران و پەكی خست و كوردستانی عێراق بوو جێگەی حەوانەوەی ساواك و سیخوڕەكانی ئێران و ئێمەیان بە برا كوردەكانمان دەورەداو رێگای جوڵانەوەیان لێداخستین.
لەسەرەتاوە بڕیارماندا برادەرانمان لەناوەوە لەم رووداوە تازانە ئاگادار بكەین و هۆكاری دواخستنی بیرۆكەی راپەڕینی چەكدارییان لە كوردستانی ئێران بۆ روونبكەینەوە. من سەفەری سنەم كردو چاوم بەشێخ موعتەسەم كەوت و دواخستنی بڕیارەكەی كراویە دۆڵم پێ راگەیاند، لەمەریوانیش برادەرانی حیزبیمان ئاگاداركردەوە.
لەو ماوەیەدا، حیزب لەئاوارەییدا لە كوردستانی عێراق، هەروەها لەناویشەوە، لەگەلأ زۆر كۆسپ و تەگەرە بەرەوروو بوو، بەڵام ئەم كارانەی كردووە:
1- زیندووراگرتن و بەرزكردنەوەی ئاڵای حیزبی دیموكراتی كوردستان و سەیركردنی لەلایەن حیزبەكانی سەردەمەوە بەچاوی رێزو خۆشەویستییەوە.
2- هێشتنەوە یەكپارچەیی ریزەكانی حیزب.
3- دەركردنی رۆژنامەی كوردستان ئۆرگانی حیزب.
4- دەربڕینی هەڵوێست و روونكردنەوەی بۆچوونی حیزبمان سەبارەت بە رووداوەكانی ناوچەكەو فرتوفێڵی داگیركەران لە بۆنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەكان لەرێگەی دەركردنی بەیاننامەوە.
5- ئەنجامدانی هەڵمەتێك بۆ ئاشكراكردن و ریسواكردنی سیاسەتی سەركوتكاری رژێمی شاهەنشاهی و داواكردنی ئازادیی بۆ گیراوانی دیموكراتی كورد وەك: غەنی بلوریان، عەزیز یوسفی، رەحمەتی شەریعەتی، دكتۆر عەلی مەولەوی و ئەوانەی دوای پەلامارەكەی ساواك بۆ سەر رێكخراوەكانی حیزب خرابوونە زیندانەوە.
6- بەدەنگەوەچوونی ئاوارەكانی كوردستانی عێراق و دابینكردنی شوێن و جێگەی حەوانەوە بۆیان بەهاوكاری خەڵكی بەشەرەفی كورد.
7- بەرێكردنەوەی كادری رێكخراوەیی بۆ كوردستانی ئێران و سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی شانەكانی حیزب و ئامادەكردنیان بۆ خەبات.
8- بەستنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەلأ پارت و هێزو كەسایەتییە نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرەكانی كوردستانی عێراق و دووركەوتنەوە لە حیزبی تودە كە بەبیری ئێرانچێتیی خۆی مێشكی لاوانی كوردی شوشتبووەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست